ئاستی وه‌حشیگه‌ریی مرۆڤ نزمتر نییه له وه‌حشیگه‌ریی پڵنگ
شۆپنهاوه‌ر
داستانی عێراق هه‌ر له ئیمپراتۆریی ئاشوور و ئه‌كه‌د و بابله‌وه تا ئه‌م چركه‌ساته، مێژووی سته‌مكارییه‌كی بێوێنه بووه، ئێمه ئه‌گه‌ر ره‌هه‌ندی جیۆگرافی له‌به‌رچاو بگرین نه‌ك ئه‌و چوارچێوه نوێیه‌ی به‌ریتانیا- فڕه‌نسا، له دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه هێنایانه ئارا "ده‌وڵه‌تی عێراق"، ئه‌وه وڵاتی دوو زێ "میزۆپۆتامیا" رووبه‌رێك بووه بۆ توندوتیژیی بێوێنه و چیرۆكی كوشتن به هه‌زاره‌ها رێی سه‌رسوڕهێنه‌ر و شۆكهێنه‌ر.
وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م جیۆگرافیایه سه‌رزه‌وینی نه‌فره‌تێكی ئه‌زه‌لی بێت و هه‌میشه مه‌حكوم بێت به شه‌ڕ و ئاشووب و به‌ربوونی خوێن. دیقه‌ت بده‌ن، ئه‌گه‌رچی میزۆپۆتامیا ژێده‌ری هاتنه ئارای شارستانێتی و نووسین و شۆڕشی كشتوكاڵه، ئه‌میش مرۆڤی له ئه‌شكه‌وته‌كانه‌وه به‌ره‌و ده‌شتاییه‌كان هێنایه خواره‌وه، به‌ڵام هیچ كات ئه‌م سه‌رزه‌وینه ئاگری شه‌ڕ و ماڵوێرانی تێدا خامۆش نه‌بووه، ئه‌گه‌ر ئیمپراتۆرییه‌كانی پێش زایین دڕندایهتییهكهیان گه‌یشتبێته لووتكه، به هاتنی عه‌ره‌به مسوڵمانه‌كان له سه‌ده‌ی حه‌وته‌می زاینییه‌وه، ئه‌م جیۆگرافیایه بووه مه‌ڵبه‌ندی ئاشووبی ئاینی و مه‌زه‌ویی. دواتریش له‌گه‌ڵ چێكردنی ده‌وڵه‌تی ده‌ستكرد و داسه‌پاوی "عێراق" ئه‌وه بۆ 100 ساڵ ده‌چێت، ئه‌م وڵاته ساخته‌یه به خوێن و ئاگریش نه‌بووه‌ته وڵاتێك بۆ هه‌موو دانیشتووانی، به‌ڵكو ترسناكترین جۆری سه‌ركوتی سیاسیی و عیرقی و مه‌زه‌وی و نه‌ته‌وه‌یی تێدا پێڕه‌و كراوه. مرۆڤ كاتێك په‌ڕه‌ی كتێبه مێژووییه‌كانی له هه‌مبه‌ر عێراقی نوێ و میزۆپۆتامیای كۆن هه‌ڵده‌داته‌وه، مووه‌كانی گرژ ده‌بن، په‌نجه‌كانی ده‌له‌رزن، چونكه بۆنی خوێن وه‌ك ناخۆشترین هاڵاو لێیانه‌وه دێته ده‌ره‌وه.
له عێراقی پێش ساڵی 2003 وه‌ك "كه‌نعان مهكیه" به "كۆماری ترس" ناوزه‌دی ده‌كات و له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا "القسوه و الصمت" باسی تراجیدیای كورد و شیعه ده‌كات به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی پارتی به‌عسی سۆسیالیستی‌دا، له‌و قۆناغه‌دا عێراق بووبووه جیۆگرافیایه‌كی جووت نهۆمی، قاتی ژێره‌وه گۆڕی به كۆمه‌ڵ و نهۆمی سه‌ره‌وه‌شی گرتووخانه بوو. له‌م ناوه‌نده‌دا ده‌وڵه‌تی عێراقی دوو جۆر دیسپۆتیزمی پیاده ده‌كرد، یه‌كێكیان سته‌مكاریی نه‌ژادیی و نه‌ته‌وه‌یی دژی كورد، ئه‌ویتریشیان سته‌مكاریی مه‌زه‌وگه‌رایی دژی عه‌ره‌بی شیعه. به درێژایی مێژووی عێراقی پێش 2003، كورد و شیعه قوربانی سیاسه‌تی شۆڤێنیستی و فاناتیزمی رژێمه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان بوون كه زیاتر له‌سه‌ر خه‌سڵه‌تی بیری عرووبه‌ی سووننه‌گه‌را شكڵیان گرتبوو.
ساڵی 2003 له پرۆسه‌ی رووخاندنی به‌عسدا، باڵانسی هێز به‌لای شیعه‌دا شكایه‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی سه‌پاندنی لۆجێكی دیكتاتۆریی زۆرینه به‌سه‌ر كه‌مینه‌دا. هه‌ر ئه‌وكات ئێمه له ساڵانی 2003-2004 له دوو كورته وتاردا به ناوه‌كانی "ئێمه‌ی كورد و برا عه‌ره‌به‌كانمان" و "ئه‌نفال له‌سه‌ر مێزی ئه‌نجوومه‌نی حوكم" تارمایی سته‌مكارییه‌كی نوێمان ناساند، به‌وه له ماوه‌یه‌كی پێوانه‌ییدا پرۆسه‌ی گۆڕانی شیعه له قوربانییه‌وه بۆ جه‌لاد ده‌كه‌وێته سه‌ر پێی خۆی!. ئه‌وسا سیاسییه‌كانی كورد به تلیاكی "عێراقی هیوا و ئاشتی" شاگه‌شگه بووبوون، پێیان وابوو ئێمه‌ی نوخبه وههم ده‌نووسینه‌وه، له یۆتۆپیادا ده‌ژین، دواتر ئه‌و دیستۆپیایهی ئێمه له‌باره‌وه‌ی هۆشداریمان ده‌دا خۆی له واقیعی تاڵی عێراقدا ده‌رخست، سته‌مكارییه‌كی نوێ له كرده‌وه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی كوێرانه و هۆڤانه له سێگۆشه‌ی سووننهنشین ده‌ستی پێ كرد، ئه‌وساش ئێمه له چه‌ندان وتاردا هۆشداریی ئه‌وه‌مان دا به سه‌ركردایه‌تی كورد، دوای بڕانه‌وه‌ی جه‌نگی پاكتاوی سووننه، نۆبه‌تی به‌رته‌سككردنه‌وه و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پێشكه‌وتنه‌كانی كورده له عێراقدا، تا ده‌گاته سه‌ر هه‌وڵی نه‌هێشتنی قه‌واره‌ی كوردیی له باشوور. داخه‌كه‌م ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ش گوێمان لێ نه‌گیرا به‌و هۆیه‌ی سیاسییه‌كان كێكی بودجه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق به‌ش ده‌كرد. پاشتر له سه‌رده‌می "مالیكی"یه‌وه تا به ئه‌مڕۆ ده‌گات، نۆره هاته سه‌ر ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی ئێمه له 2003ه‌وه تارماییهكانیمان بینیبوو.
لێره‌دا نامه‌وێ سه‌رنجتان بۆ بلیمه‌تی خۆم رابكێشم، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستم بیرهێنانه‌وه‌یه‌كی كورتی ئه‌و 16 ساڵه‌ی رابردووه. بابه‌ته‌كه‌ش جادوو و رمڵ لێدان نییه، ئاخر سیاسه‌ت له‌سه‌ر ریتمی فیلمه‌كان به‌پێی سیناریۆیه‌كی پێشوه‌خت هه‌نگاو به هه‌نگاو به دڵی سیناریسته‌كان ناچێته پێشه‌وه، به‌ڵكو جۆرێكه له ململانێی هێز و به‌رژه‌وه‌ندییه دژ به‌یه‌كه‌كان، كێ بڕوای به‌وه ده‌كرد له ساڵی 2003 و پاش بڕیاری 1514ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كه ئه‌مه‌ریكای له عێراقدا به داگیركه‌ر ناساند، ره‌وشه‌كه به‌و جێیه ده‌گات هه‌موو هێلكه‌كان ده‌كه‌ونه سه‌به‌ته‌ی ئێرانه‌وه؟. لێ دوای دوو سێ ساڵ ئاماژه‌كان رۆڵی كارای ئێرانیان پێشان ده‌دا له ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری ناوخۆی عێراقدا، به‌ڵام به كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له سه‌رده‌می ئیداره‌ی ئۆبامادا، خه‌ونه‌كه بووه واقیع، ئێران ده‌ستی گرت به‌سه‌ر سیاسه‌ت و ئابووری عێراقدا، ئه‌وه‌ش وه‌ك گوتم ته‌سفیه‌ی سووننه و هه‌وڵی بچووككردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانی لێ كه‌وته‌وه. هاوكات "دیموكراسییه‌كه‌ی" عێراقی كرده دیكتاتۆریی زۆرینه‌ی شیعه مه‌زه‌و به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانیتردا.
ئه‌وه‌شی هه‌نووكه له ره‌وشی خۆپێشاندانی شاره عێراقییه‌كاندا ده‌گوزه‌رێت، سه‌رده‌مێكی تازه‌یه و مۆدێلێكی تره له سته‌مكاریی و ململانێی خوێناویی له‌و وڵاته‌دا، بۆچی مۆدیلێكی تازه‌یه؟. وه‌ڵامه‌كه روونه، به‌و پێیه‌ی به دیقه‌تدان له‌وه‌ی له به‌غدا و شاره‌كانی تر ده‌گوزه‌رێت، شه‌ڕ و ناكۆكی و ته‌سفیه‌ی ناوماڵی شیعه خۆیه‌تی، راستتر وایه بڵێم دابه‌شبوونی گووتار و هێزی شیعه‌ی عێراقه به‌سه‌ر دوو ئه‌جیندادا، ئه‌جیندای یه‌كه‌م شیعه‌ی عێراقی پرۆ ئێرانییه، ئه‌وانه‌ی له قوم و خامنه‌ییه‌وه راده‌سپێردرێن بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر هه‌ڕه‌می ده‌سه‌ڵاتدا له به‌غدا، دووه‌میان شیعه‌ی عێراقی خاوه‌ن ئینتیمایه بۆ عێراق، هه‌ندێك له‌وانه پرۆ ئه‌مه‌ریكایی و رۆژئاوایین. ئێمه له‌م رۆژانه شاهیدی ئه‌و سته‌مكارییه نوێیه‌ی شیعه‌ین دژ به شیعه. كه دواجار هه‌مان دیمه‌نی هۆڤانه‌ی هه‌ڵواسینی ته‌رمی به‌سه‌ر دارتێلی شه‌قامه‌كانه‌وه هێنایه‌وه سه‌ر شانۆی عێراقی، ئه‌م دیارده‌یه‌ی هه‌ندێك پێیان وابوو ده‌مێكه عێراقییه‌كان ماڵئاواییان لێ كردووه. دیمه‌نی هه‌ڵواسینی ئه‌و گه‌نجه له مه‌یدانی ته‌حریری به‌غدا ئه‌گه‌ر به راستیش تاوانبار بێت، هیچ له‌و راستییه ناگۆڕێت، پرنسیپی خوێن به‌رامبه‌ر به خوێن، كوشتن به‌رامبه‌ر به كوشتن، زیندووترین كولتووری نه‌ك سیاسیی، به‌ڵكو كۆمه‌ڵایه‌تیشه.
ئێسته كاتی ئه‌و پرسیاره هاتووه، ئه‌و سترۆكتۆره چییه مۆتیڤی بیركردنه‌وه‌ی عێراقییه‌كانه و هه‌میشه دنه‌یان ده‌دا به میكانیزمی توندوتیژیی هه‌ژموونخوازیی خۆیان بسه‌پێنن؟. له‌وه‌ڵامدا و بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك، رهگوڕیشهكه به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ ئه‌كتیڤیی ئاین ده‌گه‌ڕێته‌وه له كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقیدا. ئیسلام وه‌ك ئاین زۆرینه‌ی عێراقییه‌كان له بناغه‌وه ئاینێكی ده‌سه‌ڵاتخواز و توندوتیژه. سه‌یری قورئان بكه‌ن هیچ زاراوه‌یه‌ك هێنده‌ی وشه‌ی "قتل" دووباره نه‌بووه‌ته‌وه!. ئاینه‌كه خۆی پڕه له لۆجیكی هێز نه‌ك هێزی لۆجیك، پڕه له ده‌مارگیریی نه‌ك تۆلێرانس. بۆیه هه‌ردوو مه‌زه‌وه سه‌ره‌كییه‌كه "شیعه و سووننه" ره‌وایی سته‌مكارییان له دژی یه‌كتر و دژی كورد، له نێو قووڵایی ئایه‌ته قورئانییه‌كاندا ده‌دۆزنه‌وه. هیچ توندوتیژییه‌كی ئاینیی و مه‌زه‌وی نییه پشت ئه‌ستوور نه‌بێت به تێكستێكی قورئانی!. كاری رێكه‌وت نییه پرۆسه‌ی پاكتاو و جینۆسایدی كورد ناوی ئه‌نفاله یان له ژێر دروشمی "یا زه‌هرا" خۆی ده‌نوێنێت.
وه‌ك له سه‌ره‌تاشه‌وه هێمامان بۆ كرد توندوتیژیی خه‌سڵه‌تێكی سروشتی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی بووه، ته‌نانه‌ت ئه‌م رووبه‌ره جیۆگرافییه له‌و كاته‌شی به مێزۆپۆتامیا ده‌ناسرا و پێش ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ده‌ستكردی عێراقیشی له‌سه‌ر بنیاد بنرێ، هه‌میشه لانكه‌ی خوێنڕێژیی بووه. بۆ نموونه هه‌ر له حاموڕابییهوه تا سه‌دام، هیچ پادشا و سه‌رۆكێك له وڵاتی نێوان دوو رووباردا په‌یدا نه‌بووه به كوشتن نهڕۆشتبێ. باقر یاسین له كتێبه‌كه‌یدا "التاریخ الدموی العراق" به فاكتی مێژوویی پانۆرامایه‌كی له‌م چه‌شنه ده‌خاته‌ڕوو. كه‌واته كورد چی بكات له عێراقی داگیركه‌ردا؟ كورد له به‌رده‌م دووڕیان و دوو شتدایه كه نابێ له هه‌وڵدان بۆیان سارد بێته‌وه، یه‌كێكیان گونجاندنی هه‌ستی ئاینیی خه‌ڵكه له‌گه‌ڵ دیموكراسی و سكۆلاریزم، ئه‌مه‌یان له خه‌ونێكی خۆش ده‌چێت، ئه‌ویتریشیان سووربوونه‌وه له‌سه‌ر خواستی جیابوونه‌وه له عێراق. بێ ئه‌مه هه‌موو هه‌نگاوێك خولانه‌وه‌یه له‌ناو بازنه‌دا. هه‌میشه‌ش مه‌حكوم ده‌بین به چه‌ند باره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و دیرۆكه تراجیدییه‌ی تا هه‌نووكه‌ش به‌رده‌وامی هه‌یه و كه‌م تا زۆر پریشكی به‌ر ئێمه‌ش كه‌وتووه.