له غیابی ستراتیجیی حوكمڕانییه‌كی باش و له‌به‌ر ناكۆكی و په‌رته‌وازه‌یی حزبه كوردستانییه‌كان، به‌تایبه‌تی له‌م ده‌یه‌یه‌ی ڕابردوودا ناسه‌قامگیری ڕووی له نیشتمانه‌كه‌مان كردبوو، ته‌فره‌قه‌نانه‌وه و شیر و تیر له یه‌كتر سوین، بوو به یه‌كه‌مین هۆی پاشكه‌وته‌یی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو كورددا، ئه‌م میله‌تی كورده له به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی تری وه‌ك عه‌ره‌ب و تورك و فارس‌دا ژێرچه‌پۆك خراوه، ئه‌م نه‌ته‌وه زاڵدهستانهی دراوسێمان به به‌رده‌وامی ده‌مامكی ئاینیی ئیسلامهوییان به ڕووخساری خۆیاندا پۆشیوه و برای كوردی مسوڵمانی خۆیان كۆمه‌ڵكوژ و بێكه‌سكوژ كردووه.
له ناوچه‌كه‌دا كوردی به‌دبه‌خت یان ئه‌وه‌تا كاره‌كته‌رێكی سیاسی و كاریگه‌ری به‌هێز نین، هه‌موو جارێك شه‌ڕه‌كان ده‌به‌ینه‌وه، به‌ڵام له كۆتایی جه‌نگه‌كه‌دا ده‌دۆڕێنین، رووداوه‌كانی (16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017) و (17ی ئۆكتۆبه‌ری 2019)ی باشوور و رۆژئاوای كوردستان، ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه كورد شه‌ڕكه‌رێكی باشن، به‌ڵام به‌دبه‌خت و بێكهسێكی باشترن، ئه‌گه‌رنا به‌پێی چ هاوكێشه و ئایدیۆلۆجیا و لۆجیكێك ئێمه لایه‌نێكی سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتووی شه‌ڕی دژ به داعشین، كه‌چی له دابه‌شكردنی كێكه گه‌وره‌كه‌دا، نه‌ك هه‌ر پشكمان نه‌بێت، به‌ڵكو غه‌در و خیانه‌تیشمان ده‌رهه‌ق بكرێت و به قه‌پاڵی گورگه بۆره‌كان و كهمتیارهكانی بیابان و داڵه ناشیرینه‌كان، جه‌سته‌ی نیشتمانمان هه‌نجن هه‌نجن بكه‌ن.
كه‌سانێك ده‌ڵێن (دار كرم له خۆی نه‌بێت 100 ساڵ عومرێتی)، قۆڵ لێههڵماڵینی هه‌ندێك به ناو حزب و لایه‌ن بۆ دژایه‌تیكردنی بارزانی له‌و كاته ههستهوهرانهیدا كه سه‌ركردایه‌تی شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه و مان و نه‌مانی دژ به سه‌رسه‌خترین ده‌وڵه‌تی تیرۆریستی ده‌كرد، ئه‌مه له فه‌رهه‌نگی مێژوویی چ نه‌ته‌وه‌یه‌ك ڕووی داوه تیرۆریستانی دنیا په‌لاماری پارچه‌یه‌كی نیشتمانه‌كه‌یان دابێت، سه‌ركرده‌ی پێشمه‌رگه‌كانیان له مه‌یدانی دژایه‌تی تیرۆریستان وه‌ستابێت. كه‌چی كه‌سان و لایه‌نانێك به خراپی و ناڕه‌وایانه و كاڵفامانه په‌مپی ڕق و قینی لایه‌نگرانی خۆیانی بۆ لێ بده‌ن و باره‌گاكانی بسووتێنن و داوای لادانی بكه‌ن.
چ میله‌تێك له مێژوودا هه‌ڕه‌شه‌ی قڕكردنی له‌سه‌ر بووه و به‌شێك له نه‌وه‌كانی خۆیان له پشتی دوژمنانیانه‌وه خه‌نجه‌ری ژه‌هراوییان له پشتی سه‌رۆكه‌كه‌یان چه‌قاندووه؟ زۆر كه‌سی ئه‌كادیمی به‌و ڕاستییه گه‌یشتوون كه هه‌بوونی ئه‌و هه‌موو حزب و ململانێ بێهوودانهی ته‌نیا له‌ناو چوارچێوه‌ی ناوخۆدا دێن و ده‌چن، بازوویان بۆ یه‌كتر نیشان داوه و هیچ توانایه‌كی كێبه‌ركێ و ململانێی ده‌ره‌كییان نه‌بووه له ماڵێكی قه‌ڵپی زیاده هیچی تر نییه.
هه‌رچۆنێك بێت، رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری كه‌ركووك و 17ی ئۆكتۆبه‌ری رۆژئاوا، ئه‌وه‌یان سه‌لماند ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه مه‌رجه‌عی دڵسۆزیان ناوێت، بۆیه دراوسێكانیشیان وه‌ك گه‌له‌گورگی بۆر لێیان به‌ربوون و به‌بێ ساحێبیان ده‌زانن و هه‌ر جاره‌ی قه‌پاڵ له پارچه‌یه‌كی خاكیان ده‌گرن، هه‌میشه و ئێسته‌یش كورد له هه‌موو كات زیاتر پێویستی به‌وه‌یه یه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێست بێت و هه‌موو رێیه‌كان بۆ چاره‌سه‌ر بگرێته‌به‌ر و هه‌موو جه‌مسه‌ره‌كانیش به‌ره‌و هه‌ولێر بگه‌ڕێنه‌وه. ئه‌مه به ته‌نیا نایه‌ته دی، ئه‌گه‌ر هێزێكی دیپلۆماسی و سه‌ربازی پێشكه‌وتووی مۆدێرنی پڕچه‌كی پێشكه‌وتووی پشت‌قایم به ئابوورییه‌كی به‌هێزی به‌رهه‌مهێن دانه‌مه‌زرێت.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه كرۆكی ئه‌م خاڵه‌یه، بوونی مه‌رجه‌ع و به‌هێزی پێگه‌ی سیاسی و سه‌ربازی كوردستان بۆ كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕی ئه‌و بواره به‌جێ ده‌هێڵم، مه‌به‌ستم له به‌هێزی پێگه ئابوورییهكهمانه، ئایا به‌رگه‌ی گه‌مارۆ ده‌گرێت تا ئێمه به‌رهه‌می داگیركه‌ران بایكۆت بكه‌ین، ئێمه خۆمان سه‌رقاڵی گه‌مه و خه‌یاڵی دیموكراسی گه‌لان و ته‌راتێنی حزبه‌كان كردووه و ده‌سته‌به‌رداری به‌ها به‌رزه‌كانی نه‌ته‌وه‌ییمان بووین.
كورد نه‌ك به‌رانبه‌ر میله‌تانی رۆژئاوا و گه‌لانی پێشكه‌وتوو، به‌ڵكو له ئابووری و هێزی دارایی و به‌رهه‌م و دامه‌زراوه و كۆمپانیاكانیشدا له دواوه‌ی نه‌ته‌وه دواكه‌وتووه‌كانی ده‌وروبه‌رمانه، ئه‌گه‌ر شه‌و و رۆژ بخه‌ینه سه‌ریه‌ك فریای گه‌یشتنه‌وه به دنیای مۆدێرنه ناكه‌وین، داگیركاران به به‌رنامه‌ی پێشوه‌خت مشته‌كۆڵه‌ی توندیان له ئابوورییه‌كه‌مان داوه، ئه‌وه‌ی ده‌شمانزانی به خوتهخوت و بۆڵه‌بۆڵی به‌رده‌وام له بیرمان كردوون.
كامه به‌رهه‌می خۆماڵی؟ كوا پیشه‌سازی نه‌وتی؟ كوا دروستكردنی كۆچك و قاپ و قاچاخ تا دروستكردنی ئامێر و یه‌ده‌گی ئۆتۆمبێل؟ جاران ناوچه‌ی پیشه‌سازیی هه‌ولێر سه‌دان تۆڕنه‌چی و كاسبكاری تێدابوو كه یه‌ده‌گی ئۆتۆمبێلیان دروست ده‌كرد، له مه‌یدانه‌كه‌دا سه‌دان دارتاشت ده‌بینی قه‌نه‌فه و كتێبخانه و كورسی و مێزیان دروست ده‌كرد، ئه‌ی ئێسته پیشه ده‌ستییه‌كانمان چی‌یان به‌سه‌ر هات؟
به‌دڵنیاییه‌وه هه‌مووی بوونه قوربانی نه‌زانینی به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری و شه‌ڕه حزبایه‌تی و ململانێی ناو په‌رله‌مان و هات و هاواری هه‌ڵبژاردن، ره‌حمه‌ت له‌وه‌ی ئه‌و په‌نده چینییه‌ی بۆ ئێمه باس ده‌كرد و پێی ده‌گوتین "نه‌وه‌كانتان فێری ماسیگرتن بكه‌ن نه‌ك ماسی خواردن". با ئێمه‌ش ئاوڕێك له هه‌ڵه‌كانی ئابووری رابردووی خۆمان بده‌ینه‌وه، ئه‌وجا تێڕوانینێكمان بۆ داهاتوو هه‌بێت.
با ئه‌وانه‌ی به‌قسه‌ی خۆیان سه‌ركه‌وتن و خێریان بۆ ئه‌م حكوومه‌ته ده‌وێت، جارێ واز له‌و یه‌ك دوو دێڕه‌ی ناو كتێبه كلاسیكییه‌كان بێنن و له بورجی عاج بێنه به‌ر هه‌یوان و كه‌مێك فێری گوێگرتن بن، گوێگرتن به مانا ته‌قلیدییه‌كه‌ی نا، به‌ڵكو به كهمنهزانینی لایه‌نی به‌رانبه‌ر، ئه‌وجا فێری ئه‌وه ده‌بین چۆن راوێژكاریی و شاره‌زایی بۆ گه‌وره‌كانمان بكه‌ین.
كارل ماركس گوتوویه‌تی، خه‌باتی سیاسی ره‌نگدانه‌وه‌ی كێشه ئابوورییه‌كانه. كه‌واته با خه‌باتی سیاسیمان بۆ ئابووری بێت و له‌ناو ئه‌م جهنگهڵستانهی ناوی عێراقی پڕ له گۆماوی خوێن و زه‌لكاوی جه‌هاله‌تی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، هه‌نگاوه‌كانمان بۆ ئابووری و خۆشگوزه‌رانی خۆمان بێت، نه‌ك بۆ دروشم و خۆخافڵاندن، ئه‌گه‌ر ئابووری به‌هێزت نه‌بێت له‌ناو هاوكێشه‌كاندا بوونت نابێت، ئیتر ئه‌م هه‌موو خۆشین و مۆركردنهوهیه و ئه‌م هه‌موو قسه باق و بریق و دروشم و هاتوهاواره‌ی سه‌ر شاشه‌ی تیڤییه‌كان بۆ ئێمه‌ی كورد چی سوودێكی هه‌یه؟.
ئه‌وه‌تا له‌كاتی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتن و بڕیاره نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا زۆرجار هه‌ر باسی كوردیش وه‌ك لایه‌نی سیاسی یان دیپلۆماسی ناكرێت، كاتێك باسیشی ده‌كرێت له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و بۆ مه‌به‌ست و مه‌رامێكی تره، چونكه نه خاوه‌ن هێزێكی سه‌ربازی پێشكه‌وتووین، نه خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی ئابووری رێك‌وپێك، ئه‌گه‌ر هه‌ر سه‌رقاڵی نووزه‌نووز و چاوه‌ڕێی به‌زه‌یی دراوسێكان و كۆمه‌ڵگه به‌رژه‌وه‌ندیخوازه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه بین، بێ شێو سه‌ر ده‌نێینه‌وه.