گێچەڵەكانی بلەكۆر و پەكەكە

PM:12:32:04/07/2019 ‌
رامیار جەواد

لە ساڵانی چلەكان لە سنووری خۆشناوەتی، كەسێك بە ناوی ئیبراهیم هەبوو كە چاوێكی بینایی لە دەست دابوو بەهۆی ئەشكەنجەدانی لەلایەن ئاغایەكی سنوورەكە، ئیتر ئیبراهیم بڕیاری یاخبوونی داوە و ڕۆژانە لە ئەشكەوت و بنبەردەكانی چیای سەفین و دەوروبەری ژیانی دەكرد، بەڵام تۆڵەی خۆی لە ئاغا پێ نەدەكرایەوە، بۆیە تۆڵەی لە جووتیاران دەكردەوە و هەراسانی كردبوون.

ئیبراهیم بەهۆی بەردەوامی كردەوەكانی لەلایەن هاووڵاتییانی ئەو سنوورە بە "بلەكۆر" ناوی دەركرد، بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانی خەڵكی ئەوكاتەی ناوچەكە بوو، دیسان كرۆكی بابەتەكەیە كە بلەكۆر لەلایەن ئاغاوە ستەمی لێ كراوە و ئەو لە بەرانبەردا زیان لە جووتیار و بەروبوومەكانیان دەدات و ڕۆژانە سەرانەی لە كاروانچی و ڕێبوارانیش وەردەگرت، وەك دەگێڕنەوە جارجاریش تەقەی لێ دەكردن.

ئێستەیش ئەو گێچەڵەی پەكەكە لەو سنوورانەی هەرێمی كوردستان دەیكات، هەمان گێچەڵی بلەكۆرە، سەرانە لە جووتیار وەردەگرێت، لەگەڵ توركیا شەڕی هەیە و چیا و چۆڵی زۆر لە توركیا و بەدیاریكراوی لە باكوری كوردستان هەیە كە ناوچەی نفووزی خۆیەتی، كەچی هاتووە لە خاكێكی تر چالاكی دەكات، سەركردەكەیان لەلایەن توركیاوە گیراون، كەچی تەشقەڵە بە سەركردەكانی باشوور دەكات، كێشەی قبووڵنەكردن و بەدەنگەوە نەهاتنی هەیە لە باكور، بەڵام داوای هاوكاری لە گەنجانی باشوور دەكات، لە بەشێك گوندەكانی باكور پێشوازییان لێ ناكرێت، دێت خۆی لە گوندەكانی باشوور دەسەپێنێ.

پەكەكە بەوەیشەوە ناوەستێ كە ژیان و تەناهیی باشوور كاول دەكات و گوندەكان لە خاوەنی زەوییەكان زەوت دەكات، بەڵكو تا ئەو شوێنە دەست دەخاتە بینەقاقامان كە زانی لە تەنگژەداین و گەمارۆ هەراسانی كردووین، هێرشی كردە سەر بۆڕیی نەوتی كوردستان كە قووتی پێنج ملیۆن و 800 هەزار هاووڵاتییە، بەڵام ناتوانێ دانوستاندنێك بكات بۆ 24 ملیۆن هاووڵاتیی كوردی باكور و ئاشتی بەرپا بكات كە سەركردەی وەك سەڵاحەدین دەمیرتاش نەچێتە گرتووخانەوە.

لەڕووی سیاسیی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە ئەگەر چاوێك بە مێژووی ئەو حزبە چەكدارییەدا بخشێنین، چی پێشكەش كردووە جگە لە نەهامەتی و بەكوشتدانی هەزاران ڕۆڵەی ئەم كوردە و وێرانكردنی زیاتر لە 700 گوند و سووتاندنی زیاتر لە 150 هەزار كیلۆمەتر دارستان تەنیا لە هەرێمی كوردستان؟ بێ لەوەی جارجاریش بە فیتی ئەملاوئەولا نوقوڕچ لە حزبەكانی ڕۆهەڵاتیش دەدەن.

ئەو نەهامەتی و هەتكە سیاسیی و خاكییەی باڵەكانی پەكەكە لە خەباتی هەشت ساڵەی ڕۆژئاوای كوردستان بەسەر هاووڵاتییانی هێنا، هیچی كەمتر نەبوو لە خیانەتی ئامۆزاكەی میری بادینان كاتێك ئیمارەتەكەی  ڕاگەیاند و هاوکات هێرشكردنە سەری ڕاگەیەنرا، كاتێك بەشەڕ نەیانتوانی ڕووبەڕووی ببنەوە، ئەردەشێر دەرگەی بەڕووی نەیارانیدا كردەوە تا گڵپەی شەڕەكە لەپێناو چڵێسی و دەسەڵات بۆ خۆی، هەموو شتێك وێران بكات.

گومان لەوەدا نییە ئەمانە هیچ كاتێك بستێك ئازادی بەرهەم ناهێنن و دەستیان ناكەوێت لەو هەموو گۆڕانكارییەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بگرە وەك بۆمبی تەوقیتكراون هەر كاتێك بەرژەوەندییەكانی كورد 50% بڕ بكات، وەك چەكووشی ئامادە دەیدەنەوە بەسەر كورددا و دەمانگەڕێننەوە خاڵی سفر و دڵەڕاوكەی شەڕی براكان.