شه‌ماڵ نووری
سه‌رده‌مانی زوو باوانمان چاو و زه‌ینیان له‌سه‌ر شڕه رادیۆیه‌ك بوو، به‌و ئومێده‌ی رۆژێك گوێبیستی ده‌نگی "بی بی سی" سه‌ربه ده‌سته‌ی ئێستگه‌ی به‌ریتانی یاخۆ گوێبیستی ئێستگه‌ی مۆنتیكالۆ بن و هه‌واڵێكی خۆش بۆ چاره‌نووسی كورد و كوردستان بوه‌شێنن یان هه‌واڵی داستانێكی پێشمه‌رگه‌ی تێدا ببیسترێت، هه‌مووان چاو به‌ره‌و ئاسۆ بوون چۆن له‌و گرتووخانه‌یه‌ی عێراق ده‌ربازیان بێت، ئه‌وان ده‌یانزانی كوردستانه‌كه‌یان به‌بێ ویستی خۆیان به وڵاتێكی وێرانه‌ی عه‌ره‌به‌وه لكێنراوه، ئێسته‌یش نه‌وه‌یه‌ك له په‌راسووی ئه‌وانه‌وه هه‌ڵتۆقیوه و چاویان به‌رایی نایه وڵاتێكی ئازاد به ناوی كوردستانه‌وه ببینن، به‌ڵكو چاویان به كلی ئومێدێك ڕشتووه تا له ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌وه گۆڕانكارییه‌ك به‌سه‌ر عێراق و كوردستان و باروگوزه‌رانی ژیانیاندا بێت و له‌ناو ئه‌م ئۆردوگا زۆره‌ملێیه‌دا كۆتا به‌و هه‌موو ته‌نگژه‌یه بهێنرێت كه چیتر توانای ئه‌و سه‌ختییه جه‌رگبڕه‌یان نه‌ماوه و هه‌ناسه و بڕسكی لێ بڕیون.
له گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت و هاتوهه‌ڵای هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به سه‌دان دروشمی باق و بریق و قسه‌ی زل و چه‌له‌حانێی سه‌ر ته‌نووری سیاسیی و ئابووری، به‌شێوه‌یه‌ك خه‌ڵكیان بێزار كردووه، سه‌رلێشێوانێكی وایان دروست كردووه كه‌س نه‌زانێت راستییه‌كان له كوێن، هه‌ریه‌كه و به‌جۆرێك سووكانی چاكسازیی و گۆڕانكاری و وه‌رچه‌رخان و كۆتاهاتنی مه‌ینه‌تییه‌كان وه‌رده‌سووڕێنێت، په‌یامی په‌رله‌مانتاران له خه‌ونێكی وه‌نه‌وشه‌یی جوان ده‌چێت، هه‌ڵپه هه‌ڵپیانه و هه‌ر په‌یامی ڕه‌نگاوڕه‌نگ به گوێی ده‌نگده‌راندا ده‌درێت، یه‌كێك له كاندیده‌كان به‌وپه‌ڕی ڕه‌هایییه‌وه به‌ڵێنی لابردنی سزاكانی سه‌ر كورد ده‌دات، ئه‌ویتر به‌ڵێنی كۆتاهاتنی پاشه‌كه‌وتی مووچه، ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كان و تا دوایی.
له‌ولایشه‌وه ناوزڕاندن و تۆمه‌تبه‌خشینه‌وه هه‌ر لێی مه‌پرسه و وه‌ك په‌تایه‌كی لێ هاتووه و له‌و ته‌پوتۆزی شه‌ڕه په‌یامه‌دا رقوكینه‌ی ناو حزبه‌كانیش بۆ كاندید وه‌ك ته‌رزه‌ی سه‌رشكێن ڕێژنه‌یه‌تی، پرسه ئابوورییه‌كان كه له خولی پێشوودا و هه‌مان به‌زمیش ئه‌م خوله‌ی ئێسته‌یشی ته‌نیوه‌ته‌وه، له ریزبه‌ندی هه‌ره له پێشه‌وه‌ی به‌ڵێن و په‌یام و گوتاره سیاسییه‌كاندا خۆی ده‌بینێته‌وه، له كاتێكدا هه‌م كاندید و هه‌م حزب باش ئه‌و راستییه ده‌زانن كه سیحری گوتاره ئابوورییه‌كان و به‌ڵێنی كۆتاهاتنی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری و هه‌لی كار و مووچه و خواست و یستی زۆرینه‌ی خه‌ڵكه. بۆیه له‌ناو ئه‌م بازنه‌یه‌دا به‌ڵێنه زه‌رد و سه‌وز و وه‌نه‌وشه‌یی و قاوه‌یی و پرته‌قاڵییه‌كان هه‌رگیز له په‌لكه‌زێڕینه ناچێت كه هێمای بارانبارین و كه‌شوهه‌وایه‌كی به‌هارییانه‌ی خۆشی پێیه..
له پشت هه‌موو ئه‌م قسه به باق و به بریق و گوتار و لێدوانانه، ته‌نیا مه‌به‌ست و ئامانجێك خۆی مه‌ڵاس داوه، به‌ده‌ستهێنانی ئیمتیازێكی چه‌وری په‌رله‌مانتاریی دوور له پاشه‌كه‌وت، بۆ حزبه‌كانیش ئیمتیازێكی تره كه له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی حكوومه‌تی نوێی عێراقدا هه‌مووان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین كورسی و پله و پایه‌یان له به‌غداوه ده‌ست بكه‌وێت، دواتر چی ڕوو بدات گرنگ نییه وه‌ك هه‌ندێك له په‌رله‌مانتار له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا تێی كه‌وتوون كه ئایا چ جۆره سازشێك بۆ عه‌ره‌به‌كان ده‌كرێت به نهێنی و ئاشكرا، له‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانی پۆست و پایه‌ی زیاتردا له‌گه‌ڵ كێ و له چ لیستێكی دژ به كورددا ده‌بێت به كاندید.
له‌ناو هه‌موو گوتاره‌كاندا، په‌یامی پیرۆزی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی له لای زۆربه‌ی قه‌واره‌كان ونه و ره‌واجێكی باشی نییه، ته‌نانه‌ت به‌بێ شه‌رم و سڵكردنه‌وه له مێژوو باسی ئه‌وه ده‌كرێت كه ریفراندۆم "ڕاپرسی گه‌ل" بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵه بووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م میله‌ته ده‌یان هه‌زار شه‌هید و ئه‌نفال و كیمیاباران و ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری و ته‌رحیلی له‌پێناوی په‌یامه‌كه‌ی ڕیفراندۆم نه‌دابێت، هه‌موو داره‌بازی شه‌هیده‌كان كه ده‌خرانه پێش چاوی به‌فرمێسكی باوك و دایك و منداڵه‌كانیان له‌بیر كراون، پاكانه بۆ دوژمنی پڕ له قینی كورد ده‌كرێت و داگیركردن و هێرشكردنه سه‌ر كوردستان به ریفراندۆمه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه، له كاتێكدا ریفراندۆم بكرایه یاخۆ نا، رووداوه‌كانی دوای ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌ر روویان ده‌دا، له زه‌مه‌نی مالیكی‌دا كاتێك تانك و زرێپۆشه‌كان به‌ره‌و خانه‌قین جووڵێنران، خۆ ئه‌وكات هه‌ر باسی ریفراندۆم نه‌ده‌كرا!
زۆرجار حزب و سه‌ركرده شه‌عبه‌ویی و بزووتنه‌وه نوێیه‌كان كوێرانه لاسایی ئه‌زموونی میله‌تانی تر ده‌كه‌نه‌وه. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌یش خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت بین و مه‌ترسیمان له‌سه‌ر نه‌بێت و ئابوورییه‌كی سه‌ربه‌خۆ و دامه‌زراوه‌یه‌كی نوێی ئابووریمان هه‌بێت، كوێرانه ئومێد ده‌به‌خشنه‌وه به‌وه‌ی فشار له عێراق ده‌كه‌ن چیتر گه‌مارۆمان نه‌دات و به‌شه بودجه و مووچه‌مان بۆ بنێرێت، له كاتێكدا به ئه‌نقه‌ست ئه‌و راستییه‌یان شاردووه‌ته‌وه كه عێراق بێ گوێدانه ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌كانی خه‌ڵك گه‌مارۆ و سزای ئابووری به‌سه‌ر مووچه‌خۆران و جه‌ماوه‌ری كورددا سه‌پاند و برسیی كردن و مووچه‌ی كرد به كارتێكی سیاسی بۆ سه‌رچۆك پێ‌خستنی حكوومه‌تی هه‌رێم و بێ ده‌سه‌ڵاتكردنی زیاتری نه‌ته‌وه‌ی كورد.
ئه‌گه‌ر كورد له به‌غدا هه‌ره باشترین له كاندیده‌كانی خۆی بنێرێت و ببێت به خاوه‌نی 100 كورسیش، هه‌ر له‌ناو په‌رله‌مانتاره شۆڤێنی و مه‌زه‌وییه‌كاندا بڕیاره‌كان به عه‌قڵیی حوكمڕانی ناوه‌ندی به‌ڕێ ده‌كرێن، ئیتر كورد گره‌و له‌سه‌ر چی بكات و به‌غدا هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كێ بكات، ئه‌گه‌ر به‌م بێسه‌روبه‌رییه‌وه حزبه‌كان نوێنه‌ریان بنێرنه به‌غداوه، كاتێك لێره چاره‌سه‌ری ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ی ناكۆكی و په‌رته‌وازه‌یییان پێ نییه و گوایه ده‌ڵێن له دوای هه‌ڵبژاردن یه‌كڕیزی و یه‌كلیستی پێك دێنین، له دوای 100 ساڵ ئه‌زموونی پڕ له شكست چ هیوایه‌ك به به‌غدا هه‌یه! له دامه‌زراندنی حكوومه‌تی عێراقه‌وه به هاوشێوه‌ی پایته‌خته‌كانی تری وه‌ك تاران و ئه‌نكه‌ره و دیمه‌شق و له‌وان زۆر خراپتریش ئێسته به‌غدا كارتی ئابووری وه‌ك كارتێكی سیاسی و فشارێك له دژی كورد به‌كار دێنێت، زۆرجار ئه‌وه‌ی وای له‌م كاندیدانه كردووه دووباره خه‌ڵك فریو بده‌نه‌وه ئه‌و بێباكییه‌ی حكوومه‌ت و كاربه‌ده‌ستانی ته‌نگژه‌كه و پاشه‌كه‌وتی مووچه بكه‌ن، ناكۆكییه‌كانی ناوماڵی كورد به‌تایبه‌تی له نێوان یه‌كێتی و پارتیدا دۆخه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كردووه, له پاڵیدا خوتبه‌چی و ده‌جاله شه‌عبه‌وییه‌كانی ناو پرۆسه‌ی سیاسی، مه‌له له ئاوی لێڵدا ده‌كه‌ن. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش به‌ڕێوه ده‌چێت و ده‌یان كه‌سیش ده‌بن به قوربانی و خه‌ڵكیش سه‌رقاڵ ده‌كرێت و كێشه‌كانیش بێ چاره‌سه‌ر ده‌مێننه‌وه، چۆن له خوله‌كانی تری په‌رله‌ماندا هه‌مان سیناریۆ دووباره بووه‌وه، ئه‌مجاره‌ش به كۆمه‌ڵێك سیما و وێنه‌ی نوێ و كه‌مێك جیاوازی له دابه‌شكردنی كاراكته‌ره‌كانه‌وه، شانۆگه‌رییه‌كه ده‌باره په‌خش ده‌كرێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك بگۆڕێت.
مێژووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و كوردستان ده‌ریانخستووه له دوای هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك نائارامی و ناسه‌قامگیری زیاتر به‌دوایدا دێت، ئه‌وجا خه‌ڵكی به دامه‌زراندنی حكوومه‌تی نوێ و به‌رنامه چاكسازییه‌كه‌یه‌وه سه‌رقاڵ ده‌كرێت و ئه‌م چه‌له‌حانێ سیاسییه به سیناریۆی خه‌ونه ئابوورییه‌كانه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت. راستییه تاڵه‌كه‌ی مانه‌وه‌ی كورد له‌ناو عێراقێكی مه‌زه‌وی و سێیه‌م وڵاتی گه‌نده‌ڵ له دنیادا به‌رده‌وام ده‌بێت، له ناوخۆشدا ئه‌وه‌نده‌ی تر حزبه سیاسییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی كوردستان گه‌رمتر ده‌بن، هیچ كام له پڕۆژه و په‌یامه‌كانی هه‌ڵبژاردنیش ناچنه ناو كایه و خانه‌ی پڕۆژه‌ی ئابوورییه‌وه و ناتوانرێت ئه‌و نه‌زیفه بوه‌ستێنرێت كه سێكته‌ره ئابوورییه‌كانی كوردستان به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت.
له قۆناغه مێژوویییه‌كاندا گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كان دووچاری شكستی سیاسی و سه‌ربازی و هه‌واڵگری ده‌بنه‌وه، به‌ڵام هه‌رگیز رێ ناده‌ن له قۆناغی بنیاتنانی نه‌ته‌وه‌دا شكستی ئابووری وره‌یان پێ نه‌هێڵێت و دۆش دابمێنن و سه‌رقاڵی چه‌له‌حانه‌ی حزبایه‌تی و بانگه‌شه‌ی كاندید بن. به‌ڵكو پێویسته له رێی دامه‌زراوه‌كانه‌وه دنیابینی ئابووری دابڕێژن و به پلانی وردتر و باشتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن و شوێنه‌واره‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی و ئابووری له‌سه‌ر هاووڵاتییان و حكوومه‌ت كه‌م بكه‌نه‌وه.
كاتی ئه‌وه هاتووه چیتر ده‌نگده‌ری كورد له خشته نه‌برێت و راستییه‌كانی بۆ روون بكرێته‌وه كه كورد به‌و هه‌موو لیست و قه‌واره و قه‌واره سیاسی و په‌رته‌وازه‌یییه‌وه له به‌غدایه‌كی زۆرینه‌دا هیچی پێ سه‌وز نابێت و بێ سه‌واد و بێ به‌رهه‌م ده‌مێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ به هێزه‌وه بچنه‌وه به‌غدا، باشتره ناكۆكییه‌كانی ئێره نه‌برێته به‌غدایه‌ك كه هه‌میشه به‌دوای خاڵی لاوازی كورددا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌وجا هه‌ر سه‌ركرده و كه‌سێك زیاتر مه‌ترسی بۆ سه‌ر پڕۆژه نه‌ته‌وه‌یییه‌كه‌ی ئه‌وان هه‌بێت زیاتر ده‌كه‌وێته به‌ر زه‌بر و قسه‌و ناوزڕاندن. ئه‌وان نایانه‌وێت كورد مه‌رجه‌عی هه‌بێت و به‌هێز و یه‌كده‌نگ بێت، تا له نه‌خشه‌ی نوێی عێراقدا به ئه‌رێنی جێ پێ بۆ كورد نه‌مێنێته‌وه، بۆیه چاره‌سه‌ری هه‌موو ته‌نگژه‌كان له‌ناو كوردستانه‌وه ده‌كرێت نه‌ك له‌ناو گه‌نده‌ڵخانه‌یه‌ك كه سێیه‌مین ده‌وڵه‌تی گه‌نده‌ڵه له‌سه‌ر ئاستی دنیا.