نەگۆرنۆ قەرەباخ.. زۆنی لەباربردنی کوردستانی سوور و دوو هەوڵی نەزۆکی قەوارەرەیەک بۆ کورد

AM:11:03:12/09/2020 ‌
"نەگۆڕنۆ قەرەباخ" کۆمارێکە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دانی پێدا نەنراوە، ناوچەیەکی کەمتر لە 11 هەزار و 500 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، دەکەوێتە ناو سنووری وڵاتی ئێستەی ئازەربایجان و هاوسنووری ئەرمەنستانە، بەشێکی کەمیشی نزیک بە سنووری ئێرانە، ژمارەی دانیشتووانەکەی لە 200 هەزار کەس کەمترە، ناوچەکە لەپێش ئیسلامدا لەژێر فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆرە جیاجیاکانی ئێراندا بووە، دواتر بووە بە بەشێک لە خاکی وڵاتی ئەرمەن، "نەگۆڕنۆ" بە زمانی ڕووسی بە مانای کێو و شاخ دێت.

ناوچەکە تا دروستبوونی هەردوو کۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیای شیوعی لەژێر ڕکێفی یەکێتیی سۆڤێت لە ساڵی 1918دا، حومکڕانیی جۆراوجۆری بەخۆیەوە بینیوە، هەرچەندە دایشتووانەکەی زۆربەی ئەرمەنی و بەشێکی ئازەرین، بەڵام ماوەیەکی زۆر جێی مشتومڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا بووە،  زۆرتر ئەرمەنیەکانی ناو کۆمارەکە لە چوارچێوەی وڵاتی ئازەربایجاندا کارەکان بەڕێوە دەبەن، ساڵانێک لەدوای دروستبوونی کۆماری ئازەربایجانی سۆڤێتی  ناوچەکە بە فەرمی دوای فشار و داوای تورکیا لە یەکێتی سۆڤێتی کۆن لکێنرا بە کۆماری ئازەربایجانەوە، وەک ناوچەی ناگۆڕنۆ قەرەباخ لە ئەرمەنستان دابڕا، بەڵام کێشەی ئەرمەن و ئازەر هەر کۆتایی نەهات.

هەردوو کۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیای سۆڤێتی هەر چاویان لە هەرێمەکە بووە، هەر یەکە ناوچەکەی بەهی خۆی دەزانی، ناوچەکە ئارامیی بەخۆیەوە نەدەدی، دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤێت و سەربەخۆیی ئەرمینیا لە ساڵی 1991دا، ئەرمینیا ناوچەکە وەک کۆماری ناگۆڕنۆ قەرەباخ ناوزەد دەکا کە زۆرتر به کۆماری قەرەباخی شاخاوی (ئەرتساخ)  ناوی دەبرد، بەڵام هیچ  وڵاتێک بە فەڕمی  دان بەو کۆمارەدا نانێت، بە هەڵواسراوی لە ناو خاکی ئازەربایجاندا ماوەتەوە و سەر بە ئازەربایجانە.

وا 100 ساڵە ئەو کێشەیە لەنێوان ئازەرو ئەرمەندا ناو بەناو سەر هەڵدەداتەوە و بنەبڕ نابێ، ئەوەی وڵاتی ئەرمەنستانی بینیبێ لە زۆر شوێندا ناو و نەخشەی کۆماری ناگۆرنۆ قەرەباخ دەبینێ، ناو بەناو شەڕ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا لەسەر ئەوکێشەیه هەڵدەگیرسێ، تا ئێستە زیاتر لە 35 هەزار کەس لەو نێوەندەدا کووژراون.

ناوچەکە جگە لە  ئەرمەن و دوایی ئازەری ژمارەیەکی زۆر کوردی تێدا بوو، لە ـساڵی1920 ناوی کورد و کوردستان وەک ئاماژەیەک بۆ پێشنیارێکی لێنین کە وتبوی با هەموو کەمینەکان خوود موختارییەکی خۆیان لە چوارچێوەی یەکێتی سۆڤیەتدا هەبێت هات، هەروەها بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی گرژی نێوان ئازەر و ئەرمەن.

ناوچەی نەگۆرنە قەرەباخ، ساڵانی 1923 تا 1929 ناوچەیەکی بە ناوی کوردستانی سوور بە ڕەزامەندیی دەسەڵاتی مەرکەزیی یەکێتیی سۆڤێتی جاران و سەرانی کۆماری ئازەربایجانی سۆڤێتی لێ دروست بوو،  شارەدێی لاچین کرا بە پایتەختی هەرێمی کوردستانی سوور، ئەو کاتە گوندێکی کوردنشین بوو، پیاوێکی ئازەری بە ناوی حاجیەف کرا بە سەرۆکی کۆمارەکە، ناوچە سەرەکیەکانی وەک کەلبەجار، زەنگلیان،  قەرەڤیشڵاح، قوتورلی، موراد خانلی، کورد حاجی و لاچینی کوردنشینی گرتەوە، هەموو ئەم ناوچانە کوردنشین بوون بەڵام قوباد جلی نووسا بە هەرێمەکەوە کە کوردنشین نەبوون، تا لە شەش ساڵی تەمەنی کۆمارەکەدا ڕێژەی کورد لە کۆمارەکەدا لە خوار لەسەدا سەدەوە دابەزی بۆ لەسەدا 73، هەرچەندە هەرێمەکە لاچینی کردە پایتەخت کە گوندێکی بێ باڵەخانە و دامەزراوەی حکوومی بوو، بەڵام زۆربەی کارەکان لە شوشێ جێبەجێ دەکران کە شارێکی تر بوو.

ژمارەی دانیشتووانی کوردستانی سوور بە گـوێرەی سەرژمێریی یەکێتی سۆڤێت 51 هەزار و 300 کەس بووە، زمانی سەرەکییان کرمانجی ژوروو بووە، لە مێژودا بە "کۆمارێ کوردی" ناوزەد دەکرێ، دواتر کورد بە تایبەتی و کەمینەکان بەگشتی لەلایەن ستالینەوە پەرش و بڵاوەی پێ کرا و لەناو هەموو کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤێتدا توایەوە، کۆمارەکەش هەر لە سەردەمی حووکمی ستالیندا لەناو برا.

ئەوەی مایەی تێڕامانە، دانانی کابرایەکی ئازەری بە سەرۆک کۆمار و لکاندنی ناوچەی قوباد لی بە هەرێمەکەوە بەڵگەیە کە بە مەبەست کۆمارەکە لە ناو خاکی ئازربایجاندا وەک گەمەیەکی سیاسی  بۆ کپکردنەوەی کێشەکانی ناوچەکە دروست کراوە، تا ئیستەش ئارامیی بەخۆیەوە نەبینیوە؛ لە سەردەمی گلاسنۆست ۆ پڕۆستۆریکادا  کە دروشمی نوێبوونەوە و گەڕانەوە بۆ بنەڕەت بوو  لەلایەن گۆرباچۆفەوە، زەمینە ڕەخسا جارێکی تر کوردەکان سەریان بەرز کردەوە بۆ ژیانەوەی کۆمارەکە.

دەگوترێ گۆرباچۆڤ بە سەرۆکی ئازەربایجانی ئەو سەردەمەی گوتوە سەرژمێری کوردەکان بکەن و کۆمارەکە بژێننەوە، تا بە دروستبوونەوەی کۆمارەکە گرژی و ئاڵۆزیی نێوان دوو کۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیا نەمێنێ، کوردەکان سەرژمێرییەکیان کرد و ژمارەی کورد بە 12 هەزار کەس ناونووس کراوە، لە کاتێکدا زۆربەیان زمان و کلتووری کوردیان بە گۆڕینی ئەتنیکی کوردەکان لەدەست دابوو، بەڵام به هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤێەت و نەمانی گۆرباچۆڤ، دووبارە خەوی دروستبوونەوەی کۆمارەکەی کورد لەگۆڕ نرا، تا هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤێت کە سەربەخۆیی هەردوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمینیای لێ کەوتەوە.

ئەمە زەمینە ڕەخسانی  دوبارە دروستبوونەوەی کۆمارەکەی لێ هاتە ئاراوە، وەکیل مستەفاییف  لە  ساڵی 1991  لەلایەن سەرانی ڕووسیا و ئەرمینیاوە بۆ ئەو کارە ڕاسپێردرا، هەلی دروستبوونی کوردستانی قەوڤاز هاتەوە گۆڕێ، کوردەکان سەریان بەرز کردەوە و ویستیان کوردستانی سوور لە ژێر ناوی کوردستانی قەوقازدا دروست بکەنەوە،  ئەو مشتومڕە دوو مانگێکی پێ چوو، وەکیل موستەفایەف زۆر کەسی  بینی، سەردانی مۆسکۆ و یەریڤانی کرد، ئەرمینیاش لە سەرەتاوە بە ئومێدی گەڕانەوەی ناوچەکە بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی لە ئایندەدا پاڵپشتیی کرد و ویستی لەژێر دەستی ئازەربایجان دەربێت، لە کاتێکدا هێزەکانی ئەرمینیا لە ساڵی 1992دا چوونە لاچین، بە ئومێدی گەڕانەوەی ناوچەکە  بۆ ژێر ڕکێفی خۆی، بەڵام جارێکی تر دوای بەفەرمی ناساندنی سەربەخۆیی هەردوو  کۆماری ئازەبایجان و ئەرمینیا لە ساڵی 1992، هەوڵی کوردستانی قەرەباخیش کە ئەرمەنستان وا ناو زەدی دەکرد  سەری نەگرت،  بەهۆی فشاری وڵاتی تورکیا و پاڵپشتی هێزی وڵاتی ئازەربایجان لەلایەک، بەهەند وەرنەگرتنی کۆمارەکە لەسەر گۆڕەپانی سیاسەتی ناو دەوڵەتان  لە ئەنجامی ڕەنگدانەوەی بەرنامەی پەرشوبڵاوی  بزربوونی کورد بە دەستی ستالین توانەوەیان لەناو سۆڤێتی کۆندا لە لایەکی ترەوە ، خەوی دووەم جاری کوردستانی قەوقاز لە گۆڕ نرا.

وەکیڵ مستەفایف ڕایکرد بۆ ئیتالیا و لەوێ نیشتەجێ بوو، تا لە ساڵی 2019 مرد، لەسەر وەسیەتی  خۆی کە گوتبووی کوردستانی قەوقاز هەر پێک دێ کە نەتوانرا لە تەمەنی مندا  دروست بێت،  دوای مردنم بمبەنەوە کوردستانی باشوور بمنێژن، لەو ڕوانگەوە کە ئازادە و لەژێر چنگی داگیرکەرانی کوردستاندا نییه، هێنایەنەوە کوردستان و لە 10ی ئایاری 2019 تا ئێستە ناوچەکە لە نێوان هەردوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمینیا لەژێر هەژموونی شەڕدایە و ئاشتیی بەخۆیەوە نەدیوە، هەرچەندە لەناو سنووری وڵاتی ئازەربایجانە، بەڵام ئەرمینیا بە بەخاکی خۆی دەزانێ و ئازەریەکانیش دەیگەڕێننەوە بۆ ئازەربایجا. 

ئەوەی پێویستە ئێمە ئاماژەی پێ بدەین، تا ئیستە جگە لە شەش ساڵی کۆماری کوردستانی سوور، دوو جار هەلی نەزۆکی دروستبوونی قەوارەیەکی کوردی لەو ناوچەیەدا بۆ کورد لەبار براون، هەلەکان بە ماوەی حوکمڕانی  کوردستانی سووریشەوە زۆرتر لە گەمەی سیاسی دەچوون، بەشێکن لەو هەموو هاوکێشە نێودەوڵەتییانەی دژی کورد لەدنیادا ساز دراون، زیاتر پەرتەوازەیی کوردی لێ کەوتووەتەوە.

ئێستە هەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەباخ بەردەوام کێشە و ئاڵۆزیی تێدایە، وەک کۆمارێکی سەربەخۆ نەناسراوە، بەڵام ناوی کورد و کۆمارەکەی لەبار چوون، کوردەکانی کوردستانی سوور نەیانتوانی کلتوور و زمانەکەیان بە مەبەست و هۆکاری جیاجیا بپارێزن،  کوردەکانی قەوقاز لەنێوان کۆمارە سەربەخۆکانی سۆڤێتی جاراندا  دابەش بوون، ژمارەیەکی کەمیان لە ئەزەربایجان و ئەرمینیا ماون کە باسی ناگۆڕنۆ قەرەباخیش دێت ناوی کورد بونی نییە، بەشێکی کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ کورد خۆی کە کوردەکانی ئازەربایجان زۆرتر شیعە بوون، زمانی خۆیان لەناو شیعە و ئازەریدا تواندەوە  و  زوو دەستبەرداری زمان و کلتووری خۆیان بوون، بەهۆی گورجی جەرگبڕی هەوڵی لەباربردنی کوردەکان لە یەکێتی سۆڤێتی جاراندا لەسەر دەستی ستالین، کە ڕێک پێجەوانەی پێشنیارەکەی لێنین کاری کرد کەمینەکانی پەرشو بڵاو کردەوە.

ئەگەر کوردەکان بە یەکگرتوویی و بێ پەرتەوازەیی لە ناوچەکانی قەرە قشڵاخ ، قوبادلو، مرادخان لو، لاچینو و شوێنەکانی تری قەوقازدا بە پاراستنی زمان و کلتورەوە بمانایە، ڕەنگە ئێستە بتوانرایە ببوونایەتە هەرێمێکی دیفاکتۆی کوردی تر لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا کە کێشەیان لەسەری هەیە، هەرێمێکی تری کوردی دەبوو لە دنیادا.

ئەوەی چاو بە مێژودا نەنەخشێنێ نازانێ هەرێمەکە هەرێمی لەباربردنی خەونی کوردەکانی یەکێتیی سۆڤێت بووە بەگشتی، ئێستە کوردەکانی ناوچەی کوردستانی سوور بە یەکگرتوویی نەماون و سیمای کوردانەیان  لە سەردەمی یەکێتی سۆڤێەتدا  لەدەست داوە، برسێتی و نەبوونی، مافی هاووڵاتیی نەبوونی کوردی سەردەمانی یەکێتی سۆڤێت بڕستی لێ بڕین، هەرچەندە زۆر پڕۆفیسۆری گەورەی کورد وەک تاک لە کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤێتی پێشوودا دروست بوون، بەشێک لە کوردەکان کلتووری خۆیان لە هەندێک شوێندا کەم کەم پاراستووە، تا ئێستەش ئێزگەی کوردیان هەیە وەک کوردەکانی ئەرمینا.

بەگشتی کوردەکانی ئەرمینیا، ئازەرباینجان، کازاخسان، ئۆزبەکستان، تورکمانستان،  ڤەرڤیزستان، جۆرجیا تا مۆسکۆ و زۆر شوێنی تردا بە پچڕپچڕ  هەن و هەندێک ڕێکخراو و کۆمەڵە و چالاکیان هەیە، بەڵام زمان و کلتووریان لەژێر هەڕەشەی نەماندایە، هەلومەرجی دروستبوونی کۆماری تری کوردی یەکگرتنی کورد لەسەر زەمینی وڵاتەکانی یەکێتیی سۆڤێتی جاران ئێستە لەبار چووە.

پەراوێز:
بۆ ئەم نووسینە سوود لە وتارێکی د جەبار قادر ـ (kurd history )٭، دوو سەردانی جیاوازی نووسەر بۆ هەردوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمینیا و بینینی چەن کوردێک، هەروەها کتێبی "زندگی ومرک لینین"، نوسینی ڕابرت پایین بینراوە.