شه‌ماڵ نووری
راستكردنه‌وه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت به یه‌كێك له هه‌ره ته‌حه‌دییه گه‌وره‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی ریفۆرم و چاكسازیی داده‌نرێت، ئه‌و كه‌رته‌ی به‌شێكه له ته‌نگژه‌ی دارایی و ئابووریی كوردستان و خۆی له خۆیدا ئاخنراوه له گرفت و كێشه، بگره هۆكارێكیش بووه بۆ قه‌به‌بوونی گه‌نده‌ڵی له كوردستان. بۆیه سه‌ره‌تا پێویسته كه‌رته‌كه راست بكرێته‌وه. به‌داخه‌وه زۆر له ئه‌كادیمییه‌كانی كوردستان ته‌نیا وه‌ك به‌شێك له چاره‌سه‌ر باسی ده‌كه‌ن.
ته‌نانه‌ت حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له رێگه‌ی ژماره‌یه‌ك له راوێژكارانی بیانی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ گه‌وره كۆمپانیاكان به‌هه‌مان میتۆد بیر ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌تا سه‌رقاڵی راده‌ستكردنی ئه‌و ژماره كه‌مه‌ی كارگهكانیشه بیدات به كه‌رتی تایبه‌ت به‌هه‌مان شێوه‌ی زۆر له سێكته‌ره‌كانی تر، ئه‌مه دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان كاره‌كانی پێشووه كه هه‌رگیز نابێت چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی باشی لێ بكه‌ین. له‌مه‌دا ئه‌وه‌ی فه‌رامۆش كردووه كه راوێژكار و شاره‌زایانی بیانی له توانایاندا نییه خوێندنه‌وه‌ی واقیعانه بۆ ئابووریی كوردستان بكه‌ن، ئیتر چۆن نه‌خشه‌ڕێگه بۆ چاره‌سه‌ر داده‌نێن؟ ته‌نانه‌ت پێشنیار و راسپارده‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تیش چاره‌سه‌ری دۆخێك ناكات كه له نه‌بوونی سیسته‌مێكی مۆدێرنی ئابووری و دامه‌زراوه‌ی چاودێری و به‌دواداچوون مومكین نییه له‌رووی كرداره‌وه مه‌رجه قورسه‌كانیان جێبه‌جێ بكرێت یا پێشوازییه‌كی جه‌ماوه‌ری باشیشی لێ بكرێت، چونكه وڵاتێك له‌ناو گێژاوی گه‌مه‌ی حزبی بێت، موكین نییه خاوه‌نی حكوومه‌تێكی به‌هێز بێت.
له دنیادا هه‌روا بووه حكوومه‌ته بنكه فراوانه‌كانی پارته سیاسییه‌كان خاوه‌نی ئیراده و بوێر نه‌بوون، ئه‌و ئیراده و بوێرییه كه بۆ قۆناغی وه‌رچه‌رخان و بنیاتنانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه زۆر پێویسته، ئه‌وه‌تا لێك تێنه‌گه‌یشتنی نێوان حزبه‌كان گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئابووریی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه و په‌رله‌مانی وه‌ك گه‌وره‌ترین دامه‌زراوه‌ی یاسا ئیفلیج كردووه، له كاتێكدا زۆر له‌و یاسا و رێنوێنییانه‌ی كه ئێسته كاری پێ ده‌كرێت، پێویستی به هه‌مواركردنه‌وه‌یه، چونكه گه‌نده‌ڵی و لاوازی ئه‌دا له كوردستاندا به‌هۆی كڕچوكاڵی یاساكانی وه‌به‌رهێنان و رێنوێنی وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه ئه‌نجام دراوه، ئیتر چۆن ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی یا چاودێری دارایی له توانایدایه رێگری له گه‌نده‌ڵی بكات؟ له واقیعێكدا كه سه‌رمایه‌ی سیاسی و ئابووری تێكه‌ڵ به‌یه‌ك كراوه. له‌م دۆخه ناوازه‌یه‌دا ئه‌گه‌ر لێژنه‌كانی چاكسازی و ده‌ستپاكی به‌شه‌و و رۆژ كار بكه‌ن، له توانایاندا نابێت ملیارێك دۆلاری دزراو بگه‌ڕێننه‌وه، بۆیه پێویسته كار بۆ رێگری له به‌هه‌ده‌ردانی ده‌یان ملیار دۆلاری تر بكه‌ن كه ئێسته به‌هۆی خراپی گرێبه‌سته‌كانی حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت به فیڕۆ ده‌چێت یا له ئاكامی لاوازی و كه‌موكورتی بڕگه یاسایییه‌كان كه‌لێن بۆ به‌هه‌ده‌ردان و كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه له‌سه‌ر حیسابی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی زیاتر بووه.
كه‌واته له‌م قۆناغه چاره‌نووسسازه‌دا كه ئێسته كوردستان پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، كه‌رتی تایبه‌ت چۆن داڕێژرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده بێت به‌شێكی زۆری سێكته‌ره خزمه‌تگوزارییه‌كان كه ئێسته له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت راده‌ستی بكرێت؟ ئه‌مه كارێكی قورسه، به‌ڵام ئه‌سته‌م نییه. بۆ هه‌رێمێك كه توانی رووبه‌ڕووی دڕنده‌ترین ده‌وڵه‌تی تیرۆرستی له دنیا ببێته‌وه.
له ناوخۆی كوردستاندا ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی به تایبه‌تی له‌لایه‌ن هه‌ردوو لایه‌نی (پارتی و یه‌كێتی) رێك خرا، ئه‌وا هیچ كێشه و گرفتێكی سیاسی له ئاست ئیراده‌ی خه‌ڵك و توانای حكوومه‌ت نابێت، به‌پێچه‌وانه‌ی ئێسته‌وه كه زمان و كرداری نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه بووه‌ته هۆی قووڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه و دۆخێكی وای لێ كه‌وتووه‌ته‌وه له چاره‌سه‌ره‌كان دوور كه‌وتووینه‌ته‌وه.
بۆیه چاره‌سه‌ره‌كه‌شی بۆ ئه‌م قۆناغه به گفتوگۆ و ئه‌و بڕیارانه ده‌بێت كه له ناوخۆی كوردستان حكوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ شاره‌زایانی ناوخۆ بگه‌نه رێگه‌ی نوێ بۆ ده‌ربازبوون له مه‌ترسی به‌رده‌وامبوونی ته‌نگژه‌كه و دواتر ورده ورده بۆ هه‌ر سێكته‌ر و كه‌رتێك ئه‌و بڕیارانه بدرێت كه مومكینه جێبه‌جێ بكرێن و باری شانی هاووڵاتییان و مووچه‌خۆران له‌وه زیاتر قورس نه‌كه‌ن.
چاره‌سه‌ری ته‌نگژه به حزبه كوردستانییه‌كان ناكرێت كه ململانێكانیان ره‌گ و ریشه‌یه‌كی مێژوویی قووڵی هه‌یه، تا ئاستێك هه‌مووانی كردووه به به‌شێك له چاره‌سه‌ر و كه‌س خۆی به هاوبه‌ش نازانێت تا پێكه‌وه كار بۆ چاره‌سه‌ری ته‌نگژه‌كان بكرێت، بگره ئێسته ته‌نگژه بووه‌ته به‌شێك له موزایه‌ده‌ی سیاسی و رێكلامی خۆده‌رخستنی سه‌ر شاشه‌ی تیڤییه‌كان، وه‌ك چۆن په‌رله‌مانتارانی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان بوونه كادری راگه‌یاندن و تیڤییهكانیان قۆرغ كرد و له كاری سه‌ره‌كی و راسته‌قینه‌ی خۆیان دوور كه‌وتنه‌وه و یه‌ك یاسا و رێنوێنییان ده‌رنه‌كرد.
لێره‌دا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه خۆی بووه‌ته به‌شێك له ته‌نگژه، هاوكات به ته‌نیاش ماوه‌ته‌وه، بۆیه پێویستی به هاندان و رێنوێنی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه كه پاڵپشت به ئیراده‌ی خه‌ڵك و پێشمه‌رگه و ویستی گه‌له‌كه‌ی، كۆتای به به‌رده‌وامی ته‌نگژه‌كه بێنێت، چونكه ئه‌زموونی گه‌لان ده‌ریانخستووه به‌رده‌وامی ته‌نگژه داڕمانی گه‌وره‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه كه بۆ قۆناغی داهاتوو پڕ له مه‌ترسی ده‌بێت و مه‌ینه‌تی زیاتر بۆ خه‌ڵكی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.