ماجید نووری
له‌و ڕۆژگاره‌دا كه هه‌رسێ حزبی پاسۆك و حسك و گه‌ل له‌ژێر تایپی یه‌كگرتن تێكه‌ڵ بوون، من له ڕۆژنامه‌ی (سه‌ربه‌خۆیی)دا زیاتر له ساڵێك په‌یامنێر و نووسه‌ر بووم، بۆیه یه‌كه‌مین پیشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیم له‌و مانگنامهیهدا هه‌ڵبژارد, چونكه هه‌ر ئه‌وكاتیش دركم به‌وه كردبوو فۆرمی حزبایه‌تی له‌وه ته‌سكتره له‌ناو فۆرمی به‌رین و فراوانی سه‌ربه‌خۆیی نیشتماندا جێی ببێته‌وه، حزبه‌كان تێكده‌شكێن و هه‌ڵده‌وه‌شێن و ده‌سازێن و یه‌كده‌گرن و تووشی نسكۆ ده‌بن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نیشتمان به سه‌ربه‌خۆیی بگات ڕۆحه تێكشكاوه‌كان سه‌رله‌نوێ دروست ده‌كاته‌وه، گرووپ و حزب و قهبیلهكان له‌ناو یه‌ك ئۆرگاندا كۆ ده‌كاته‌وه، چین و توێژه‌كان به جیاوازییه‌كانیانه‌وه له یه‌ك ماڵدا ده‌سازێنێته‌وه، نیشتمان ئه‌گه‌ر نسكۆشی تووش بێت، به ئاسانی ده‌توانێ فریای ڕاستانهوهی خاك و گه‌ل بێته‌وه.
بڕیاردانم بۆ كاركردن له (سه‌ربه‌خۆیی)دا هاوكات بڕیارێك بوو بۆ خۆڕاتهكان له هه‌موو نازناوه‌كانی تیره‌گه‌ری و ناوچه‌گه‌ری و شارچێتی، ڕزگاربوونم له‌و پاشكۆیاتییهی كه كوڕی كێم و سه‌ر به چیم و له كوێ له‌دایك بووم، ڕووكردنم بوو به‌ره‌و ئینتیمایه‌كی واقیعییانه‌ی نیشتمانیی.
له‌و زه‌مه‌نه‌ی پاش ڕاپه‌ڕیندا كه فه‌وزایه‌ك له هاتوهاوار و هوتافكێشان و تۆڵه‌كردنه‌وه و هه‌ڵپه‌هه‌ڵپی بێ ئامانج و شه‌ڕه‌په‌ڕۆ مێشكی زۆربه‌ی خه‌ڵكی ڕه‌نگ ده‌كرد، من حزبێكی وه‌ك (پاسۆك)م هه‌ڵبژارد، چونكه بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌ت ئامانجی هه‌بوو، هه‌روه‌ها له بری ئاڵای حزبی ئاڵایه‌كی كوردستانی هه‌بوو كه به ئه‌مانه‌ته‌وه بارزانی له قازی وه‌رگرتبوو تا بیپارێزێت و نه‌كه‌وێته بنپێی داگیركارانی خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌م. پاسۆك ڕۆژنامهیهكیشی به ناوی (سه‌ربه‌خۆیی) هه‌بوو، ئه‌م سێ شته ئاودێری ئه‌و نهمامهیان ده‌كرد كه به‌هۆی په‌روه‌رده‌ی ماڵباتیی و هه‌ست و سۆزی شاعیرانه و لۆجیكی دنیابینی خۆم و خوێندنه‌وه‌ی مێژووییم بۆ گه‌لانی ئازادیخوازی دنیا, له ناخمدا ڕوابوو.
ئه‌گه‌رچی له‌و بڕوایه‌شدا بووم كه حزبایه‌تی له كوردستاندا و واده‌ی دروستبوونی حزب له مێژووه پڕ ته‌نگژه‌كانی به‌سه‌ر كوردا هاتوون، ڕه‌هه‌ندێكی قووڵتریان بۆ لێكدابڕانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی دروست كردووه و هیچیان شتێكی ئه‌وتۆیان له ڕه‌هه‌ندی خێڵگه‌رایی و شارچێتی و ناوچه‌گه‌ری نه‌گۆڕیوه. حزب ڕۆحی نهتهوهییبوونی كوردی خستووه‌ته ناو ده‌فری بچكۆله‌ی ئۆرگانهكانیهوه, به‌ڵام به‌هارات و ترشوخوێی تیره‌گه‌ری و خێڵایه‌تی و گوندایه‌تی و شارچێتی و گهڕهكپهرستی به‌سه‌ردا ڕشتووه و له بری تاموبۆی نیشتمان ئه‌و ده‌فره تامی ناوی چه‌ند سه‌ركرده و فه‌رمانده و شه‌هید و ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پیرۆزكراوی لێ ده‌هات، له‌ناو ئه‌م هه‌موو ئه‌فسانه دروستكراوانه‌دا چوومه ناو حزبی پاسۆك كه بچكۆله‌ترین حزبی ناو به‌ره‌ی كوردستانی بوو تا گه‌وره‌ترین ئامانج و ڕوانینم بۆ دنیای میله‌ت و نیشتمانه‌كه‌م له‌ودا بدۆزمه‌وه.
ده‌مزانی پاسۆكیش وه‌ك حزبه‌كانی تری ئه‌و سه‌رده‌م و حزبه‌كانی ئێسته‌یش خۆی به نوێنه‌ری هه‌موو نه‌ته‌وه ده‌زانێت و ده‌یه‌وێت به ناوی هه‌مووانه‌وه بدوێت، ده‌مزانی ئه‌م خۆ به نوێنه‌رایه‌تی هه‌مووان زانین و قسه‌كردن به ناوی هه‌مووانه‌وه جۆرێكه له ڕۆحزلی حزبی كوردی كه خۆی له به‌رده‌م ئاوێنه‌یه‌كی به‌رباخه‌ڵی سه‌ركرده‌كانی شاخدا پێ ده‌بینێته‌وه، باش ده‌مزانی خولیا و عه‌شقه‌كه‌ی من بۆ سه‌ربه‌خۆیی نیشتمان، ئاوێنه‌ی گه‌وره‌تر و ڕۆحی خاكڕایی وای گه‌ره‌كه كه له قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌تر نه‌ڕوانێت، خاوه‌ن ئۆرگانی وای پێویسته كه له بینینی جیاوازییه‌كان و ڕه‌نگه‌كانی تردا شه‌وكوێر نه‌بێت، گرووپی وای پێویسته كه به‌سه‌ر نه‌فسی ئه‌مماره‌ی خۆیاندا زاڵ بن، هاوبیرو هاوڕێ و هه‌ڤاڵی وای ده‌وێت كه له‌ناو ئازار و خوێنی سه‌ده‌یه‌كه‌وه به ڕق و كینه‌وه نه‌هاتبنه ده‌ره‌وه، ئه‌قڵ و دنیابینی وای ده‌وێت كه له كورتبینی كوێخا و ئاغا‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان دوورتر بڕوانێت، له‌و سه‌روه‌خته‌دا وه‌فاداری و ئینتیمام بۆ پاسۆك هه‌ڵبژارد. چونكه له دروشمه‌كانیدا ئاراسته‌یه‌كی سروشتی قۆناغی ڕزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌كه‌می تێدا هه‌بوو، هاوكات ده‌شمزانی پاسۆك به ته‌نیا و هیچ حزبێكی تری مهیدانهكهش به ته‌نیا ناتوانێ نه ئاراسته‌كه‌ری مێژوو نه بنیاتنه‌ری داهاتوو بێت.
ئه‌و عاتیفه و ئه‌شقه‌ی ئه‌وكاتی سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕین بوو كه بۆ نه‌ته‌وه و ئامانج و ئاڵای نیشتمان هه‌مبوو، وای لێ كردم له‌گه‌ڵ چه‌ند گه‌نجێكی ده‌روێش ئاسای وه‌ك خۆمدا خوێن و فرمێسكمان بخه‌ینه ناو كاسه‌وه و شه‌و و ڕۆژ بخه‌ینه سه‌ریه‌ك و ئیشوكارمان ببێ به داكوتانی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر لووتكه و به قولهبهرزهكانی كوردستان و ئینجا زۆربه‌ی دیواره‌كانی شاری هه‌ولێر به دروشمه‌كانی پاسۆك و ئاڵای كوردستان بنه‌خشێنین.
یه‌كه‌مین سهرشكانم به ده‌ست هاوشارانی خۆمه‌وه، له‌و كاته‌دا بوو كه له سلێمانی ئه‌و ئاڵایه‌م برده سه‌ر ئۆفیسی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، یه‌كه‌مین داچڵه‌كان و تووڕه‌بوونم له پێشمه‌رگه‌یه‌كی نیشتمانم، ئه‌وكاته بوو كه له‌سه‌ر وه‌ختی یه‌كگرتنی حزبه‌كانی وه‌ك پاسۆك و گه‌ل و حسكدا له سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌ك عه‌دنان موفتی خۆم تووڕه كرد, كاتێك پێمی گوت (فڕۆكه‌وانی ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ی به ئاسمانی كوردستانه‌وه پارێزگاری له هێڵی 36 ده‌كات بڕوای به‌م ئاڵا و خه‌ونه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستان و سه‌ربه‌خۆییه‌ی ئێوه نییه). منیش گوتم (ئینجا ئه‌وێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتی خۆی و مسۆگه‌ركردنی مووچه‌ی مانگانه‌ی خۆی به سه‌رماندا بسووڕێته‌وه، بۆچی بڕوا به بڕواكانی ئێمه بهێنێ، گرنگ ئه‌وه‌یه خۆت بڕوات پێی هه‌بێت). دواجار گوتی (سیاسه‌ت به خه‌یاڵی شاعیرانه) ناكرێت.
به‌ر له‌و گفتوگۆیه‌م و به‌ر له بیستنی ئه‌م گوته‌زای خه‌یاڵی شاعیرانه‌یه كه له زاری ئه‌م كه‌سایه‌تییه به‌ڕێزه‌ی شاری هه‌ولێر و پێشمه‌رگه و سه‌ركرده دێرینه‌ی شاخدا كه‌وته‌وه، زۆر به باشی ئه‌وه‌م ده‌زانی سه‌ركرده‌ی له‌و باڵاتریش هه‌بوون و پێش ئه‌میش به ئاڵای كوردستانیان ده‌گوت بهڕهكۆنی سه‌ربان، ده‌مزانی هه‌موو حزبه‌كانی ئه‌وكات له‌ناو به‌ره‌ی كوردستانی به هه‌ڵدانی ئه‌و ئاڵایه‌ی كوردستان قه‌ڵس بووبوون، ده‌مزانی ئه‌وكاته‌ی من و چه‌ند براده‌رێك له عاتیفه‌ی ڕووتی كوردانهمانهوه بۆ یه‌كه‌مین جار و له پاش ڕاپه‌ڕینه‌وه ئه‌م ئاڵای كوردستانه‌مان له گه‌لی زاخۆ داچه‌قاند، هه‌ر ئه‌وكات (ماجید سه‌رحان) له ڕادیۆی له‌نده‌ن به بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی هه‌ڵدانی ئه‌و ئاڵایه‌وه هه‌رچی ئومه‌ی عه‌ره‌بی و توركی و فارسی هه‌یه له دژی كورد ڕقئهستوورتری كردن، ده‌شمزانی قوربانیانی ئه‌نفال و شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه و ده‌یان هه‌زار گه‌نجی شه‌هیدكراوی ڕێی شۆڕشه‌كان به عاتیفه‌ی جوان و خه‌ونی شیرینی شاعیرانه‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵایه‌كی كوردستانه‌وه سه‌ریان ناوه‌ته‌وه و به چاوی خۆیان هه‌ڵكردنیان نه‌بینیوه، ده‌مزانی نوخبه‌یه‌كی ئیسلامیی سیاسی و حزبگه‌لێكی ئایدیۆلۆجی ماركسیی و نه‌وه‌یه‌كی ئه‌رستۆكراتی بێ ده‌روه‌ست و بێ ئیلتیزام، ئه‌م ئاڵایه‌ی كوردستانیان پێ په‌ڕۆیه‌كی زیاده‌یه و هیچیتر.
ئه‌وانه هه‌موویان هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی ده‌زگه داپڵۆسێنهكانی به‌عسییان به‌رانبه‌ر به ئاڵای كوردستان هه‌بوو، ده‌یانزانی هه‌ڵكردنی ئه‌و ئاڵایه واتا له‌ناوبردنی به‌رژه‌وه‌ندییه كاتییه‌كانیان، واتا داودهزگاكردنی باره‌گه حزبییه‌كانیان بۆ كۆمه‌ڵێك ده‌زگه‌ی نیشتمانیی موعته‌به‌ر، به‌وه‌ش گومرگ و بازگه و هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی و حزبایه‌تی خۆیان ده‌دۆڕان، جه‌ماوه‌ری حزبیی له ده‌وری ئاڵای حزبه‌كانیان دوور ده‌كه‌وتنه‌وه، ئه‌و پهرێزهیان نه‌ده‌ما كه خۆیانی له‌سه‌رووی یاسای نیشتمانه‌وه پێ ببینن، دواجار له ژێر سایه‌ی ئه‌و ئاڵایه‌دا پیرۆزی ناوچه‌گه‌ری و خێڵگه‌ری و تیره و شارچێتییان لێ داده‌ماڵران.
ئه‌م یادوهریانهم هه‌یه له‌گه‌ڵ ئاڵای كوردستاندا، هه‌ر بۆیه هه‌ڵسوكه‌وتی شۆڤینیانه‌ی ئه‌فسه‌رێكی به‌ده‌وی داینهچڵهكاندم..