یه‌كێك له‌و ڕێكاره گرنگانه‌ی به‌رله بڵاوبوونه‌وه‌ی خێرا و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا حكوومه‌تی هه‌رێم گرتیه‌به‌ر، داخستنی ده‌رگای قوتابخانه‌كان بوو له 26ی مانگی شوبات. بێگومان ناوه‌نده‌كانی خوێندن له كوردستاندا، جه‌نجاڵترین ئه‌و شوێنانه‌ن كه به‌هۆی زۆری ژماره‌ی قوتابیان و كه‌می باڵه‌خانه‌ی خوێندنه‌وه، ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری قوتابیان تێكه‌ڵی یه‌كترن. بۆیه ئه‌و بڕیاره به‌رگرتن بوو له پێشهاتێكی مه‌ترسیدار، به‌مه‌به‌ستی پاراستنی گیانی قوتابیان كه به‌هۆی ته‌مه‌نیانه‌وه ڕه‌نگه زۆرتر تووشی هه‌ر نه‌خۆشییه‌ك بن.
پشووی قوتابخانه‌كان كه كارێكی ناچاری بوو، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه له وه‌رزی دووه‌مدا كه‌متر له مانگێك به‌پێی خشته‌ی ئه‌زموونی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بێت، وانه‌كان ده‌خوێنرێن. ئه‌م بارودۆخه جۆرێك له دڵه‌ڕاوكێ و گومانی لای قوتابیان و بگره هه‌موومان دروست كردووه كه خوێندنی ئه‌مساڵ چی لێ دێت؟ ئه‌گه‌رچی وه‌زیری په‌روه‌رده به‌ڕاشكاوی ئه‌و په‌یامه‌ی گه‌یاند كه خوێندنی قوتابیان نافه‌وتێت كه ئه‌مه‌ش له سۆنگه‌ی ڕه‌چاوكردنی بارودۆخ و گوزه‌ران و خه‌رجی قوتابیانه‌وه‌یه، كه ناكرێ ماندووبوونی ساڵێكیان به فیڕۆ بچێت، به‌ڵام وێڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش، پێویستیمان به میكانیزمێكی گونجاو هه‌یه تا بتوانین قه‌ره‌بووی ڕۆژه‌كانی وه‌رزی دووه‌می پرۆسه‌ی خوێندن بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام ئه‌م میكانیزمه چۆن ده‌بێت، به‌چ شێوه‌یه‌ك پیاده ده‌كرێت، ئه‌مه‌یان ڕوون نییه. به بڕوای من وه‌ك مامۆستایه‌ك، ده‌كرێ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده چه‌ند ڕێچاره‌یه‌ك بگرێته‌به‌ر، وه‌ك ئه‌و په‌نده كوردییه‌ی كه ده‌ڵێت (نه‌بوونی حه‌رام حه‌ڵال ده‌كات). ئه‌وانیش:
یه‌كه‌م: پشووی فه‌رمانگه‌كان له 16/4 كۆتایی دێت، بۆیه ده‌كرێ به له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخه‌كه، ده‌وامی قوتابخانه‌كان له 18/4 تا 18/5 ده‌ست پێ بكاته‌وه و له 18/5 تا 28/5 ئه‌زموونه‌كانی وه‌رزی دووه‌م ئه‌نجام بدرێن. به جۆرێك خشته‌كه ڕێكبخرێت ڕه‌چاوی جه‌ژنی ره‌مه‌زان بكرێت.
دووه‌م: له وه‌رزی دووه‌مدا به‌هۆی ماوه كورتییه‌وه، (10) هه‌ڵسه‌نگاندنی یه‌كه‌م و (20) تاقیكردنه‌وه‌ی نووسینه‌كی و (10) هه‌ڵسه‌نگاندنی دووه‌م ئه‌نجام نه‌درێن، به‌ڵكو ئه‌و (40) نمره‌یه، بخرێته سه‌ر ئه‌زموونه‌كانی كۆتایی وه‌رزی دووه‌م. واتا له‌بری (60) ئه‌زموونه‌كان له سه‌ر (100) بكرێن.
سێیه‌م: ته‌واوكردنی میتۆدی خوێندن له وه‌رزی دووه‌م نه‌كرێته مه‌رج، به‌ڵكو وانه‌كان تا كوێ خوێنران، تا ئه‌و بابه‌ته تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی ساڵی لێ بكرێت.
چواره‌م: ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم ناچار بوو ماوه‌ی پشووی قوتابخانه‌كان زۆرتر درێژ بكاته‌وه، ئه‌وا ده‌كرێت نمره‌كانی وه‌رزی یه‌كه‌م، بۆ هه‌ردوو وه‌رز هه‌ژمار بكرێت و دوای كۆكردنه‌وه‌یان، ئه‌نجامی كۆتایی ساڵی خوێندن ده‌ربهێنرێت.
پێنجه‌م: ده‌توانرێ له وه‌رزی دووه‌مدا قه‌ره‌بووی وانه سه‌ره‌كییه‌كان بكرێته‌وه له ڕێی كه‌مكردنه‌وی وانه‌كانی وه‌ك (وه‌رزش_ موزیك_ هونه‌ر_ ئاین_ مه‌ده‌نی). واتا له جێی ئه‌و وانانه، وانه سه‌ره‌كییه‌كان بخوێنرێن بۆ ئه‌وه‌ی میتۆدی خوێندن ته‌واو بكرێت.
شه‌شه‌م: درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی خوێندن بۆ مانگه‌كانی ئایار‌و حوزه‌یران، به بڕوای من وه‌ك مامۆستایه‌ك بژارده‌یه‌كی گونجاو نییه. چونكه ئه‌وكاته وه‌رزی گه‌رمایه و به‌و هۆیه‌وه قوتابیان هه‌ست به‌ماندووبوون و بێ تاقه‌تی ده‌كه‌ن. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی قوتابخانه‌كانیش ئامرازه‌كانی فێنككردنه‌وه‌یان نییه و ئه‌گه‌ر هه‌شبێت، كاره‌بای پێویست نییه.
حه‌وته‌م: بۆ قۆناغه‌كانی نۆی بنه‌ڕه‌تی و دوانزه‌ی ئاماده‌یی كه ئه‌زموونی نیشتمانی و گشتییان هه‌یه، بێگومان ئه‌وا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده خۆی باشتر ده‌زانێت چ ڕێكارێك ده‌گرێته‌به‌ر. چونكه ئه‌و دوو قۆناغه به به‌راورد له‌گه‌ڵ بازنه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌می بنه‌ڕه‌تی، دوو قۆناغی هه‌ستیار و گرنگن و چاره‌نووسی قوتابیان پێوه به‌نده. هیوادارم به‌زوویی ئه‌م بارودۆخه كۆتایی بێت، له‌و ته‌نگژه‌یه‌یش ده‌ربچین، وه‌ك چۆن پێشتریش له ته‌نگژه‌ی سه‌ختتر به‌هۆی خۆڕاگریی و ئیراده‌ی هه‌موومانه‌وه ده‌رچووین.