كوژرانی (جۆرج فلۆید) بووه سه‌ره‌تایه‌كی تری نوێی ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی جیاوازی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی له ئه‌مه‌ریكادا. له چه‌ند ساڵی ڕابردوویش چه‌ندان ڕووداوی تری كوشتنی كه‌سانی ڕه‌شپێست قه‌وماوه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی كرده‌وه‌ی توندوتیژانه و كاردانه‌وه ڕوو بدات.
ڕووداوه گه‌وره‌كه سه‌ره‌تا له شتێكی بچووكه‌وه ده‌ستی پێ كرد، ئه‌و گاڤه‌ی جۆرج فلۆید له ئه‌نجامی گومان له به‌كارهێنانی 20 دۆلاری ساخته، له‌لایه‌ن پۆلیسێكی سپی‌پێست بووه قوربانی، ئه‌م قوربانییه بووه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی كاردانه‌وه و توندوتیژی و تۆڵه‌كردنه‌وه. كاره‌كه به‌وه‌یشه‌وه نه‌وه‌ستا له ژماره‌یه‌ك شاری ئه‌مه‌ریكادا خۆپێشاندان و سووتان و بڕینی ماركێته‌كان ده‌ستی پێ كرد. سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ڕێی تویتهكانیهوه ئاماژه‌ی به به‌كارهێنانی "گوله و سه‌گی دڕ و دابه‌زاندنی سوپا بۆ شه‌قام" دژی خۆپێشانده‌ران كرد.
تره‌مپ له دۆخێكی خراپ‌دا و له شوێنێكی پڕ له ته‌نگژه لێی قه‌وماوه. ڕكابه‌ره‌كه‌ی جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای به به‌كارهێنانی هێز دژی خۆپێشانده‌ران تۆمه‌تبار كرد. له سیاسه‌تدا شته بچووكهكانن ئه‌نجامی گه‌وره دروست ده‌كه‌ن، شته گه‌وره‌كان هه‌میشه ده‌بنه مایه‌ی ڕێككه‌وتن و ئه‌نجامی شاراوه و بچووك دروست ده‌كه‌ن.
مرۆڤ ده‌پرسێت ئایا 20 دۆلاری ساخته شایانی ئه‌وه‌بوو كه‌سێكی له‌سه‌ر بكوژرێت یان مه‌سه‌له‌كه له بنه‌ڕه‌تدا پێوه‌ندی به ڕه‌وشت و ڕه‌فتار و هزری شاراوه و ناخی كرمێبووی مرۆڤه‌كانه‌وه هه‌یه؟ كه‌سانێك له‌پێناو پێشاندانی فكر و چۆنیه‌تی بیركردنه‌وه‌كانیان هۆكارێكی بچووك له‌پێناو كارێكی گه‌وره‌تر به‌كار دێنن.
پێم وایه 20 دۆلاره‌كه ته‌نیا هۆكارێكه، هۆكارێكی گهمژانهیشه بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌شێك له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه بكوژرێت. ئه‌وه‌ی بووه مایه‌ی ناڕه‌زایی شێوازی كوشتنه‌كه و ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگی كاره‌كته‌ره‌كانه و دۆخی ده‌روونی هاووڵاتییان له سه‌رده‌می كۆرۆرنا و سیاسه‌تی ڕه‌خنه‌لێگیراوی تره‌مپه. ئه‌م ویلایهتهیش لایه‌نگیری دیموكراته‌كانن.
خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا داوای دادپه‌روه‌ریی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن بێ دادپه‌روه‌ری، ئاشتییه‌كی سه‌قامگیر و متمانه‌دار له ئه‌مه‌ریكا به‌دی نایه‌ت. واته پێش ئه‌وه‌ی مرۆڤ بتوانێت بوون و سه‌روه‌ری و مافه‌كانی به‌دی بێنێت، پێویستی به دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی یه‌كسان و كولتووری قبووڵكردنی نه‌ژاد و ڕه‌گه‌زه جیاوازه‌كان هه‌یه.
ئێمه ده‌زانین هاووڵاتی له ئه‌مه‌ریكا به‌پێی یاسا مافێكی زۆری مه‌ده‌نی و مه‌عنه‌وی و یاساییان هه‌یه، وه‌ك چۆن داوده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تیش به‌پێی یاسا ده‌سه‌ڵات و توانیان پێ دراوه.
هه‌ستی نه‌ژادپه‌رستی له دنیادا به‌ره‌و گه‌شه‌كردن و فراوان بوونه. ئاین، سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆجیای خۆسه‌پێنانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌وڵه‌ته‌كان و كێشه‌ی كۆچبه‌ری و قه‌یرانی دارایی و خراپی گوزه‌رانی خه‌ڵك، ڕۆڵی كاریگه‌رییان له‌وباره‌وه هه‌یه، بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی كرده‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه و سڕینه‌وه‌ی یه‌كتر و كوشتن و سزادانی ناڕه‌وا و به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی به‌هێزی ده‌وڵه‌ت بۆ سنوورداركردنی ماف و ئه‌ركی هاووڵاتی و ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی جیاوازی ڕه‌گه‌زی و نه‌ژادی به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر، ئه‌مانه‌یش بوونه‌ته هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌گشتی به‌نیگه‌رانییه‌وه له جیاوازیی نه‌ژادی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی و سه‌ركوتی ده‌روونی و سیاسی بڕوانن.
سیاسه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستی له ڕۆژهه‌ڵاتیشدا پێشینه و ڕه‌گێكی كۆنینه‌ی قووڵی هه‌یه و ژیان و سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ت و پێوه‌ندییه كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشی شێواندووه، له توركیا گه‌نجێكی كورد له‌سه‌ر گوێگرتن له گۆرانی كوردی ده‌كوژرێت و هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی ئه‌خلاقی و مرۆیی دروست ناكات، چونكه سه‌رچاوه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستی له ڕۆژهه‌ڵاتدا پێوه‌سته به تێڕوانینی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت و ئاسایش و سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی ڕه‌گه‌زپه‌رست، له هه‌مان گاڤیشدا هاووڵاتی و نه‌ته‌وه و ئاینه جیاوازه‌كان وه‌ك كۆیله ده‌بێت شانازی به چه‌وسانه‌وه‌ی خۆیان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتییه‌كی چاكه‌خواز و ڕێپێدراو بن.
كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی په‌ره‌سه‌ندنی سیاسه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستییه، كێشه‌ی له‌گه‌ڵ نایه‌كسانی و ناداپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و دارایی هه‌یه، بۆیه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ڕه‌نگه وه‌ك یه‌كێك له خواسته مه‌ده‌نییه‌كانی (هاووڵاتییه‌كی جیهانی) له‌ناو سیستمێكی نوێی دوای كۆرۆنا، ده‌ربكه‌وێت.
جۆرج فلۆید ده‌بێته هێما و نیشانه‌یه‌كی تری نوێی جیهانی دژی ڕه‌گه‌زپه‌رستی، له كاتێكدا ئه‌و ته‌نیا پێویستی به 20 دۆلار بوو. شێوازی كوشتنه‌كه‌ی له كه‌سێكی لاته‌ریكی نه‌ناسراوی بێ خواست و داواكاری، كردییه كه‌سێكی ناسراوی جیهانی، بووه ڕه‌مزی دژایه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستی نوێ. ئه‌مه یه‌كێكه له نیشانه جیهانییه‌كانی سه‌رده‌می كۆرۆنا و ده‌بێته هێما بۆ دادپه‌روه‌ریی و یه‌كسانی نێوان مرۆڤه‌كان. تره‌مپیش ده‌یه‌وێت به فیشه‌ك و سه‌گه دڕهكانی و به‌كارهێنانی سوپا تووڕه‌یی هاووڵاتی بگۆڕێت و شه‌قام ئارام بكاته‌وه، به‌ڵام پێ ناچێت كات له قازانجی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بێت.
برای فلۆید ڕای گه‌یاند كه براكه‌ی له‌پێناو ئاشتی ده‌ژیا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه نین به‌ناوی ئه‌وه‌وه كاری توندوتیژانه بكرێت، به‌ڵێ دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاشته‌وایی به‌له‌ناوبردنی جیاوازیی و نه‌هێشتنی توندوتیژی و ڕق به‌رهه‌م دێت، نه‌ك به‌كارهێنانی هێز و قووڵكردنهی گیانی تۆڵه‌كردنه‌وه و به‌كارهێنانی جیاوازی له نێوان هاووڵاتییان.
ئه‌مه ڕه‌نگه ببێته سه‌ره‌تایه‌كی تر بۆ به‌هێزبوونی پێگه‌ی چه‌مكی "هاووڵاتیی جیهانی"، وه‌ك هێمایه‌كی نوێی دادپه‌روه‌ریش، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر عه‌قڵ و سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت دابنێت، له هه‌ندێك وڵاتانی دنیا خۆپێشاندانی پشتگیری ئه‌نجام درا، واته كه‌سانێكی زۆر له دنیادا هه‌ست به مه‌ترسی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و جیاوازیی ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ی قه‌وما قوربانییه‌كه خۆی نییه، به‌ڵكو هه‌قیقه‌تێكی تر ده‌ركه‌وت و دووباره ده‌بێته‌وه، ئه‌ویش هه‌ستكردن و درككردن به جیاوازی و په‌ره‌سه‌ندنی ڕه‌فتاری ڕه‌گه‌زپه‌رستییه. قوربانییه‌كه ته‌نیا نیشانه‌یه‌كی واتاداره بۆ كرده‌ی نه‌بوونی یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری.