مەرامی ئێن ئاڕ تی

PM:04:21:29/06/2017 ‌

هاوژین رسول 

هیچ دەزگەیەكی ڕاگەیاندن نییە بەبێ پلان بۆ ئامانجێكی دیاریكراو دانەمەزرابێت و پێش دامەزراندن، بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنێكی ورد بۆ كۆمەڵگەكە دەكرێت لە ڕووی ئاستی ڕۆشنبیر و ڕەوشی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی، تا دەلاقەیەك بدۆزریتەوە بۆ گەیاندنی پەیامی دەزگەكە بە گونجاندنی لەگەڵ ڕەوشەكە و خواستی كۆمەڵگە لەو سەردەمەدا.

ئەمە لەكاتێكدا لەتەواوی جیهاندا هێڵی زەرد و سوور لەبەردەم هەموو ڕاگەیاندێكدا هەیە كە تایبەتە بە ئاشتی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی و زانیاری تەناهی و سەربازییەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە لەو كوردستانی خۆمان زۆرینەی ڕاگەیاندنەكان بە حزبی و سێبەرەكانیانەوە، یان بەناو ئەهلییەكان نە لە سەرەتای دامەزراندن و نە لە ئێستەشدا بەردروستی ئامانج و ستراتیژ و هێڵی سەرەكیی خۆیان بۆ لایەنی مەعنی لە حكوومەت ڕوون نەكردوەتەوە.

بۆ درێژەنەدان بە بابەتەكە هەمووان دەزانین ڕاگەیاندنی حزبی و سێبەرەكان مۆڵەتیان ئاسانە، من زیاتر مەبەستم بەناو ئەهلییەكانە، چونكە ئەوان تەواوی ئامێر و بینایە و ئامانج و شێوازی هەنگاوەكان دیاری كراون، پاشان بە پێی خواستی لایەنی مەعنی ئامانج و خواستێك داتاشراوە و بەو هۆیەوە مۆڵەتی وەرگرتووە، ئەمەش كارئاسانییەكی باشی كردووە بۆ دوژمن و نەیاری كورد كە زووتر و بە ئاسانی پیلانەكانیان جێبەجێ بكەن لە ڕێگەی دەزگەیەكی كوردی مۆڵەت پێ دراوەوە.

وەك پێشتر گوتمان هیچ دەزگەیەكی ڕاگەیاندن بێ پلان و بێ ئامانج بونی نییە، كەواتە هەر تاكێك مافی خۆیەتی بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ كاری ڕاگەیاندن بكات كە تا چەند هێڵە زەرد و سوورەكان دەبەزێنێت وە دەكرێت بیر لەو بەزاندنانە بكاتەوە كە ئاخۆ دەچێتە گیرفانی كام لایەنی ناوخۆیی یان دەرەكی، گەر "ئێن ئاڕتی" بە نموونە وەربگرین زۆرینەمان دەسپێكی ئەم كەناڵەمان بۆ ئەو قۆناغەی تیا لەدایك بوو بە پێویست زانی كە پێویستە دەنگ و ڕوویەكی جیاوز لە كەناڵەكانیتر ببینین و پێمان وابوو ئەو كەناڵە شتە نەگوتراوەكانمان پێ دەڵێت بە دروستی و لە سەرەتاشدا تاڕادەیەكی زۆر ئەوە بوو، چونكە بەڵێن و ئامانجە داتاشراوەكە ئەوەی دەخواست، بەڵام دواتر ناوبەناو هەواڵ و زانیارییەكان بوونە ورووژاندن و بە تێپەڕبوونی كات هەنگاوی نوێ دەستی پێ كرد بە دواندنی سیاسی و ڕۆشنیران و ناوبەناوی كەسی مەبەستداریش بۆ خستنە بازاڕی وشە و بیر و دەنگی نامۆی دژ بە ڕەوش و ئەزموونی هەریم، لە تەنیشت ئەوەشەوە هاندانی بینەران بە ئاراستەی تێكدانی ئاشتی سیاسی لەو ڕێگەوە بە كاڵكردنەوەی هەست و سۆزی نیوان تاك و خێزان و دواجاریش بێنرخكردنی پیرۆزییەكانی شۆڕش و بێ ئەرزشكردنی خەبات و ماندوبوون و دەستكەوتی خەباتگێڕان بەناوی ڕای ئازادەوە و بە ئاراستەی نەهێشتنی سۆز بۆ خاك و نەتەوە هەنگاوێكی تریان هاویشت كە تا ئێستاش بەردەوامە.

ئەم كەناڵە بە پێی گۆڕانكاری لە باری سیاسی كوردستان پلان دادەڕێژێت تا گۆڕانكاری و پێشوەچوونەكان خێراتربن، ڕووی ڕاستی ئەم كەناڵە زووتر دەردەكەوێت بە تایبەت لەكاتی كۆبونەوەی حزبەكان بۆ ڕێككەوتن كە ئەم نائومێدی زیاتر دەبەخشێتەوە لە بەرامبەر سەركەوتنەكاندا و بەدگومانی دەخولقێنت لەشكستەكاندا و ڕەشبینی پەخش دەكات، ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ تازەترین هەنگاوی ئەم كەناڵەش بكەن كە لە دژی گشتپرسی و بەرەو دەوڵەتبوون دەی هاوێژێت و پەیامی نێو هەواڵ و زانیارییەكان و پاشخان و بیروبۆچوون و مەبەستی مێوانەكانی شی بكەینەوە، هەمووان دەگەینە ئەو ڕاستییە یان ئەو وەڵامە كە ئامانج و مەرامی سەرەكی دامەزراندنی ئەم كەناڵە چی بووە و چییە؟، چونكە ئاراستەكردنەكان و هاوبیری لەگەڵ دوژمن و نەیار لە پرسە نەتەوەییەكاندا حاشا هەڵناگرێت كە دەرچوونە لە هێڵی سوور و زانیاری هەستیاری تەناهی و سیاسی و سەربازی و ئابووری پەخشكردن كە دوژمن و وڵاتانی دراوسێ سوودی لێ وەردەگرن ئاساییە لەلایان.

ڕەنگە بەهۆی ناكۆكی و نالەباری كەشە سیاسییەكەوە زۆرێك دژایەتی ئەم كەناڵە بۆ پارتی و بە تایبەت سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیان بكات و دەرفەت دەقۆزنەوە تا پشتگیریان بكەن بۆ بەردەوامی لەو دژایەتییە، بەڵام بێ ئاگان لەوەی مەرامی خودی كەناڵەكە ئەو ڕەوشە بووە لە سەرەتادا و دژایەتی پارتی و بارزانی ڕاستییەكی تاڵ و نەخوازراوە بۆ ئەوان كە لە ئێستەدا تاكە هێز و سەركردەیە بۆ سەربەخۆیی كار دەكات و دژ بە ئامانجی كەناڵەكەیە كە لە سەرەتاوە مەبەستی بووە و لەپێناویدا دامەزراوە و كەسێك وەك ڕۆبۆت كراوەتە خاوەنی بە پلانی تۆكمەوە كۆنتاكتی لەگەڵ هەندێك حزب و سەركردەی نێو خۆیی بۆ دروست كراوە.