كورد له كوردستانی باشوور، وه‌ك چۆن به‌شه‌كانی تری كوردستان به‌زۆر و زۆره‌ملێ به‌پێی ڕێككه‌وتنێكی نێوده‌وڵه‌تی كراونه‌ته به‌شێك له ئێران و سووریا و توركیا، له عێراقیش هه‌مان شت كراوه. كاره‌ساتی عێراق ئه‌وه‌یه چی ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی و ئیسلامیش هه‌ن كه باس دێته سه‌ر مافی چاره‌ی خۆنووسینی كوردستان، ده‌كه‌ونه هێرش و په‌لاماردانی خواسته‌كانی كوردستان. به‌م جۆره كوردستان لهختوخۆڕا به‌پێی دابه‌شكردنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه بێ خواست و ویستی خۆی، ژماره‌یه‌كی زۆر ده‌وڵه‌تی كراوه‌ته دوژمن.
ئێمه به‌زۆری زۆرداری و به‌ئه‌مری واقیع و به‌پێی ڕێككه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تی بووینه‌ته (عێراقی). تا ئه‌مڕۆش كورد وه‌ك هاووڵاتی پله یه‌كی عێراق له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداوه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ئێسته دژایه‌تییه‌كه چووه‌ته ئاستێكی زۆر خراپتریش، بۆچوون و قینی مه‌زه‌وگه‌رایی هاتووه‌ته سه‌ر، هه‌روه‌ها لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ، به ئاشكرا و ڕاشكاوانه ده‌یانه‌وێ شه‌قام دژی هه‌رێمی كوردستان و مافه‌كانی بورووژێنن، ته‌نانەت به خه‌ڵكی خواروو ده‌ڵێن نه‌بوونی خزموتگوزاریی و دواكه‌تن و نه‌خۆشی و نه‌خوێنده‌واری ئێوه، پێوه‌ندیی به گه‌شه‌كردنی كوردستانه‌وه هه‌یه، ئه‌وان سه‌رچاوه‌ی داهاتی ئێوه ده‌به‌ن.
له كاتێكدا داهاتی عێراق بۆ شه‌ڕ و خزمه‌تی ئێران و بۆ به‌دواكه‌وتوویی هێشتنه‌وه‌ی ناوچه عه‌ره‌بنشینه‌كانی سوننه و شیعه به‌كار ده‌هێنرێت، جیا لەوەی به سه‌تان ملیار دۆلار له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسییه‌وه دزراوه.
ڕه‌نگه ئه‌مه‌ی دواییان له چه‌ند ساڵێكی تردا، وه‌ك شێرپه‌نجه‌یه‌كی سیاسی بێ چاره‌سه‌ر ببێته فه‌رمی، كێشه‌كه له نێوان حكوومه‌تی به‌غدا و كوردستان، بگوازرێته‌وه نێوان شه‌قامی كوردستان و شه‌قامی عه‌ره‌ب، ئه‌مه‌ش ده‌بێته كاره‌ساتێكی ئێجگار گه‌وره، هۆكاره‌كه‌یشی مهزهوگهراییه شۆڤینییه‌كان و عێراقچییه بێ بنج و هه‌ڵتۆقیوه كاتییهكانن.
ئه‌مه گرنگ نییه، بڕێك لایه‌نی سیاسی كوردی، هه‌ندێك عێراقچیی كورد له به‌غدا، پێیان وابێت عێراقچییه‌تی ده‌توانێ له ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ڕزگاریان بكات، رزگاركردن به‌واتای كوده‌تا و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی سیستم له هه‌رێمی كوردستاندا به‌كار دێت.
له‌بیرمه پێش ڕاپه‌ڕین هه‌ندێك گرووپ و ته‌وژمی فكری سیاسی له‌ناو كوردستاندا بانگه‌شه‌ی عێراقچییان ده‌كرد، واته له مه‌لیك مه‌لیكتر بوون، له عه‌ره‌ب عه‌ره‌بتر بوون. له كاتێكدا ئێسته مه‌لیك خۆی دووچاری قه‌یران و كێشه‌ی سیاسییه، عێراق خۆی وه‌ك ده‌وڵه‌ت نه‌ماوه، وڵاته‌كانی ناوچه‌كه هه‌ریه‌كه و به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ستیان خستووه‌ته ناوی، كه‌چی هه‌ندێك كورد به لێخوڕینێكی نائاسایی، ده‌یانه‌وێ به‌ره‌و به‌غدا باژۆن. ته‌نیا گوتارێكیان پێ دروست كراوه كه ئیتر به‌هه‌شتی عێراق، له دۆزه‌خی هه‌رێم ڕزگاریان ده‌كات!
عێراقچییه‌تی ئه‌م گرووپانه پێوه‌ندیی به فه‌شه‌لیان له هه‌رێمی كوردستانه‌وه، یان بێ ئومێدبوون له ململانێی سیاسییه‌وه هاتووه، چونكه ده‌روونی هه‌ر كه‌س و گرووپێكی تێكشكاوی بێ سێبه‌ر به‌دوای سه‌رابێكی بێ كۆتاییه، نه‌ك له هێز و فكر و به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و ئه‌لته‌رناتیڤێكی گونجاوی به‌رهه‌مدار، هه‌نگاو بنێن. عێراقچییه‌تی پێوه‌سته به‌خۆبه‌ستنه‌وه به فكر و تێڕوانین و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه و حومكڕانه باڵاده‌سته‌كان و خۆداماڵینه له خۆماڵیبوون، له كرده‌وه هێزه‌كه‌یان پێوه‌سته به‌ڕێژه و قه‌واره‌ی هاورده‌كردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی و خۆبه‌ستنه‌وه به‌هێز و ئیراده‌ی ده‌ره‌كی، كه له بنه‌ره‌تدا ئه‌م ئاراسته‌یه پشت به كاردانه‌وه و كورتبینی و قین ده‌به‌ستێت.
هاورده‌كردنی فكری سیاسی عێراقچییانه، وه‌ك هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌لی بازرگانییه، ئایا له كوردستاندا بازاڕی ساغكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لی فكری عێراقچییه‌تی هێنده فراوان و كارایه، كڕیاره‌كانی هێنده زۆرن؟، ئه‌م چه‌شنه فكره‌یه چانسی مانه‌وه و به‌هێزبوونی هه‌بێت. بێگومان نه‌خێر، چه‌نكه خه‌ڵك به‌دوای بیرۆكه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه.
هه‌ڵگرانی فكری عێراقچییه‌تی سیاسی له پێش ڕاپه‌ڕین، له ئاكامی ناكۆكی فكری و سیاسی ڕێكخراوه‌یی و لاوازی و ناوچه‌گه‌ریی هاتبوو، ئه‌م ئاراسته‌یه پتر ئاكامه‌كه‌ی به‌ره‌و جیابوونه‌وه و له كۆتاشدا فه‌شه‌ل بوو. پێ ده‌چێت ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێسته له هه‌رێمی كوردستاندا، به‌شێوه‌یه‌كی نوێ و به كه‌ره‌سته و تێڕوانین و شێوازێكی جیاواز سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه، سه‌ری خۆی له به‌ردی فه‌شه‌ل بداته‌وه.
بیرۆكه‌ی عێراقچییه‌تی له پێش ڕاپه‌ڕین و ئه‌وه‌ی ئێسته له چه‌ند بوارێكدا یه‌ك ده‌گرنه‌وه، له‌وانه (گه‌ڕانه‌وه بۆ بیرۆكه‌ی عێراقچییه‌تی ئاكامی ناكۆكی ناوه‌خۆیی و هه‌ستكردن به‌لاوازیی و فه‌شه‌ل و كاردانه‌وه) هه‌یه و له‌لایه‌كی تریشدا (بیرۆكه‌ی جیابوونه‌وه، بیرۆكه‌ی داماڵینی ڕه‌سه‌نایه‌تی و دووركه‌وتنه‌وه له خۆماڵیبوون) هه‌ردوو سه‌رده‌مه‌كه به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێته‌وه.