بایدن هۆکاری هەڵئاوسانی ئابووری دەخاتە ملی ئەوانیتر

PM:01:28:03/05/2022 ‌
لە دنیای ئازاد ڕەخنە بەشێوەیەک دەگیرێت کە شوێنێک بگرێت و هەروا قسە لە گۆترە ناکرێت. ڕۆژنامەکان ئازادیی بەشێوەیەکی بەرپرسانە بەکار دەهێنن، ڕەخنەی توند، بەڵام نایگەیەنن بە سوکایەتی و شتی تایبەتی کەسی. ڕەخنەی بە‌هێز، بێ ئەوەی سنووری یاسایی و کەسیی ببەزێنن. 

ڕۆژنامەگەریی ئازادی قسەکردن لەپێناو سڕینەوەی ئەوانیتر بەکار ناهێنن، بەڵکو قسە لەپێناو چاککردن و پێشکەوتن و دۆزینەوەی بیرۆکە و پڕۆژەی باشتر دەکەن.

لە گۆڤاری نیوز ویکی ئەمەریکی (براد پۆلومبۆ) کە کەسێکی پسپۆرە لە بواری ئابووری، وتارێکی ڕەخنەگرانەی لە دژی (جۆ بایدن)ی سەرۆکی ئەمەریکا نووسیوە و دەڵێت (بایدن لەپێناو دەرچوون لەم هەڵئاوسانە ئابوورییەی لەماوەی دەسەڵاتی ئەودا دروست بووە، یەکەم ویستی پێشانی بدات لەم ماوەیەدا هیچ هەڵئاوسانێکی ئابووری ڕووی نەداوە، دواتر گوتی "ئەمە شتێکی کاتییە" و دواتریش گوتی، هەمووی خەتای سیاسەتی پۆتینە. 

بایدن ڕای گەیاند و گوتی، با لامان ڕوون بێت هۆکاری هەڵئاوسانی ئابووری کۆڤید و فلایدمێر پۆتینن.  لە مانگی ڕابردوو ڕێژەی هەڵئاوسان گەیشتە ٪٧٠ لە ئەنجامی بەرزکردنەوەی نرخی غاز و نەوت لەلایەن پۆتینەوە. 
ئەمە هیچ ڕاستییەکی تێدا نییە، ڕاستە جەنگی پۆتین لە ئۆکراین کاریگەریی لەسەر جیهان دروست کردووە، بەڵام نرخی غاز ساڵێک بەر لەوە لەبەرزبووەنەوەدا بوو.

ئەم توێژەرە ئەمەریکییە ڕاشکاوانە دەڵێت ڕێژەی هەڵئاوسانی ساڵانە ئێستە ٦.٥، ئەمەی لەناو ئەمەریکا ڕوو دەدات لە ئەنجامی کۆڤید و سیاسەتی پۆتینەوە نەهاتووە، بەڵکو ئاکامی هاتنی بایدنە بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

بژاردەکانی بایدن لە چەندین ملیار دۆلار بۆ ڕاگرتنی بازاڕ لە سەردەمی کۆڤید بەپێی بۆچوونەکانی ئەم نووسەرە. (هەڵئاوسانی) پتر کردووە.  لەهەمانکاتدا بایدن بەهەمان ستاڤ کە هۆکاری ئەم ئەنجامەن، دەیەوێ چارەسەری قەیرانەکە بکات.  بایدن بڕی ١.٩ تریلۆن دۆلاری بەکارهێناوە بۆ بەگەڕخستنەوەی بازاڕ کە تەنیا ٪٩ ئەم بڕە پارەیە پێوەندی بەبواری تەندروستییەوە هەیە. لە حزبەکەی خۆیشی کەسێکی وەک (لاری سمرز) ناڕازی بوو و گوتی، ئەمە دەبێتە هۆکار بۆ زیادکردنی ڕێژەی هەڵئاواسان.

تەنیا یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئۆباما لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز  ڕای گەیاند، ئەم بەرنامەی بەناوی ڕزگارکردنی ئەمەریکا دانراوە لە کردەوەدا سیاسەتێکی هەڵەی ئاسایی نییە.

هەڵئاوسانی ئابووری لە زۆر سەردەمدا ڕوو دەدات، کێشەیەکی ئاڵۆزە، زەحمەتە بڵێین کەسێک و سەرۆکێک لێی بەرپرسن، چونکە ئەم دیاردەیە لەگەڵ هەر قەیرانێکی ناوخۆیی یان جیهانیدا پەرە دەستێنێت.
هەندێک لە پسپۆرە ئابوورییەکان پێیان وایە بایدن بەشدارییەکی زۆری لە بەرزکردنەوەی نرخی کەلوپەل کردووە، لەکاتێکدا سیاسەتی دژایەتی وزە پێڕەو دەکات.

دەبێت بزانین کێشەی ئابووری کاریگەرییەکی پتەوی بە سیاسەتی ئیدارە و حوکم و هەڵبژاردەنەکانی ئەمەریکاوە هەیە. گوتاری کاندید و لایەنە سیاسییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام قسەکردنە لەسەر دۆخی ئابووری و ڕێژەی بێکاری و نرخی کەلوپەل و تەندروستی و خواردن و کار و هەڵئاوسان و .. تاد.

لە سەردەمی کۆڤید، سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بادین هاوکاری زۆری خێزانە کەم دەرامەتەکانی کرد، هاریکاری منداڵەکانی کرد، ئەمەش بۆ ئەوەی بازاڕ تووشی وەستان و داڕمانێکی سەرتاسەری نەبێت. ئەو خۆی لەگەڵ قەیرانی سیاسی و قەیرانی تەندروستی و پەتای کۆڤید ١٩ دەستی بە حوکمڕانی کرد. ئەمە نزیکەی دوو مانگیشە شەڕی ئۆکراینای هاتووەتە سەر. 

لە کردەوەدا هەردوو قەیران کۆڤید و جەنگ دژی ئۆکراین، جیهانین، زیانی زۆریان بە ئابووری جیهان و هەڵئاوسان لە ئاستی دنیا گەیاندووە، بەڵام هەندێک لە شرۆڤەکار و پسپۆرانی ئابووری پێیان وایە مەسەلەکە لەناو ئەمەریکا پێوەندی بە سیاسەتی بایدنەوە هەیە، لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی دارایی و ئابووری و هەڵئاوسان. بۆیە داوا لە گەلی ئەمەریکا دەکەن، کە پاڵپشتی ئەم سیاسەتەی بایدن نەکەن.

لەمەدا بۆمان دەردەکەوێت کە ڕکابەرەکانی بایدن، بەشێوەیەکی هێمنانە و پشت بەستن بە زانستی ئیدارەی ئابووری و تێڕوانینی قووڵ، ڕەخنە لە سیاسەتی بایدن دەگرن، تەنیا ئەگەر هەندێک توندیش بن، توندگوتنەکە بەسەر عەقڵ و لۆژیکدا زاڵ نابێت.

ئەمەی باسی دەکەین، نموونەیەکی ئەو مشتومڕ و گوتارە سیاسیە ڕەخنەگرانەیە کە ڕۆژانە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا بڵاو دەکرێنەوە. گوتارێکە پاساو بۆ هیچ شتێکی خراپ ناهێنێتەوە، لەهەمانکاتدا بێ پشتبەستن بەبۆچوونی زانستی، پاساو بۆ هیچ ڕەتکردنەوەیەکی سیاسی و فکریش ناهێنێتەوە.