دڵپاك محه‌مه‌د
ئێسته له سه‌روبه‌ندی دروستكردنی حكوومه‌تێكی نوێداین، وه‌ك ئاماژه سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌ركه‌وتوون مرۆڤ ئومێدی ئه‌وه‌ی لا دروست ده‌بێت حكوومه‌تێكی جیاواز بێت و به‌رپرسیارێتی بگرێته‌وه ئه‌ستۆ. ئه‌گه‌ر له ئاست ئومێده‌كه‌دا بن، ئه‌مه ده‌مانگوێزێته‌وه قۆناغێكی باشتر له ژیانی كارگێڕی و به‌ڕێوه‌بردن و له‌وه ده‌رده‌چین كه فه‌رمانبه‌ر تا وه‌زیر له‌م وڵاته ته‌نیا ده‌وام ده‌كه‌ن و كات به‌ڕێ ده‌كه‌ن، به‌بێ داهێنان و بوونی خه‌مێك كه هه‌ستی ئه‌وه‌مان بداتێ به‌رپرسێك هه‌یه نیازی چاكسازیی و رێكخستنه‌وه‌ی ژیانی له‌م هه‌رێمه هه‌یه.
له‌و روانگه‌یه‌وه كه پشت به ئومێدێكی نوێ ده‌به‌ستین، به‌گوێره‌ی ئه‌زموونی خۆم دیدێكی نوێ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان ده‌خه‌مه ڕوو، به‌و هیوایه‌ی حكوومه‌تی نوێ بیكات به خه‌م و ئه‌و بواره له‌و چه‌قبه‌ستووییه رزگار بكرێت و دۆخی به‌ره‌نگارییه‌كه بكرێت به خه‌می گشتی و له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كدا خۆی نه‌بینێته‌وه به ته‌نیا.
به‌پێی ئاماره‌كان له ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا زۆربه‌ی كات و ساڵه‌كان، ژماره‌ی كوشتنی ژن، خۆكوشتن، خۆسووتاندن به‌رده‌وام له هه‌ڵكشاندایه، جیا له‌وه توندوتیژی سه‌ره‌تایی له ژماره نایه‌ت و زۆرینه‌ی به شاراوه‌یی ماوه‌ته‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژن له ترسی كۆمه‌ڵگه و ده‌ستی ده‌ستی دادگا و پۆلیس، نا‌وێرن بیخه‌نه ڕوو، له به‌رانبه‌ردا تاكه ده‌سكه‌وت كه به‌ده‌ست هاتبێت زیادبوونی ژماره‌ی سكاڵایه له‌لایه‌ن ژنانه‌وه دژی پیاوی سته‌مكار و چه‌وسێنه‌ر، به‌ڵام ئه‌م ژمارانه جێی نیگه‌رانین و ده‌بێت دوای 10 ساڵ له كردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان و پۆلیس و توێژه‌ر و لێكۆڵه‌ری تایبه‌ت و دادگا، بپرسین ئاخۆ چیمان به‌ده‌ست هێناوه و بۆچی كۆتاهێنان به ژیانی ژن به‌ڕێیه‌كانی توندوتیژی زیاد ده‌كات؟
ئه‌م پرسیاره له ساده‌ترین حاڵه‌تدا ده‌مانبات بۆ ئه‌و وه‌ڵامه‌ی كه ئه‌وانه‌ی له‌و بواره‌دا كار ده‌كه‌ن كه خۆیشم یه‌كێكم له‌وان، نه‌مانتوانیوه بگه‌ین به ئه‌نجامی دڵخۆشكه‌ر، ئه‌مه‌ش زۆر هۆكاری هه‌یه كه ره‌نگه من سه‌ره‌تاییه‌كانی هه‌ست پێ بكه‌م، وه‌ك نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی پێویست لای پۆلیس، مانه‌وه‌ی بكوژ له ده‌ره‌وه‌ی گرتووخانه، ته‌نیاكردنه‌وه‌ی به‌ره‌نگاریی توندوتیژی ته‌نیا له‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیدا، تێنه‌گه‌یشتووی ئه‌وانه‌ی به‌رپرسیارێتی كاره‌كه‌یان له ئه‌ستۆدایه و پۆلیسش، چونكه تۆ كه فه‌رمانبه‌ر بیت ده‌وام ده‌كه‌یت و كات به‌ڕێ ده‌كه‌ی بۆ مووچه، به‌ڵام كه خه‌مت هه‌بوو پلانی بۆ داده‌نێیت و شه‌ڕی بۆ ده‌كه‌یت تا ده‌گه‌یت به ئه‌نجام، له هه‌موویشی كوشنده‌تر نه‌بوونی دیدێكی روونه له حوكمڕانی كوردستاندا بۆ كۆتاهێنان یاخۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رانبه‌ر ژن.
بێگومان هۆی تر زۆرن كه كاری ئاسته باڵاكانی حوكمڕانییه له پڕۆژه‌یه‌كی تردا خه‌ڵكی پسپۆڕتر یاخۆ شاره‌زایانی ناوخۆ كۆ بكه‌نه‌وه و بپرسن كه ئه‌م دۆخه بۆ وا چه‌قبه‌ستووه و كێشه‌كان له كوێدان؟ به‌پێی ئه‌زموونی ئه‌وان، له‌وێوه دیدی نوێی حكوومه‌ت بۆ به‌ره‌نگاریی توندوتیژی بخه‌نه ڕوو.
دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه ئه‌م پرۆسه‌یه فه‌رمانبه‌ریی نییه، به‌ڵكو دۆزی گشتیی و هه‌ڵمه‌تی كولتووری و په‌روه‌رده‌یی ده‌وێت، ده‌بێت دۆخی ژنكوژ له شانازییه‌وه بگۆڕێت بۆ نابووتترین مرۆڤ و رێسوا بكرێت، تێبگه‌یه‌نرێ كه شه‌ره‌فی ئه‌و به پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی مێینه‌كانی ده‌وروبه‌ری ناڕۆن، به‌ڵكو ئه‌و كاتێك بێ شه‌ره‌ف بووه كه حیسابی مرۆڤی بۆ نه‌كردوون و تێنه‌گه‌یشتووه كه پێكهاته‌ی مرۆڤ هه‌ر خۆی خۆشه‌ویستییه.
له هه‌موویشی گرنگتر، سه‌رۆك وه‌زیران خۆی ئه‌م بابه‌ته بكات به خه‌می گه‌وره‌ی و دوای چوار ساڵ ئه‌نجامێكی دڵخۆشكه‌ر بخاته ڕوو، به‌ڵام وه‌ك جاران نا كه كۆنفرانس و كۆبوونه‌وه و گوتاردان له هۆڵه كه‌شخه‌كاندا كڵاشه بكات و لاشه‌ی ژنی كوژراویش له كۆڵان و ده‌شتوده‌ر بن، پۆلیسیش بڵێ كه‌سوكاری كوژراوه‌كه سكاڵای تۆمار نه‌كردووه، بۆیه كه‌س نه‌گیراوه له‌م دۆسیه‌یه‌دا.
سه‌رم ئاوسا ئه‌وه‌نده ساڵانه بۆ ئه‌و پرسیاره بگه‌ڕێم كه گوتارده‌ره‌كان باس له هه‌ڵكشانی ژماری قوربانیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یانپرسی بۆ؟ ئه‌م هه‌موو خه‌رجی و فه‌رمانبه‌ر و داوده‌زگه پۆلیسییانه به‌رده‌ستن، بۆچی ئه‌م ژمارانه هه‌ڵده‌كشێن؟
لێره‌وه ده‌كرێت هه‌موو تیمه‌كانی ئه‌م بواره به‌شێوه‌ی تر به‌گه‌ڕ بخرێن و ئه‌و هه‌موو ئه‌نجوومه‌نه زه‌به‌لاح و رێكخراوه تێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه ماندووانه پێویست نین، ئاخر ئێمه‌یش بۆمان پرسیاره كه له‌و بواره‌دا كار ده‌كه‌ین، بۆچی رۆژانه ئه‌و هه‌موو دۆسیه‌یه ده‌بینین و هیلاك ده‌بین به گفتوگۆ و به‌دواداچوونه‌وه، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه هیچ نادات به ده‌سته‌وه؟ خۆ مرۆڤ تووشی له روودامان ده‌بێت كاتێك كارێكی بێ ئه‌نجام ده‌كات. ئیتر مافی خۆمانه داوا بكه‌ین ئه‌م پرۆسه 10 ساڵییه بێ ئه‌نجامه بخه‌ینه‌وه ژێر پرسیار و ددان به‌وه‌دا بنێین كه شكستمان هێناوه و دنیابینیمان به‌جۆرێكی تر دابڕێژینه‌وه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی. شووره‌ییه تا ئێسته‌یش له وڵاتان كۆمه‌ك هه‌یه بۆ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی گوایه كار له‌سه‌ر هۆشیاركردنه‌وه‌ی كورد ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی واز له ژنكوژی بێنن.
كرۆكی ئه‌م كێشه و شكسته له‌وێدایه كه قوربانیان و ئه‌وانه‌ی به‌رپرسیارن له‌م وڵاته و به‌دیاریكراوی له رێوشوێنه‌كانی توندوتیژی، له دوو شه‌قامی جیاوازه‌وه ده‌ڕۆن، بۆیه قه‌ت ناگه‌ین به‌یه‌ك. هه‌ر ئه‌وه‌یش وای كردووه هه‌رچی ده‌كه‌ین و چه‌ند بودجه و فێستیڤاڵه‌كان گه‌وره‌تر ده‌كه‌ین، ئاماری قوربانیان هه‌ر كه‌م ناكات، خۆ گه‌لانی دنیا له خۆڕا نییه پێمان ده‌ڵێن ژنكوژن، ئێ روونه ساڵانه سه‌دان ژنی كوژراو و سووتاو له‌م وڵاته تۆمار ده‌كرێن، به‌ڵام نابێت بێ‌ئومێد بین ئێمه‌ی كورد ئیراده‌مان هه‌یه و ئه‌گه‌ر خواست هه‌بێت و پرۆژه‌ی گشتگیر بخرێته كار، بێگومان پیاوی كورد له‌وه ترسنۆكتره بتوانێ ژن بكوژێ، به‌ڵام بێكه‌سیی ژن وایكردووه تیكه‌یه‌كی ئاسان بێت.
ئێمه ئه‌گه‌ر نیازی ئه‌وه‌مان هه‌یه ئه‌م بواره بكه‌ین به خه‌م و گۆڕانكاری روو بدات، ده‌بێت به‌ره‌نگاریی توندوتیژی كاری هه‌موو ده‌قه‌یه‌ك و هه‌موو كه‌سێكی ئه‌م حوكمڕانییه بێت، هه‌موو میدیایه‌ك ناچار بكرێت مادام له‌ژێر چه‌تری كوردستاندا كار ده‌كات، رۆژانه رێكلامی خۆڕایی بۆ هۆشیاری به ڤیدیۆ و پۆسته‌ر و نووسین و گفتوگۆ بڵاو بكاته‌وه، كه ده‌ڵێم خه‌م واته نا نییه، میدیایه‌ك پابه‌ند نه‌بوو دایبخه‌ن، ئه‌ی حكوومه‌ت بۆ چییه؟ ئه‌گه‌ر پلانی ستراتیجی نه‌بێت، ئه‌مه هیچ پێوه‌ندی به ئازادی و سانسۆره‌وه نییه و له دنیاشدا وایه میدیا خزمه‌تی ستراتیجیی وڵات ده‌كات و جۆری دووه‌می نییه، به‌ڵام ره‌نگه رووماڵه‌كه‌یان جیاواز بێت، ئه‌گه‌رنا هه‌مووی خزمه‌تكاری ئامانجه گشتییه‌كانن.
ته‌نانه‌ت ده‌بێ ئه‌و كه‌سه‌ی له‌م بواره‌دا داده‌مه‌زرێت وه‌ك فه‌رمانبه‌ر خه‌می هه‌بێت و كوشتنی ژن یان خۆسووتاندنی خه‌یاڵی نائارام كردبێت، نه‌ك وه‌ك فه‌رمانبه‌ری تاپۆ بۆ ده‌وام بێت و كاغه‌ز واژوو بكات، واته تێكڕای ئه‌م بواره پێداچوونه‌وه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پێویسته و به‌هیوای نیازێكی گرنگ و كاریگه‌ر بۆ كۆتاهێنان به توندتیژی و كه‌مكردنه‌وه‌ی بۆ حاڵه‌ت وه‌ك ئه‌وه‌ی له دنیادا هه‌یه.