هەمووان لە بارەگای بارزانین

AM:10:24:08/09/2021 ‌
بەشێكی زۆر لە بەناو چاودێری سیاسی و ڕووناكبیر و كادری حزبەیل و هێز و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن، بڕوایان وابوو ئەگەر بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم نەمێنێت، ئیتر بەركەنار و گۆشەگیر دەكرێت و لە شانۆی سیاسی دوور دەكەوێتەوە و پێگە و ڕۆڵی كاریگەریی سیاسی نامێنێت. ئەوان لە كاڵفامی خۆیان وا تێگەیشتبوون، ئەوە بارزانییە پێویستی بە كورسی سەرۆكایەتیی هەرێمە، نەك بە پێچەوانەوە. بۆیە بەردەوام دژایەتی بارزانی و پێگەكەیان دەكرد، لە كاتێكدا هەلومەرجەكە ئەوەی دەخواست هەمووان پێ لەسەر داواكاری مانەوەی بارزانی دابگرن، چونكە ئێمە لە شەڕێكی سەختدا بووین لەگەڵ تیرۆریستانی داعش و پێویستیمان بە سەنتەرێكی بەهێز و حەكیمانەی بڕیار و ئاراستەكردن هەبوو. 

دەرەنجام، چەند ساڵێك لەمەوبەر بارزانی بە خواستی خۆی، دەستبەرداری پۆستەكەی بوو، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا دوای ئەوە بارزانی ون بوو؟ ڕۆڵی كەم بووەوە؟ وەڵام ئەوەیە كە واقیعی ئەم چەند ساڵانەی رابردوو، زۆر بە ڕوونی بۆ ئەو فەریكە سیاسییانەی دەرخست كە بارزانی نەك هەر ون نەبوو، بگرە ئێستە هیچ بەرپرسیارێتییەكی فەرمیشی نییە، بەڵام لەو ساتەوەختەی كە سەرۆكی هەرێم بوو، ڕۆڵ و پێگەی زیاتر و بەهێزترە. 

ئەوانەی تا دوێنێ هێزیان لە بەرانبەر كوردستان كۆ دەكردەوە و بە ئۆپراسیۆنی جەزیرە هەڕەشەیان لە بارزانی دەكرد، ئەمڕۆ زەلیل و داماو، شەرمەزارانە سەردانی بارەگای بارزانی دەكەن. 

هەموومان ڕۆژانە دەبینین چۆن شاندی سیاسی و نوێنەرایەتیی وڵاتان و كونسوڵ و وەزیر و سەرۆك و كەسایەتییە سیاسییەكانی دنیا، بەڕێوەن بۆ پیرمام و لەوێشەوە بۆ بارەگای بارزانی. دەزانن بۆ؟ چونكە ئەوان ئاگاداری ئەوەن كە بارزانی ئێستە سەرۆكی هەرێم نییە، بەڵام مەرجەعێكی گەورەی سیاسی و دیپلۆماسی كوردستانە و لە سەرووی دەزگا فەرمییەكانی هەرێمەوە دەبینرێت و بەو چاوەش تەماشا دەكرێت، چونكە كورد جیا لە قەوارەیەكی دەستووری، هێشتا دۆزێكی گەورەی دنیایە كە چارەسەر نەكراوە.

ئەمە ڕاستییەكە ڕەنگە كەسانێك پێیان ناخۆش بێت، بەڵام كە مانگ دیار بوو، حەوجە بە ئەنگوست ناكات.  پێگەی بارزانی ئێستە زۆر لەوە گەورەترە وەك سەرۆكی پارتی ببینرێت، بەڵكو وەك سەرۆك و تاكە سەركردەیەكی كورد دەبینرێت كە هەڵوێست و بۆچوون و گوتارە سیاسییەكانی، نەك هەر گوێیان لێ دەگیرێت، بگرە پراكتیزە دەكرێن و وەك بۆچوونی سیاسیی گەورە و لۆجیكی دەبینرێن. 

بەرهەمی خەباتێكی سیاسی و مێژوویی و شۆڕشگێڕیی گەورەی نەتەوەكەی ئەو پێگەیەی پێ داوە


بارزانی كەسێك نییە خۆی كردبێت بە سەرۆك، وەك ئەوەی كەسانێك سووك و ئاسان پێگە و ناو بۆ خۆیان دادەتاشن، بەڵكو بەرهەمی خەباتێكی سیاسی و مێژوویی و شۆڕشگێڕیی گەورەی نەتەوەكەی ئەو پێگەیەی پێ داوە و كردوویەتی بە ژمارەیەكی سیاسیی گەورە.

بارزانی زادەی ساڵێك و دوو ساڵی سەرۆكایەتیی هەرێم نەبوو، وەك ئەوەی كەسانێك لێكیان دەدایەوە، بەڵكو زادەی ڕابردوویەكی سەختی پڕ لە هەڵكشان و داكشان و مێژوویەكی بەردەوامە. بۆیە ئەگەر هیچ پۆستێكیشی نەبێت، ئەو هەر بارزانییە و هەمان ژمارە سیاسییە گەورەكەیە لە ناوچەكەدا. 

ئێستە هەمووان بە ڕوونی وێنەكە دەبینن و دەزانن چی دەگوزەرێت، بۆیە ئەو سیاسییە تڕۆكراوانەی بارزانی بە مەرجەعی خۆیان نازانن، دەبێ باش لەو ڕاستییە گەیشتبن كە بارزانی مەرجەعە و دنیای دەرەوەش وەك مەرجەع دەیبینێت، ئیتر ئەمە ڕاستییەكەیە و كەسانێكیش ددانی پێدا دەنێن یان نا، بە دڵنیاییەوە هیچ لەو واقیعە ناگۆڕێت كە لەحاڵدا بوونی هەیە.