دۆزی خاك و به‌شه‌ بودجه‌ی كوردستان له‌ حكوومه‌ته نوێیه‌كه‌ی عێراقدا

شه‌ماڵ نووری

دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سیناریۆی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی حكوومه‌تی عێراق كه‌ ئێسته‌ باس له دامه‌زراندنیان ده‌كرێت، عێراقێكی ناجۆری به‌زۆر لكێنراو به‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ تا بینه‌قاقا گیرۆده‌ی گرفت و كێشه‌ی ئیتنی و مه‌زه‌وی و سیاسیی قووڵ و خه‌له‌لی بونیادگه‌رییه‌. گریمان حكوومه‌ته‌ به‌ناو (ته‌كنۆكرات و سازان)ه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی (ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ی  به‌رده‌وام نووسراوی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌ گیرفاندایه‌) بێ گرفت راگه‌یه‌نرا، ئایا كه‌سایه‌تییه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ له‌ناو گورگه‌یه‌لێكدا چاره‌سه‌ری ئه‌و هه‌موو كێشه‌ و گرفته‌ سیاسی و ئابوورییه‌ی بۆ ده‌كرێت؟ ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ی له‌ زه‌مانی ته‌قیانووسه‌وه‌ تا ئێسته‌ بووه‌ته‌ خه‌ونی مل حوشتر له‌م عێراقه‌دا چۆن و كه‌ی دێته‌ دی؟! تا له‌ سایه‌یدا ئابووری ببووژێته‌وه‌، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌، حكوومه‌تێكی كارتۆنی و تایفی كه‌ ته‌نیا سه‌رقاڵی  دابه‌شكردنی پۆسته‌كان بێت، چۆن پێی ده‌كرێت له‌ ئاست خواست و داواكارییه‌كانی شه‌قامی عه‌ره‌بی سوننه‌ و شیعه‌ی به‌سڕه‌ و گه‌لی كوردستاندا بێت، بۆیه‌ وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌مجۆره‌ حكوومه‌تانه‌ له‌ 100 رۆژی یه‌كه‌می حوكمڕانییه‌كه‌یدا ئه‌دایه‌كی باشی نه‌بێت و نه‌توانێ به‌ كلیلی حوكمدارییه‌كی ره‌شید قوفڵی پرۆسه‌ی سیاسییه‌كه‌ بكاته‌وه‌. بگره‌ وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌و 100 رۆژه‌دا دكتۆر عادل عه‌بدولمه‌هدی ته‌نیا خۆی به‌دوور بگرێت له‌ ده‌ستبردن بۆ ئه‌و هه‌موو گرفت و كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌ی ناوخۆ، به‌تایبه‌تی كێشه‌كانی نێوان كوردستان و ده‌وڵه‌تی عێراق و گه‌نده‌ڵی و میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی.

ئه‌وه‌تا هێشتا سه‌رۆك وه‌زیران له‌سه‌ر كورسیی ده‌سه‌ڵات دانه‌نیشتووه‌، عه‌بادی ده‌یان بڕیاری خێرای بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چه‌ندان پۆستی دارایی و ئابووری گرنگ ده‌ركردووه‌ و له‌ولاشه‌وه‌ زیاتر به‌نزین به‌ ئاگردا ده‌كات، ره‌شنووسی پڕۆژه‌ یاسایه‌كی بودجه‌ی 2019 بۆ ئاماده‌ كردووه‌، كه‌ به‌هیچ جۆرێك له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ ناچێت و ناكۆكی زۆری له‌سه‌ر ده‌بێت. له‌و ره‌شنووسه‌دا پشكی كورد هه‌ر 12.7% دانراوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی خه‌رجییه‌كانی سه‌روه‌ریی (نفقات سیادی) به‌هۆی زیادكردنی بڕگه‌كانی ئه‌م خه‌رجییانه‌وه‌، له‌ 95 بڕگه‌وه‌ بۆ 111 بڕگه‌ پشكی كورد بۆ 8% كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و بودجه‌ی كوردستان له‌ 128 تریلۆن دیناره‌وه‌ بۆ نزیكه‌ی 60 تریلیۆن دینار دێته‌ خواره‌وه‌، ته‌نانه‌ت پڕۆژه‌ یاساكه‌ پێشێلكارییه‌كی روونی ده‌ستووری له‌خۆ گرتووه‌ به‌وه‌ی بۆ جارێكی تر باس له‌ بودجه‌ی پارێزگاكانی هه‌ولێر- سلێمانی – دهۆك ده‌كات نه‌ك بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

خۆ كێشه‌ و گرفته‌كانی تری مه‌رجه‌ قورسه‌كانی نه‌وت و پێشمه‌رگه‌، نه‌ك هه‌ر پرس به‌حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌كراوه‌، به‌ڵكو به‌هه‌مان عه‌قڵی سزادانی گه‌لی كوردستان درێژه‌ به‌ سزا دارایی و ئابوورییه‌كانی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر دراوه‌، له‌ پاڵیدا په‌رله‌مانێكی زۆرینه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی بینیمان له‌ دانانی سه‌رۆك كۆمارێكی قه‌ره‌قۆزییانه‌ی كاڵا به‌ قه‌د باڵا براوه‌ی عه‌ره‌به‌ شۆڤێنییه‌كان بوو، ئیتر چۆن متمانه‌ و بینا له‌سه‌ر یه‌كڕیزیی ناوماڵی كورد ده‌كرێت؟. 

حكوومه‌ته‌ تایفییه‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی كه‌ له‌دوای سه‌ركه‌وتنیدا به‌سه‌ر داعش، به‌ گوتار و ره‌فتارێكی عه‌قڵانی هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ كورد نه‌كردووه‌، ئێسته‌ له‌دوا رۆژه‌كانی ته‌مه‌نیشیدا چه‌ندان خاڵی گومرگی له‌ نێوان ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر و هه‌رێمی كوردستان داناوه‌ ته‌نیا له‌ پێناو به‌عه‌ره‌بكردن و به‌عێراقكردنی كه‌ركووك و ئه‌و ناوچانه‌ و گۆڕینی رێڕه‌وی بازرگانی و زیانگه‌یاندن به‌ئابووری كوردستان و به‌دواخستنی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی عه‌ره‌بی سوننه‌، كه‌ له‌ سه‌رده‌می مالیكی و عه‌بادی هه‌مووی كاول كران.

له‌مه‌شدا شیعه‌ به‌ قین و رقێكی له‌ مێژینه‌ی سه‌دان ساڵه‌وه‌ و به‌پیلانێكی تۆكمه‌وه‌ تۆڵه‌ی هه‌شت ساڵه‌ی ئێرانیان له‌ سوننه‌ كرده‌وه‌ و له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا هیچ سوننه‌یه‌كی نه‌هێشت مه‌گه‌ر وه‌ك شیعه‌ قسه‌ بكه‌ن. ئاخر ئابوورییه‌كی عێراق كه‌ پشتبه‌ستووه‌ به‌داهاتی پێترۆڵ، چۆن ده‌توانێ ئابووریی ئه‌م وڵاته‌ بگه‌یه‌نێته قۆناغی په‌ره‌پێدانی به‌رده‌وام؟ چۆن ده‌توانێ دڵی هه‌موو ئه‌و هه‌موو هێزانه‌ به‌یه‌ك ئاراسته‌ و هاوسه‌نگ ڕابگرێت، كه‌ ئه‌مڕۆ به‌هۆی پاره‌ و هێزی سه‌ربازییه‌وه‌ هه‌موو كاتێك توانای چه‌سپاندنی سه‌قامگیری یان تێكدانیان هه‌یه‌ و وه‌ك وه‌كیلێك به‌دڵی ئاغاكانی ئێران هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن؟.

له‌ قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تای خوێندنی ئابووریدا دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ئابووری ره‌یعیدا، هیچ كه‌سیك ده‌سه‌ڵاتی نییه‌ له‌سه‌ر ئاراسته‌كردنی ئه‌مجۆره‌ ئابوورییه‌ و پێشبینی كردنی ئه‌گه‌ری كه‌وتنه‌وه‌ی رووداوه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنی مه‌ترسییه‌كان له‌ ئابوورییه‌كی له‌م چه‌شنه‌دا مه‌حاڵه‌. له‌ولاشه‌وه‌ نه‌ك ئه‌و برینانه‌ی له‌ پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه‌ به‌ره‌و ساڕێژبوون ناچێت، به‌ڵكو چه‌ندان مینی شاراوه‌ی تر بۆ له‌ناوبردنی قه‌واره‌ی هه‌رێم دانراون، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی ناوماڵی كورد له‌ به‌غدا كۆتایی پێ هاتووه‌ و هه‌ر لایه‌ن و قه‌واره‌یه‌كی سیاسی به‌جیا سه‌ردانی ماڵی دوژمنه‌كانی كورد و كوردستان ده‌كه‌ن. هه‌رچۆنێك بێت سڕكردنی ململانێ و گرژییه‌كان له‌ زستانی ئه‌مساڵدا بۆ كورد گرنگه‌، ره‌نگه‌ له‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدیشدا كورد سێ داواكاری سه‌ره‌كی هه‌بێت و گرنگ بێت، ئه‌ویش: 

1-ئاساییبوونه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌كانی ماده‌ی 140 و ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌م ماده‌یه‌ به‌پێی بڕگه‌كانی ده‌ستوور .
2-پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی عێراقدا ب سازان بكرێته‌وه‌ به‌ 17%.
3-بودجه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ و پێداویستییه‌كانی كه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی خه‌رجی سیادییه‌وه‌، له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ دابین بكرێت.

AM:09:44:26/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 85 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌