له هیچ سه‌رده‌مێكدا عێراق به‌قه‌د ئێسته بێ ئیراده و داهێزراو و دوور له حوكمڕانییه‌كی توانادار و بێ دیسپلین و خاوه‌ن هێز و گرووپی سیاسی چه‌كدار و میلیشیای خۆسه‌پێنی جیاواز جیاواز نه‌بووه، له ته‌ك ئه‌وه‌شدا له هیچ سه‌رده‌مێكدا ده‌سته حوكمڕانه‌كانی به‌غدا به ئاشكرا و بێ په‌رده وابه‌سته و لاربوونه‌وه به‌لای وڵاتانی ناوچه‌كه و دنیادا نه‌بوونه.
حكوومه‌تی عێراق به نیاز بوو هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی سزای سیاسیی ئابووری و خراپی و ئاڵۆزی باری دارایی و ئابووری و نه‌مانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ر و ئه‌و گه‌مارۆ داراییه‌ی له سه‌رده‌می نووری مالیكی و له قۆناغی عه‌بادی دژی هاووڵاتییانی كوردستان گه‌یشته لووتكه، به‌ئاشكرا دژایه‌تی هه‌رێم وه‌ك پاساوێك بۆ نه‌هێشتنی سیستمی فیدراڵی جێبه‌جێ كرا، بخنكێنێ. كه‌چی ئێسته خۆی تووشی بارودۆخێكی ئابووری سه‌خت بووه‌ته‌وه.
حزبه سیاسییه عه‌ره‌بییه‌كان به‌تایبه‌تیش حزبه شیعییه‌كان هه‌موو هێزی خۆیان له‌وه‌دا كۆ كردووه‌ته‌وه گوایه (هه‌رێمی كوردستان پاره‌ی به‌غدا ده‌بات) بۆیه دۆخه‌كه خراپه، ئه‌م دۆخه ئه‌وه ساغ ده‌كاته‌وه كه ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا خۆیان به‌رپرسن له داڕمانی ئابووری و هه‌روه‌ها سزایه‌كی فاشیانه‌یشیان دژی هه‌رێم پیاده كردووه.
بڕیاری بانكی ناوه‌ندی بۆ دابه‌زاندنی به‌های دراوی عێراق به‌ڕێژه‌ی ٪٢٥، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا بازاڕ و نرخ و نیگه‌رانی له‌ناو بازاڕ دروست كردووه، به‌ڵكو له‌ناو سیاسییه‌كانیشدا بۆچوون و لێكدانه‌وه‌ی جیاوازی هێناوه‌ته ئاراوه. دوور نییه ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ كۆك نین، ئه‌م بڕیاره بكه‌نه كارتێكی گوشاری توند بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ته‌كی كازمی بڕووخێنرێت. هه‌ر له ئێسته‌وه فراكسیۆن و حزبی نووری مالیكی و فراكسیۆنی سه‌در و حزبه‌كه‌یان، به ئاشكرا دژایه‌تی خۆیان بۆ ئه‌م هه‌نگاوه ڕاگه‌یاندووه و عه‌بادیش هه‌روا، وه‌ك چۆن عامریش نیگه‌رانی خۆی بۆ ئه‌م هه‌نگاوه ده‌ربڕیوه.
كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی دینار و به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های دۆلار، ده‌كرێت له چه‌ند خاڵێكدا سه‌رنجی لێ بدرێت:
یه‌كه‌م: بانكی نێوده‌وڵه‌تی ده‌مێكه له پێدانی قه‌رز به عێراق، ناكۆكه له‌گه‌ڵ ئه‌م سیستمه داراییه‌ی هه‌یه، سه‌رباری گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی ڕێژه‌یه‌كی زۆری پاره و نه‌بوونی باج و دیارنه‌مانی داهاتی ناوخۆیی. عێراق ئه‌گه‌ر بیه‌وێ قه‌رز وه‌ربگرێت، نابێ ئه‌و پاره‌یه بچێته گیرفانی ژماره‌یه‌ك گه‌نده‌ڵكاری دیار و ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه‌ی نه‌ك هه‌ر به‌ته‌نیا خۆیان سه‌پاندووه به‌سه‌ر ئیداره و سیاسه‌تدا، به‌ڵكو كۆنترۆڵی بازاڕ و جووڵه‌ی بازرگانیشیان كردووه.
دووه‌م: ئه‌م بڕیاره‌ی بانكی ناوه‌ندی به‌هه‌موو پێوه‌ره‌كان ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌كی تری فه‌رمی بۆ هه‌ژاركردنی پتری هه‌ژاره‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ندتركردنی ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌مه‌ند. واته ژماره‌یه‌كی كه‌می خاوه‌ن پاره و سه‌روه‌ت، ڕێژه‌ی داهات و قازانج و زێده‌باییه‌كانیان به ڕێژیه‌كی یه‌كجار زۆر و خێرا، به‌ره‌و سه‌ره‌وه ده‌چێت.
سێیه‌م: ئاماژه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ن ئه‌م بڕیاره ده‌بێته هۆكار بۆ شاردنه‌وه و سڕینه‌وه‌ی چینی ناوه‌ڕاست كه چینێكی بزوێنه‌ر و وشیار و خاوه‌ن ئیراده و نیمچه سه‌قامگیرییه‌كی دیاریشه. نه‌مانی ئه‌م چینه ده‌بێته هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی ڕێژه و ژماره‌ی هه‌ژار زیاد بكات.
له دوای ٢٠٠٣ به‌شێوه‌یه‌كی باش له ڕێی داهاتی بودجه‌وه نه‌ك (به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی) له هه‌رێمی كوردستاندا گه‌شه‌كردنێكی ئابووریی گه‌وره ڕووی دا، ئه‌مه وایكرد چینی ناوه‌ڕاست به‌هێز بێت، به‌ڵام دوور نییه ئه‌م بڕیاره چینی ناوه‌ڕاستی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ره‌و خواره‌وه گلۆر بكاته‌وه، كێشه‌كه له‌وه‌دایه ئه‌م گۆڕانكارییه دوور نییه خێرا ڕوو بدات، هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی خێرایش وه‌ك دیارده‌یه‌كی فیزیكی به‌هۆی لێكسوانه‌وه كاریگه‌ریی و كاردانه‌وه‌ی خێراش دروست ببێت.
چواره‌م: ئه‌م بڕیاره ده‌بێته هۆكارێك بۆ خۆدزینه‌وه له چاكسازیی، له كاتێكدا پێویست بوو به‌غدا ئه‌و سه‌دان ملیار دۆلاره دزراوه‌ی له دوای ٢٠٠٣ دیار نه‌ماون، یان هه‌ندێك به‌رپرس لێی به‌رپرسن، بگێڕێته‌وه. داهاتی نه‌وتی دزراو له‌لایه‌ن میلیشیاكان و داهاتی گومگه‌كان و داهاتی ناوخۆ و چه‌ندان شوێنی تری پڕداهات له سنووره‌كان و ناو وڵات ساغ بكاته‌وه و سزای گه‌نده‌ڵكاران و ئه‌و گرووپانه بدات كه ده‌ستیان به‌سه‌ر داهاتی گشتیدا گرتووه، به‌پێچه‌وانه‌وه به‌م بڕیاره هه‌موو ئه‌و تاوانه دارایی و گه‌نده‌ڵكارییه داراییه‌ی به‌ئاشكرا و دزی كراون، دیزه به‌ده‌رخۆنه ده‌كرێت.
پێنجه‌م: به‌پێی ئاماژه‌كان حكوومه‌تی به‌غدا له‌ته‌ك دابه‌زاندنی نرخی دینار، نه‌ك هه‌ر كوته‌كێكی داهێزه‌ر له مووچه‌خۆر ده‌دات، له هه‌مان گاڤدا بڕیاریشی داوه باجی پتر له‌سه‌ر هاووڵاتییان زیاد بكات. واته ئه‌مه ده‌بێته هۆكار بۆ لاوازبوونی توانای كڕین لای هاووڵاتی.
دانانی باجی زۆر له‌سه‌ر هاووڵاتییان، به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێكاری، زیادبوونی هه‌ژاریی، لاوازبوونی توانای كڕین به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رز، سه‌ره‌تایه‌كی دژوار ده‌بێت بۆ ئابووریی عێراق و شێوه‌ی ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌ی، به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ژارن و توانای به‌رهه‌مهێنان و بازرگانیان سنوورداره.
له شاره‌كانی خوارووی عێراقدا هاووڵاتییان له ژیانێكی سه‌ختی ئابووری و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌یی و ده‌روونی خراپدان، ئه‌م بڕیاره دۆخی ژیانی هاووڵاتییانی ئه‌و ناوچانه به‌ره‌و داڕمانی زۆرتر ده‌بات.
له ناوچه سوننییه‌كاندا ژیان قورستره، ئه‌وان له دوای ڕووخانی رژێمی سه‌دام، له‌ژێر سزای ئابووری و سیاسی و ته‌ناهیی و ده‌روونیشدان، بێگومان ئه‌م بڕیاره‌ی بانكی ناوه‌ندی ژیانی ناوچه سوننییه‌كان پتر به‌ره‌و دۆزه‌خ ده‌بات.
هه‌رێمی كوردستان، ده‌كه‌وێته سه‌ر سێڕیانێكی ئاڵۆز، یان ده‌بێت وه‌ك به‌غدا هه‌مان ڕێكار و ئاكام هه‌ڵبژێرێت، یان ده‌بێت له ته‌ك ئیلتیزام به سیاسه‌تی دارایی به‌غدا، هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندی ڕه‌چاو بكات و له‌ڕێی دروستكردنی بواری تری به‌رهه‌مهێنانه‌وه كاریگه‌ریی دۆخه‌كه كه‌م بكاته‌وه. ئه‌مه له كرده‌وه‌دا هه‌نگاوێكی ستراتیجی ده‌بێت، بۆیه ناتوانرێ به كتوپڕی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكات. له كاتێكدا ده‌زانین داهاتی هه‌رێمی كوردستان بریتییه له (بودجه و نه‌وت، داهاتی گومرگه‌كان، باج و خه‌راج).
سێیه‌م هه‌نگاو خۆجیاكردنه‌وه‌یه له سیاسه‌تی دارایی عێراق، ئه‌مه‌ش پێ ناچێت له‌م قۆناغه‌دا ئاسان بێت بیری لێ بكرێته‌وه، ته‌نیا ئه‌وكاته نه‌بێت عێراق تووشی ئاڵۆزی و شه‌ڕ و ناڕه‌زاریی سه‌رانسه‌ری هاووڵاتییان بێته‌وه و هه‌رێمی كوردستانیش نیمچه سه‌ربه‌خۆییه‌كی دارایی ڕابگه‌یه‌نێت. به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌ش بشارمه‌وه هه‌ندێك له‌و شاره‌زایانه‌ی له بواری دارایی و ئابووری له هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن، بڕیاره‌كه‌ی بانكی ناوه‌ندی به‌غدا به‌هه‌نگاوێكی شیاو بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی دارایی ده‌زانن.
گرنگ، بانكی ناوه‌ندی ئه‌گه‌ر بیه‌وێ حكوومه‌ت له‌م قه‌یرانه ڕزگار بكات، له هه‌مان كاتدا هاووڵاتییان تووشی دۆخێكی ئێجگار سه‌خت ده‌كات، ڕزگاركردنی ده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتداران، له‌سه‌ر حیسابی هاووڵاتییان و هه‌ژار ده‌بێت و دوور نییه دۆخی چاوه‌ڕوانكراو كاردانه‌وه‌ی خێرای لێ به‌رهه‌م بێت و تووڕه‌یی خه‌ڵك فراوانتر بێت، لایه‌نه شیعییه‌كانیش له‌ناو خۆیاندا ناكۆكتر له جاران ده‌ربكه‌ون.
سه‌ره‌تای هه‌موو گۆڕانكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان، سه‌ره‌تایه‌كی ئابوورییان هه‌یه، ڕۆژه ڕه‌شه‌كانی عێراق، له سایه‌ی سیاسه‌تی ئابووری فاشل، له سایه‌ی گه‌نده‌ڵی دارایی، قه‌یرانێكی ڕه‌ش ده‌ركه‌وتووه. پێویسته هاووڵاتی بپرسن كوا ئه‌و ڕێژه پاره‌یه‌ی چه‌ندان ساڵه له به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕاوه و چی به‌سه‌ر هاتووه؟ له كوێ سه‌رج كراوه و بۆچی بزره؟ كێ سه‌رتاپای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا لرف كردووه؟.
ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و ڕاستییه‌ی عێراق له سایه‌ی سیاسه‌تی نادادپه‌روه‌رانه و تایفه‌گه‌ریی و فاشیزمی نوێ‌دا، له ڕۆژێكی ڕه‌شه‌وه به‌ره‌و ڕه‌شتر ده‌چێت. ئه‌وانه‌ی هیوایان له‌سه‌ر به‌غدا هه‌ڵچنیوه، وه‌ك دراوی دابه‌زیو به‌ره‌و نزمی و دابه‌زین ده‌چن.