بێكەسی سیاسی

AM:10:50:12/04/2021 ‌
 بێكەس، ناو و نازناوی شاعیرێكی گەورەی كوردە، لەڕووی مانا و مەبەستیشەوە بێكەس ئەو كەسەیە كە تاقانە و بێ هاوڕێ و هاودەم و بێكەسی نزیكی یەكەمە، لەناو كۆمەڵ و زۆرتر تەنیایە لە پێوەندیدا، بەڵام لە مافەكاندا وەك ئەوانی تر یەكسانە و یاسا پارێزەری مافەكانێتی، چونكە ئەویش تاكێكی كۆمەڵە، ئەمە لە چوارچێوەی وڵاتی بە سیستمكراوی یاساییدا، كە وشەی سیاسی چووە پاڵ بێكەس، دەبێ بە بێكەسی سیاسی، بێكەسی سیاسیش ئەو تاكەی كۆمەڵە كە لە سیاسەتدا كار دەكات و دڵسۆزە، بەڵام لە وەرگرتنی پلەدا جێ دەمێنێ و سوودمەند نییە، لە كاتێكدا شیاوی وەرگرتنی پلەو پۆستیشە. 

بەگشتی لە وڵاتی پێشكەوتوو دادپەروەری ناوەندی سیاسیدا، كە هەموو پلە و بازدانی پلەكان پێوەریان بۆ دانراوە، بە ڕێڕەوی یاسایی ئاسایی سیاسیدا دەڕۆن و تەرازووی دادپەروەری بوونی هەیە، پێوەر بڕیار لەسەر مافە سیاسییەكان دەدات، بێكەسی سیاسی بوونی نییە یان زۆر دەگمەنە، بەڵام لە وڵاتە پڕكێشە و بەرە سیاسییەكاندا كە پێوەر بۆ پلە و مافە سیاسییەكانی حزبایەتی بوونی نییە، یان كاری پێ ناكرێت، شتەكان بە میزاجی كەسایەتی و پێوەندی كەسێتی و خزم خزمێنە و دەستەگەریدا دەڕۆن. دواتر بێكەسانی سیاسی دێنە مەیدان، چونكە ژمارەیەكی زۆری كەس لە مافە سیاسییە شیاوەكانیان بێبەش دەبن كە ڕەنگە له كەسە دڵسۆزەكانی حزب و سیاسەتیش بن، چونكە پێوەر بۆ وەرگرتنی پلەكان كاری پێ نەكراوە.

بێكەس لە سیاسەتدا زۆرتر ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە ڕاستگۆیانە كار دەكەن و دڵسۆزی حزبن و بێ پشت و پەنان، هەر لە شوێنی خۆیاندا گیر دەخۆن و دەخولێنەوە و پلە و كاری بەرزتر بە خۆیانەوە نابینن، لە كاتێكدا ئەركە حزبییەكانیشیان بە باشی ڕادەپەڕێنن، نەبوونی دادپەروەیش ئەو سەردەمانە سەر دەردێنێ كە هیج پێوەرێك بۆ وەرگرتنی پلە و پۆست نییە، سیاسەت و حزب‌ بە سیستم نەكراوە و بەپێی پرنسیپەكانی حزب و پێڕەوەكەی كار ناكرێت، هەرچەندە زۆربەی حزبەكان لە پێڕەویاندا ئاماژە بۆ پێوەر دەكەن لە بەرزكردنەوە و وەرگرتنی پلەكاندا، بەڵام كێشە ئەوەیە كار بە پێڕەو ناكرێت. 

بۆیە بێكەسی سیاسی و كەسداری سیاسی دروست دەبێت و جێی خۆیان لە ناوەندەكەدا دەكەنەوە، هەندێك دەگەنە لووتكە لە ماف و سوودمەندیدا دەبنە كەسداری سیاسی، لە بەرانبەریشدا هەندێكی تر ڕۆدەچنە زەوی و هیچ مافێك وەدەست ناهێنن و دەكەونە خانەی بێكەسی سیاسییەوە، چونكە هەڕەمی نائاسایی سوودمەندیی كەسدارانی سیاسی، لەسەر نغرۆبوون و ڕۆچوونی مافی بێكەسانی سیاسی باڵا دەكات، ئەگەرنا هەرگیز لە دادپەروەریدا لووتكەی هەڕەمی سوودمەندیی كەسداری سیاسی و چاڵی بێبەشبوونی بێكەسی سیاسی دروست نابێت، بگرە خەڵكانێك كە پلەكانیان وەك یەكیش نەبن، بەپێی پلە و ڕۆڵیان سوودمەند دەبن.

جیاوازییەكی ئەوتۆ لە سوودمەندبوون دروست نابێت، ئەمیش دیاردەیەكی ئاساییە، دڵسۆزانی سیاسەت قبووڵیانە، چونكە بەپێی ماندووبوون و كاركردن، گەیشتوونەتە سوودوەرگرتنی پلەیەكی هاوشانی ماندووبوونەكانیان، هانی كەسانی تریش دەدەن كار لەسەر بەئەنجام گەیاندنی دڵسۆزی بۆ وەدەستهێنانی هەمان دەسكەوت بدەن، بەڵام ئەو حزب و ناوەندە سیاسییانەی پرەنسیپی بەسیستمبوون لە هەڕەمی دەسەڵاتیاندا نییە و كار بە پێڕەو ناكەن و گرووپ گرووپن، بێكەسی سیاسی دروست دەبێت.

ڕاستییەكەی زۆربەی بێكەسە سیاسییەكان، خەڵكە پاك و ڕاستگۆ و بەویژدانەكانن كە بە ڕێیە یاساییەكەی ڕاستی حزبدا دەڕۆن، ئەملا و ئەولایان نییە و چاویان لە پێوەرەكانی حزبە لە سوودمەندبووندا. بەڵام ئەوە دەستڕۆیشتووانی حزبن بە بەرنامە و پێڕەوی حزبەكەی خۆیان كار ناكەن، بێكەسی سیاسیش ناتوانێ لە پەروەردە حزبییە ڕاستڕەوەكەی كە پێوەندی بە بوونیەوە هەیە لابدات، بۆیە زۆرجار تەریكی كایەی سیاسی دەبن و بە هیواوە كار لەسەر ڕاستەڕێیەك دەكەن تا حزب بهێننەوە سەر بەرنامە دروستەكەی خۆی، ئەو فەزا سیاسییەی، كوتلە، دەستەگەری، خزم خزمێنە، نادادپەروەری و.. و.. تێدا فەراهەم بێت، بێكەس و كەسداری سیاسی تێدا دروست دەبێت.

كەسدارە سیاسییەكان كەمترن لەو حزبانەی تا ئاستێك كار بە پێڕەو و پرۆگرام دەكەن، ڕەنگە لە بەردەوامی و سووربوونی بێكەسی سیاسی و گوێگرتن لە كێشەكانیان، حزبەكە بهێننەوە سەر ڕاستەڕێی تەریبی حزبی، بە پێچەوانەشەوە حزب گەیشتە ئەو ئاستەی كەسداری سیاسی زۆرتر بن لە بێكەسی سیاسی، كار بە پێڕەو و پرۆگرام نەكات، پێوەر بۆ بازدانەكان و وەرگرتنی پلەی سیاسی دانەنێت، هیوای گەڕانەوەی حزب بۆ باشتربوون نامێنێت، لەوكاتەدا حزبەكە زیان دەكات و جیابوونەوە دروست دەبێت.

بەگشتی حزب دەتوانی تا ئاستێك لەسەر هێڵی تەریب ڕێ بكات، ئەگەر بەخواروخێچیش بێت ئەگەر بێكەسی سیاسی ژمارەیان زۆر نەبێ، ژمارەی بێكەس و كەسداری سیاسی ئەگەر نزیك لەیەكیش بن، ژمارەی دڵسۆزانی حزب‌ زۆرتربن لە بەرژەوەندخوازانی حزبی، بەمەرجێك پێوەر هەبێ، جاروبار حزب خۆی نوێ بكاتەوە و گۆڕان بەپێی سەردەم بەسەر بەرنامە و پێڕەویدا بهێنێت. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر ژمارەی كەسداری سیاسیی هەلپەرست و چاوچنۆك و بەرژوەندیخواز لە دڵسۆزانی حزب‌ زیاتر بوو، چارەنووسی ئەو حزبە هەڵدێرانە دوور یا نزیك .