سته‌ملێكراوان له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م دنیایه بن، هه‌ستێك كۆیان ده‌كاته‌وه، ئه‌ویش تێكۆشانه له‌پێناو ئازادی و سه‌ربه‌ستی. ئه‌و هاوسۆزییه وایان لێ ده‌كات ئه‌گه‌ر هه‌زاران میلیش له یه‌كتره‌وه دوور بن، د‌رك به ئازار و چه‌وسانه‌وه‌ی یه‌كتر بكه‌ن. ئێمه وه‌ك گه‌لێكی سته‌مدیده، چونكه چه‌وسانه‌وه و داگیركاریی زۆرمان بینیوه له ده‌ستی جه‌لاده‌كانی به‌عس و دوژمنه‌كانی تر، ئیتر له هه‌ر شوێنێك ببیستین مرۆڤێك ده‌چه‌وسێته‌وه، په‌رۆشی دامان ده‌گرێت.
بیرم دێت له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كان هه‌موو خهَلكی كوردستان به په‌رۆشه‌وه له خه‌می مسوڵمانانی بۆسنه بوون، ئه‌وكات به‌هۆی شه‌ڕی سڕبه‌كانه‌وه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌مان و جینۆسایددا بوون، زۆرینه‌یشیان له‌ناو بران. ئه‌وكات له هه‌موو دنیا و به كوردستانیشه‌وه، وه‌ك تاوانبار و جه‌لاد سه‌یری میلۆسۆڤیج و سوپاكه‌ی ده‌كرا، كه ده‌ستی له هیچ جۆره ده‌ستدرێژیی و ههتككارییهك به‌رانبه‌ر بۆسنییه‌كان نهدهپارست.
هاوسۆزیی ئێمه بۆ گه‌لی بۆسنه، هاوسۆزی گه‌لێكی قوربانیده‌ر بوو كه ساڵانێكی زۆر به ده‌ستی جه‌لاده‌كان ده‌چه‌وسایه‌وه، ئه‌مه له‌لایه‌ك. له‌لایه‌كی تره‌وه، ئێمه هاوسۆزیی ئاینیشمان بۆ گه‌لی بۆسنه هه‌موو، چونكه ئه‌وان مسوڵمان و به ده‌ستی توندڕۆوه كریستیانه‌كانی سڕبیا ده‌چه‌وسانه‌وه. واته ئاینیش ئێمه‌ی كۆ ده‌كرده‌وه.
بۆیه ئه‌گه‌ر هیچ گه‌لێك له به‌ها و نرخی سه‌ربه‌ستی و مافه‌كانی مرۆڤ نه‌گات، ئه‌وا ده‌بێ بۆسنییه‌كان له هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی تر زیاتر، هه‌ستی ئازادیی و هاوسۆزیی و مرۆڤدۆستییان بۆ گه‌لانی تر هه‌بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وكات پاڵپشتی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان نه‌بووایه، بێگومان ئێسته وڵاتێك نه‌ده‌بوو به ناوی بۆسنه‌ی ئیسلامی. بۆیه كاتێ ئه‌و هه‌واڵه‌م خوێنده‌وه، كه هاووڵاتییه‌كی كوردی باشوور له كه‌مپی په‌نابه‌ران له‌و وڵاته به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه‌ی پۆلیسه‌وه گیانی له ده‌ست داوه، ڕاستییه‌كه‌ی هێدمه گرتمی. چۆن ده‌بێت قوربانییه‌كانی دوێنێ، ببنه جه‌لادی ئه‌مڕۆ و ده‌ستیان بچێته گیانی مرۆڤێك كه په‌نای بۆ ئه‌وان بردووه. مه‌گه‌ر ئه‌وانیش له ترسی سڕبه‌كان، به هه‌موو دنیادا بڵاو نه‌بوونه‌وه؟.
ڕاستییه‌كه‌ی هیچ شتێك ئه‌و پاساوه ناداته وڵاتێك كه مرۆڤێك له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا بكوژێت، چجای ئه‌وه‌ی ئه‌و مرۆڤه په‌نابه‌ر بێت، ده‌وڵه‌ت ده‌یتوانی دیپۆرتی بكاته‌وه وڵاتی خۆی، یان بیگێڕێته‌وه ئه‌و وڵاته‌ی لێی هاتووه. من ده‌زانم ژیانی په‌نابه‌ریی و په‌راگه‌نده‌بوون به وڵاتاندا، چ نه‌هامه‌تی و سه‌ختی و مه‌رگێكی له‌دوایه، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م په‌نابه‌ر نییه كه به‌و شێوه‌یه له كه‌مپه‌كان له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه یاخۆ به‌هۆی باری ده‌روونییه‌وه خۆی ده‌كوژێت و گیان له ده‌ست ده‌دات.
تا ژیانی په‌نابه‌ری هه‌بێت، ئه‌م چیڕۆكه دڵته‌زێنانه‌ش ده‌بن، به‌ڵام پرسیاری من لێره‌دا ئه‌وه‌یه، چۆن ده‌بێت قوربانی ببێته جه‌لاد؟ چۆن ده‌بێت له وڵاتی عه‌لی عزه‌ت بیگۆڤێج و له وڵاتێكی مسوڵماندا په‌نابه‌ر به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه‌وه، ژیانی لێ بسێنرێته‌وه؟ مه‌گه‌ر ئه‌وان جه‌لاده‌كانی دوێنێی خۆیان بیر نه‌ماوه؟ به ڕاستی شه‌رمه بۆ بۆسنییه‌كان، هاووڵاتی كورد به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه‌ی پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌وه گیان له ده‌ست بدات.