مەلەكردن لەناو گۆمی مەنگدا

AM:08:57:11/11/2019 ‌

   سەرەڕای جیاوازی بۆچوونەكان لەبارەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەگشتی هاووڵاتییانی كوردستان بۆ چوار ساڵی ئایندە خواست و ئومێدێكی زۆریان لەسەر ئەم كابینەیە هەڵچنیوە. ئەمە بۆ یەكەمین جارە سێ حزبی سەرەكی وەك پارتی و یەكێتی و گۆڕان پێكەوە بەرنامەیەكی هاوبەش دابڕێژن و ببێتە هۆی جۆرێك لە سەقامگیركردنی پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمی كوردستاندا. 

ئەمجارەیان جیاواز لە هەموو كابینەكانی تر، هاووڵاتییانی كوردستان كەمێك لە بەڵای قیرسچمانەی شەڕە دەندووكی حزبایەتی دوور كەوتوونەتەوە، لەلایەكی تریشەوە سەقامگیرییەك لەم خولەی پەرلەماندا هەیە و هاوئاهەنگی لە نێوان پەرلەمان و حكوومەتدا دروست بووە، بەمەش بیری جیاواز و مۆزائیكی بۆ پرۆسەی حوكمڕانی دەركەوتووە. 

تەنانەت هەموو وەزیرەكان باس لەو یەكڕیزی و پێكەوەكاركردن دەكەن كە لە كابینەكەدا بوونی هەیە. پێڕەوی ئەو پەیامەش دەكەن كە سەرۆكی حكوومەت لە كارنامەكەیدا لە بەردەم پەرلەمان لە دوای سوێندخواردنی وەزیرەكان گوتی "وەزیری خەڵكن نەك حزب"، كەواتە گەل لە چاوەڕوانی گۆڕانكاریی گەورەدایە.

 ئەمە بەبێ گۆڕانكاریی لە پەیكەربەندی كۆنی حكوومەت ئەستەمە ئەنجامی هەبێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی بە لایەنی كەمەوە گەندەڵی راگیراوە و رێ نادرێت لە سێكتەرەكانی حكوومەتدا كاری گەندەڵكاران بەردەوام بێت، كەس بوێری ئەوەی تێدا نەماوە هیچ نەبێت لێرە خۆی لە سەرووی یاسا و لێپرسینەوە دابنێت. هاووڵاتییان مامەڵەكانیان بەخێرایی بەڕێوە دەچێت و رۆتین و بیرۆكراتیی نەرێنی كەم بووەتەوە و پێوەندی نێوان كەرتی گشتی و تایبەتیش گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، نیگەرانییەكانیش چ زۆریی دەوامی فەرمانبەران یان بەرزی رسوومات و باجەكان و نادادپەروەریی لە هەردوو كەرتی تەندروستی و پەروەردەدا، بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و نزیكبوونەوەی نێوان حكوومەت و خەڵك وردە وردە دەڕەوێنەوە.

 لە بەرانبەریشدا كەسان و گرووپێكی ناو حزبەكان هەن كە ئەم رەوشەیان بەدڵ نییە، چونكە ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان چەندان ساڵە سوودیان لە ناسەقامگیریی سیاسی وەرگرتووە، هەر لەم رێیەشەوە دەیانەوێ وەك جاری جاران بەرزەكی بانان بن و لەناو گۆمی مەنگدا مەلە بكەن و ئاستەنگ لە بەردەم حوكمڕانی باشدا دروست بكەن، لەبری ئەوەی كێشە و گرفتەكانی نێوان حزبەكان لەسەر مێزی دانوستان و گفتوگۆكان چارەسەر بكەن، سەرقاڵی نانەوەی فیتنە و تێكەڵكردنی كارت و دروستكردنی ئاستەنگن. ئەوەیان لە بیر كردووە خەڵك لەسەر بنەمای ئەدای باشی حكوومەت و سەقامگیریی پرۆسە سیاسییەكە  هەڵسەنگاندن لەسەر ئەدای حزبەكەیشیان دەكات، بۆیە لە كوردستان گرووپ و كەسانێك لەناو حزبەكان هەن كە ئێستەیش بەپێچەوانەی بەرژەوەندی حزبەكەیانەوە هەڵدەسووڕێن.

 ئەوان بە ناعەقڵانی دەڕواننە شێوازی حوكمڕانی و وا دەزانن حزب و حكوومەت ئامێرێكن لە بندەستی خۆیاندا و دەبێ بە گوێڕایەڵی خۆیان كارەكانی رۆژانە تێپەڕێنرێن، لە بیریان كردووە شەرعەییەتی ئەم حكوومەتە تەنیا شەرعییەتی گەلە و لەرێی دەنگی دەنگدەرانەوە زۆرینەی پەرلەمان و كابینەكە پێكهێنراوە، خەڵك چاوەڕوانن كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو دەستنیشان بكرێت و دادپەروەریی لە داهات و هەلی كار دابین بكرێت. 

حزبەكان بەردەوام خوازیار بوون كەلێنی نێوان حكوومەت و خەڵك گەورەتر بێت تا بازاڕی ئەوان گەرم بێت و فرمێسكەكانیشیان تەنیا فرمێسكی تیمساحانە بوو. ئەمەش دەردی حكوومەتی فرەحزبییە كە حكوومەتێكی سەركەوتوو نییە، بگرە لە هەموو ئەزموونی حوكمڕانی دنیادا بەدوای ئەزموونێكی سەركەوتووی حكوومەتی فرەحزبیدا بگەڕێیت، هەرگیز نایدۆزیتەوە.

لێرەیش لە دوای فیفتی فیفتی و دوو ئیدارەیی و ناسەقامگیریی و گوتاری شەعبەویی و كشانەوە لە حكوومەت لە نیوەی ڕێدا، ئەزموونێكی هەڵە بوو و باجەكەیشی زۆر حزب دایەوە، ئێستە تازە بەتازە هەڕەشەی كشانەوە لە حكوومەت هیچی لێ سەوز نابێت، گرەوكردن لەسەر بەغدا و گۆڕانكارییەكان و نووسینەوەی دەستوور گرەوێكی دۆڕاوە، لە عێراق حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی بێت یا حكوومەتێكی تر، هەر حكوومەتی عەبدولمەهدییەكان دەبێت و هاوكێشەكان زۆر ناگۆڕێن، لە رۆژانی داهاتوودا فشارەكان توندتر دەبن، بەڵام دەرئەنجام هیچیان لێ دروست نابێت، بۆیە كەسە عەقڵانییەكانی ناو حزبەكان پێویستە لەناو گەمەی حكوومەت و حوكمڕانیدا گەمەكەرێكی باش بن، پێكەوە رووبەڕووی ئەو تەحەدا گەورانە ببنەوە كە بەرژەوەندی زلهێزەكان بەڕێوەی دەبەن. 

ئێمەی كورد لەناو هاوكێشەكەدا ئەوەندە بچووكین، وەك ئەزموونی رۆژئاوا تەنیا سازشەكەمان پێ رەوا دەبینن و دواتر خۆمانی پێ هەڵدەخەڵەتێنین و ناوی دەنێین سەركەوتن.   

ئەم كابینەیە گەورەترین تەحەدای لە بەردەمدایە ئەویش لاوازی چەمكی یاساكان و دامەزراوەكانیەتی، بۆیە لە غیابی ئەم دوو چەمكەدا، حزبەكان هەر كەسە و بەلای خۆیەوە شیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی بابەتییانە بۆ بارودۆخەكە دەكات، دوای 100 رۆژ لە بری هەڵسەنگاندنی حكوومەت، تازە بەتازە سەرقاڵی پشك پشكێنە و بەدەستهێنانی زۆرینەی كێكن، رەنگە پرسە سەرەكییەكەی حوكمڕانییان لەبیر كردبێت كە حكوومەت تەنیا یەكێكە لە كاراكتەرە دیارەكانی حوكمڕانی، كەواتە حكوومەت پێش هەموو شتێك ئامرازێكە بۆ بەدیهێنانی حوكمڕانییەكی باش و سیستمێكە بۆ بەڕێوەبردنێكی عەقڵانی و دادپەروەرانە، لەو چوارچێوەیەشدا پێوەندی نێوان حكوومەت و هاووڵاتی رێك دەخرێت، دوور لە ململانێی كولتووری و ئابووری و سیاسیی حزبەكانەوە.

حكوومەت ئەركی رووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەكانی ناوخۆ و عێراق و ناوچەكەی لەسەرشانە، ئەركی رێكخستن و دانانی بناغەیەكی ئابووری پتەوی لەسەر شانە، ئەركی خۆئامادەكرن بۆ قۆناغی داهاتووی تێكچوونی دۆخی عێراق و كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەو دۆخە ئاڵۆزە بەسەر كوردەوەی لەسەرشانە، ئەركی هاتنی لێشاوێكی تری ئاوارە و تێكچوونی رەوشی ناوچەكەی لەسەرشانە، ئەركی كەمكردنەوەی دەستێوەردانی دەرەكی بۆ ناو كاروباری ناوخۆی لەسەرشانە، پارە و مووچە و پاروویەك نانی بۆ ئەو خێزانانەی چوار ساڵی رەبەقی شەڕ و پاشەكەوتی مووچە و بێ دامەزراندنیان بەڕێ كرد، لەسەرشانە. 

خەڵك ڕۆژانە چاوەڕوانی دابەشكردنی نەوتن نەك دابەشكردنی پۆست و ئیمتیازات، ئەوەی چاوەڕوانیمان بوو لە حزبەكان ئەمەیە، نەك تەنیا بەخشینەوەی پۆست و پلە و پارووی چەور، بەڵكو خزمەتكردنی هاووڵاتییان و چارەسەركردنی كێشە و تەنگژە دارایی و ئابوورییە هەڵپەسێردراوەكانی كوردستان، ئەركی لە پێشینەی حكوومەتە.