راگه‌یاندن و سۆشیال میدیا كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و تاكڕه‌هه‌ندی ئاراسته‌ ده‌كه‌ن

شه‌ماڵ نووری 

له‌م هه‌رێمه‌دا سه‌ره‌ڕای گرفتی دارایی و دابه‌زینی ئاستی داهاتی تاكه‌كه‌سی، مانگانه‌ ملیۆنان دۆلار له‌ كه‌ناڵه‌كانی تی ڤی و ده‌زگه‌كانی راگه‌یاندن خه‌رج ده‌كرێت، وێڕای ئه‌و تێچوونه‌ گه‌وره‌یه‌ی هاووڵاتییانیش له‌ بواری سۆشیال میدیادا له‌ ئینته‌رنێت خه‌رجی ده‌كه‌ن. ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوو و كۆمه‌ڵگه‌ كراوه‌كاندا شتێكی ئاسایییه‌، مادام ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م كار بۆ دروستكردن و ئاراسته‌كردنی ڕای گشتی و پراكتیزه‌كردنی دیموكراتی و ئازادییه‌كان ده‌كات، له‌ بنه‌ڕه‌تیشدا سۆشیال میدیا بۆ خێراكردنی بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری و فراوانكردنی پانتایی رۆشنبیری بیركردنه‌وه‌ و به‌هێزكردنی پێوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌. به‌ڵام لای خۆمان له‌ زۆربه‌ی حاڵه‌تدا راگه‌یاندن و سۆشیال میدیا نه‌ك ته‌نیا ڕای گشتی دروست ناكات، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و تاكڕه‌هه‌ندی و نه‌بوونی ڕای گشتی په‌لكێش ده‌كات، ته‌نانه‌ت له‌ پرسێكی چاره‌نووسسازی وه‌ك ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییدا به‌ره‌و ئاراسته‌ی دژایه‌تیكردنی ده‌به‌ن. ئه‌م پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یییه‌ له‌ ڕای گشتی و جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ به‌ره‌و حزبایه‌تی ته‌سك و په‌رله‌مانێكی شپرزه‌ ده‌برێت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی پێشكه‌وتوودا به‌ده‌گمه‌ن حاڵه‌تی به‌م شێوه‌یه‌ له‌ پرۆسه‌ی نیشتمانیدا ده‌بینیت. 

به‌م شێوه‌یه‌ راگه‌یاندن به‌گشتی و سۆشیال میدیا به‌تایبه‌تی له‌ بری ئه‌وه‌ی جیهانێكت بۆ دروست بكات تێیدا زانیاری دروست ده‌ست بخه‌ی و رۆڵی له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری و به‌هێزكردنی پێوه‌ندییه‌كاندا هه‌بێت و هاووڵاتیبوون له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێ ناسنامه‌وه‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی ببات، بووه‌ته‌ دنیایه‌ك له‌ درۆ و سووكایه‌تی به‌هه‌موو پیرۆزییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان، بۆیه‌ سۆشیال میدیا له‌ كوردستاندا له‌ زۆربه‌ی پرسه‌ گرنگ و چاره‌نووسسازه‌كاندا نه‌ك ته‌نیا هه‌ر ڕای گشتی تێیدا ونه‌، به‌ڵكو سۆشیال میدیا به‌ ئاراسته‌یه‌كی وا تاكڕه‌هه‌ندی براوه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ست و سۆز مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان بكات. 

ره‌نگه‌ به‌شێك له‌ هۆكاره‌كان بۆ ئه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ نه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان له‌ ئاست ئه‌و گۆڕانكارییه‌ خێرا و به‌رده‌وامه‌دا بێت كه‌ دنیای ئینته‌رنێت و زانیاری دروستیان كردووه‌، نه‌ خاوه‌نی ئه‌و ژماره‌ پێویسته‌ی كادری پیشه‌یی بن كه‌ بتوانن كۆنترۆڵی ئه‌و پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌ بكه‌ن، نه‌ چاودێر و شرۆڤه‌كارانمان ئه‌وه‌نده‌ن دوور له‌ هه‌ست و سۆز و ئایدیۆلۆجیا و حزبایه‌تی و رك و قینی رابردوو، شرۆڤه‌ی راست و دروستی پرس و رووداوه‌كان بكه‌ن، بۆیه‌ كاتێك كوردستان به‌هاوشێوه‌ی دنیا سۆشیال میدیا له‌ پێوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ به‌ره‌و كایه‌ی سیاسی ده‌برێت، له‌مه‌دا پشێوی و بێسه‌روبه‌ری كایه‌ی سیاسی و شه‌ڕی حزبایه‌تی له‌ ناوخۆی كوردستاندا واقیعێكی وای خوڵقاندووه‌، فه‌یسبووك و تویته‌ر و كه‌ناڵه‌كانی تری سۆشیال میدیا بۆ یه‌كتر شكاندن و سووكایه‌تیكردن به‌هه‌موو پڕۆژه‌ و پرسه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان به‌كار بێت. 

لێره‌دا ته‌نیا نموونه‌یه‌ك ده‌خه‌مه‌ به‌رچاو، ئه‌ویش ریفراندۆمه‌ كه‌ زۆر له‌وانه‌ی دژایه‌تی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن راسته‌وخۆ ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌ناو خه‌ڵكدا دروست ده‌كه‌ن به‌تایبه‌تی له‌ هه‌ردوو بواری سه‌ربازی و ئابووریدا، بێ ئه‌وه‌ی به‌دوای سۆراغی وه‌ڵامی پرسیاره‌ بێ وه‌ڵامه‌كاندا بگه‌ڕێن، راسته‌وخۆ بۆچوونی خۆیان ده‌سه‌پێنن، زۆربه‌ی جار وه‌ڵامه‌كانیان به‌رهه‌می عه‌قڵ و شه‌ونخوونی و گه‌ڕان نین و وه‌ڵامه‌كانی زۆر له‌وه‌ زیاتر هه‌ڵده‌گرێت كه‌ ته‌نیا به‌ تاكڕه‌هه‌ندی وه‌ڵام بدرێته‌وه‌. بۆ نموونه‌: بۆچی ریفراندۆم دوا بخه‌ین؟ ئه‌گه‌ر ریفراندۆم بكه‌ین چی ده‌قه‌ومێت؟ مه‌رجه‌ دوای ریفراندۆم راسته‌وخۆ سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نین یاخۆ وه‌ك كۆسۆڤۆ چه‌ندان ساڵی ده‌وێت؟ ئه‌گه‌ر له‌ عێراق جیا نه‌بینه‌وه‌ به‌دیل چییه‌؟ 

له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌ قوتابخانه‌ مامۆستا ئه‌و په‌نده‌ی پیره‌مێردمان پێ ده‌ڵێت "كاری ئه‌مڕۆ مه‌خه‌ سبه‌ی"، باشه‌ ئه‌گه‌ر ریفراندۆممان دواخست كێ گه‌ره‌نتیمان پێ ده‌دات؟ ریفراندۆم نه‌كه‌ین چی له‌ ژیانمان ده‌گۆڕێت؟ ئایا چ وڵاتێكی زلهێز باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌ عێراقی دوای داعش ده‌بێت چۆن بێت؟ بۆچی تا ئێسته‌ هیچ یه‌ك له‌و پێنج وڵاته‌ هه‌میشه‌یییه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بۆ عێراقی دوای داعش باس له‌ به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی ناكه‌ن؟ به‌درێژایی ته‌مه‌نی كۆمكاری عه‌ره‌بی سوننه‌ی عه‌ره‌ب نوێنه‌رایه‌تی عێراقی له‌و رێكخراوه‌دا كردووه‌، ئه‌ی بۆچی ئێسته‌ له‌سه‌ر عه‌ره‌بی سوننه‌ ناكه‌نه‌وه‌ و به‌رامبه‌ر نه‌هامه‌تی و چاره‌نووسیان بێده‌نگن؟ بۆچی تا ئێسته‌ هیچ لایه‌نێكی ده‌ره‌كی له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان یا ئه‌مه‌ریكا و رووسیا و ته‌نانه‌ت وڵاتانی ده‌وروبه‌ریش به‌فه‌رمی داوای به‌شداریكردنیان له‌و دانوستاندنانه‌ نه‌كردووه‌ كه‌ له‌ نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند به‌ڕێوه‌ ده‌چێت؟ ئه‌و ناوه‌نده‌ی سێ ساڵ زیاتره‌ وه‌ك گه‌مارۆ بودجه‌ی هه‌رێمی بڕیوه‌ و كاریگه‌ریی توندی له‌سه‌ر گه‌شه‌ و دۆخی ناوخۆی هه‌رێم هه‌بووه‌.

له‌ كاتێكدا هه‌مووان ده‌زانن ئه‌مه‌ریكا به‌شه‌ عه‌ره‌بی سوننه‌ و شیعه‌كه‌شی له‌ ده‌ست داوه‌، ته‌نیا كوردستانی بۆ ماوه‌ته‌وه‌. كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی نێوان كوردستان و عێراق چۆن به‌ عه‌قڵیه‌تی ناوه‌ندگه‌رایی و تاكڕۆیی و شۆڤێنییه‌ت چاره‌سه‌ر ده‌بێت؟ له‌ ناوخۆی كوردستانیشدا سه‌تان پرسیاری بێ وه‌ڵام بوونیان هه‌یه‌، كه‌چی زۆربه‌ی به‌كارهێنه‌رانی فه‌یسبووك و هۆكاره‌كانی تری سۆشیال میدیا شرۆڤه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان وه‌ك جاران كارا كرایه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت و بێكار و مووچه‌خۆر چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ چی گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌ ده‌كات دووباره‌ په‌رله‌مان نه‌بێته‌وه‌ گۆڕه‌پانی ململانێی حزبی و میله‌ت و په‌رله‌مانتارانیش به‌ده‌ست دووڕوویی حزبه‌كانیانه‌وه‌ گیرۆده‌ نابن؟ باشه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ئه‌وه‌نده‌ گرنگه‌، بۆچی چه‌ند ساڵه‌ په‌كی كه‌وتووه‌ و نه‌توانراوه‌ كارا بكرێته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر حه‌سه‌ن كه‌چه‌ڵ خۆی كه‌چه‌ڵ بێت ده‌وای ده‌ردی له‌ كوێیه‌؟ له‌ هه‌موو هزر و قوتابخانه‌ هزرییه‌كاندا حزب به‌هونه‌ری ژیان داده‌نرێت، ئه‌ی بۆچی له‌ كوردستان به‌و واتایه‌ حزب بوونی نییه‌، ئه‌و هه‌موو گفتوگۆ و شه‌ڕه‌ قسه‌یه‌ له‌سه‌ر فه‌یسبووك ده‌كرێت، چی له‌ بابه‌ته‌كه‌ گۆڕیوه‌؟

AM:09:51:04/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌