با هونەر خزمەت بە قوربانیانی ئەنفال بکات و سینەمایش لە ئەنفال بپارێزین

PM:01:40:07/05/2019 ‌
زانیار عادل

گومان لەوەدا نییە لایەنی حکوومی و حزبی کەمتەرخەم بوون بەرانبەر دۆزی ئەنفال و جینۆسایدی گەلەکەمان. تەنیا بە یادێک و ڕێوڕەسمێک لە ڕۆژێکی دیاریکراودا، لە ناوخۆی وڵاتدا، نابێتە هۆی بە جیهان ناساندنی کەیسی ئەنفال. هونەر زمانی هاوبەشی نەتەوەکانە، وێنە و ڤیدیۆ و گرافیک لە دنیای ئەمڕۆ بەنێو سنووری کیشوەر و وڵاتەکاندا گەشت دەکەن. ئایا هونەرمەندانی ئێمە بیریان لەوە کردووەتەوە لە ڕێگەی هونەرەوە قوربانیانی ئەنفال و زیانەکانیان بە جیهان بناسێنن. وا 31 ساڵ بەسەر پرۆسەکەدا تێپەڕ دەبێت. لەم ماوەیەدا چەند فیلم و کاری هونەری نێوخۆیی و فیلمی سینەمایی نێودەوڵەتی لەسەر قوربانیانی ئەنفال بەرهەم هاتووە؟

ئەگەرچی لایەنی هونەری و سینەما و درامای کوردی بەشێوەیەکی بەرچاو هاتوونەتە دواوە، بەڵام هونەری ڕیکلام و گۆرانی لە پێشکەوتندایە. ئەمەیش ئەوە دەردەخات، کە دەستکەوت و داهات ڕۆڵی لە پێشکەوتنیدا هەیە.

هەرچەندە وڵاتەکەمان ئێستە و چوار ساڵی ڕابردوو لە تەنگژەدا بووە، بەڵام لایەنەکانی تری هونەر بەگشتی لە پێشکەوتندا بوون، ئەمەیش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، کە خەمساردی لە بواری سینەماسازیدا هەبووە. 

ئەرکی حکوومەت و کۆمپانیاکانە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو لە ساڵێکدا فیلمێکی سینەمایی لەسەر ناواخن و ناوەڕۆکی پرۆسەی ئەنفالکردنی گەلی کورد بەرهەم بێنن، بۆ ئەمەیش دەکرێت سوود لە کۆمپانیا ئەمەریکی و ئەوروپییەکان ببینرێت!

شتێکی قورس نییە تەنیا بۆ حیساباتی نەوتی کۆمپانیای دیلۆیت لە کوردستان ژمێریاری کردووە و پارەیەکی باش تەنیا بۆ ژمێریاری داهاتەکانی کوردستان خەرج کراوە. لەبەر مانەوەی قوربانیانی ئەنفال بە زیندوویی و بە جیهان ناساندنی ئەو کارەساتە، کۆمپانیای بیانی کاری بۆ بکات و سوود لە ئەکتەرە بە تواناکانی کورد وەربگیرێت. 

دەشێت بە جیهانیبوونی ئەکتەرانی کورد یەکێک بێت لە خولیاکانی ئەکتەرەکانمان، هەر وەکوو ماهیر حەسەن لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی، کارە هونەرییەکانم بگاتە دنیا و خەڵاتی نوبڵ وەربگرم.

هۆڵۆکۆست بریتییە لە کارەساتی جینۆسایدی جووەکان لە لایەن دەسەڵاتی نازییەکانەوە، دەیان و سەتان کتێب و نامیلکە لەسەری نووسراون. سەرەڕای هەبوونی دەیان و سەتان فیلمی سینەمایی و دراما لەسەر کارەساتەکە، بەشێوەیەک توانیویانە دەنگی خۆیان بگەیەنن بە هەموو شوێن و جێگەیەک تەنانەت بۆ لای ئەو کەسانەیش، کە نازانێت هۆڵۆکۆست چییە، بەڵام لە ڕێگەی فیلم و دراماوە لە گەورەیی کارەساتەکە گەیشتوون.

هیوادارم لایەنی بەرپرس، سینەما و درامای کوردی لە ئەنفال بپارێزن و قوربانیانی ئەنفالیش بە جیهان بناسێنن و ئەکتەرەکانیشمان لە پێشکەوتن بن. بگەنە ئاستی جیهانی و برەو بە خۆیان و کارەکانیان بدەن. لە کۆتاییدا گرنگە بۆ بەڕێوەبەرایەتی هونەر و سینەما و وەزارەتی شەهیدان و حکوومەت و کۆمپانیاکان خەمێک لە قوربانیانی ئەنفال و سینەمای کوردی بخۆن.