چەواشەكاریی تا كوێ بڕ دەكات

AM:10:39:22/09/2019 ‌

هێشتا 100 ڕۆژ بەسەر پێكهێنانی حكوومەتی تازەی كوردستاندا تێنەپەڕیوە، بەڵام هێز و كەسانێك كەوتوونەتە بیانووگرتن بەو حكوومەتە و دەیانەوێ وا لە خەڵكی بگەیەنن كە هەموو كەموكورتی و نەبوونی خزمەتگوزاری و دواكەوتنی مووچە و وەستانی پڕۆژەكان، لە ئەستۆی كابینەی نۆیەم و سەرۆكی حكوومەتە. كەسانێك چونكە ڕاهاتوون بێ بنەما ڕەخنە بگرن و بە پێش ڕووداوەكان بكەون، یا بەهۆی ئەوەی بە دیدێكی تەسكی ئایدۆلۆجی هەموو شتێك دەبینن، ئیتر وا دەزانن كێماسییەكان تەنیا لە ئەستۆی ئەو كەس و لایەنەیە كە نەیاری ئەوە. 

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەڵێت: پرسیارم ئاراستەی سەرۆكی حكوومەت كردووە كە بۆچی مووچەی سێ مانگ قەرزاری فەرمانبەرانن؟ وەك ئەوەی ئەم پەرلەمانتارە هەر لەو هەرێمە نەژیابێت و ئاگەداری ڕووداوەكان نەبێت. 

كەس هەیە ئەوە نەزانێ كە گرفتی مووچە و دواكەوتنی و دابەشنەكردنی لە كات و ساتی خۆیدا، چوار ساڵ زیاترە بوونی هەیە؟ مەگەر جێگری ئەو سەرۆك فراكسیۆنە نەبێت؟ ئاخر ئەم گرفتە چ پێوەندی بە سەرۆكی ئێستەی حكوومەتەوە هەیە كە هەموومان چاوەڕوانین چارەسەری بكات؟ ئەمە مەگەر شێواندنی ڕاستییەكان و چەواشەكردن بۆ ڕاكێشانی سۆزی جەماوەر نەبێت چیترە؟ یاخۆ كەناڵێك نووسیبووی: داوای بانگهێشتكردنی وەزیری شارەوانی دەكرێت لەسەر پێوەری ئاوی ماڵان، بە مەرجێك ئەو گرێبەستە و ئەو گرفتەیش هیچ پێوەندی بە وەزیری ئێستەی شارەوانییەوە نییە و كارەكە بەر لەو كراوە.

ئەم جۆرە بیانووگرتنانە، خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی نالۆجیكی و ناواقیعین بۆ حكوومەتێك كە تازە دەستبەكار بووە و هاووڵاتییان مەبەستیانە ئەزموونێكی جیاوازتری لێ ببینن. زۆر ئاساییە ڕەخنە بگرین، پەنجە بخەینە سەر كەموكورتییەكان و داوای خزمەتگوزاری زیاتر لە حكوومەت بكەین، بەڵام بەڕاستی چەواشەكاریی و بێویژدانییە هەڵەی كەسانێك بخەینە ئەستۆی كەسانێكی تر. 

حوكمڕانیی هەر قۆناغێك بەرمەبنای ئەو قۆناغەیە، بۆیە جارێ زووە بكەوینە سەنگەر لە كابینەی نۆیەم و هەرچی كەموكورتی هەیە وا بزانین لە ئەستۆی ئەوانە، جارێ با پێش ڕووداو نەكەوین و بزانین كار و بەرنامە و پلانی ئەو حكوومەتە چۆن جێبەجێ دەكرێ. ئەوكات لە پەراوێزی كاركردنیەوە حوكم بدەین.

لە هیچ گۆشەیەكی ئەم دنیایە نییە حكوومەتێك هێشتا لە سەروبەندی دەستبەكاربووندا بێت، هاووڵاتییانی بە هۆكاری هەموو كێشەكانی دەیان ساڵی ڕابردووی بزانن. 

ئەمە تەنیا لەو هەرێمەی ئێمە و لای بەشێك لە كەسەكان هەیە كە بە ئاشكرا دەیانەوێ ڕای گشتی بەلاڕێدا ببەن. من بەرگری لە حكوومەت ناكەم، بەڵام دژی ئەوەم ڕاستییەكان بۆ هەر مەبەستێك بێت نەبینرێن.