شه‌ماڵ نووری
پرۆسه‌ی چاكسازیی بابه‌تێكی گه‌رموگوڕه و له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا به به‌رده‌وامی له راگه‌یاندن و ناوه‌نده‌كانی حكوومیی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی جێی باس‌وخواس بووه، ئه‌م بابه‌ته له دوای په‌تای كۆرۆنا و ئاڵۆزییه‌كانی عێراقه‌وه به پله‌ی سێیه‌م هاتووه، ئه‌مه‌ش نه‌ك به ته‌نیا له كوردستاندا، به‌ڵكو له ته‌واوی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا قسه‌وباسێكی زۆری له‌سه‌ر ده‌كرێت.
له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی ته‌نگژه‌كاندا دووباره پرسی چاكسازیی ماهییه‌ت و گرنگی خۆی هه‌یه، ئه‌وه‌تا ئاڵۆزییه‌كانی عێراق و دابه‌زینه‌وه‌ی دراماتیكی نرخی نه‌وت و سه‌رله‌نوێ ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی هێرشه چه‌كدارییه‌كانی داعش كه دووباره سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه، ئه‌مجاره په‌تای كۆرۆنایشی هاتووه‌ته سه‌ر، كه مه‌ترسییه‌كانی هێنده‌ی هه‌موو ته‌حه‌دییه‌كانی زه‌مانی ته‌نگژه‌كه سامناكن.
ئه‌گه‌ر په‌تاكه به بێ چاره‌سه‌ر و ڤاكسین درێژه بكێشێت و له عێراق و ناوچه‌كه و دنیادا پانتاییه‌كی فراوانتر بگرێته‌وه، بازاڕه‌كان سستبوون و پووكانه‌وه‌ی زیاتر به‌خۆیانه‌وه ببینن، هه‌موو ئه‌مانه پێویستیان به هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستیی و هه‌نگاوی لۆجیكییه، چیتر خه‌ڵك له‌ناو موزایه‌ده و هێنان و برده‌ی به‌ناو ئۆپۆزسیۆن و قسه ره‌ق و بێ بنه‌ما و جنێوفرۆشه‌كانی ناو فه‌یسبووك بێزار بوون، له‌م تێكه‌ڵاوكردنی ته‌نگژه و پرسه چاره‌نووسسازانه به تێكه‌ڵاوكردنیان له‌گه‌ڵ ڕق و كینی په‌نگخواردووی كه‌سانێكی بێ كرده‌وه، هیچ ئه‌نجام و چاره‌یه‌كیان بۆ نادۆزرێته‌وه.
دواجار كێن ئه‌وانه‌ی خۆیان به پاڵه‌وانی چاكسازییه‌كان داده‌نێن؟ بێگومان كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتار و رۆژنامه‌نووس و چالاكی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و پیاوان و مامۆستایانی ئاینی و چین و توێژه‌كان، راسته تا ئاستێك ده‌بنه ئه‌كته‌ره‌كانی ناو ئه‌م درامایه، به‌ڵام پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی چاكسازیی بریتین له جێبه‌جێكارانی پرۆسه‌كه، وه‌ك چۆن هه‌موومان قسه‌مان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای چاكسازیی كرد و پاڵپشتیمان لێ كرد، تا پڕۆژه‌كه تێپه‌ڕێنرا و بوو به یاسا و ئێسته هه‌مووان له چاوه‌ڕوانی جێبهجێكردنیدان.
ره‌نگه ئه‌و پرسیاره بكرێته‌وه كه ئایا كاراكته‌رانی جێبه‌جێكار كه‌مته‌رخه‌م و تاوانبار و گه‌نده‌ڵن، یان فریادره‌سی چاره‌سه‌ر و چاككردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و هه‌ڵانه‌ی زه‌مانی رابردوون؟ بێگومان هه‌رگیز تاوانبار نابێته بێ تاوان و كه‌مته‌رخه‌م توانای چاكسازیی نابێت، ئه‌مه خوێن و هزر و بیركردنه‌وه‌ی نوێی ده‌وێت، چونكه دواجار چاكسازیی فیكره و پێویسته گۆڕانكاریی به‌و عه‌قڵه بهێنێت كه ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌ت به كلاسیكی كردووه.
پێویسته عه‌قڵیی نوێ كار بۆ رێكخستنه‌وه و چاككردنی ئه‌و ژینگه‌یه بكات كه بووه‌ته هۆی گه‌نده‌ڵی و كه‌موكورتی و بێسه‌روبه‌ره‌یی، هه‌ر له دوو ئیداره‌یی و لاوازی رێكخستنه‌وه‌ی داهات و خه‌رجییه‌كان و سواویی یاساكان، نه‌بوونی هۆشیاری تاك تا چاكسازیی له سیستمی حزبایه‌تی و بیركردنه‌وه‌ی تاكی كوردی به‌رانبه‌ر ئایدیۆلۆجیای چه‌قبه‌ستووی عه‌قڵ داخراو، پاڵه‌وانه‌كانی چاكسازیی ئه‌وانه‌ن كه ئاراسته‌ی مێژوو ده‌گۆڕن، نه‌ك كه‌سانێك پاره‌ی هه‌زاران خێزانیان به فرتوفێڵ زه‌وت كردبێت و پشكی وه‌همییان له‌ناو هه‌وردا پێ فرۆشتبن و ئێسته باس له چاكسازیی بكه‌ن.
گۆڕانكاری و چاكسازیی هه‌ڵقوڵاوی ویست و خواستی خه‌ڵكن و پرۆسه‌یه‌كی لۆكاڵه، نه‌ك پرۆسه‌یه‌كی ده‌ره‌كی سه‌ر به كه‌س و گرووپێكی مه‌زه‌وی و قه‌ومچێتی وابن كه ویستی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی منداڵه‌كانمانیان هه‌بێت.
ئێسته ئیراده‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت و هه‌رسێ حزبه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ناو پرۆسه‌ی حوكمڕانی كوردستان هه‌یه، ئه‌ی كێن ئه‌وانه‌ی خۆیان به عه‌سابه ده‌زانن و پاره و قووتی میله‌ت ده‌دزن؟ كێن ئه‌وانه‌ی فرمێسكی تیمساحی بۆ چاكسازییه‌كان ده‌ڕێژن و له دۆزینه‌وه‌ی رێچارهسهرهكان راستگۆ نین؟ خوازیاری مه‌ینه‌تی و ئازاره‌كانی میله‌ت به‌رده‌وامی هه‌بێت تا ئه‌وان زیاتر له شاشه‌ی تیڤی و فهیسبووكهوه ده‌ربكه‌ون و له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگی خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌تی پێ كۆ بكه‌نه‌وه.
به تاكی هۆشیار، میله‌تێكی نیشتمانپه‌روه‌ر و دڵسۆزی وا بنیات ده‌نرێت كه پرسی نه‌ته‌وه به پرسی به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و خێزانه‌كه‌ی گرێ نه‌درێته‌وه، به‌ڵكو كه‌سی تاك له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هاوڕێ و گرووپ و حزب و چین و توێژه‌كه‌ی پێكه‌وه خه‌مخۆری گه‌ڕان بن بۆ ئه‌و لۆجیك و رێچارانهی كه نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌ناو ئه‌م ئاڵۆزیی و بێسه‌روبه‌رییه‌ی دنیادا ده‌گه‌یه‌نێته كه‌ناری ئارامی.
كۆرۆنا و شه‌ڕی بازرگانی و داگیركردنی خاك و جینۆساید و قڕكردنهكان دووباره خه‌می نه‌ته‌وه و بیری نه‌ته‌وه‌یی زیندوو ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌تا په‌یتا په‌یتا حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌كان سنوور له‌سه‌ر یه‌كتر داده‌خه‌ن و هه‌مووان له ماراسۆنی فریاكه‌وتنی خۆیاندان، ده‌با ئێمه‌یش فێری هونه‌ری نه‌ته‌وه‌یی بین و له‌م مانگه‌دا ئاوڕێك له‌و هه‌موو خۆشی و ناخۆشییانه بده‌ینه‌وه كه له زه‌مه‌نه تاریك و ناخۆش و خۆشه‌كاندا تووشمان بوون.
له بیرمه له سه‌ره‌تاكانی ساڵی 1992 بووین قوتابییه‌كی عه‌ره‌بمان له زانكۆ له‌گه‌ڵدا بوو ده‌یگوت، ئه‌وه چییه كورد له خۆشی و ناخۆشیدا هه‌ر هه‌ڵده‌په‌ڕن. ره‌نگه ئه‌مه بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه كه له مانگی ئاداردا خۆشی و ناخۆشه‌كان هه‌مووی به‌شێوه‌یه‌ك پێكه‌وه كۆ بوونه‌ته‌وه، جیاكردنه‌وه‌یان ئه‌سته‌م بێت، ئه‌م مانگه فێری چیمان ده‌كات؟ فێری رێزگرتن له سه‌ركرده و قوربانی و شه‌هید و فێری ڕێزلێنان له قوربانیانی جینۆسایدی میله‌ت و به‌های ئازادی و راپه‌ڕین و شۆڕش و سه‌ربه‌خۆییمان ده‌كات، دواجار پاڵه‌وانه‌كانی چاكسازیی پێویسته كه‌سانێك بن كه هه‌ڵگری فیكری سه‌ربه‌خۆیی و بنیاتنانی نه‌ته‌وه بن.