به‌شی دووه‌م
په‌روه‌رده ئه‌و بوار و بابه‌ته هه‌ستیار و گرنگ و پڕبایه‌خ و فره‌ڕه‌هه‌نده‌یه كه له هه‌ركات و سات و سه‌رده‌م و ڕۆژگارێك قسه‌ی له‌باره‌وه بكرێت، گونجاوه و كاتیه‌تی. ته‌نانه‌ت پێویستیشه. له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌روه‌رده پرسێكه پێوه‌ندی به هه‌موومانه‌وه هه‌یه و پێوه‌ندی به تاك به تاكی كۆمه‌ڵگه‌وه هه‌یه.
په‌روه‌رده بۆ نه‌وه‌ی ئێسته و ئاینده‌یه. به‌ته‌نیا كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك یان چینێك یان ته‌مه‌نێكی دیاریكراو پێویستیان به په‌روه‌رده نییه، به‌ڵكو ته‌واوی كۆمه‌ڵگه و مرۆڤایه‌تی پێویستیان پێیه‌تی.
په‌روه‌رده بابه‌تێكه نه ده‌توانین بڵێین كۆنه، نه ده‌شتوانین بڵێین نوێیه. كۆن و نوێی نییه، هه‌میشه‌ییه، وه‌ك ئاو و هه‌وا پێویسته بۆ مرۆڤ. به‌ڵام كه باس له په‌روه‌رده یان پرۆسه‌ی په‌روه‌رده ده‌كه‌ین، مه‌به‌ستمان ته‌نیا په‌روه‌رده‌ی قوتابخانه و خوێندنگه‌كان نییه.
په‌روه‌رده‌كردن ته‌نیا له سنوور و بازنه‌ی قوتابخانه‌دا كورت ناكرێته‌وه، په‌روه‌رده‌كردن ته‌نیا ئیشی وه‌زاره‌تێك و چه‌ند ده‌زگه‌یه‌ك نییه، به‌ڵكو بوارێكی یه‌كجار فراوان و فره‌ڕه‌هه‌نده. ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و ئاینی، به دوور و بێ كاریگه‌ر نین له‌سه‌ر په‌روه‌رده، به‌ڵكو زیاتر له خوێندنگه‌كان كاریگه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ر ئاكار و ڕه‌فتاری منداڵ. له‌به‌رئه‌وه‌ی قۆناغی یه‌كه‌می په‌روه‌رده‌كردن له منداڵییه‌وه ده‌ستی پێ ده‌كرێت، ئه‌م په‌روه‌رده‌كردنه‌یش بێگومان له باوه‌شی خێزان ده‌كرێت، چونكه خێزان خشتی یه‌كه‌می باڵه‌خانه‌ی مرۆڤه، بازنه‌ی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵگه‌یه. له‌به‌رئه‌وه قۆناغی یه‌كه‌می په‌روه‌رده‌كردن بۆ منداڵ، ژینگه‌ی خێزانه. كه‌واته خێزان فێرگه‌ی یه‌كه‌می منداڵه، دایباب یه‌كه‌مین مامۆستا و په‌روه‌رده‌كارن.
منداڵ هه‌ر له سه‌ره‌تای له‌دایكبوونیه‌وه تا زمانپژانی و هه‌ست و سۆز و ئاگایی و هه‌موو ڕه‌وشت و ڕه‌فتار و گه‌شه‌ی ژیری و ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌سته‌یی، له خێزانه‌وه پێی ده‌گات. لێره‌شدا ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری و تێگه‌یشتنی دایك و باوك ڕۆڵ ده‌بینێ و شوێنه‌واری خۆی جێدێڵێت له‌سه‌ر بیركردنه‌وه و ڕه‌وشت و ڕه‌فتاری منداڵ به باش یان خراپ.
وه‌ك ئاماژه‌مان پێ دا كه شوێنی په‌روه‌رده‌كردن ته‌نیا قوتابخانه‌كان نییه، جگه له قوتابخانه و خێزان چه‌ندان هۆكار و ئامراز و شوێنی تر هه‌ن كه وه‌ك په‌روه‌رده‌كارێكن بۆ منداڵ.
وردتر قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، ده‌توانین بڵێین دوو جۆر په‌روه‌رده‌مان هه‌یه، په‌روه‌رده‌یه‌كی فه‌رمی له قوتابخانه و خوێندنگه‌كاندا جێبه‌جێ ده‌كرێت كه پێڕه‌و و پرۆگرام و مامۆستای پسپۆری بۆ دابین كراوه، له كات و شوێنی دیاریكراو پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردنه‌كه ئه‌نجام ده‌درێت و به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و سیستماتیك ڕێكخراوه.
جۆری دووه‌می په‌روه‌رده‌كردن، په‌روه‌رده‌ی نافه‌رمییه، ئه‌وه‌یه له ڕێی خێزان و هاوڕێ و ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و داونه‌ریت و بیروباوه‌ڕ و ئایدیا و ئاینه‌كان و ڕاگه‌یاندن و ته‌كنه‌لۆجیا و یاری و ئامێره ئه‌لیكترۆنییه‌كان كه ئێسته له هه‌موویان زیاتر كاریگه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ر منداڵ. ته‌نانه‌ت خه‌ریكه جێ به په‌روه‌رده‌ی خێزانیش له‌ق ده‌كات.
پوخته‌ی قسه ئه‌وه‌یه ده‌ڵێین، منداڵی باش و منداڵی خراپ بوونی نییه، به‌ڵكو ئه‌وه په‌روه‌رده‌ی باش و په‌روه‌رده‌ی خراپه كه هه‌یه. ئه‌وه دایك و باوكن، ئه‌وه كۆمه‌ڵگه‌یه، ئه‌وه ژینگه‌ی خێزان و گوند و شار و گه‌ڕه‌ك و كۆڵان و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ن كه بڕیار ده‌ده‌ن چ جۆره منداڵێكیان هه‌بێت.
ئه‌وه قوتابخانه‌كانن بڕیار ده‌ده‌ن چۆن منداڵان په‌روه‌رده بكه‌ن، چۆن ڕایانبێنن، ئاماده‌یان بكه‌ن، ئاراسته‌یان بكه‌ن، پڕ زانست و زانیاری‌یان بكه‌ن بۆ داهاتوو، بۆ ئاینده‌یه‌كی گه‌ش.
منداڵان كه نه‌وه‌ی داهاتوون، ئه‌مانه‌تی سه‌رشانی نه‌وه‌ی ئێسته‌ن. پاراستنی ئه‌م ئه‌مانه‌ته ئه‌ركی هه‌مووانه. له‌پێناو گه‌یشتن به كه‌ناری ئاسووده‌یی و خۆشگوزه‌رانی و ئاشتی و ئارامی و سه‌قامگیری و ئاوه‌دانی وڵات. له‌پێناو پێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌ك كه خۆشه‌ویستی و ئینتیمای بۆ خاك و خه‌ڵك و نیشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌ی هه‌بێت. له‌پێناو دروستكردنی تاكێكی هۆشیار و به‌ئاگا و زانستپه‌روه‌ر. بێگومان ئه‌مه‌ش به پلان و به‌رنامه‌یه‌كی ورد و ڕژد و تۆكمه ده‌بێت كه پێ به پێی گۆڕانكارییه‌كان هه‌نگاوی بۆ بنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له كاروانی پێشكه‌وتن دانه‌بڕێین و دوا نه‌كه‌وین.