ژن و دەسەڵات و یەكسانی

PM:01:49:27/11/2021 ‌
سەدەی هەژدەیەم سەردەمێكی گرنگ بوو لە مێژووی ئەوروپا كە كاریگەرییەكی قووڵی هەبوو لەسەر دنیای رۆژئاوا بە گشتی. لەم سەردەمەدا گۆڕانكارییەكی گەورە رووی دا كە ئەوروپای لە تاریكی سەدەكانی ناوەڕاست دەرهێنا، بۆ ئەوەی یەكەم هەنگاوەكانی بنێتە سەر رێی دنیای مۆدێرن و هاوچەرخ و پیشەسازیی دەوڵەمەند بە كولتوور و ئازادی.

كۆمەڵێك بزووتنەوەی رۆشنبیری و سیاسی و زانستی سەریان هەڵدا بۆ ئازادبوونی ئەوروپا لە كۆت و زنجیری داونەریتی كۆن، رزگاربوونی لە دواكەوتوویی هزری و زانستی. لەگەڵ هاتنی سەردەمی رێنیسانس، ئەوروپا توانی رۆشنبیری و زانست و زانستی مرۆڤ زیندوو بكاتەوە، لۆجیك و رۆشنبیری و زانست لە شوێنی دواكەوتوویی و وەحشیگەری و داونەریتی كۆن دابنێ كە ئەوسا لە ئەوروپا باو بوون.

شانبەشانی رێنیسانس، بزووتنەوەی Enlightenment سەری هەڵدا كە بزووتنەوەیەكی هزری و رۆشنبیری و فەلسەفی و زانستی و میژوویی بوو، توانی رێڕەوی بیركردنەوە و عەقڵییەتی ئەوروپییەكان بە تەواوی بگۆڕێت و رێی واڵا كرد بۆ سەرهەڵدانی كۆمەڵێك شۆڕشی كۆمەڵایەتی و سیاسی، چونكە ئەوكاتە خەڵكی ئەوروپا تەواو بێزار بووبوون بەدەست ئەو داونەریتە كۆنانەی بەسەریاندا سەپابوو.

ساڵی ١٧٨٩ شۆڕشی فڕەنسا هەڵگیرسا، یەكێك بوو لەو وەچەرخانە گرنگانەی كە ئەوروپای بەرەو دنیای مۆدێرن گۆڕی. بنەڕەت و رەچەڵەكی ئەم وەچەرخانە دیموكراسییە لیبراڵییە لەو شۆڕشەوە دەستی پێ كرد، كە سێ دروشمی بەناوبانگی هەبوو Liberté واتا ئازادی، Égalité واتا یەكسانی، Franternité واتا برایەتی، ئەم سێ دروشمە بوون بە بناغەی هەموو شۆڕشە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی دنیای مۆدێرن وەك یەكسانی نێوان ژن و پیاو، رزگاربوون لە كۆیلایەتی Slave triad، مافی دەنگدان Universal suffrage بەبێ جیاوازی رەگەز و باری كۆمەڵایەتی و نەژاد و  هتد.

بەر لە 300 ساڵ و تا ئێستەش ئەوروپا بە خێراییەكی زۆر پێش دەكەوێت لە بواری رۆشنبیری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و زانست، بەتایبەتیش لە بواری مافی ژنان، یەكسانییەكە گەیشتە ئتستێك كە ژن بتوانێ لە هەموو جومگەكانی كۆمەڵگە شانبەشانی پیاو كار بكات، هەروەها توانی رۆژ بەدوای رۆژ بگات بە پێگەی بەرز، بەو مانایەی كە دروشمەكانی شۆڕشی فڕەنسی و هزری پێشكەوتوو لە رێنیسانس و بناغەی دیموكراسی لیبرالی، توانی پەیمانەكانی خۆی بەجێ بگەیەنێت و لەسەر ئەم بنەمایانە بنیاتیان بنێت.
ئێمەی رۆژهەڵاتی رەنگە پێویستیمان بە رێنیسانسێكی هزری و شۆڕشێكی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی هەبێت



ئێمەی رۆژهەڵاتی رەنگە پێویستیمان بە رێنیسانسێكی هزری و شۆڕشێكی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی هەبێت، بۆ ئەوەی رێخۆشكەر بێت لە بەردەم ژن كە بتوانێ بگات بە پێگەی بەرز لە بواری سیاسی و كۆمەڵایەتیدا، چونكە ژن هەمیشە دەوری باڵای هەبووە لە بووژانەوەی كۆمەڵگەكان.

لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ژن دەرفەتی سنوورداری هەیە لە رابەرایەتیكردن و بەشداریكردن لە كرداری سیاسی بۆ نموونە، هەرچەندە ژن دووپاتی كردووەتەوە كە توانای هەیە لە دروستكردنی گۆڕانكاری، مافی ئەوەی هەیە كە بە یەكسانی بەشداری پرۆسەی دیموكراسی بكات لەگەڵ پیاودا، بەڵام زۆربەی جار تووشی ئاستەنگ دەبێتەوە كە رێگر دەبێت لە بەشداریكردنی لە كرداری سیاسیدا، ژنی هاوچەرخ دەبێ لە هەموو بوارێكدا بتوانێ كار بكات، چونكە یارمەتیدەر دەبێت لە گەشەسەندنی كۆمەڵگە و هاوسەنگی لەناو جومگەكانی كۆمەڵگەدا دروست دەبێت.

بۆیە دەبێ پانتایی ئازادی ژن، فراوانتر بێت لە بواری خوێندن و كاركردن و مافی دەربڕینی هەبێ بە ئازادی، هەروەها بگات بەو پێگانەی كە بتوانێ خاوەن بڕیار بێت.