میدیا وەك سەرچاوەی ترس

PM:05:20:04/08/2019 ‌
سدیق سەعید ڕواندزی

ئەگەرچی بەهۆی تەكنەلۆجیای سەردەم و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتییەوە، هەواڵ بەشێوەیەكی خێرا دەگات و بڵاو دەبێتەوە، وەلێ هێشتا میدیای بینراو، واتا تیڤی و كەناڵە ئاسمانییەكان، وەك سەرچاوەی هەواڵ بایەخی خۆیان هەر هەیە، بۆیە بڵاوكردنەوەی هەواڵێك یا ڕووداوێك، ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر هزر و بینینی بینەر دروست دەكات. 
زۆرجار بەشێك لە میدیا بینراوەكانی ئێمە، نەك هەر نازانن مامەڵەیەكی پیشەییانە لەگەڵ هەواڵدا بكەن، بەڵكو بە جۆرێك لە جۆرەكانیش هەواڵەكە لە ڕێی گەیاندنەوە دەكەنە سەرچاوەی ترس و دوودڵییەكی زۆر لای خەڵك لە بری هوشیاركردنەوەیان. 
ماوەیەك بوو كەناڵێكی ئاسمانی سەردێڕی یەكەمی هەواڵەكانی بریتی بوو لە ڕووداوەكانی هاتوچۆ و بگرە كەمپینێكیشیان بۆ ئەو مەبەستە ڕاگەیاند. بینەر كاتێ هەواڵە یەكەمەكانی ئەو كەناڵەی دەبینی، تەنیا بیری بۆ ئەوە دەچوو كە ڕۆژانە سەدان كەس بە ڕووداوی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستاندا دەمرن. بێگومان هەر كەسێك پیشەییانە لە میدیا بگات، دەزانێت ڕووداوەكانی هاتوچۆ، ڕووداوی ئاسایی ڕۆژانەن و پێویست بە بڵاوكردنەوەی ئەو هەموو ترس و فۆبیایە ناكات. 
ڕۆژانە لە تاران و واشنتن و لەندەن و تۆكیۆ و هەموو دنیادا، سەدان كەس بە ڕووداوی هاتوچۆ دەمرن و كەسیش باسی ناكات. چونكە دەبێ بزانین تا هاتوچۆ هەبێت، ئەم ڕووداوانەیش بوونیان دەبێت. كەواتە لە بری ئەوەی ئێمە خەڵكی خۆمان بەو هەموو ترسە ڕابێنین و بیانخەینە دڵەڕاوكێوە، باشتر نییە هۆشیاریان بكەینەوە كە دەبێ پێڕەوی ڕێساكانی هاتوچۆ بكەن بۆ ئەوەی بە دووربن لەو كارەساتانە. 
بە دیار بەرنامەی كەناڵێكەوە دانیشتبووم لەبارەی ژینگە، یەكێك لە بەشداران گوتی: دەبێ بۆ ژینگە باری نائاسایی ڕابگەیەنرێت. ڕاستییەكەی گومان دەكەم ئەو كەسە هەر بزانێت باری نائاسایی یانی چی؟ هەر بۆ نموونە ژینگەی هەولێر، سەد ئەوەندەی ژینگەی تارانی پایتەختی ئێران خاوێنە كە یەكێكە لە سەرووی ڕێزبەندترین شارە پیسەكانی دنیا كە هەوای پاكی بۆ هەڵمژینیش نییە. 
من دەزانم هزری ژینگەدۆستی لەناو ئێمەدا لاوازە، بایەخ بە پاك و خاوێنی ژینگەكەمان نادەین، بەڵام هەرگیز نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی باری نائاسایی ڕابگەیەنین. 
تیرۆریستانی داعش چەند كیلۆمەترێك لە هەولێر دوور بوون و حكوومەت كاری ئاسایی خۆی دەكرد و بگرە ژیانی هەموو هەولێرییەكانیش زۆر ئاسایی بوو، تەنگژەی دارایی هەبوو، لە شەڕێكی سەختدا بووین، هیچ باری نائاساییشمان ڕانەگەیاند. 
تۆ بڵێی ژینگەی كوردستان لە تیرۆریستانی داعش مەترسیدارتر بێت بۆ هاووڵاتییان؟ هیوادارم میدیا بە گشتی و ئەوانەیشی بەشداری بەرنامەكان دەكەن، بەرپرسانە و شارەزایانە، بۆچوون دەربڕن و نەبنە سەرچاوەی ترس و دڵەڕاوكێی خەڵك و لە جیاتی چارەسەر ئەوەندەی تر كێشەكان ئاڵۆزتر نەكەن.