راستی به‌هادین
له سه‌ره‌تای دروستبوونی مرۆڤه‌وه، به‌رده‌وام خه‌ریكی داهێنان بووه، شتگه‌لێكی جۆراوجۆر هه‌ن كه مرۆڤ دروستی كردوون، له‌ناو ئه‌و داهێنانهشدا بێگومان داهێنانی باش و خراپیش هه‌ن، ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ لێره‌دا باسی بكه‌م كتێبه.
كتێب یه‌كێكه له‌و دروستكراوانه یان ئه‌و داهێنراوانه‌ی مرۆڤ كه نه‌بووه‌ته هۆی شه‌رمه‌زاری بۆ مرۆڤایه‌تی، به‌ڵكو شانازیشه، چونكه كتێب له‌وه‌ته‌ی داهێنراوه، وه‌ك ئامێرێك له بنیاتنانی مرۆڤایه‌تی و گه‌لان و نه‌ته‌وه‌كاندا كار ده‌كات، پێشكه‌وتنی شارستانیی و عه‌قڵ و بیر و هزری مرۆڤایه‌تی، پرۆسه‌یه‌كی مێژووییه كه كتێب رۆڵێكی زۆر گه‌وره و كارای گێڕاوه تێیدا تا به ئه‌مڕۆ گه‌یشتووه.
هه‌موومان و به‌تایبه‌تیش رۆشنبیران و نووسه‌ران، تا ئاستێكی زۆر قه‌رزاری كتێبین، خوێندنه‌وه‌ی كتێب هۆیه‌كی سه‌ره‌كییه بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونمان به زانست و به زانیـاریی هه‌مه‌چه‌شنه، بۆ زیاتر رۆشنبیریبوونمان، هۆیه‌كه بۆ زمانپاراوی و بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی فه‌رهه‌نگی زمانمان به وشه و به زاراوه‌ی نوێ، كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی بتوانین باشتر و جوانتر گوزارشت له بیر و خه‌یاڵ و بۆچوونی ناخی ده‌روونمان بكه‌ین.
ھه‌موو فه‌یله‌سووف و زانا و دانا و ڕووناكبیر و گه‌وره پیاوانی دنیا به‌رھه‌می كتێب و خوێندنه‌وه‌ن، وه‌ك سامۆیل ئادامز ده‌ڵێت: خوێندنی دوێنێ تۆوێكه به‌یانی به‌رھه‌مه‌كه‌ی دروێنه ده‌كه‌یت.
كتێب كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌موو ژیانی مرۆڤایه‌تی هه‌یه، به‌تایبه‌تی له زمان و كولتوور و توانای هزری و مرۆیی، ئه‌وانه‌ی كتێب ده‌خوێننه‌وه، خه‌ڵكانێكی بێ كاریگه‌ری و بێ پێگه نابن.
له‌ناو هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه كه‌سانی خوێنه‌ر بن و پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ كتێبدا هه‌بێت، ئه‌وا بێگومان ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو ده‌بێت. تاكه‌كانی كه‌سانی كاریگه‌ر و داهێنه‌ر ده‌بن، چونكه كتێب ڕۆڵێكی دیاری هه‌یه له بنیاتنانی مرۆڤی زانا و داهێنه‌ر.
گه‌لێكی خوێنده‌وار و ڕۆشنبیر و مێشك فراوان، تاهه‌تایه ده‌مێنێت و له‌ناو ناچێت، رۆژنامه‌وانێك ئه‌م قسه‌یه‌ی زیاتر شی كردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێ: ”گه‌لێك یان میله‌تێك، ئه‌گه‌ر كتێب نه‌خوێنێته‌وه، وه‌ك ژماره و بوونی مرۆیی ده‌مێنێت، به‌ڵام وه‌ك ئاماده‌یی و هێز و خۆسه‌لماندن له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی‌دا، ئه‌و میله‌ته به (نه‌بوو) دێته هژمار".
ئاشكرایه له دنیای ئه‌مڕۆدا ته‌كنه‌لۆجیا به‌شێكی زۆری ژیانی مرۆڤه‌كانی داگیر كردووه، مه‌خابن ئه‌م پێشكه‌وتنه ته‌كنۆلۆجییه له‌ناو زۆر له گه‌لانی دنیا و نه‌وه‌ی نوێیاندا، پاشه‌كشه‌ی به كتێب و خوێندنه‌وه‌ی كتیب كردووه، سه‌رهه‌ڵدانی ته‌كنۆلۆجیای پێشكه‌وتوو و ئینته‌رنێت و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كاریگه‌ریی نه‌رێنییان له‌سه‌ر ره‌واج و بازاڕی كتێب و ڕێژه‌ی خوێنه‌رانی كتێب هه‌یه، راسته ته‌كنۆلۆجیای پێشكه‌وتوو له‌م سه‌رده‌مه‌دا نزیكه‌ی هه‌موو ژیانی مرۆڤی ئه‌م چه‌رخه‌ی داگیر كردووه، به‌ڵام هێشتا گه‌لانێكی زۆری دنیا هه‌ن، ده‌ستبه‌رداری نه‌ریتی كتێب خوێندنه‌وه نه‌بوون. به‌ڵام كتێب به‌های گرانی خۆی له ده‌ست نه‌داوه، هێشتا ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه له‌سه‌ر ئاستی دنیا له هه‌موو نه‌وه‌كان یه‌كجار زۆرن كه بێ كتێب و دوور له كتێب، ناحه‌وێنه‌وه. چونكه هه‌ر كتێبه وا له مرۆڤه‌كان ده‌كات تێگه‌یشتنێكی باشتر و بیركردنه‌وه‌ی جیاوازیان هه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی كتێب بۆ سه‌ر ژیانی مرۆڤایه‌تی هه‌یه‌تی.
سووده‌كانی خوێندنه‌وه‌ی كتێب زۆرن، ته‌نیا ئاماژه به پێنج دانه له‌وانه ده‌ده‌ین:
۱ - كاتێك تۆ كتێبێك ده‌خوێنیته‌وه، بێگومان زانیارییه‌ك له‌و كتێبه‌دا هه‌یه كه سه‌رنجت ڕاده‌كێشێت و ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی زیاتر حه‌ز به خوێندنه‌وه بكه‌یت.
۲ - به گه‌لانی تر و وڵاتانی تر و دنیای تر ئاشنات ده‌كات و ئاشنای كولتوور و زمانی جیاواز ده‌بیت .
۳ - كه‌سایه‌تیت به‌هێز و مێشك و هزرت فراوانتر ده‌كات و دیدت بۆ رووداوه‌كان رۆشنتر ده‌بێ، بۆچوونی تایبه‌ت به خۆتت ده‌بێت له‌سه‌ر ڕووداوه‌كان .
٤ - توانای قسه‌كردن و زمانه‌وانی و هه‌روه‌ها نووسینیشت باشتر ده‌كات .
5- كلیلی ده‌رگه‌ی زانسته‌كان و فێربوونه و كتێب ده‌بێته ده‌لاقه‌یه‌ك لێوه‌ی ئاشنای زانست و زانیاری نوێ و سه‌رده‌می ده‌بین .
یوسف زێدان له‌باره‌ی خوێندنه‌وه‌وه ده‌ڵێت :
”ئه‌و گه‌له‌ی ده‌خوێنێته‌وه، ده‌مێنێته‌وه" بێگومان گه‌لی خوێنده‌وار هه‌میشه له به‌ره‌وپێشچووندایه و هه‌میشه ده‌مێنێت، خوێندنه‌وه و كتێب كۆمه‌ڵگه له نه‌زانین و نه‌فامی ده‌رباز ده‌كات و به‌ره‌و ڕووناكی و ئاگایی زیاتر پێشی ده‌خات، بۆیه گرنگه له كوردستانیشدا خوێندنه‌وه‌ی كتێب بكرێته كولتوور تا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش زیاتر به‌ره‌وپێش بچێت و بتوانین شانبه‌شانی وڵاتانی تر، به‌ره‌وپێشه‌وه بچین و ببینه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خوێنده‌وار.
ڤیكتۆر هۆگۆ له‌باره‌ی كتێبه‌وه ده‌ڵێت: به‌خته‌وه‌ر كه‌سێكه كه به یه‌كێك له‌م دوو شتانه شاد بێت، به كتێبه باشه‌كان یان به هاوڕێیانی كتێبدۆست.
كه‌واته له‌مه‌وه بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه كه كتێب چه‌نده گرنگه بۆ مرۆڤ و چه‌ند هاوكار بووه له پێگه‌یاندنی مرۆڤدا، بۆیه ته‌نیا ماوه‌ته‌وه بڵێین هه‌موومان قه‌رزاری كتێبین.