نەهامەتی خەڵك و دەستكەوتی كەسیی لە هەڵبژارندا

AM:09:21:15/12/2017 ‌
شەماڵ نووری 

ململانێ و ناكۆكی حزبە كوردستانییەكان بە تەنیا لە دەوری پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان ناخولێتەوە، بەڵكو لە چەندان ئاراستەی هاودژدا تێكانگیر بوون، تا گەیشتن بە قۆناغێكی مەترسیداری ملدانی زۆربەیان بۆ گەندەڵی و تەنانەت سەر شۆڕكردنی هەندێكیان بۆ ناپاكی و خۆفرۆشی و پیلان لە دژی یەكتر و رێككەوتنی ژێر بەژێریان لەگەڵ داگیركاران. 

بەنزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنە كوردستانی و عێراقییەكان ئەم ململانێیانە زیاتر دەبێت، ئەوەتا هەر لە ئێستەوە ماكینەی میدیایی حزبەكان لە دژی یەكتر و بەخشینەوەی ئۆباڵی شكستەكان لەسەر یەكتر زیاتر بووە، تەنانەت چەندان تێڕوانینی جیاجیا بۆ ئایندەی حكوومەت و چارەسەری تەنگژە و شێوازی گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا دەركەوتووە، تا كار گەیشتووەتە ئەو ئاستەی لەناو یەك حزب و باڵدا هەر كەسە و بە كەیف و بەرژەوەندی كەسی و بنەماڵەیی قسە دەكات و رەفتار دەنوێنێ، بگرە پەرلەمانتار و سیاسەتوانان و بەرپرسی حزبی وا هەیە لە هەر جێیەك و لە هەر رۆژێكدا لێدوانی جیاواز و دژ بە یەكتری لێ دەبیستین، ئەمە لە كاتێكدا زیاتر لە 140 هەزار ئاوارەی كوردی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەن، كەچی گۆڕان و كۆمەڵ سەرقاڵی مەرج مەرجانێن بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی لەمەڕ بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسی كوردستان و عێراقدا، وەك ئەوەی ئێستە هیچ بەشدارییەكیان نەبێت! 

ئەو دوو حزبە تووشی وەهمێك بوون پێیان وایە لە دەرەوەی دەسەڵاتن، لە بیریان چووە هێشتا وەرگرتنی پۆستی پارێزگایان گەرمە و لەودیو سنوورەكانی زۆنی سەوزەوە لە ریزبەندی دووەمی دەسەڵاتداران دێن، كەچی هێشتا بە قەوانێكی سوواو باس لە شكستی حكوومەت دەكەن. ئەگەر ئاوڕێكیش لە یەكێتی و پارتی بدرێتەوە لە هەموو بەرنامە و كارێكدا هاوبەشن، كەچی باشقولی وا لە یەكتر دەگرن هەر دەڵێی زەمانی شەڕی ناوخۆیە. 

ئەم هاودژی و پەرش و بڵاوییە لە لێدوان و رەفتاردا تەنیا بۆ شپرزەیی دۆخەكە و ناكۆكییە حزبییەكان ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ بەرژەوەندی كەسێتی و سایكۆلۆجیای تاكی كوردیش دەگەڕێتەوە، وەنەبێت تەنیا لە بواری هزری و سیاسەتدا ئەم هاودژیی یاخۆ مونافقییە هەبێت، بەڵكو لە رووی ئابووریشەوە دۆخەكە وا تێكچووە هەموو پەرلەمانتار و رۆژنامەنووس و سیاسەتوانێك بوون بە توێژەرێكی نەزانی ئابووری و فەیلەسووفێكی بێ فەلسەفە. ئەوەی لە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە هاریكارە كەناڵەكانی راگەیاندن خۆیانن، بەتایبەتی كەناڵەكانی بینراو كە پەخشی 24 سەعاتیان هەیە و ناچارن بۆ پڕكردنەوەی بەرنامەكان پەنا بۆ هەموو كاراكتەرێك ببەن كە رۆژانە لەسەر تیڤییەكان بازووی خۆیان دەردەخەن، لەمەشدا ئەوەی هانی زیاتری ئەو كولتوورە سەقەتەی داوە، بوونی بێكاری شاراوەی پەرلەمانتاران و سیاسەتوانانە كە لە ئەركی راستەقینەی وەزیفی رۆژانەی خۆیان لایان داوە و لە پەرلەمان و حزبدا بێكارییەكی رووپۆشراو بوونی هەیە. 

پەرلەمانتاری وا هەیە لە هەموو ژیانیدا تەنیا دووجار سەردانی وەزارەتێكی كردووە، ئەوەش لەپێناو بەدەستهێنانی هەندێك زانیاریی و كۆكردنەوەی كۆمەڵێك بەڵگەنامە و نووسراو تا لە شەودا لەسەر شاشەی تیڤییەك بەهەمان وەزارەتی بفرۆشێتەوە، بێ ئەوەی تۆزقاڵێك هەوڵی لەگەڵ ئەو وەزارەتەدا بۆ چارەسەركردن  بدات، پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا هەیە بە دەنگی كەركووكییەكان چووەتە بەغدا، كەچی لەماوەی دوو ساڵدا تەنیا بۆ پیرۆزبایی حەشدی شەعبی سەردانی ئەم شارەی كرد، ئەو حەشدە وەحشییەی دەستدرێژی لەسەر كەرامەت و نامووسی كوردی لەو ناوچانە كردووە و ماڵ و حاڵی كوردی سووتاند و تاڵان كرد.

پەرلەمانتارمان هەیە كاتێك لەسەر شاشەی كەناڵەكانی شیعە گوێبستی دەبیت، وا دەزانی گوێبیستی شۆڤێنییەكی قین لە دڵی دژ بە كوردستان و پێشمەرگە بووی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان وەك بەخشینەوەیەك پارتی بە گۆڕانی دا، كەچی بەرانبەر ماف و دەستكەوتەكانی كورد نقەی لێوە نایەت، تەنانەت پەرلەمانتاری پارتی هەیە لەبری ئەوەی لە بەغدا دەوام بكات و بە ئەركی خۆی هەڵسێت، بارەگای گواستووەتەوە هەولێر و لێرەوە لە تیڤییەكانەوە دەڕوانێتە بەغدا. بۆیە وتەیەكی باو هەیە لە كوردستاندا ئەویش ئەوەیە: (كێ قسە زۆر بكات، زۆرترین دەنگ بەدەست دێنێت). زۆربەی جار بەرپرسانی كەناڵەكە لەوە تێناگەن كە بەخشینەوەی تۆمەت و ناوزڕاندنی ئەویتر و سەت بارەكردنەوەی هێنانی میوانەكان و بەرنامەكان، چی زیانێكی هەبووە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی بینەری خۆیان، چونكە ئاراستەی پرۆگرام و دووبارەبوونەوەی بەرنامەكان و چەقبەستوویی گۆڕینی واقیعەكە و بەردەوامبوونی نەهامەتی و مەینەتی و تەنگژەكان، بینەرانی تیڤی بێزار كردووە، ئەمە لە كاتێكدایە تا دێت نەهامەتییەكانی خەڵكی بە ئازارتر و گەورەتر دەبن، كەسیش دان بەو راستییەدا نانێت كە زۆربەی بۆچوونەكان رێژەیین و مەرج نییە هەموو راستییەكان تەنیا لەلای ئەو بن. ئیمتیازاتی پەرلەمانتار و مووچە چەورەكەی خانەنشینی و تەنانەت دەرفەتەكانی لەناو حزبەكەیدا لە دوای تەواوبوونی خولی پەرلەمانی، وای كردووە پەرلەمانتار لە وەزیفەی راستەقینەی خۆی دوور بكەوێتەوە. 

ئەم دۆخە سەقەتەی كوردستان كە كاراكتەری ناو حزبەكان دروستیان كردووە و هەر خۆیشیان تێیدا نغرۆ بوون و تا دێت ژمارەی دەنگدەریان كەم دەبێتەوە، لای من و زۆربەی هاووڵاتییان شتێكی سەیروسەمەرە نییە، بەڵام سەیرە لە ئێستەوە گرەو و گەشبینی زۆر لە بەرپرسانی پێوەندار بە هەڵبژاردنەكان لەسەر بێ مووچەیی و تەنگژەی دارایی و گەمارۆكانی ئابووری و دارایی و ئاسمانی عەبادی و ناپاكی و خۆفرۆشی بێت، راستە لە هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان و عێراقدا حزبە كوردستانییەكان هەموو پرسەكانی (نەهامەتی خەڵكی خورماتوو كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تر و گیرفانی بەتاڵی مووچەخۆران و بەردەوامبوونی ئازار و ئەشكەنجە و خراپی قوتابخانە و كەرتی تەندروستی و تاڵانكردنی گیرفانی خەڵكی و هێرشی حەشدی شەعبی) باشترین پڕوپاگەندەن نەك بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە، بەڵكو تیمساحانە فرمێسكەكانیان تەنیا بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵك و گیرفان پڕكردنیانە. 

بەمشێوەیە ژیان و گوزەرانی خەڵكی و نەهامەتی و تەنگژەكان لە بازنەیەكی داخراودا قەتیس دەمێنێتەوە و عەبادی بەرانبەر بەم مەینەتییانە گەمە بە كات دەكات و وڵاتیش تا دێت كاولتر دەبێت، بەڵام هەرگیز دەنگی دەنگدەران زیاتر نابێت، چونكە شەرمە لە وڵاتێكدا خەڵكی ماڵ و حاڵیان تاڵان بكرێت و دەیان هەزار كەس ئاوارەی دەشت و گوندەكان ببن و خانوو و دووكانی كورد بسووتێنرێ، كەچی هێشتا نوێنەرمان لە بەغدا و حكوومەتەكەی عەبادی هەبێت، بەمە بە دنیای دەرەوە دەڵێین ئێمە شایستەی ئەو گەمەیەین كە عەبادی و وڵاتانی دەوروبەر بەرانبەرمان دەیكەن.