یه‌كێك له هه‌ڵبژاردنه پڕ كێشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌نگدانی ٢٠٢٠ـه، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆرۆنا/ كۆڤید – ١٩ سه‌رانسه‌ری دنیای تۆقاندووه و به‌هه‌زاران شوێنی گشتی داخستووه و ئابووری وڵاته‌كانی تووشی چه‌قین و به‌سته‌ڵه‌ك كردووه و سه‌دان هه‌زار قوتابخانه‌ش داخراون. نه‌خێر له هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ی ئه‌مه‌ریكا كۆڤید – ١٩ هانی خه‌ڵكی دا له‌ڕێی ده‌نگدانی پێشوه‌خته و ئه‌لیكترۆنی و پۆسته‌وه به‌ڕێژه‌یه‌كی جیاواز له هه‌ڵبژاردنه‌كانی تر به‌شداری ده‌نگدان بكه‌ن و مافی ڕه‌وای خۆیان له دیاریكردنی نوێنه‌ر و سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان به‌كار بهێنن.
ململانێیه‌كی توند، ڕاشكاوی له‌ڕوو نمایش كرا. تره‌مپ وه‌ك دیارده‌یه‌كی نوێ له سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكادا كۆشا، ڕێباز و شێواز و بیركردنه‌وه و كه‌سایه‌تیی تایبه‌تی خۆی تاقی بكاته‌وه. گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی تره‌مپ بڵێت من (بیرمه‌ند و كه‌سێكی عاقڵمه‌ندی جیاوازم له كه‌سانی تر)، بۆیه ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی تره‌مپ به‌دۆڕاو وێنا ده‌كه‌ن، وایكردووه تره‌مپ بكه‌وێته ڕكه و لاملی دژی ئه‌نجامه‌كان پێشان بدات و داوای هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان له هه‌ندێك ویلایه‌ت بكات. پێ ناچێت هه‌ژماركردنه‌وه‌ی دووباره‌ی ده‌نگه‌كان ئه‌نجامه‌كان له قازانجی تره‌مپ بن. تره‌مپ گه‌ره‌كێتی وه‌ك چۆن جۆرج بۆش له ئهلگۆری برده‌وه، ئه‌ویش به‌هه‌مانشێوه ئه‌نجامه‌كان به‌قازانجی خۆی هه‌ڵگێڕێته‌وه. فۆكس نیوز له‌سه‌ر زاری ئه‌و كه‌سه‌ی گوتبووی مردوویه‌ك ده‌نگی داوه، داوای بوردنی له ڕای گشتی كرد.
دنیا چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه تره‌مپ له ده‌ركه‌وتنێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا ڕاشكاوانه به‌پێی ده‌ستوور و نه‌ریت و چۆنیه‌تی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات دیموكراسییانه نه‌ریت بڵێت: "به‌ڵێ جۆ بایدن بردییه‌وه". مه‌رج نییه بڵێت "من دۆڕام"، چونكه ئه‌و هێشتا خۆی به براوه وه‌سف ده‌كات. ڕاستییه‌كه‌ی "دۆڕان" كرده و هه‌ستێكی نه‌گریس و ناخۆش لای هه‌ندێك كه‌س دروست ده‌كات. هه‌ندێك كه‌س به‌ئاسانی ئاماده نین، ته‌نیا پێشوازی له سه‌ركه‌وتنی ڕكابه‌ره‌كانیان بكه‌ن، نه‌ك دۆڕانی خۆیان.
پوتینی سه‌رۆكی ڕووسیا كار ده‌كات پارێزبه‌ندی تاهه‌تایی بۆ خۆی له‌ڕێی گۆڕینی ده‌ستوور دابین بكات. بێگومان دوور نییه ئه‌ردۆغانیش بیر له هه‌مان شێواز بكاته‌وه. ئه‌م دیارده‌یه له وڵاته ئه‌وروپاییه دیموكراسییه‌كاندا ڕه‌تكراوه‌یه. منجڕی و خۆشۆڕكردنهوهی تره‌مپ به‌و قسانه‌ی ده‌ڵێت "هه‌ڵبژاردن دزراوه، ساخته‌كاری كراوه" دۆخێكی نه‌رێنی دروست ده‌كات و ترس له‌سه‌ر به‌ئاشته‌وایی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات ده‌كات.
دنیا چاوه‌ڕێیه تره‌مپ به تره‌مپیات و شێوازی تایبه‌تی خۆی بڵێت "به‌ڵێ؛ بایدن بردییه‌وه". هه‌رچه‌نده له‌دواین ڕۆژه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیدا ئاماده نییه ئیداره‌یه‌كی بێ كێشه و گرفتی دارایی و سیاسی و دیبلۆماسی و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌یی و پێوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ بایدن جێ بهێڵێت.
ئه‌مه‌ریكییه‌كان له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا چاوه‌ڕێی هه‌نگاوی موژده‌به‌خشی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆڤید – ١٩ و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئابووری له جۆ بایدن ده‌كه‌ن. تره‌مپ كه بووه قوربانی كۆرۆنا، دنیایش چاوه‌ڕێی پێوه‌ندیی و دۆستایه‌تی نوێ و چاره‌سه‌ری گرفته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له بایدن ده‌كه‌ن. تره‌مپ ده‌یویست كۆرۆنا وه‌ك هێزێكی گرنگی ده‌نگدان بۆ بردنه‌وه به‌كار بهێنێت، به‌ڵام نه‌یتوانی ئه‌و پێكوته‌ش ڕابگه‌یه‌نێت كه به‌چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دوای ده‌نگدان ڕاگه‌یه‌نرا.
تره‌مپ له سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه بڕیاری كشاندنه‌وه‌ی به‌شێك له سوپاكه‌ی له ئه‌فغانستان و عێراق دا، ئه‌م دوو وڵاته ده‌بنه كێشه‌یه‌كی گه‌وره له به‌رده‌م جۆ بایدن و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان.
كاتی ئه‌وه هاتووه، ئه‌نجامی دووباره هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان هێمای دۆڕانی تره‌مپ ده‌ربخه‌ن. به‌كرده‌وه بایدن وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و خه‌ریكی ده‌ستنیشانكردنی ئه‌ندامه‌كانی كابینه‌كه‌یه‌تی. كورد گوته‌نی "یه‌كێك كه‌پر ده‌كات و ئه‌وی تریش بار ده‌كات".