بێ یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی.. فره‌ حزبی به‌های نابێت

غازی حه‌سه‌ن

له‌ 25 ساڵی رابردوودا له‌ هه‌رێمی كوردستان دوو چه‌مكی (ده‌سه‌ڵات) و (فره‌حزبی) وه‌ك بنه‌مایه‌كی به‌هێزی دیموكراسی و ئازادی سیاسی هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. له‌هه‌مان كاتدا له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵه‌ تێڕوانین و شیكردنه‌وه‌ و به‌كارهێنانی هه‌ردوو چه‌مك، پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ و تێڕوانینی خراپیش لای حزبه‌كان و خه‌ڵكی ئاسایی دروست بووه‌.

له‌ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپادا، فره‌حزبی یان بوونی دوو حزبی سیاسی به‌هێز و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ڕێی هه‌ڵبژاردن، وه‌ك پرسێكی سه‌ره‌كی دیموكراسی لێی ده‌ڕوانرێت، به‌ڵام نه‌بووه‌ته‌ هۆكار بۆ خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات و شیكردنه‌وه‌ی بنه‌ما و به‌ها بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ده‌سه‌ڵات خۆی. 

له‌ ئه‌مه‌ریكا دوو حزب ڕكابه‌رییه‌كی حه‌قیقی و توند و یاسایی و جه‌ماوه‌ری و ڕاگه‌یاندن و سیاسی بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین ڕێژه‌ی ده‌نگ ده‌كه‌ن، به‌ڵام كاتێك له‌ هه‌ڵبژاردن یه‌كێكیان ده‌یباته‌وه‌، ده‌سه‌ڵات دوو له‌ت و سێ له‌ت ناكه‌ن، چونكه‌ ده‌سه‌ڵات مه‌به‌ستمان (پێكهاته‌ی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانیه‌تی) له‌ڕێی له‌تكردنی ئیفلیج ناكه‌ن. 

ئه‌گه‌ر پارتی فیل بردییه‌وه‌ به‌پێی به‌رنامه‌ی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌ ده‌بات، ئه‌ویتریان ده‌بێت به‌ حزبێكی ئۆپۆزسیۆن و له‌ كۆنگرێس و سینات چاودێری ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ده‌كات. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یشه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ خولی تر حزبی كه‌ر بردییه‌وه‌، ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌ ده‌بات به‌پێی دنیابینی و فه‌لسه‌فه‌ و به‌رنامه‌ی سیاسی و ئابووری و فكری و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی. 

ئه‌وان له‌ ڕكابه‌ری یه‌كتردا دوو لایه‌نی حزبی به‌هێزن، به‌ڵام له‌ ده‌سه‌ڵات وه‌رگرتن و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا، ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌ت و پێگه‌كانی ئیداره‌دانی نیشتمان و هاووڵاتییان دابه‌ش ناكه‌ن.

ئه‌م دۆخه‌ بۆ ئه‌وروپایش ڕاسته‌، زۆربه‌ی وڵاتان به‌هۆی هه‌بوونی پتر له‌ دوو حزبی سیاسی به‌هێز، له‌ڕێی هاوپه‌یمانییه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، به‌ڵام دیسان ده‌سه‌ڵات به‌ واتای (ده‌وڵه‌تداری) و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت تێكه‌ڵی پێگه‌ و ژماره‌ و هێزی حزبه‌كانیان ناكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان له‌ڕێی به‌رنامه‌ی سیاسی و پرۆگرامه‌كانیان خزمه‌تی هاووڵاتییان و په‌ره‌پێدانی وڵات و به‌هێزكردنی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان ده‌كه‌ن، هه‌ر لایه‌نێك له‌ ده‌سه‌ڵات بێت، بۆ به‌هێز مانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی پێویسته‌ به‌رنامه‌ی به‌هێز و دنیابینی واقیعی و ئاشكرای بۆ پێشكه‌وتنی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان هه‌بێت، له‌ ئۆپۆزسیۆنیش به‌هه‌مانشێوه‌ كار ده‌كه‌ن. 

ئه‌وان وه‌ك حزب دوو هێز و سێ هێز دابه‌ش بوون به‌سه‌ر گرووپه‌ سیاسییه‌كاندا، به‌ڵام وه‌ك ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌تداری دابه‌ش نابن، ده‌وڵه‌ت له‌ناو ده‌وڵه‌ت، ده‌سه‌ڵات له‌ناو ده‌سه‌ڵات دروست ناكه‌ن.

له‌ هه‌رێمی كوردستان پتر له‌ چاره‌گه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌یان بۆ سه‌ر چه‌ند هێزێك و ده‌سه‌ڵاتیشیان دابه‌ش و لاواز كردووه‌. له‌ هه‌ڵبژاردن بیبه‌نه‌وه‌ یا نا، ده‌سه‌ڵاتیان ده‌وێت. له‌ ئۆپۆزیسۆنبووندا چاودێری كرده‌نی بن یان نا، دیموكراسی به‌ بوون و ڕۆڵ و به‌شداری خۆیان پێوانه‌ ده‌كه‌ن.

پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان و لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان و حزبه‌ سیاسییه‌كانی تری پێكهاته‌كانی كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردن هه‌ریه‌كه‌ به‌پێی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆی ده‌نگی هێناوه‌، كارێكی سروشتییه‌ فره‌یی سیاسیی وه‌ك بنه‌مای بنه‌ڕه‌تی دیموكراسی و ئازادی سیاسی سه‌یر بكرێت، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دیموكراسی نابین كه‌ بمانه‌وێ ده‌سه‌ڵات به‌پێی پێوه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی حزبی دابه‌ش بكه‌ین. 

دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات تێكدانی ناوبانگی دیموكراسی و چوون به‌ره‌و ئاژاوه‌ی سیاسی و تێكشكاندنی به‌های سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی هه‌ڵبژاردنه‌.

پێویسته‌ مۆدێلی به‌ڕێوه‌بردن و ده‌وڵه‌تداری ئه‌مه‌ریكا (دوو حزبی)، یان ئه‌وروپا (هاوپه‌یمانی و ڕێككه‌وتنی چه‌ند حزبێك) بكرێت به‌ بنه‌ما بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات. كارێكی سه‌رشێتانه‌ و مه‌ترسیدار ده‌كرێت كاتێك ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندی حزبی دابه‌ش ده‌كرێت، هه‌روه‌ها به‌ره‌و خۆكوژی سیاسی ده‌چین كه‌ فره‌حزبی وه‌ك پرسێكی كاریكاتێری مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، یان وه‌ك كارتۆن و پاشكۆبوون مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی فره‌یی سیاسی ده‌كرێت. 

بۆیه‌ پێویسته‌ یه‌كێتی و پارتی و لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن چه‌مكی (ده‌سه‌ڵات) و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌تداری كه‌ ده‌بێ هێزی براوه‌ به‌ڕێوه‌ی ببات، له‌ خه‌یاڵی خۆیان كه‌ بریتییه‌ له‌ خراپ به‌كارهێنانی چه‌مكی فره‌حزبی، ده‌ربێنن و ده‌ستپێكێكی نوێ ڕۆبنێن. فره‌حزبی و به‌دیهێنانی ده‌نگ له‌ هه‌ڵبژاردن پێوه‌ره‌ بۆ ڕێژه‌ی نوێنه‌رایه‌تی له‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام نابێته‌ پێوه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به‌زۆری زۆرداری و له‌ڕێی خۆسه‌پاندنه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌تیشدا ڕێژه‌ و كورسی و پله‌یان هه‌بێت. 

حزبی زۆرینه‌، یان به‌ته‌نیا ئه‌گه‌ر توانا و ڕێژه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مان هه‌بێت، یان له‌ڕێی هاوپه‌یمانی سیاسی له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ و پرۆگرامی سیاسی حكوومه‌ت پێكدێنێت. نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كوردستاندا لایه‌نه‌كان بیری لێ ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌یانه‌وێ ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌ت به‌ له‌توپه‌تكراوی به‌سه‌ر خۆیاندا دابه‌ش بكه‌ن. له‌ناو حزبیشدا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌سه‌ر ته‌یار و گرووپه‌ ناكۆك و ئینتیما كه‌سییه‌كان دابه‌ش بكرێت. 

دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات واته‌ دابه‌شكردن و لاوازكردنی ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌ت، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی لاوازبوونی متمانه‌ی هاووڵاتی به‌ دیموكراسی و فره‌حزبی و پرۆسه‌ی سیاسی، هه‌روه‌ها كۆسپیش له‌ به‌رده‌م پرۆگرامی خزمه‌تكردن و ڕاپه‌راندنی به‌شێوه‌ی دادپه‌روه‌ر و یه‌كسان و یه‌كگرتوو و سه‌رانسه‌ری دروست ده‌كات. ئه‌وكاته‌ خزمه‌تگوزاریش ده‌كه‌وێته‌ ژێر هه‌ژموونی ئه‌م دابه‌شكردنه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌ت ڕوو ده‌دات. ئه‌مه‌ش ئاساییه‌ ببێته‌ هۆكار بۆ به‌دیهاتنی جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ نێوان زۆنه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌كان، نه‌ زۆنه‌ یه‌كسان و هاوبه‌شه‌كه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات.

بۆ ئه‌وه‌ی یه‌ك هاووڵاتی و یه‌ك ڕه‌وشی یه‌كسان و هاوسه‌نگ و دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ خزمه‌تگوزاری هه‌بێت، پێویسته‌ یه‌ك ده‌سه‌ڵات و یه‌ك حكوومه‌ت هه‌بێت. له‌ هه‌ڵبژاردن ڕكابه‌ری و چاودێری ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنیشدا پێویسته‌ فره‌ حزبی سیاسی هه‌بێت. ده‌سه‌ڵاتی بێ ركابه‌ری و بوونی ئۆپۆزسیۆن، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ نه‌خۆشێك به‌هه‌ڵه‌ ده‌رمانی چاره‌سه‌ر به‌كار بێنێت.   


PM:02:59:29/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 117 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌