ئەنفال

برینێکی ساڕێژ نەبوو
فرمێسکێکی وشک نەبوو

ئه‌رسه‌لان محه‌مه‌د ڕۆسته‌م

2019/4/14، 31ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر گەورەترین تاوان لەجیهاندا ئەگەر بێت و هەردوو تاوانەکانی جەنگی جیهانی لێ بەدەر بکەین هیچ تاوانێک هێندەی تاوانی ئەنفال قێزەون و پڕ تراژیدیاتر نیە، دەسەڵاتێک بێت و گەلەکەی خۆی لەسەر خاک و ئاو وڵاتی خۆی بەدڕندەترین شێوە زیندە بەچاڵ بکات و هیچ تاوانێکیان نەبێ تەنیا ئەوە نەبێت کەکوردن بەکوردی دەدوێن، هەموو ساڵێک لە 4/14 ئێمەی کەسوکاری ئەنفال برینەکانمان دەکولێتەوە.

هەموو ڕۆژێكى  14/4 جارێکی تر خەیاڵ دەمانباتەوە بۆ ئەو چرکە ساتانەی کە هەر لەم دونیایەدا حەشرمان دی بەچاو، دیسان هەموو ساڵێك ئێمەی کەسوکارو بەجێماوانی ئەنفال چاوەکانمان پڕ دەبێ لە فرمێسک و هەزاران ئاوات و خۆزگەی بەدینەهاتوومان جارێکی تر دێتەوە گۆ، ئەم تاوانە یادکردنەوەی پێویستییەکی حەتمییە لەلایەن حکوومەت و به‌رپرسانى کوردستانەوە بۆ ئەوەی نەوە لەدوای نەوە ئەم تاوانە گەورەیەی لە ئاستی گەلەکەمان ئەنجام دراوە لەبیر نەچێتەوە، بەڵام یادکردنەوەی ئەنفال تەنیا بە دانانی تاجەگوڵینەیەک و خولەکێک وەستان و چوار وتار و چەند پارچە پەخشان و سروودێک تەواو نابێت، بەداخەوە دوای تێپەڕ بوونی شازدە ساڵ بەسەر لەناوچوونی ڕژێمی بەعس و 31 ساڵ بەسەر تێپەڕ بوونی ئەم تاوانە هێشتا سەتان ئاوات و خۆزگەی  ئێمەی کەسوکاری ئەنفالکراوان بەدینەهاتووە برینەکانمان تائێسته‌یش خوێنی لێ دەچۆڕێ وساڕێژ نەبووە، بۆیە گەورەی تاوانەکە و مەزنی قوربانیەکانمان دەبێ بکرێتە دۆزی نەتەوەیەک و بەزیندووی بمێنێتەوە وەک و هۆلۆکۆستی جووەکان و کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان و تاوانی کۆسۆڤو هێرۆشیماو ناکازاکی ئەنفالکردنی گەلەکەمان هیچ لەو تاوانانە کەمتر نیە.
لەم یادە پڕ ئازارەدا داواکارین لە حکوومەتی عێراقی بە فەرمی لەسەر ئەم تاوانە بێ وێنەیە داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکات و قەرەبووی مادی و مەعنەوی کەسوکاری ئەنفاکراوان بکاتەوە، پێویستە لێرەیشدا کۆمەڵێک داواکاری و پێشنیاری گرنگ ئاراستەی دەسەڵاتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پێوەندیدارەکان بکەین، چونکە گومانی تێدانیە کە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانی ئەنفال و هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی کوردستانە هەرچەندە حکوومەتی هەرێم چەند هەنگاوێکی ناوە بۆ خزمەتی ئێمەی کەسوکاری ئەنفال، بەڵام هێشتا لەئاست گەورەی برین و ئازاری ئێمەدا نیە، بۆیە بۆ کەم کردنەوەی ئازارەکانمان و دڵنەوای کەسوکاری ئەنفالکراوان لەم یادە پڕ لەسۆیەدا چەند داواکاری و پێشنیارێک دەخەینە بەردەستی حکوومەتی هەرێم و لایەنی پێوەندیدار بەهیواین بە پێ ی ئیمکان و توانای حکوومەتی هەرێم جێبەجێى بکات : -

۱-گرتن و ڕادەست کردنی هەموو ئەوجاش و موستەشارانەی کە ناویان هاتووە لە دادگاى باڵای تاوانەکان لە عێراق.

۲-حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕژدى هەوڵ بدات و داوا بکات لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی، تاوانی ئەنفال وەک جینۆساید بەڕەسمی بناسێنێت لەجیهاندا و ئەو کۆمپانیا و کەسانەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستیان هەبووە لەجینۆسایدی گەلی کورد ڕاپێچی بەردەم دادگا بکرێن و دادگایەکی عادیلانە بکرێن.

۳-هەوڵی رژد بدرێت و داوا لەحکوومەتی عێراق بکرێت بۆ دۆزینەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان و هەڵدانەوەیان و هێنانەوەی ڕووفاتی پیرۆزی شەهیدانی ئەنفالکراو بۆ زێدی خۆیان.

٤- لەسەر ئاستی حکوومەتی عێراق بەگشتی  و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی تاوانی ئەنفال باشتر بناسێنرێت و بخرێتە ناو پڕۆگرامى خوێندن.

ە-دروستکردنی مۆنۆمێنتێکی شایستەو شیاو .

٦-ئاوڕدانەوەی زیاتر لەگوندەکان بەمەبەستی  ئاوەدانکردنەوەیان.

۷-بەخشینی زەوی و دروستکردنی خانوو بۆ ئەو واریسی ئەنفالانەی تائێسته‌ سوودمەند نەبوون.

٨-گرنگی دانی زیاتر بە تاقانەکانی ئەنفال.

۹-دروست کردنی بنکەی تەندروستی تایبەت بەنەخۆشی دەروونی بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان.

۱۰- دروست کردنی یانەی ڕۆشنبیری وهونەری  و وەرزشی  لەو شارو شارۆکانەی  زۆرترین بەجێماوی ئەنفالی لێ نیشتەجێیە .

۱۱-باشتر کردنی  ژیان و گوزەرانی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان بەشێوەیەکی گشتی لە هەموو بوارەکانی ژیان دا.

لەکۆتایی هیوادارم  ئەم یادە ببێتە هەوێنی یەک ڕیزی و تەبای و برایەتی و ئاشتەوای گشت حزبە سیاسیەکانی کوردستان و ببێتەمایەی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی  بۆ کوردستان، بژی کورد ....بژی کوردستان.

* ئەندامی کۆمەڵەی داکۆکی لەپرسی ئەنفال- نووسینگەی ڕزگاری