پێشینە و قەرزەكان بۆ گەنجان

AM:09:25:05/02/2020 ‌

لاوان لە هەموو گۆڕانكاری و پێشكەوتنێكدا بزوێنەری سەرەكین، هەرچی حزب و دامەزراوەی سەرۆكایەتی و پەرلەمان و حكوومەتیش هەن، بەو ئاراستەیە دامەزراون و دەجووڵێن كە جێبەجێكاریی خواست و داواكارییەكانی لاو بن، بەڵام زۆربەی جار ئەم  بانگەشانەیان لە قاڵبی دروشم تێپەڕی نەكردووە، بۆیە ئەمڕۆ هەمووان چاویان لەسەر دامەزراوەی حكوومەتە بۆ ئەوەی بەلانی كەم دادپەروەریی بۆ گەنج بگەڕێنێتەوە و هیچ نەبێت ئاوڕێكی ئابوورییانەیان لێ بداتەوە.

 ئەم ئاوڕدانەوە مەرج نییە تەنیا دامەزراندن بێت لە كەرتی گشتی، بەڵكو بەدەستهێنانی هەلی كاریش دەگرێتەوە لە كەرتی تایبەت، لەمەش گرنگتر دەست پێكردنەوەی (پێشینەكانی هاوسەریی و خانووبەرە و نیشتەجێبوون و قەرزی بچووك بۆ لاوان و قەرزی كشتوكاڵی و پیشەسازیی)ین، كە گرنگییەكی رادەبەدەری هەیە بۆ توێژی لاو. 

هەموو ئەم قەرزانە بەپێی یاسا لە ساڵی 2008 لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند و جێگیر كراون، وەزارەتی دارایی رێنوێنیی خەرجكردنی بۆ دەركردوون و خەڵكێكی زۆریش لە لاو و فەرمانبەر و توێژەكانی تر لێی سوودمەند بوون.

پێشینەی هاوسەریی لە ساڵی 2010دا یاسایەكی تایبەتی بەناوی (یاسای هاوسەرگیریی لە هەرێمی كوردستان) بۆ دەرچوو، لە 2011دا بڕی دوو ملیۆن و 500 هەزار بۆ پێشینەی هاوسەرگیریی دیاری كرا، دواتر لە پەرلەمان كرا بە پێنج ملیۆن دینار. 

یاسایەكی تر بەناوی (سندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووكەكانی لاوان) دەرچوو كە تا تەنگژەی 2014 بەردەوام بوو، ئەمانە هەمووی كۆمەڵە دەستكەوتێكی گرنگ بوون و بۆ دەرچووانی زانكۆ و جێی بایەخی لاو بوون، ئەگەر كەموكورتی لە دامەزراوەكانی جێبەجێكردن نەبووایە، لەناو تەنگژەیشدا بووینایە، دەكرا ئەم پرۆسە ئابووری و كۆمەڵایەتییە بەردەوام بووایە و رێك بخرایە بێ ئەوەی بارگرانی لەسەر حكوومەت دروست بكات، چونكە تۆ بڕە پارەیەك دیاری دەكەیت و لەكاتی گەڕانەوەی پێشینە و قەرزەكان بۆ بانك، دەتوانی دووبارە دابەشی بكەیتەوە بەسەر ژمارەیەكی زیاتری لاودا.

وڵاتێكی وەك مالیزیا بۆچی گەنجەكانیان بەو رێژە زۆرەی وەك لای خۆمان كۆچ ناكەن؟ چونكە  خاوەنی دەزگەیەكی پێشكەوتووی تایبەت بە قەرزی بچووكن و بەردەوام قەرز بە گەنج دەدەن، پێشنیار و راسپاردەی ئەو دامەزراوەیە بۆ پاراستنی ئەو پڕۆژە بچووكانەیش لەلایەن حكوومەتەوە بە گرنگ وەردەگیرێت.

كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەتوانێ لە هەر چوار پارێزگای كوردستان دەزگەیەكی نیمچە حكوومی و هاوبەش لەگەڵ بانكێكی ئەهلی، ئەو سندووقە داراییەی تایبەت بە پێشكەشكردنی پێشینە و قەرزەكان دابنێن و یاسا و پێڕەوی تایبەت بەخۆی هەبێت، وردەكارییەكانی بڕی پێشینە و قەرز و شێوازی وەرگرتنەوەی قەرزەكە دیاری بكات، بەڵام بە رەچاوكردنی دۆخی بژێوی هاووڵاتییانی قەرزوەرگر. 

پڕۆژەی قەرز و پێشینەكان تەنیا سوودی ئابووری بۆ كەسانی سوودمەند نییە، بەڵكو جووڵەیەكی باش دەخەنە ناو بازاڕەوە و دەیان پیشە و كاسبی تر دەجووڵێنن، ئەمە وێڕای ئەوەی كەسی قەرزار هەردەم هەوڵی كەمكردنەوەی خەرجییەكان و نەهێشتنی زیادە مەسرەفی دەدات، دواجاریش حكوومەت ئەو بڕە پارانەی هەر وەردەگرێتەوە و دەكرێ دووبارە لە پێدانەوەی قەرزدا بەكاری بێنێتەوە. 

ئەم سوودانە جگە لە لایەنە ئابوورییەكەی، پێوەندیی راستەوخۆیشی بە لایەنی كۆمەڵایەتی و دادپەروەریی و راگرتنی كۆچی گەنجانەوە هەیە. سنوورێكیش بۆ بێ بەرهەمی و نەبوونی پڕۆژە بچووكەكان و زیاد پشتبەستن بە بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ و بیانی دادەنێت، بە گشتیش كۆمەڵگەی كوردستان لە كۆمەڵگەیەكی بەكارهێنەر و بەكاربەرەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی بەرهەمدار راپێچ دەكات.

ئێمە بۆ لە گەرمەی گەمارۆی ئابووری ساڵانی نەوەتەكاندا ئەو هەموو كارگەی پلاستیك و ئاسنگەریی، دارتاشی و زەیتی گوڵەبەڕۆژە، سۆندە و دروستكردنی فڕن بەتەنەكە، دوورینی رینكۆت بە بەتانی و دروستكردنی پێڵاومان هەبوو؟ دەكرا تا ئێستە و دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە زۆر پەرەیان پێ بدرایە، بۆ نابێ ئێستە لەگەڵ كرانەوەی تەكنەلۆجیا و زیادبوونی سەرمایە و بوونی هەلی كار و بازاڕێكی باش بۆ ساغكردنەوەیان، گەنج بەرەو ئەو پڕۆژە و كارانە ئاراستە نەكەین؟ 

هاوكاریكردنی گەنج و پاڵپشتیی پڕۆژەی بچووك، دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون و هاوكاری پێكهێنانی خێزان، لە پرەنسیپە سەرەكییەكانی دادپەروەرین، جێبەجێكردنی ئەم ئەركەیش لە كارنامەی كابینەی نۆیەمیشدا جێی كراوەتەوە.

 بەرنامەكە دووپات لەسەر بنەمای دادپەروەریی دەكاتەوە، بەڵام من گومانم هەیە كەرتی گشتی بتوانێ ئەم كارە بكات یان بە سەركەوتوویی بەڕێوەی ببات، بۆیە دەبێ لەرێی دامەزراوەیەكی مۆدێرن و نیمچە حكوومییەوە بە هاوبەشی لەگەڵ كەرتی تایبەت، ئەو دەزگایە دابنرێت كە پێشینە و قەرز بە گەنج دەدات.