هه‌رچه‌نده هه‌میشه ڕه‌خنه‌ی توندم له‌و ڕێكخراوانه هه‌بووه كه له كوردستان به ناو دانراون بۆ پارێزگاری له مافی ژن و تا ئێسته وه‌ك پێویست هێنده‌ی له خزمه‌تی حزبه‌كانیاندا بوون، له ئاست ئازار و مه‌ینه‌تی ژنان نه‌بوون، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌توانم بڵێم ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان به‌گشتی له كوردستان ته‌نیا جۆرێكن له ڕۆتین و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی دنیای ده‌ره‌وه، كاتێك تیمه‌كانی مافی مرۆڤ دێنه كوردستان، ئه‌م ڕێكخراوانه وه‌ك لۆگۆ و مێز و سه‌نه‌ڵی (كورسی) به‌رچاوی میوان و لیژنه‌كانی پێ ده‌گرن.
به‌ڵام كاتێك مه‌لا نامه‌لایه‌كی وه‌ك مه‌لا (مه‌زهه‌ر خۆراسانی) ده‌بێته نوێنه‌ری خوا و له بری ئه‌و فتوا ده‌دات و ده‌كه‌وێته حوكمدان و قسه‌كردن به‌سه‌ر ژیانی تایبه‌تی یه‌ك به‌یه‌كی كۆمه‌ڵگه‌وه، له‌ولاوه لیژنه‌ی فتوای هه‌رێمی كوردستان فه‌توا ده‌رده‌كه‌ن، "ده‌بێت ژن و پیاو به‌بێ مه‌حره‌م سواری تاكسی نه‌بن". ئه‌م پرسیارانه دێته گۆڕێ:
به‌پێی ئایه‌تی قورئان، هه‌موو فتوادانێك حه‌رامه و ته‌نانه‌ت پێغه‌مبه‌ری ئیسلام خۆیشی بۆی نه‌بووه فتوا ده‌ربكات، به سه‌لماندنی ئایه‌تی (٦)ۆڵا تَقُولُوا لِمَا تَصِفُ أَلْسِنَتُكُمُ الْكَژِبَ هَـٰژَا حَڵالٌ ۆهَـٰژَا حَرَامٌ لِّتَفْتَرُوا عَڵی اللَّـهِ الْكَژِبَ إِنَّ الَّژِینَ ێفْتَرُونَ عَڵی اللَّـهِ الْكَژِبَ ڵا یُفْلِحُونَ ﴿النحل: ١١٦﴾.
ئایا مه‌لا ده‌توانێ ئایه‌تی قورئان ڕه‌ت بكاته‌وه، یان ده‌توانێ فه‌توا و حه‌دیسێك بهێنێت و بڵێ حوكمی له پێش قورئانه‌وه‌یه؟ ئایا ئه‌م ئایه‌ته ئه‌وه ناسه‌لمێنێت كه ئێوه له دوای (محه‌مه‌د د، خ) له گومڕاییدان و له ئاین و ڕاستی لاتان داوه و چۆن بتانه‌وێ ئاوا بۆ خۆتانی داده‌تاشن؟
ئه‌ی ئه‌م ئایه‌ته ئه‌وه ناسه‌لمێنێت هه‌رچی فه‌توایه‌ك له دوای كۆچی پێغه‌مبه‌ره‌وه درابێت، ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن به‌ناو زانا ئاینییه‌كانیشه‌وه ده‌چێته ژێر پرسیار و سته‌مه له گوته‌ی خوا كه له قورئاندا خۆی هه‌مووی بۆ یه‌كلا كردووینه‌ته‌وه؟
پرسیارێكی تر بۆ مه‌لا، ئێسته ئێمه له كوردستان له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانی ژنان ڕێكخراوێكی پیاوانمان هه‌یه، به ڕاست ئه‌گه‌ر ڕێكخراوه‌كانی ژنان به بڕوا شێتانه‌كه‌ی تۆ به‌ڕه‌ڵایی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌ی ئه‌وه‌ی پیاوان چی ده‌كات؟
هه‌ڵبه‌ت له‌گه‌ڵ ڕێزی زۆرم بۆیان، ئه‌مانه تۆمه‌ت و گوته‌ی ناشیرین نین، بگره ته‌نیا پرسیارن بۆ مه‌لای ده‌مشڕ كه نازانێ كۆنتڕۆڵی خۆی بكات.
به‌ڕاست كام (باڕ و یانه‌ی مه‌ینۆشی) ژن ده‌یبات به‌ڕێوه له كوردستان؟ یاخۆ كام قومارخانه و شوێنی شه‌وی سوور ژن به‌ڕێوه‌به‌ر و خاوه‌نین؟ ئاخۆ هێنده‌ی له (توالێتی مزگه‌وته‌كان)دا تاوان به‌رانبه‌ر به نه‌وجه‌وان ده‌كرێت له ڕووی هێرشی جه‌سته‌ییه‌وه، له كام له ڕێكخراوه‌كانی ژناندا كراوه؟
ئه‌و كۆڵان و گه‌ڕه‌ك و باڵه‌خانانه‌ی له كوردستان دوكانی مه‌یفرۆشتن و باڕ و قومارخانه‌ن، بۆ تا ئێسته به فه‌توایه‌ك نه‌تانوێراوه حه‌ڵاڵ و حه‌رامیان بكه‌ن؟ بۆ داوات له دانیشتووانی گه‌ڕه‌ك نه‌كردووه دژیان هه‌نگاو بنێن؟ ناوێری چونكه نان‌بڕاو ده‌بیت.
ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی (یه‌كێتی پیاوانی تێدایه) چی بكه‌ن، به به‌رد ڕێكخراوه‌كه ڕاو بنێن یان كابرای خاوه‌ن باڵه‌خانه ده‌بێ له‌و حه‌رامه خۆی ڕزگار بكات؟ ئه‌ی ئه‌و ڕێكخراوانه‌ی سه‌ربه حزبه ئیسلامییه‌كانن، پێت وایه ئه‌وانیش هه‌ر به‌ڕه‌ڵایی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه؟.
له‌باره‌ی لیژنه‌ی فتوا، جاران كه پیاو له خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تیدا بوون، سه‌تان جار ژن به پێ له شاره‌وه بۆ لادێ (نانی نوێردوو)ی ده‌برد بۆ پێشمه‌رگه و له ڕێ هه‌م ته‌نیا ده‌كه‌وت و هه‌م جارجاره كاروانچییه‌كان ده‌یانگه‌یانده شوێنی مه‌به‌ست، ئێوه ده‌توانن ده‌متان به‌رانبه‌ر به خه‌باتی ڕۆژانی شاخی ژنی كورد بكه‌نه‌وه؟ له كاتێكدا ژنانی كورد شاخه‌وشاخ نان و پێداویستی پزیشكی‌یان ده‌گه‌یانده شۆڕشگێڕانی كوردستان و ئێوه (فه‌ریكه فه‌قێ) بوون.
كاتێك (حه‌پسه‌خان و عادیله خانم) له‌گه‌ڵ (نامه‌حره‌مه‌كاندا) داده‌نیشتن و باسیان له ئازادی و خه‌باتی كورد ده‌كرد، ئێوه له پشتی باوكیشتاندا نه‌بوون، ئێوه لیژنه‌یه‌كن سه‌ربه سیستمی (میزی حوشتر) كار ده‌كه‌ن و ڕۆژ به ڕۆژ به‌ره‌و دواوه ده‌چن، بۆ دواكه‌وتووییه‌كه‌تان به كوردستانیشدا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه. بۆیه پێویسته حكوومه‌ت له ئاست ئه‌و ئاژاوه كۆمه‌ڵایه‌تی و بێڕێزییانه‌ی به‌رانبه‌ر به تاكی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی دروستی ده‌كه‌ن، بێده‌نگ نه‌بێت.
ئێسته له هه‌موو دنیادا جێی یاساده‌ركردنی به شوورا، بووه‌ته په‌رله‌مان و دادگاكانی كوردستانیش له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ئاینی ئیسلام كار ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت دادوه‌ره‌كان له ئێوه باشتر له شه‌ریعه‌تی خودا ئاگادارن و دوا حوكمی سه‌پێنراوی خودا‌ش به سه‌رماندا قورئانه، واته بوونی ئه‌و لیژنه‌یه هه‌م جێی گرتووه، هه‌م زیاده‌ڕۆییه له بڕیار و له بودجه‌دا. جیا له‌وه‌ی له شوێنێك یاسا و داوده‌زگای ده‌وڵه‌تی هه‌بوو، بڕیاردان به فتوا سووكایه‌تییه به هه‌موو دانیشتووانه‌كه‌ی و داوده‌زگاكانی ئه‌و وڵاته.
مامۆستایانی ئاینی جاران منداڵی كوردیان فێری خوێندنه‌وه و نووسین و خۆشه‌ویستیی نیشتمان ده‌كرد، كه‌چی ئێوه‌ش بوونه‌ته ڤایرۆسی شێرپه‌نجه و له مێشكی تاكی كورد ئاڵاون. به راستی پێویسته لیژنه‌ی فتوا واز له‌و دووبه‌ره‌كییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی نێوان ژن و پیاو بێنن و ئه‌گه‌ر فه‌توا ده‌كردنتان پێ حه‌ڵاڵ بوو، فه‌توایه‌ك ده‌ربكه‌ن كاتێك باسی ژنی كورد ده‌كرێت، ده‌ستنوێژ هه‌ڵبگرن.
بۆیه لێمان گه‌ڕێن مادام جیهادكردن له به‌رانبه‌ر كوفردا به‌پێی ئایه‌ته‌كانی قورئان حه‌ڵاڵ كراوه، ناچارمان مه‌كه‌ن جیهادی خۆمان ڕابگه‌یه‌نین له به‌رانبه‌ر مافه‌كانمان، هه‌ر به‌و مافه‌ی ئێمه‌یش دروستكراوی خوداین، ده‌توانین ده‌ست ببه‌ین بۆ خه‌باتی مه‌ده‌نی و نووسین و ته‌نانه‌ت خۆپێشاندان له دژی بڕیاره‌كانتان و گوشار بۆ هه‌موو لایه‌ك بێنین.
تا ئێسته ژنی كورد هێنده‌ی به‌كار هاتووه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، داوای مافی خۆی نه‌كردووه، ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه ده‌گوزه‌رێت له ئاست مافی مرۆڤدا نییه، بۆیه ده‌توانین ده‌نگی خۆمان بگه‌یه‌نینه دنیای ده‌ره‌وه و گوشارتان له‌سه‌ر دروست بكه‌ین. بۆیه بیر بكه‌نه‌وه، بێده‌نگیتان نیشانه‌ی مانه‌وه‌ی گیرفانتانه به پڕی. دواجار بیرتان ده‌خه‌مه‌وه ئه‌گه‌ر خه‌دیجه‌ی ژنی پێغه‌مبه‌ر نه‌بووایه، ئێوه خاوه‌ن په‌یامی وا نه‌ده‌بوون.