ئەمڕۆ سێ ساڵ تێپه‌ڕ دەبێت به‌سه‌ر ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌كانی ریفراندۆم به بڕوای من تا ماوه‌یه‌كی درێژ یان تا کاتی سه‌ربه‌خۆیی یه‌كجاری هه‌ر دە‌مێنێ. هه‌رچه‌نده لێكدانه‌وه‌ی جیاوازی بۆ ده‌كرێ، هه‌ندێ به‌ڕه‌وا و هه‌ندێ به ناڕەوا، به‌ڵام به‌لای منه‌وه هه‌ر كوردێک بڕوای به سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌كه‌ی نه‌بێت، یان كێشه‌ی عه‌قڵی و ده‌روونی هه‌یه یان له‌ژێر كاریگه‌ری فكری داگیركه‌راندایه.
ئه‌گه‌ر ده‌یان جاری تر ڕیفراندۆم بكرێته‌وه بۆ سه‌ربه‌خۆیی، به‌مافێکی ڕه‌وا و ئاسایی و یاسای خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانم، بەڵام ئه‌گه‌ر گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌ڵومه‌رجی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی و ئاماده‌یی ناوخۆیی بێت، ئه‌وه بابه‌تێكه پێویستی به هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستی و سیاسی هه‌یه.
ده‌كرێ گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێ، به‌جۆرێکی لۆژیكی و عه‌قڵانی دوور له ڕق و كینه‌ی سیاسی، چونكه كرده‌یه‌كی نه‌شیاوه تاكی كورد بكه‌وێته ژێر كاریگه‌ری فكری شوڤێنیزمی عه‌ره‌ب یان تورك یان فارسێک و سه‌ربه‌خۆیی گه‌ل و ولاته‌كه‌ی خۆی پێ ڕه‌وا نه‌بێت، له كاتێکدا ئه‌و نه‌ته‌وانه دوای زیاتر له سه‌د ساڵ داگیركاری، ئاماده نین مافه سه‌ره‌تاییە‌كانی گه‌لی كورد بسه‌لمێنن، ئه‌مه له‌كاتێکدا هه‌موو كوردێكی هۆشیار ئه‌وه ده‌زانێ تا كورد ده‌وڵه‌تی نه‌بێت سه‌روماڵ و كه‌رامه‌تی پارێزراو نییه له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه به‌زۆر به‌سه‌ریدا سه‌پێندراوه و 100 ساڵی ڕابردوو ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه "كورد" له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان چ باجێکی داوه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک مرۆڤێكی ئازاد به‌كه‌رامه‌ته‌وه له‌سه‌ر خاكی خۆی بژیی، کەچی ئه‌وه‌شیان پێ ڕه‌وا نه‌بینیوه، هه‌ربۆیه مافێکی سروشتی كورده هه‌ر كاتێک ده‌رفه‌تی بۆ بڕه‌خسێ بڕیار له چاره‌نووسی خۆی بدات.
له پاش سه‌رهه‌ڵدانی داعش و داگیركاری پانتاییە‌كی گه‌وره له سووریا و عێراق و ده‌ستێوه‌ردانی نێوده‌وڵه‌تی له ناوچه‌كه، هه‌لومه‌رجێكی نوێ هاته ئاراوه كه زۆر ناوه‌ندی سیاسی و ئه‌كادیمی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی، پێیان وابوو ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه به هه‌ڵوه‌شاندنەوه‌ی نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه كۆتایی دێت، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكی گرنگ بوو بۆ ئه‌وه‌ی كورد بیر له سه‌ربه‌خۆیی خۆی بكاته‌وه، نه‌خاسمه له‌وكاته‌دا ڕۆڵی كارای پێشمه‌رگه له شه‌ڕی تیرۆرستانی داعش پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی زۆر بردبووه پێشه‌وه.
سه‌رۆك بارزانی، كه ڕابه‌رایه‌تی ئه‌م پرۆسه نیشتمانییە گرنگه‌ی ده‌كرد، كاتێكی گونجاوی بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم هه‌ڵبژارد. به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوونی زۆر له لایه‌نه‌كان و وروژاندنی هه‌ندێ پرسی لابه‌لا به به‌راورد به ریفراندۆم بۆ مه‌به‌ستی سیاسی، بووه هۆی دواكه‌وتنی پرۆسه‌كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی هه‌بوو له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجام، چونكه ئه‌گه‌ر ساڵێک پێشتر ریفراندۆم ئه‌نجام بدرایه، ده‌رئه‌نجام به‌وجۆره نه‌ده‌بوو كه ڕوویدا یان ئێستە لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێ.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رۆك بارزانی بۆ شكاندنی ئه‌و ته‌وقه مێژووییە‌ی كه ده‌یان ساڵه له ملی كورد ئاڵابوو، به‌ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه‌وه له هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامبوو، بۆ ئه‌وه‌ی كورد به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسی گوزارشت له خواستی خۆی بكات، سه‌رئه‌نجام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاستنگه‌كان ئیراده‌ی ڕزگاریخوازی سه‌ركه‌وت و ریفراندۆم به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام درا و گه‌لی كوردستان په‌یامی خۆی گه‌یانده دنیا.
هه‌رچه‌نده ده‌رهاویشته‌كانی به‌هۆی پیلانگێڕی ده‌ره‌كی و خۆخۆری ناوخۆیی له‌گه‌ڵ خواست و ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان یه‌كینه‌گرته‌وه، به‌ڵام گومانی تێدا نییه ئه‌گه‌ر كورد به یه‌كگرتوویی رووبه‌ڕووی ته‌حەدیاتی پاش ریفراندۆم بووبووایەته‌وه ئێستە بارودۆخه‌كه به‌جۆرێكی تر ده‌بوو .
ئه‌وكات ئه‌وانه‌ی ئێستە ڕه‌خنه ده‌گرن و له ڕه‌وایی ئه‌م پرۆسه مێژووی و نیشتمانییە هه‌ڵدێن، ڕه‌نگه خۆیان پێوه بادایە، به‌ڵام كاتێ خیانه‌ت و خۆخۆری پرۆسه‌یه‌كی گرنگی مێژوویی وه‌ک سه‌ربه‌خۆیی له‌بار ده‌بات، ئه‌وه به‌و مانایه نییە گه‌لێك كه زیاتر له سه‌ده‌یه‌كه خوێن بۆ ڕزگاری نیشتمانە‌كه‌ی ده‌به‌خشێ، ده‌ستبه‌رداری ئاوات و ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ده‌بێت، هه‌ربۆیه زووبێت یان دره‌نگ ریفراندۆم به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی مێژووییە و به‌رهه‌می خۆی ده‌بێت.