دوو نووسه‌رن، یه‌كه‌میان كورد و ئه‌ویتر عه‌ره‌ب، له دوو زه‌مه‌نی لێكتر جودا، هه‌ردووكیان دڵته‌زێنانه هه‌ر هه‌مان چیرۆكی ئه‌ویندارانه‌ی داستانئامێز ده‌گێڕنه‌وه، به خوێندنه‌وه‌ی هه‌ردووكیانه‌وه لێوانم له‌رزیون، به لێواری په‌ڕه سپییه‌كانی دوو تێكسته‌كه‌یانه‌وه به عیشق ته‌ژیم و، به بێ ویستی خۆم په‌نجه‌كانم تێكئاڵاون، عیشقێكی نه‌رم نه‌رم له‌سه‌ر ڕه‌وتی سۆبژێكتیڤ و دوور له ڕیالیست نووسه‌رانی هه‌ردوو تێكست ئاراسته ده‌كات.
له ئۆپێرا پێنج په‌رده‌ییه‌كه‌ی (ئه‌مین مه‌علووف)دا، میرزاده‌یه‌كی فڕه‌نساوی كه میرزاده‌ی هه‌رێمی ئه‌كیتینه، ناوی (جۆفری) یه و خاتوونێكی كریستیانیش كه دانیشتووی ته‌ڕابلوسه، ناوی (كلیمانس)ه، ئینجانه‌ی پڕ له بۆن مێخه‌كه‌ی سه‌ر په‌نجه‌ره‌ی عیشقیان لێ به‌ر ده‌بێته‌وه.
له‌گه‌ڵ ساته‌وه‌ختی به یه‌كتر گه‌یشتنیان، به ئومێدی پڕ له عیشوه و ناز و خه‌ونی تێكئاڵانیان ناگه‌ن، به‌سه‌رهاته‌كه‌یان هاوشێوه‌ی (مه‌م) و خاتو (زین)ی ناو داستانه‌كه‌ی (ئه‌حمه‌دی خانی)یه و زۆر له یه‌كتره‌وه نزیكن، جیاوازییه‌ك ئه‌گه‌ر له نێوان (جۆفری و كلیمانس)دا به‌راورد به (مه‌م و زین) هه‌بێت، ته‌نیا له زه‌مه‌نی مێژوویی و شوێنی جیۆگرافیای نفرینكراویانه.
لێره‌دا زیاتر مه‌به‌ستمه (جۆفری و كلیمانس)ی ناو تێكسته‌كه‌ی مه‌علووف باس بكه‌م، چونكه پێشتر و له دوو وتاری ترمدا، باسی مه‌م و زینی (خانی)م كردوون، كه چۆن به زاری كورمانجی و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌سه‌رهاتێكی ڕیالیست و له ساڵی 1692، (مه‌م و زین)ی نووسیوه و له 2550 دێڕی شیعردا تێكسته‌كه‌ی هۆنیوه‌ته‌وه و بۆ یه‌كه‌مین جاریش له ساڵی 1919 له ئیستانبوڵ به چاپ گه‌یه‌نراوه.
له‌م تێكسته‌ی (مه‌علووف)دا، جۆفری میرزاده له بیركردنه‌وه و هه‌ڵسوكه‌وتیدا، كه‌مۆكه‌یه‌ك له مه‌می ناو تێكسته‌كه‌ی (خانی) ناچێت، له‌وه‌دا لێی جیاوازه كه جۆفری كاتێك له ڕابواردن و پۆرۆنۆی ناو كۆشكه‌كانی خۆرئاوا بێزار ده‌بێت، چیتر وێڵ و سه‌وداسه‌ری ئه‌وینێكی ئه‌فڵاتوونییانه‌ی ناو ئه‌ندێشه‌ی خۆیه‌تی و هۆنراوه به‌سه‌ر دولبه‌رێكدا ده‌هۆنێته‌وه كه هێشتا نه‌یبینیوه و نه‌یناسیوه، دولبه‌رێك كه عیشقه باڵاكه‌ی نه‌بووه‌ته بازیبه‌ند، له قۆڵی ڕیالیست نه‌ئاڵێنراوه، به‌و شێوه‌یه جۆفری ده‌بێته جێی گاڵته‌پێكردنی براده‌ره‌كانی، زۆر ته‌نز و نوكته‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و پێی ده‌ڵێن ((تۆ دوای خه‌یاڵێك كه‌وتوویت..)).
تا ڕۆژێكیان جۆفری له نزیكه‌وه ئاشنای حاجییه‌ك ده‌بێت كه له خۆرهه‌ڵاته‌وه هاتووه‌ته‌وه، خاڵه حاجی باس له ژنێكی فه‌ڕه‌نجی ده‌كات كه له شێوه‌ی ڤینۆسه‌كه‌ی ناو خه‌یاڵی جۆفریدایه، خاتونه‌كه‌ش ناوی (كلیمانس)ه، په‌ریزاده‌یه و له ته‌ڕابلوس ژیان به‌سه‌ر ده‌بات.
((گه‌ر تێكستی مه‌م و زینتان خوێندبێته‌وه..)) پیاهه‌ڵدانی حاجی به‌سه‌ر كلیمانسای نازداردا، هه‌ر هه‌مانشێوه‌ی پیاهه‌ڵدانی (خانی)یه به‌سه‌ر جوانیی خاتوو زیندا، ئیتر ئه‌م حاجییه‌ی كاراكته‌ری ناو تێكستی ((خۆشه‌ویستی له دوور)) به پێچه‌وانه‌ی (به‌كۆك)ه‌ی تێكسته‌كه‌ی (خانی) یه، كاتێك به‌كۆك ده‌بێته دڕكی نێوان مه‌م و زین، كه‌چی حاجی له هه‌وڵدایه جۆفری و كلیمانس به یه‌كتر بگه‌یه‌نێت، چ به‌و وه‌سفه قه‌شه‌نگه‌ی كه به كلیمانسییه‌وه هه‌ڵده‌دا بۆ جۆفری؛ چ ئه‌و وه‌سفه نه‌جیبزادانه‌یه‌ی له‌سه‌ر جۆفری بۆ كلیمانسی ده‌كات.
جۆفری میرزاده له ئه‌وروپا و كلیمانسی په‌ریزاده‌ش له ئه‌فه‌ریقاوه وه‌خته بۆ یه‌كتر سوێیان بێته‌وه، وه‌خته هه‌ردووكیان بۆ دیتنێكی یه‌كتر شێت و هار ده‌بن، كلیمانس هه‌مان ڕه‌نگ و شێوه‌ی ژنه‌كه‌ی ناو ئه‌ندێشه‌ی (جۆفری)ه، جۆفری هه‌مان شاسواری ناو خه‌ونه‌كانی (كلیمانس)ه، جۆفری گه‌شتێكی ده‌ریایی دوور و درێژی كیشوه‌ربڕ بۆ گه‌یشتن به دیداری كلیمانس ئه‌نجام ده‌دات.
هاوكات هاوشێوه‌ی ئه‌م تین و تاو و شه‌یداییه‌ی جوفری، له‌وبه‌ریشه‌وه خاتو كلیمانس ناو هه‌ناو و دڵی پڕ له گڕی عاشقانه‌یه و له چاوه‌ڕوانی ناو له‌پی شه‌وانه‌دایه تا له‌گه‌ڵ كازێوه‌دا بكرێته‌وه و به چاوانی خۆی ئه‌و شاسواره‌ی له ئه‌ندێشه‌یدایه ببینێت، كاتێك جۆفری ده‌گاته لای كلیمانس، ماندوێتی و په‌تای كوشنده‌ی سه‌ر ڕێی ده‌ریا، به ته‌واوی ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیوه و له تاو ئازاری گیان و هه‌ناسه‌بڕكێ و گرانه‌تای گه‌رم، نزیك به مه‌رگه و به‌و حاڵه ناله‌باره‌یه‌وه هێشتا هه‌ر وا ده‌زانێت كلیمانس له ناو خه‌ون و ئه‌ندێشه‌كانیدا مه‌له ده‌كات.
ئه‌مێك كه له دووریدا شه‌یدای دیتنه‌وه‌ی كلیمانسی دولبه‌ر بووه كاتێك ده‌گاته به‌رده‌م په‌ریزاده‌ی خه‌یاڵه‌كانی، له ناو له‌رزوتای خۆیدا ده‌كوڵێت، شانه‌كانی داهێزراون، یه‌كێك له دوا دیمه‌نه‌كانی ئه‌م ئۆپێرا دڵته‌زێنه، وێنه‌ی كڵۆڵانه‌ی جۆفری تێدا زه‌ق ده‌بێته‌وه كه سه‌ری به‌سه‌ر قۆڵی كلیمانسه‌وه شل بووه و دوا هه‌ناسه‌ی ساردی ژیان ده‌دات، كلیمانسی په‌ریزاد له‌م قه‌ده‌ری ئیلاهییه یاخی ده‌بێت، به ده‌م ئازاری ویژدانه‌وه ده‌تلێته‌وه، ئازارێكی سه‌خت له سنگیدایه، ئه‌م دیمه‌نه كسپه له جه‌رگی بینه‌ری شانۆ دێنێ، كاتێك جۆفری له‌سه‌ره مه‌رگدایه دواجار كلیمانس به جلوبه‌رگی ڕاهیبایه‌تییه‌وه ڕوو له كه‌نیسه ده‌كات و له خوا ده‌پاڕێته‌وه تا جۆفری نه‌مرێنێت.
گه‌رچی له به‌سه‌رهاتی گێڕانه‌وه شیعرییه‌كه‌ی تێكسته‌كه‌ی (مه‌علووف)دا وا نیشان ده‌درێت كه له سه‌ده‌ی دوازده‌ی زاینییدا ئه‌م ڕووداوه ڕووی دابێت، به‌ڵام ناڕاسته‌وخۆ ئه‌م شانۆنووسه ڕه‌نگه له ڕێی ئه‌م تێكسته‌یه‌وه بیه‌وێ ئه‌م واقیعه‌ی ئه‌مڕۆی سۆشیال میدیا بناسێنێ كه چۆن هه‌ندێك له گه‌نجان له ناو فه‌یسبووك و واڵه‌كانیان به شوێن په‌ریزاده‌ی خه‌یاڵ كه‌وتوون یان به دوای شاسواری خه‌ونه‌كانیاندا وێڵ بوون، ئه‌گه‌ر به ڕێكه‌وتیش له‌و دووری و مه‌ودایه گریمانه‌ییه‌ی له نێوانیاندا هه‌یه یه‌كترییش بدۆزنه‌وه، ڕه‌نگبێ هه‌ر به ئه‌وینێكی گریمانه‌ییه‌وه بچنه جێژوانه‌وه و له واقیعدا به یه‌كتریش نه‌گه‌ن، نه یار په‌نجه‌ی بگاته زوڵفی دولبه‌ر، نه دولبه‌ر سه‌ر بخاته سه‌ر سنگی یار، وه‌ك په‌ڕی گوڵێكی ژاكاو، خه‌یاڵی عیشقه‌كه‌یان هه‌ڵبوه‌رێت، له ده‌رئه‌نجامدا ئه‌م ئه‌وینه دوور به دوور و سه‌وداسه‌رانه كه له ژێر تیشكی خۆری ڕیالیستیدا ناشۆردرێنه‌وه، ته‌نیا ئازار و توانه‌وه‌و شه‌ونخوونی و گینگڵدانیان له دوایه، ڕه‌نگه خواستنی گڕی عیشقێكی دوور، له دووره‌وه ڕوانین بۆ یه‌كتر، تین و تاوی به تینتر بێ واته هه‌رچه‌ندێك یار و دولبه‌ر له یه‌كترییه‌وه دوورتر بن، چێژێكی پڕ سوێتر و به ئازاری زیاتره‌وه یه‌كانگیری خه‌یاڵ بن، خۆزگه بمزانیایه، ئاخۆ ڕۆمان نووسێكی به‌ناوبانگی وه‌ك ئه‌مین مه‌علووف تێكستی مه‌م و زینی خوێندووه‌ته‌وه یان نا..؟ چونكه ناواخن و گرێچنی ئه‌م شانۆگه‌رییه ئاهه‌نگساز و خۆشه‌ویستییه ئه‌فسانه ئامێز و لیریكییه‌ی كه له ژێر ناونیشانی (ئه‌وینداری له دووره‌وه) نووسراوه، له‌گه‌ڵ تێكستی (مه‌م و زین)دا زۆر لێكچوونیان هه‌یه.. منیش چه‌ند جارێك له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ یان له ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه به زنجیره‌ی دراماوه ته‌ماشای (مه‌م و زین)م كردووه؛ بریا نه‌مردمایه و (ئه‌وینداری له دووره‌وه)ی مه‌علووفیشم له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ ببینیایه.
له پاش خوێندنه‌وه‌ی هه‌ردوو تێكسته‌كه، ئه‌م پرسیاره له زه‌ینمدا ده‌خولێته‌وه: ئایا خۆشویستنی دووره ژووان، له به یه‌كگه‌یشتنی یارو دولبه‌ر شیرینتره؛ یان به‌ر له ده‌ربڕینی وشه‌ی (خۆشم ده‌وێی عه‌زیزم) چركه‌ساتی خۆشویستنی ئه‌ویتر، خه‌یاڵئامێزانه و كه‌له‌ته‌زێنتره..؟!
به هه‌رحاڵ هه‌ردوو تێكستی خه‌یاڵئامێزی (خۆشه‌ویستی له دوور)ه‌وه و (مه‌م و زین) به زمانێكی نازكیی شاعیرانه و به جوانبینی ساده‌ی ئیرۆتیكه‌وه هۆنراونه‌ته‌وه، ئاماژه‌ن بۆ دوو ڕووداوی له شێوازدا كه‌مێك جیاواز به یه‌كتر، له ناوه‌ڕۆكیشدا زۆر نزیك به یه‌كتر.