هەر هیچ نەبێ یاساكە بگۆڕن


لە ماوەی ئەمساڵدا تا ئێستە هیچ حاڵەتێكی كوشتن لە سنووری گەرمیان تۆمار نەكراوە، بەڵام هێشتا وەك پێویست هەواڵەكە دڵخۆشم ناكات، چونكە بەپێی تێبینییەكانی ئێمە وەك وەرگری دۆسیەكانی توندوتیژی و بەتایبەت لە دۆسیەكانی كێشەی نێوان ژن و مێرد، ڕێژەی تۆماركردنی توندوتیژییە دەروونییەكان لە هەڵكشاندایە، لەوێوە تێدەگەم دواجار لە ئەنجامی ئەو پەستانە دەروونییەی پیاو دروستی دەكات، ژن تووشی شڵەژانی دەروونی و كەسایەتیی دەبێت، بۆیە هەمیشە ئەو ئەگەرە چاوەڕوانكراوە كە كردەی خۆكوژی ڕوو بدات، یان وەك ئەوەی لە حاڵەتەكەی تردا هەیە كە ژن لە پەنگخواردنەوەی شڵەژانە دەروونییەكەیدا كە پیاوەكەی بۆی دروست كردووە، خۆی دەسووتێنێت.

هەندێك لەم حاڵەتانە بەر لە ڕوودانی كردە خۆكوژییەكە سكاڵا هەبووە لە نێوان ژن و مێرددا، لێرەدا ئەوەی جێی داخە سەرەڕای هەبوونی سكاڵا و دڵنیایی دادوەر كە كێشە لە نێوان ئەو ژن و مێردە هەبووە، سزای پیاوەكە بەگوێرەی بەشێكی مادەی ٤۰۸ بڕیاری لەسەر دەدرێت كە سزاكەی گرتنە، ئەمەش بەڕاستی بۆ ئێمەی یاسایی كە لەم بوارەدا كار دەكەین، جێی نیگەرانییە، بەو هۆیەی زۆرجار لە پاڵ سووكی سزای تۆمەتباردا، رێكدەكەوێت ماوە یاساییەكەیشی تەواو ناكات و بەر لێبوردنی گشتی دەكەوێت.  

خۆ من دەزانم پیاوی كورد ئەگەر دڵنیا بێت لە بەرانبەر ئەو دڕندەییەی هەندێكیان بەرانبەر ژن دەیكەن و هەموو دنیای لێ دەكەن بە دۆزەخ و دەروویەك نامێنێ بۆ روانین، بۆیە ژن ئاگر لە ژیان و گیانی خۆی بەردەدات، بەڵام گومانم نییە ئەگەر پیاو دڵنیا بێت یاسا و سزای توند هەیە و چەشتنی سزاكە هیچ سازشێكی تێدا نییە و هیچ بەخشینێك نایگرێتەوە، ترسنۆكترە لەوەی ژنیش وێنای كردووە و ناتوانێ چەپەڵییەكانی بگەیەنێتە ئاستێك ژنێك لە داخی ئەو خۆی بكوژێت، بەڵام كاتێك لەپاڵ ئەوەی سزای توند نییە و لێبوردنی گشتیش هەیە، بێگومان ئەویش بێباك دەبێت، بە مانایەكی تر خۆی هیچ ئومێد و كەسایەتییەك بۆ بەردەوامی ژن ناهێڵێتەوە، بەڵام كاتێك راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هۆكاری كوشتن یان سووتانەكەیە، ئومێدێك لە ناخیدا هەیە كە ماوەیەكی كەم دەگیرێت و بەڕەڵا دەبێت، چونكە دڵنیایە یاسا قابیلی دەسكاری و لێبوردنە.
بۆ ئەوەی ئەو بێباكی و بێمنەتییەی پیاو ڕاست بكرێتەوە و نەمێنێت، وەك شارەزایەكی ئەو بوارە كە رۆژانە كاری تێدا دەكەم و بە وردی ئاگەداری جۆری كێشە و ناتێگەیشتنەكانی ناو خێزانم، پێشنیار دەكەم بۆ ئەوانەی چەندان ساڵە لەژێر ناوی ژن و پرسی ژن كار دەكەن، وەك بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و ڕێكخراوەكانی بواری ژنان و سەرجەم ئەو ژنانەیش كە چوونەتە پەرلەمان و بەوانەی كۆن و نوێوە، تكایە كار بكەن لەسەر گۆڕینی ئەو دەقە یاساییەی كە بەهیچ شێوەیەك ئەو تاوانبارانەی هۆكار یان بەشدار بوون و دەبن لە كردەیەكی خۆكوژیدا، بەتایبەت لە پرسەكانی ژندا، لێبوردنی گشتیی نەیانگرێتەوە، ئەمە دەبێت بە یاسا بچەسپێنرێ نەك بەم شێوە مەتاتییە بمێنێتەوە و قابیلی دەسكاری و چاوپۆشی بێت. 

جگە لەوەش، ئەو دەقە یاساییەی سزاكەی گرتنە بێتە گۆڕین و جۆری سزاكە توند بكرێت، یان ئەوانەیش بوونەتە هۆی ئەوەی ڕووداوی خۆكوشتنەكە بگات بە مەرگ، ریزپەڕ بكرێن و بەدەر بن لە لێبوردنی گشتیی و تایبەتی، بەوپێیەی زۆرجار هەر پیاو خۆی نییە هۆكاری ئەوەیە ژنێك هیچ رووناكی شك نەبات و مەرگی پێ خۆشتر بێت، بەڵكو لە پشتیەوە ژمارەیەك كەسی تر وەستاون كە هانی دەدەن و وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچن. 

بەگشتی بە یاسا و رێكلامی ڤیدیۆیی و وانەی قوتابخانە و تایبەتیدان بەم بوارە، كوردی تەواو رێسوا كردووە و ئامارەكانی توندوتیژی ساڵانە هەڵدەكشێن، دەبێ پیاو یان ژن یاخۆ هەر كەسێكی توندوتیژكار كە لە كۆمەڵگەی كوردیدا زۆرینەی رەها پیاون، نابووت بكرێن و وەك رەفتاری قێزەون سەیر بكرێن، سنووریان بۆ دابنرێت و هیچ دەرچەیەكی دەربازبوونیان نەبێت، بێگومان كە یاسا هەبوو و سزا توند و شایستە بوو، دڵنیام ئەم جۆرە گیانەوەرە توندوتیژانە لە بنەڕەتدا ترسنۆكن و بەپێی بەڕەكەی خۆیان پێ رادەكێشن، بەڵام كاتێك ماوەی سزا كەمە و لێبوردنی گشتی و تایبەت دەبینن، حزبیش شك دەبەن كە بۆ لەخۆگرتنی بنەماڵەیەك یان عەشیرەتێك هەرچی یاساشكێنییە دەیكەن، چەوساندنەوەی ژن و بچووككردنەوەی كەسایەتییەكەی لای پیاوی نامەرد دەبێتە تیكەیەكی بچووك و خواردنیان ئاسان دەبێت.

كە دەڵێم "نامەرد یان سزای توند"، ئەمە تووڕەیی و هەڵچوون نییە، هەرچەندە من ساڵانێكە راستەوخۆ لەناو دۆسیەكاندام و دەزانم چی جۆرە سووكایەتییەك دەگوزەرێ، بەڵام دڵنیام پیاوی مەرد ئەگەر لە نەستیشدا هەڵەیەك بكات، زۆر بەجوانی دڵی ژنەكەی یان خوشك و كچەكەی دێنێتەوە و راستگۆیانە داوای لێبوردن دەكات، سزای توندیش بۆ ئەوە چەند پاتەم كردەوە كە ئەو كەسەی لە دەرەوەی قەزاوقەدەر و بە زۆرملێ هۆكاری كوشتن و خۆسووتاندنی كەسێكی ترە، بێگومان دەبێ توندترین سزا بدرێت.