لە سروەوە بڕواننە گۆڕان

PM:02:29:08/12/2016 ‌

بە سووکایەتیکردن بە پێشمەرگە و لەکەدارکردنی نامووسی هاوسەری شەهیدان و هەڕاجکردنی نیشتمان بە سامانی سروشتی و مرۆییەوە، ئەو ناونیشانەیە کە هەموو ئەو کردەوە و لێدوان و هەوڵانەی بزووتنەوەی گۆڕان لە بنیدا جێی دەبێتەوە،لە هەولێرێ دەڵێن "حەیا دڵۆپە ئاوێکە کە رژا هەڵناگیرێتەوە" تا دوێنێ شەویش گومان لەسەر حەیای سیاسی گۆڕان هەبوو، بەڵام لەگەڵ قسەکانی سروە عەبدولواحید دوا دڵۆپیان تکاند و هیچ گومانێکیان نەهێشت کە ئەوان لەپێناو تۆڵەکردنەوەیەکی سیاسی لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئامادەی هەموو شتێکن وەک ئەوەی ئێستا لە بەغدا دەیکەن.
نەوشیروان مستەفا کە لە سەرەتای دامەزراندنی حزبەکەی باسی گۆڕانکاری و چاکسازی و بەرهەمهێنانی کەسایەتییەکی نوێی دەکرد،ئێستا بەرهەمەکەی دەبینن کە دەتوانین شایەدی ئەوەی بۆ بدەین سەرکردەیەکی راستگۆیە لەگەڵ دروشمەکانی و دەتوانین بەرهەمەکەی لە سروە عەبدولواحید و زمانحاڵەکانی تری گردەکە ببینین و تێبگەین کە چ گۆڕانکارییەکی گەورە کراوە لەو چەند ساڵەی نەوشیروان گردەکەی ئاوەدان کردووه‌تەوە و چ جۆرە کەسایەتییەکیان بەرهەمهێناوە کە بەردەوام دەرپێی وڵاتپارێزییان داکەندوە و لە باوەشی دوژمنان وڵات و سەروەرییەکانی دەخەنە هەڕاجخانەی خۆفرۆشی.
سروە کە گوزارشت لە سیاسەتی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا دەکات بەو بێڕێزیکردنەی بە هاوسەری شەهیدان و ناوبردنیان بە "لەشفرۆش"، پەیامێکی دیکەی ترسناکە کە بە خەڵکی کوردستانی دەدات و زەنگێکە بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی تر کە قۆناغی سووککردن و بێبایەخکردنی پیرۆزییەکانە لە سەرووی هەموویشیانەوە خوێنی شەهیدان کە سەد ساڵە گەلی کوردستان سوێندی پێ دەخوا. وەک چۆن دامەزراوەکانیان بێ بەها کرد شکۆیان بە هیچ شتێک نەهێشتەوە کە دەستیان یان دەمیان بگاتێ.
سروە کە خوشکی یەکێک لە گەورەترین دزەکانی ئەو وڵاتەیە کە پارەی هەزاران خەڵکی دزیووە و ئامادە نییە وەڵامی دادگایش بداتەوە، نەک داخوازی ئەو کەسانەی بەناوی هاوپشک گیرفانی بڕیوون،دێ و رێگای راست نیشانی بەغدا دەدات کە هەمان رێکاری مالیکی بگرنەوە بەر و لە جیاتی پارە بدەنە حکوومەتی کوردستان، ئەوە راستەوخۆ بیدەنە ئەو هێزانەی دێنە ناو حەشدی شەعبی وەک چۆن 70 ملیۆن دۆلارەکەیان راستەوخۆ دایە شاسوار عەبدولواحید بۆ ئەوەی ئێن ئاڕ تی عەرەبی بە خزمەتی مالیکی و ئاغاکانی مالیکی بکەن.
ئێستا هەموو دامەزراوە سیاسی و حکوومی و لە پێش هەموویشیانەوە وەزارەتی شەهیدان، لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە، لە ڕیگای دادگاوە وانەیەکی ئەخلاقی بدەنە سروە،بەهەمانشێوە داواکاری گشتی کە بۆ هیچ شتێک نابزوێ، پێویستە ئەو جارەیان هیچ نەبێت بەرگریی لە شکۆ و کەڕامەتی ئەو کەسانە بکات کە خوێنیان بۆ پاراستنی ئەو وڵاتە ڕشتووە.

 هاوژین رەسوڵ