ئه‌رشه‌د عاسی
ئه‌م جۆره ڕۆمانانه وات لێ ده‌كات له ژینوار داببڕێیت و حه‌ز به جیابوونه‌وه بكه‌یت له هه‌موو شتێك تا چێژی نغرۆبوون له ورده‌كارییه سه‌مه‌ره‌كانی له ده‌ست نه‌ده‌یت. كه‌شی ئهنتیكهیی ئه‌م ڕۆمانه لێشاوێ قسه و گفتوگۆی له‌خۆ گرتووه، كه كه‌شێكی پڕ پرسی (میتافیزیك)ی دیاره و تێكه‌ڵه‌ی هه‌ریه‌ك له (فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌ب و موزیك و هه‌زارویه‌ك شه‌وه‌یه).
له كاتی كۆتاهێنان به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه خه‌مبار و ماندوو ده‌بیت، چۆن بڵێی ڕه‌گ و یاتارت له شوێنی بڵند و ڕه‌سه‌نی خۆت ده‌ربێنێ و بتگوازێته‌وه بۆ لایه‌كی تر، یا ده‌ستت توند ڕابكێشێ تا ماڵئاوایی له خه‌ڵكانێك بكه‌یت كه ڕۆچوویته ناو كه‌سایه‌تی و ده‌روون و ئه‌ندێشه و ئاوه‌ز و گوفتار و به‌شه‌كان و كهرتبوونیان، جارێكی تر بگه‌ڕێیته‌وه بۆ دنیای ڕاسته‌قینه پاش گه‌شتێكی ئاڵۆز و سه‌رگه‌رم، به‌ڵام چێژبه‌خش كه له‌ودیوی ئه‌م بهرچێژكهوتنه داهێنانی (هاروكی مۆراكامی) ده‌دره‌وشێته‌وه.
ئهبقهرییهتی نووسه‌ر وا ده‌كات خه‌یاڵ ببێت به راستی، ده‌مانبات تا له كووچه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌دا له واقیع و خه‌یاڵ بگه‌ڕێین، حه‌كایه‌تێك ساز ده‌كات بنیاتی گرێچن و ئاڵۆزكاوه، شێوازی زه‌نگینه، واتای قووڵه. بریتییه له دوو چیڕۆكی هاوته‌ریب و دواتر یه‌كتربڕ، هه‌ریه‌كێكیان گیانێكی هه‌یه، كه هه‌وڵی گه‌ڕان به‌دوای خۆیدا ده‌دات، دوو ڕوانینی جیاواز بۆ ژیان. سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی یه‌كه‌م (كافكا) ده‌ست پێ ده‌كات، كه منداڵێكی هه‌ڵاتووه له له‌عنه‌تی سیاهی باوكی، چیڕۆكه‌كه له‌گه‌ڵ ده‌نگی دووه‌می ده‌گێڕێته‌وه، لاوێكه به‌ناوی (كر‌و)، پهڕهكان به‌دوای یه‌كتریدا دێن تا ده‌گاته چیڕۆكێكی سه‌رسام، كه له كاتی سه‌یرانێكی قوتابخانه‌دا ڕووی داوه، ئینجا كه‌سایه‌تی دووه‌م ده‌بینین كه بریتییه له (ناكاتا) /پیره‌مێردێكی ساده و گه‌مژه‌یه و نازانێ بنووسێ و بخوێنێته‌وه/ ئه‌و پیره‌مێرده‌ی به دوای سێبه‌ری خۆیدا ده‌گه‌ڕێت، ته‌نێ له‌گه‌ڵ پشیله‌كان ده‌دوێت.
من ناڵێم له ڕۆمانه‌كه گه‌یشتم، چونكه هاوشێوه‌ی مه‌ته‌ڵ و قهوسهڵهیه، ساتێ هێڵه‌كانی ده‌گریت هه‌ست به شادمانی ده‌كه‌یت كه به نهێنیی ده‌گمه‌نی ئه‌و گه‌یشتووی، دواتر ئه‌م هێڵانه به‌هێواشی له نێوان په‌نجه‌كانت فرته ده‌كه‌ن و ده‌بینی هێشتا سه‌رگه‌ردان و په‌رێشان و ئاڵۆزكاوی و نهێنییه‌كی كهڵانتر هه‌یه پێویست ده‌كات به‌دوایدا بگه‌ڕێی.
پێم وایه ئه‌م ڕۆمانه هه‌رگیز له كورته‌باس و وتارێكدا ڕانانی بۆ ناكرێت، چونكه جوانی و پهندگرتنی له ڕووداوه‌كانی نییه، به‌ڵكو له ناواخنه فهلسهفییهكهیدایه. ڕۆمانه‌كه فه‌لسه‌فه‌یه‌كی بوونگه‌رایی به ڕێیه‌كی سووریالیی پێشكه‌ش ده‌كات، لێره ماسیی له ئاسماندا ده‌بارێت و پشیله قسه ده‌كات، ده‌رگه‌كان واڵا ده‌كرێن و قه‌پات ده‌بن و فه‌رمانڕه‌وایی دنیا ده‌كه‌ن، كه‌سایه‌تیش هه‌یه ته‌واو ده‌سبه‌رداری خۆی بووه تا بگه‌ڕێت به‌دوای ئه‌و شته‌ی كه شایسته‌ی ژین بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بوونی نییه.
بارۆڤهی زۆر سه‌خت هه‌ڵ ده‌كات و هێمن نابێته‌وه، به‌ر كه‌سایه‌تییه‌كانی ڕۆمانه‌كه ده‌كه‌وێت، گۆڕانكاری ڕیشه‌یی به‌سه‌ر ژیانیاندا دێت. وهزانینی گهندهژه به‌سه‌ریان زاڵ ده‌بێت و له چوارچێوه‌ی نه‌فره‌تیی تۆقیان ده‌كات. كه‌سایه‌تییه‌كان هه‌نجن هه‌نجن ده‌كات له شێوه‌ی ته‌ڵه‌زم و پڕیشك بۆ چه‌ندان به‌ش، هه‌ر به‌شێكیش ڕووبه‌ڕووی ئه‌ویتریان ده‌بێته‌وه، ژماره‌یه‌ك له په‌رتووكخانه‌كان ده‌بن به شوێنی حه‌سانه‌وه و ئارامی به‌رانبه‌ر دڵڕه‌قی و بێبه‌زه‌یی ده‌ره‌وه. كۆمه‌ڵه كتێبێ كاتی له‌گه‌ڵ پێ قڕ ده‌كه‌ن، شتگه‌لێكی ناوێزه و واق و وڕكار، كه راستی و خه‌یاڵ ئاوێته‌ی یه‌كتر ده‌كه‌ن. خوێنێكی زۆر و موزیكی دڵخورپێن و تابلۆی دڵكێش، كه ڕازێ ئاشكرا ده‌كه‌ن. جه‌نگه‌ڵه دووره‌كان ناوه‌وه‌یان له ده‌ره‌وه ناچێت، گابه‌ردێكی قورس ده‌بێته هۆی ته‌فروتوونابوون ئه‌گه‌ر به كارامه‌یی نه‌یگه‌ڕێننه‌وه جێی خۆی، زۆر شتی تر ئه‌م ڕۆمانه نایاب و جوانه‌ی به‌رهه‌م هێناوه.
بێگومان خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه یه‌كسه‌ر ڕۆمانی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی)ی (گابریل گارسیا ماركیز) و (سێبه‌ری با)ی (كارلۆس زافۆن)ی به‌یاد هێنامه‌وه، له‌م (٦٢١) لاپه‌ڕه‌یه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌دا زۆر هۆكار وات لێ ده‌كه‌ن ڕۆمانه‌كه‌ت خۆش بوێت، تا پێشنیاز بكه‌یت ئه‌وانی تر بیخوێننه‌وه.
له‌م ڕۆمانه‌دا شێوازی گێڕانه‌وه لای (هاروكی مۆراكامی) ڕێك وه‌ك شێوازی گێڕانه‌وه‌یه له ڕۆمانی (دارستانی نه‌رویجی) كه ئه‌ویش له نووسینی خۆیه‌تی، هه‌موو شت ده‌ڵێت، هه‌رچه‌ند ئه‌م شته ساكار و بێ مه‌زه و هیچ و پووت بێت، به‌ڵام وای لێ ده‌كات شتێكی مه‌زن و گرنگی چڕیوه، له‌گه‌ڵ ڕابرین و باسكردنی ده‌یكات به دیمه‌نێكی ته‌واو و بێ نه‌نگی به‌رانبه‌ر چاوه‌كانت.
نووسه‌ر پێوه‌ست بووه به (پچڕپچڕی كات) له نووسیندا، كه كۆمه‌ڵێ ڕووداو ده‌خاته ڕوو به‌بێ پابه‌ندبوون به پڕه‌نسیپی (هۆكاره‌كان ده‌تگه‌یه‌نن به به‌ره‌نجام)، به‌ڵام له كۆتادا سه‌رجه‌م ڕووداوه‌كان تێگه‌یشتنی ئه‌سته‌مه و پێكه‌وه‌به‌ستنی دژواره، خوێنه‌ری ڕژد و چاپووك، پێویسته له ناوه‌ڕۆكی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌ودیو بابهتهكان بگات و به‌یه‌كه‌وه بیانبه‌ستێته‌وه. خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م په‌ڕتووكه وا ده‌كات پرسیارگه‌لێك بكه‌یت و نه‌گه‌یته وه‌ڵامی هه‌موویان، به‌ڵام هه‌ستكردن به‌م سه‌رسوڕمان و شاگهشبوونه ئامانجی بنچینه‌ییه له‌م ڕۆمانه‌دا، له هه‌ندێ شوێن ئازاربه‌خشه و له شوێنی تر قێزه‌ونی به یادگه‌تدا تێده‌په‌ڕێ؛ وا ده‌كات بیر له بوون و ڕه‌چه‌ڵه‌كی ڕۆحت بكه‌یته‌وه. ئاسایی نییه له چهقچهقۆكهی ئه‌م ڕۆمانه بچیته ده‌ره‌وه، هێدی هێدی ڕۆمانه‌كه بۆ ئه‌قڵی ناوه‌وه‌ت دزه ده‌كات، به هه‌موو ورده‌كارییه‌كانه‌وه.
خاڵێكی تر له خاڵه ئه‌رێنییه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه، بریتییه له چۆنیه‌تی وه‌سفكردن، كه وا ده‌كات به‌رده‌وامی به خوێندنه‌وه‌ی بده‌یت، جگه له‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی له‌باره‌ی كتێب و موزیك ده‌دوێ، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی چه‌له‌نگی به ڕۆمانه‌كه به‌خشیوه، هه‌روه‌ها له پێناسی كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه زانیاری به‌سوود به خوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت.
ڕووداوه تهماوییهكان هه‌میشه وه‌رگر ده‌ورووژێنن، ئه‌م ڕۆمانه‌یش به چوستی كاری له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره‌یه كردووه.
مۆراكامی له ڕێی ئه‌م ڕۆمانه‌وه ده‌یه‌وێت بمانگه‌یه‌نێت به (ئیمان)، كه خاڵێك هه‌یه مرۆ له ژینیدا پێی ده‌گات، بۆی هه‌یه تا ئاستێكی زۆر سه‌رتاپای ژینی نخوون بكات و هیچ بوار نییه بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه دوای گه‌یشتن به‌م خاڵه، هیچ چاره‌یه‌كیش نییه جگه له ڕۆیشتن به‌ره‌و ئه‌م به‌ره‌نجامه.
ئه‌م ڕۆمانه وهچكووی زریانێكه خۆشت نازانی چۆن له‌ناو شه‌پۆله خووڕو و زهبردارهكانی قوتار بوویت، به‌ڵام تۆ هه‌ر قوتار ده‌بیت و ده‌زانی كه بۆچی ڕه‌شه‌با هه‌ڵیكرد.
مۆراكامی ده‌یه‌وێ بڵێت هه‌ر دنیایه‌ك تۆ تێیدا دهیگوزهرێنیت، مه‌رج نییه بێ هاوتا و نموونه‌یی بێت، هه‌ندێ دنیا هه‌ن ناتوانی تێیدا بمێنیته‌وه و له‌گه‌ڵیدا ڕابێیت. بوونی تۆ بریتی ده‌بێت له ئه‌شكه‌نجه و جیابوونه‌وه له خۆت، ده‌بێت به دووڕووییه‌كی بێ پاساو. پێویسته له دنیای نموونه‌یی خۆت بگه‌ڕێی، ئه‌و دنیایه‌ی ئاسووده‌یی لێ به‌دی ده‌كه‌یت و جێی هزرین و خه‌ونه‌كانتی تێدا ده‌بێته‌وه.
ئه‌وه‌ی جێی ئاماژه‌یه، ئه‌م ڕۆمانه بۆ ته‌مه‌نی خوار 18 ساڵی گونجاو نییه، یه‌كه‌مجار له ساڵی ٢٠٠٢ وه‌شان كراوه، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن (سه‌نته‌ری ڕۆشنبیریی عه‌ره‌بی) له به‌یرووت له ساڵی ٢٠٠٧ بۆ عه‌ره‌بی هاتووه‌ته وه‌رگێڕان، (ئیمان ڕزقهڵا) له ئینگلیزییه‌وه كردوویه‌تی به عه‌ره‌بی و (سامر ئه‌بو هه‌واش) پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كردووه. به‌پێی زانیارییه‌كانی من، به‌داخه‌وه تا ئێسته نه‌كراوه به كوردی، هیواخوازین بكرێت. چونكه هاروكی مۆراكامی شایسته‌یه به وردبینییه‌وه بخوێنرێته‌وه.