شه‌ماڵ نووری
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی نوێ خه‌ڵكی به گرنگییه‌وه ده‌ڕواننه پێشهاته ئابوورییه‌كان و شرۆڤه و خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆری بۆ ده‌كه‌ن، ئه‌م گرنگیدانه ئه‌گه‌ر له‌ناو كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتووه‌كان جێی بایه‌خ بێت، ئه‌وا بۆ ئێمه‌ی كورد كه له‌گه‌ڵ شه‌ڕ و كۆمه‌ڵكوژی و ماڵوێرانی و هه‌ژاری و نانبڕیندا مێژووییه‌كی دوور و درێژمان هه‌یه، زیاتر مشتومڕی له‌سه‌ره، بگره مه‌ترسی و دڵه‌راوكێی گه‌وره‌ی به‌دوادا دێت. چونكه له چه‌ند ساڵی حوكمڕانی كوردیدا ده‌رهاویشته سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه نائارامی و ناسه‌قامگیرییه‌كی ئابووری گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه و زیانمه‌ندی سه‌ره‌كی هاوڵاتییانی كوردستان بوونه، ته‌نانه‌ت پایته‌خته‌كانی هه‌رچوار وڵات كه كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه سزای برسێتی و گه‌مارۆ و شه‌ڕی ئابوورییان دژ به كوردستان وه‌ك ستراتیژییه‌تێك لێ كردووه، ته‌نانه‌ت لای ده‌سته‌بژێری سیاسی و حوكمڕانی عێراق وه‌ك میراتی لێهاتووه و پشت له‌دوای پشت به جیاوازی ئایدیۆلۆژیا و مه‌زه‌و و شێوازی حكومڕانییهكانیان تا ئێستایش هه‌ر پێڕه‌وی ده‌كه‌ن.
پرسی چاره‌نووسی ئابووری له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی واده‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و هه‌نگاو هه‌ڵگرتن به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، له‌ناو تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیران و سیاسه‌توان شرۆڤه و باسێكی زۆری له‌سه‌ر ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت وه‌ك كارتێكی سیاسی له نێوان دوو به‌ره‌دا به‌كار دێت، له كاتێكدا ده‌بووایه له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم یاخۆ ئه‌نجام نه‌دانی ریفراندۆم گفتۆگۆ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه بكرێت، چونكه ئه‌مجاره هه‌موو ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌ی جیهانی له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه عێراق و سووریای دوای داعش زۆر جیاواز ده‌بن و محاڵه ئه‌و دوو وڵاته به یه‌كگرتوویی بمێننه‌وه.
راسته له‌ڕووی یاسا و عورفی دیبلۆماسی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه هیچ وڵاتێك ناتوانێت پێش ده‌رچوونی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم قسه له‌سه‌ر سه‌روه‌ری خاكی وڵاتێكی تر بكات، به‌ڵام زۆربه‌ی وڵاتانی زلهێزی جیهان وه‌ك نیمچه سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كوردستان ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌و چوار وڵاته‌ی كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌ش بووه سه‌رقاڵی ده‌یان گرفت و كێشه‌ی ناوخۆیی خۆیانن و ئاماده نین پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوردستان ببچڕێنن چونكه ئه‌مه پێوه‌ندی به‌ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییان و كێشه‌ی كوردیشه‌وه له‌ناو چوارچێوه‌ی وڵاته‌كانیان هه‌یه.
وڵاتانی عه‌ره‌بیش له گرفت و كێشه‌ی خۆیاندان، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و رووسیا وه‌ك دوو زلهێزی جیهانی له ناوچه‌كه‌دا بوونیان هه‌یه و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان سایكس بیكۆیه‌كی تر بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داده‌ڕێژن، له ناوخۆی هه‌رێمه‌كه‌شدا بۆ یه‌كه‌مینجار هێزه كوردستانییه‌كان له ئیجماعێكی نیشتمانیدا له‌سه‌ر پرسێكی وا هه‌ستیار رێك ده‌كه‌ون، گه‌رچی هێشتا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانیش دواجار له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی ریفراندۆم ناتوانن له ده‌ره‌وه‌ی ویست و خواستی گه‌له‌كه‌یان دژی پرسێكی وا هه‌ستیار و نیشتمانی راوهستنهوه.
پێشتر زۆر فاكته‌ری نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی رێگر بوون له به‌دیهاتنی ئه‌م ئامانجه گه‌وره‌یه‌ی گه‌لی كورد، له هه‌مووی ئاسته‌نگتر ناكۆكی و ناته‌بایی نێوان خێڵه‌كانی كورد بووه كه ئێستا له حزبه كوردستانییه‌كان خۆی ده‌بینێته‌وه، هه‌رچۆنێك بێت ده‌وڵه‌تی كوردستان هه‌ر داده‌مه‌زرێت. ئه‌وه‌تا ئێستا عێراق و كوردستان بوونه‌ته دوو مۆدێلی ئابووری و سیاسی و سه‌ربازی، له به‌غدا مووچه‌ی ته‌واو ده‌درێت و له كوردستان نیوه‌و چاره‌كه مووچه، لێره رۆزنه‌فتی رووسیا و ئیكسۆن مۆبیلی ئه‌مه‌ریكایی و ده‌یان كۆمپانیای توركی و ئه‌وروپایی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و وڵاته زلهێزانه هه‌یه، له‌وێ ته‌قینه‌وه و شه‌ڕی مه‌زه‌وی و نفووزی ئێران، ته‌نانه‌ت سوپای عێراقی عه‌ره‌بی و پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیش له پێكهاته‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و رێكخستنیانهوه، جیاوازن.
پێوه‌ندی ئابووری هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران زیاتره وه‌ك له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عێراقی عه‌ره‌بی. راسته پێشمه‌رگه هێزێكی بچووكه، به‌ڵام بوێر و ئازان و جیهان رێزی لێ ده‌گرێت و براوه‌ی شه‌ڕه‌و له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه پاڵپشتی و هاوكاری باش ده‌كرێت و سه‌رۆكه‌كه‌یشی بووه‌ته جێی متمانه‌ی جیهان، له به‌رامبه‌ردا حه‌شدی شه‌عبی له دوای داعش وه‌ك هێزێكی مه‌زه‌وی و تۆمه‌تباری جه‌نگ و ئازاردانی سوننه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، بۆیه ناتۆ رێگا نادات نفووز و ده‌سه‌ڵاتی مه‌زه‌وی شیعه له ناوچه‌كه‌دا فراوانتر بێت و، ئه‌و ملیاره‌ها دۆلاره‌ی له جه‌نگه‌كاندا خه‌رج كراوه هه‌روا به‌ئاسانی ئێران به‌رهه‌م و پشكی شه‌ڕه‌كه ناچنێته‌وه.
له‌م روانگانه‌وه سه‌ربه‌خۆبوون وه‌ك پرسێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و ئیراده‌ی گه‌لێك له پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان و حزبه ئیسلامییه‌كان و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و هه‌موو لایه‌نه‌كانی تریش گه‌وره‌تره، ئێستا پێش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كوردستان وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی نیمچه سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، ناكرێت له چوارچێوه‌ی ته‌سك و عه‌قڵی حزبی و ئایدیۆلۆژی ته‌سك و ناوخۆیی شیكاری بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆبوون بكرێت، ناكرێت خوێندنه‌وه‌مان بۆ سه‌رجه‌م پرسه سیاسی و سه‌ربازی و ئابوورییه‌كان له‌چاوی به‌غدا و تاران و ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شقه‌وه بێت، ئه‌وه ئیراده‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانه ناهێڵن شه‌ڕی ناوخۆ له كوردستان و عێراق دروست بێت، ئه‌مه‌ریكا و روسیا ملیاره‌ها دۆلاریان له شه‌ڕێك خه‌رج نه‌كردووه تا له كۆتایدا به‌شه‌ڕی ناوخۆیی كۆتای بێت یا به سه‌پاندنی گه‌مارۆی ئابووری و برسیكردنی میله‌تی كورد كۆتای بێت.
ئێستا ده‌وڵه‌تی دیفاكتۆی كوردستان بوونی هه‌یه، به‌ڵام بهئابوورییهكی لاواز، ئه‌مه‌ش له ناوخۆدا خاڵی لاوازی ئێمه‌یه، تا ئێستایش حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و راستییه نازانێت كه ئابووری چانس نییه، به‌ڵكو دروست ده‌كرێت، ته‌نگژه‌ی دارایی و خراپی دۆخی ئابووری پاساوی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هاتنی به‌لێشاوی ئاواره و زۆری و قه‌به‌یی ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران و بڕینی بودجه و شه‌ڕی داعش نییه، ئابووری به‌رهه‌م و عه‌قڵی دامه‌زراوه‌ییه نه‌ك به‌رهه‌می عه‌قڵی ناشاره‌زا و لاواز، ئه‌مه ئه‌و خاڵه لاوازه‌یه دوژمنانی كورد و نه‌یارانی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی گره‌وی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
پێش ئه‌وه‌ی به‌ره‌و سندوقه‌كانی ده‌نگدان بچین چۆن ده‌بێت له پرۆسه‌ی حوكمڕانیدا شكست بێنین و حكوومه‌ت نه‌توانێت رووی له میله‌ته‌كه‌ی بێت، له‌وه‌دا خه‌ڵكی ناهه‌قی نییه كاتێك تۆوی ترس و برسێتی تێدا ده‌چێنن له ئاینده و چاره‌نووسی بژێوی ژیانیان بترسن، دوای تێپه‌ڕبوونی 26 ساڵ نه‌مانتوانیوه ئابووری سه‌ربه‌خۆ بنیات بنێین، له سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه وه‌رچه‌رخان دروست بكه‌ین، به‌ڵێ له ناوخۆدا كه‌موكورتی هه‌یه و هه‌وڵه‌كانی چاكسازی و گۆڕانكاریش به‌پێی عه‌قڵ و ویستی بژارده‌یه‌كی فه‌رمانڕه‌وا بوو كه له ئاستێكی نزمی شاره‌زاییدا تێڕوانینیان بۆ ئاینده و خواست و ویستی خه‌ڵكی نه‌بوو، بۆیه ئایندهی ئابووریمان به‌هۆی سیاسییه‌كانه‌وه دیار نییه.
ته‌نیا خاڵێك كه دوژمنانی كورد كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و ترس و دڵه‌ڕاوكێمان ده‌خه دڵه‌وه، ئه‌م خاڵه لاوازه‌ی حوكمڕانی كوردستانه كه خۆی له لاوازی ده‌زگاكانی ئابووریی هه‌رێمه‌كه‌دا ده‌بینێته‌وه و نه‌توانراوه ئه‌و گفتوگۆیه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی بكه‌ین كه چی ده‌وڵه‌تێكیان ده‌وێت؟ گرنگ نییه شێوازی ده‌وڵه‌ته‌كه چییه و كێ حوكمی ده‌كات، په‌رله‌مانییه یاخۆ سه‌رۆكایه‌تی یان پاشانشینی یا كۆماری، ئه‌وه حزبه‌كانه به‌پێی ویست و بۆچوونی خۆیان خه‌ڵكی له‌خشته ده‌به‌ن، له هه‌موو دنیادا ئه‌م نموونانه باش و خراپیان هه‌یه، ده‌رئه‌نجام خه‌ڵكی ده‌وڵه‌تێكیان ده‌وێت تیایدا خۆشگوزه‌ران بژین و سوود له خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان وه‌ربگرن.