كاتێك وه‌رگێڕ ده‌ست ده‌كات به وه‌رگێڕانی كتێبێك یان بابه‌تێك له‌و بوارانه‌ی پێویستیان به وه‌رگێڕان هه‌یه، لێهاتوویی و ئاستی شاره‌زایی ئه‌و كه‌سه دیار ده‌رده‌كه‌وێت له نێوان سه‌ركه‌وتن و شكستهێنانی له كاره‌كه‌دا.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من خوێنه‌ری كتێبه ئه‌ده‌بییه‌كانم، بۆچوونه‌كه‌م له‌و رووه‌وه چڕ ده‌كه‌مه‌وه، كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین وه‌رگێڕێكی كارامه و لێهاتوو یانژی شاره‌زا و ورد دیاری بكه‌ین، پێتڤیه بزانین تا چ ئاستێك شاره‌زایی زمان و باری ڕێزمانییه له زماندا، له‌گه‌ڵ ئه‌و دیالێكته‌ی نووسینه‌كانی له‌سه‌ر ده‌نووسێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا چۆن دیالێكته‌كانی تر له‌ناو ئه‌و دیالێكته چه‌سپاوه‌دا به‌كار دێنێ كه پێڕه‌وی سه‌ره‌كی نووسینه‌كه‌یه‌تی.
ئه‌وه‌یش له‌بیر نه‌كه‌ین، وه‌رگێڕ به‌بێ هه‌بوونی باكگڕاوندێكی ڕۆشنبیریی فره‌وان، نابێته جێی بایه‌خ و خوێنه‌ر گرینگی پێ نادا. بۆیه ئه‌و كاته‌ی وه‌رگێڕ ده‌یه‌وێ چه‌ند وشه‌یه‌ك یان چه‌ند ڕسته‌یه‌ك و زیاتریش له زمانێكی بیانییه‌وه بخاته سه‌ر زمانی كوردی، ده‌بێ بزانێ (هه‌ر وشه‌یه‌ك له وشه‌كان، نوێنه‌رایه‌تی چه‌مكێك ده‌كات له چه‌مكه‌كان).
به‌مدواییه كتێبێكم خوێنده‌وه و له ڕێی به‌كارهێنانی چه‌ند وشه‌یه‌ك، بڕیارم له‌سه‌ر خراپی وه‌رگێڕه‌كه‌ی دا، چونكه به‌ده‌ستیه‌وه هه‌م شیش و هه‌میش كه‌باب سووتابوون. زۆر به كاوه‌خۆ هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی ئه‌نجام دابوو كه بۆ كه‌سی وه‌رگێڕ ناشێت و جێی قبووڵكردن نییه، ته‌نانه‌ت كفریشه ئه‌و جۆره هه‌ڵه بكه‌یت و خۆت پێ وه‌رگێڕ بێت.
تۆ بێنه به‌رچاوی خۆت، كه‌سێك كتێبێكی 12 هه‌زار وشه‌یی وه‌رده‌گێڕێ، به‌ڵام زه‌ڕه‌یه‌ك ئاگای له ڕێزمانی كوردی نییه، ئه‌گه‌ر زه‌ڕه‌یه‌ك ئاگه‌دار بووایه چۆن ئه‌و هه‌ڵه زه‌قانه‌ی لێ ده‌رباز ده‌بوو؟ هه‌ڵبه‌ته با واز له‌وه بێنین كه ده‌ڵێن هه‌ڵه‌ی تایپه، یان پاساوی تر، چونكه هه‌ڵه‌كردن بۆ وشه‌یه‌ك كه ده جار به‌كار هاتووه، یه‌ك جار ڕوو ده‌دات، نه‌ك هه‌ر ده جاره‌كه به هه‌ڵه نووسرابێت.
له شوێنێكدا نووسیویه‌تی "سات به سات" كێشه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه و ته‌واوه، به‌ڵام هه‌ڵه‌یه له دیالێكتێكی تر و به ڕێنووسێكی سۆرانییانه وشه له نووسیندا به‌كار بهێنێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی بنووسێت: گاڤ به گاڤ.
دیاره ئه‌م وشانه له بنه‌ڕه‌ته‌وه سۆرانی نین، بۆیه پێویسته وه‌رگێڕ ڕه‌چاوی باری ڕێزمانی بكات كه (هاوه‌ڵكاری ڕێكخستن) كاره‌كه پیشان ده‌دات یان ته‌واوكه‌ری كاره‌كه له ڕسته‌دا ده‌رده‌خات.
ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ڕێزمانی ئه‌وه داڕشتنی بۆ بكه‌ین، به‌مشێوه‌یه ده‌بێت: كچه‌كان پۆل پۆل هاتن، باران نم نم ده‌باری.
ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕ بچێته ده‌ره‌وه‌ی باره ڕێزمانییه‌كه، له‌وانه‌یه وه‌ها بنووسێت: كچه‌كان پۆل و پۆل هاتن یان باران نم و نم ده‌باری، لێره‌دا ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و قاڵبه‌ی كه ڕێزمانییه.
ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌و زوانه‌وه نووسراوێكی وه‌ها ببینێت، تێده‌گات ئه‌و وه‌رگێڕه هیچ ئاگه‌داری دیالێكته‌كان و ڕێزمانی زمانی كوردی نییه. ئه‌وه‌ش قه‌یناكه با بڵێین به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕیوه و نه‌یزانیوه، به‌ڵام له كام دیالێكتی زمانی كوردیدا "پچه‌ك" به مانای بڕێك یانژی نه‌ختێك و به‌شێك هاتووه؟ ده‌زانم گه‌ره‌كیه‌تی بڵێت: "پیچه‌ك" به‌ڵام چونكه شاره‌زایی ئه‌و ناوچه‌یه نییه كه پیچه‌ك لێی به مانای بڕێك دێت. به‌و جۆره خۆی تووشی هه‌ڵه ده‌كات، كه‌چی له بیركردنه‌وه‌ی خۆیدا ئه‌وه بۆیه ده‌كات تا خوێنه‌ر بڵێت شاره‌زای شێوه‌زاره‌كانی كوردییه، نازانێ هه‌ڵه‌كه‌ی گه‌وره‌تر ده‌كات و زمانه‌كه ده‌شێوێنێت.
ئه‌دی له كیهان دیالێكتی زمانی كوردیمان ئه‌رزنك مه‌به‌ست لێی چه‌ناگه بووه كه وشه دروسته‌كه‌ی "ئه‌رزینك"ـه، ده‌كه‌وێته به‌رانبه‌ر چه‌ناگه له دیالێكته سۆرانییه‌كه‌دا، كه‌چی كاكی وه‌رگێڕ له‌ناو كتێب و فه‌رهه‌نگه‌كه‌یش به‌شێوه‌ی هه‌ڵه به‌كاری بردووه. ده‌كرێ دوور به دوور گوێبیستی وشه‌ی وه‌ها بووبێت، به‌ڵام پرسێك به كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕ ناكات تا بگاته ڕاستی وشه‌كه، چونكه پێی وایه شه‌رمه و خۆیان له‌وه زیاتر ده‌بینن بپرسن.
مادام خۆت ماندوو ده‌كه‌ی، به گرنگییه‌كی زیاتره‌وه كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی وه‌رگێڕانه‌كه‌ت بكه تا خوێنه‌ر نه‌ڵێت به‌داخه‌وه وشه‌ی ریز كردووه به‌بێ ڕسته‌سازی و تێگه‌یشتنێكی ڕێزمانی.
باشه ئه‌ی نابێ بپرسین ئایا ئه‌و ناوه‌نده ڕۆشنبیریی و كتێبخانانه‌ی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب له ئه‌ستۆ ده‌گرن، پێداچوونه‌وه‌یه‌كی زانستی بۆ ئه‌و به‌رهه‌م و بابه‌تانه ده‌كه‌ن كه دێنه به‌رده‌ستیان؟ یان پرسه‌كه به‌ڕێكردنه و ده‌ڵێن چۆن هاتووه با ئاوایش بڕوات.
بۆیه وه‌رگێڕی ئازیز، كاتێك به ته‌مای كتێب به چاپ بگه‌یه‌نی، ئاگه‌داری تێكه‌ڵكردنی دیالێكته‌كانی زمانی كوردی به، ئه‌گه‌ریش له‌باری ڕێزمانی‌دا شاره‌زاییت نییه، ئاساییه و هه‌وڵ بده فێر بیت یان تخوونی مه‌كه‌وه.
ئینجا ئه‌گه‌ر باسی وه‌رگێڕانی ڕاسته‌وخۆ و گفتوگۆیی بكه‌ین، یان ئه‌و به‌رنامه و هه‌واڵه ڕاسته‌وخۆیانه‌ی له ڕێی ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه په‌خش ده‌كرێن، قووتدانی چه‌ندان وشه و پچڕانی چه‌ند ڕسته‌یه‌ك ده‌بینین له وه‌رگێڕانه‌كه‌دا، چونكه قسه‌كه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی خێرا و به‌بێ پچڕان قسه ده‌كات و به‌رده‌وامه، بۆیه وه‌رگێڕ تووشی شێوان و نه‌گه‌یشتنه ده‌سته‌واژه‌ی ته‌واو ده‌بێت، ئه‌مه‌یش هۆكارێكه بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێی خۆیه‌وه قسه له‌سه‌ر بابه‌ته‌كان بكات. زۆرجار هه‌یه وه‌رگێڕه‌كه به تێگه‌یشتن له بابه‌تی قسه‌كه‌ره سه‌ره‌كییه‌كه بۆ خۆی قسه‌ی كوردی دروست ده‌كات و دابڕاوه له وه‌رگێڕان. به‌ڵام راستییه‌كه‌ی زمان ئه‌م وێرانه‌یه نییه و پێویسته هه‌ركه‌س لای خۆیه‌وه به‌رپرسیارانه رێزی زمانی كوردی بگرێ.