ئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه‌دا له خورماتوو، كه‌ركووك، داقووق، گوڵاڵه و خانه‌قین، مه‌خموور و.. تاد ڕوو ده‌دات؛ ئه‌و سیاسه‌تی ته‌عریبكردنه زۆره‌ملێیه‌ی له گونده‌كانی ئه‌و ناوچانه ڕوو ده‌دات، ته‌عریبی نوێیه، واتا سیاسه‌تی ته‌عریبی ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌یه له عێراق. ئه‌مه شۆڤێنیزمی ده‌وڵه‌تی زۆرینه‌ی شیعه‌یه له عێراقی نوێ و عێراقی دوای پرۆسه‌ی ئازادی دژ به كورد.
ئه‌مه ئه‌و تهعریبهیه كه هێشتا ماده‌ی ١٤٠ی ده‌ستووری عێراقی هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه و لیژنه‌كانی هه‌ر له‌سه‌ر كارن، هێشتا مووچه و ده‌رماڵه و بودجه‌ی تایبه‌ت وه‌رده‌گرن. ئه‌مه ئه‌و تهعریبهیه كه له عێراقی نوێ و فیدراڵیدا دژ به كورد پێڕه‌و ده‌كرێت.
پرسی كه‌ركووك و ناوچه ده‌شتاییه‌كان و گه‌رمه‌سێر، هه‌ر له شنگاله‌وه بگره تا سه‌عدیه و جه‌له‌ولا و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، سه‌ره‌كیترین بابه‌تی ناكۆكی و ململانێیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی ناوه‌ندی عێراق بووه له چه‌ند ساڵی رابردوودا. ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌ر له سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه، به هۆكاری ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی ئه‌و ناوچانه به ژێرخانی نه‌وت و غاز، فراوانی پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی دانیشتووانه‌كه‌ی، كه‌مبوونی ده‌رفه‌تی خۆڕاگری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه به‌هۆی دۆخی سروشتی و جیۆگرافیایی ناوچه‌كه به‌به‌راورد به ناوچه شاخاوییه‌كانی كوردستان، هه‌روه‌ها هاوسنووربوونیان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب؛ چاوی بڕیوه‌ته ئه‌و ناوچانه و دژوارترین و دڕندانه‌ترین و به‌ربڵاوترین شاڵاوه‌كانی ته‌عریب، ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژی و جینۆسایدی به‌سه‌ر دانیشتووانه‌كه‌یدا به‌ڕێوه بردووه. بۆ كورد و بزووتنه‌وه ئازادیخوازهكهشی ئه‌و بابه‌ته هه‌میشه هۆكاری شه‌ڕ و ئاشتی بووه.
له دوای ساڵی ٢٠٠٣ و له‌گه‌ڵ بنیاتنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی نوێی عێراقدا، پێداگری كورد كورد وه‌ك به‌شێكی سه‌ره‌كی له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق له‌سه‌ر ئه‌و پرسه، هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه، سه‌ره‌تا له ماده‌ی ٥٨ی ده‌ستوور و پاشانیش وه‌ك ماده‌ی ١٤٠ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق به‌جێ كرایه‌وه. له ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی رابردوودا له‌به‌ر زاڵبوونی عه‌قڵیی شۆڤێنی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێتی عێراق، هه‌وڵ و كۆششی یه‌كلایه‌نه‌ی كورد بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی ئه‌و كێشه‌یه بێ‌ئاكام بوو.
جگه له كوشتن و قه‌ڵاچۆكردن و ئه‌نفال و كیمیاباران و ده‌یان جۆری سیاسه‌تی دڕندانه‌ی تر دژ به خه‌ڵكی كورد له‌و ناوچانه؛ بابه‌تی ته‌عریب و گۆڕینی دیمۆگرافی برینێكی قوڵی مێژووییه و هه‌ر قۆناغه و به‌شێوه‌یه‌ك ده‌كولێته‌وه و كێمی لێ ده‌ڕژێت. ته‌عریب؛ واتا به عه‌ره‌بكردنی به زۆره‌ملێ، واتا سیاسه‌تی تێكدانی مێژوو و كولتوور و ناو و ناسنامه‌ی شوێنێك و قه‌ڵاچۆكردن و وه‌ده‌رنانی خه‌ڵكه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی و ڕاده‌ستكردنی به خه‌ڵكێكی تری ناڕه‌سه‌ن و سه‌رچاوه نادیار و بیانی یان هاورده. واتا ئه‌و ناوچانه له كورد پاك بكرێته‌وه و ڕاده‌ستی عه‌ره‌بی هاورده بكرێت. بێگومان ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كی سیاسی، ته‌ناهی، یاسایی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی و سه‌رجه‌م ڕه‌هه‌نده‌كانی ژیانی تاك و كۆمه‌ڵ ده‌گرێته‌وه و هاوكات پرۆسه‌یه‌كی خاو و درێژخایه‌ن و به‌رنامه بۆ داڕێژراو و قۆناغ به قۆناغه.
بنه‌ڕه‌تی هزری ئه‌م سیاسه‌ته شۆڤێنیزمه جا چ ئاینی و تایفی بێت یان نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ژادی. له عێراقدا شۆڤێنیزمی عه‌ره‌ب به به‌رگی به‌عسیزم یان ئه‌مڕۆ به به‌رگی تایفی و ئاینی له مێژه ئه‌م سیاسه‌ته به‌ڕێوه ده‌بات. ئه‌نجامی ئه‌م سیاسه‌ته له كرداردا زۆر گرنگه و نابێت ته‌نیا به‌شێوه‌ی ڕووكه‌شی و ڕێكلامی سه‌یری بكه‌ین. به‌پێی هه‌ندێ داتا و ئامار (كه سهرچاوهكهشیان زۆر دیار نییه، به‌ڵام زۆربه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كان وه‌ك سه‌رچاوه بایه‌خی پێ ده‌ده‌ن)، له‌و ناوچانه‌دا زه‌ویی كشتوكاڵی كورد نزیكه‌ی ملیۆنێك و 600 هه‌زار دۆنمه. دوای ١٦ ئۆكتۆبه‌ر زیاد له ٣٥٠ هه‌زار دۆنم زه‌ویی كورد ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه. وای دابنێین ئه‌مه ڕاسته. خۆ ئه‌مه كاره‌ساته. باشه ئێمه‌ی كورد له به‌رانبه‌ردا چیمان كردووه، ئه‌گه‌ر هه‌ندێ به‌یاننامه و بگره بهدواكهوتنیشمان هه‌بووبێت، ئایا به‌ڕاستی هێنده‌ی قورسایی ئه‌و كاره‌ساته ده‌بێت؟ بێگومان نه‌خێر.
ئێمه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌شێوه‌یه‌كی ڕیشه‌یی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه ڕاوه‌ستین، ده‌بێ هه‌ندێ بوێریمان هه‌بێت و خۆ له دروشم و موزایه‌ده و حزبایه‌تی به‌دوور بگرین. ده‌بێ پێناسه‌یه‌كی ڕاست بۆ كۆی ئه‌م بابه‌ته بكه‌ین. ئه‌مه به‌وه ناكرێت له له‌یلان و په‌لكانه و گونده‌كانی داقووق به خۆڕاگریی بێ هاوتای خه‌ڵك، ئه‌مڕۆ هه‌ندێ كه‌س ڕاو بنێین و بانگه‌شه‌ی چاره‌سه‌ری كاتیش تا عه‌رش به‌رز بكه‌ینه‌وه. باشه بۆ ئه‌وه‌نده زوو و بێبنه‌ما سه‌رخۆش و كه‌یفخۆش ده‌بین؟
بابه‌ته‌كه ئه‌مه‌یه و ده‌بێ وه‌هاش چاره‌سه‌ر بكرێت:
له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر چوار پارێزگای هه‌ولێر، دهۆك، سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه؛ له سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسدا بۆ هه‌ر مه‌ترێكی زه‌ویوزاری كورد له گونده‌كان، بۆ زۆربه‌ی خانوو و شوێنه‌كانی كورد له شار و شاره‌دێكان؛ به‌ڵگه‌یه‌كی یاسایی به‌ناوی كه‌سێكی تر كه زۆرینه عه‌ره‌بن دروست كراوه و پێیان دراوه. واتا هه‌ر مه‌ترێكی عه‌رزی كورد دوو خاوه‌نی هه‌یه. خاوه‌نێك قه‌واڵه و تاپۆی پێش به‌عسی هه‌یه و كورده و خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌یه‌تی. خاوه‌نی دووه‌میش تاپۆ یان به‌ڵگه‌یه‌كی یاسایی سه‌رده‌می به‌عسی هه‌یه و ئه‌ویش به‌پێی سیستمی یاسایی و دادوه‌ری عێراقی خاوه‌ن حه‌ق هه‌ژمار ده‌كرێت. بێگومان له عێراقی كۆن و نوێشدا كورد وه‌ك خاوه‌ن حه‌ق و خاوه‌ن زه‌وی نابینرێت و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌درێت بۆ وه‌ده‌رنانی. هه‌رچی خاوه‌نی دووه‌میشه له كۆندا و له ئێسته و داهاتووشدا هه‌موو پشتگیرییه‌كی مادی و مه‌عنه‌وی و یاساییش ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی جێی كورد بگرێته‌وه.
دیاره له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا هه‌وڵێك له ئارادایه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته كه به‌ڕێز سه‌رۆك كۆمار سه‌ركێشی ده‌كات. بێگومانم له‌وه‌ی كه هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمیش له هه‌وڵی به‌رده‌وامدان بۆ ئه‌و پرسه. بۆیه به پێویستم زانی وه‌ك بۆچوون یان پێشنیارێك ئه‌م بابه‌ته بخه‌مه‌ڕوو له سۆنگه‌ی هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی و هه‌روه‌ها ئێش و ئازاره‌كانی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه.
پێم وایه ده‌بێ وه‌ك كورد له‌ڕێی په‌رله‌مان یان دادگای فیدراڵی یان هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی تره‌وه، پێداگری له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی ڕژێمی به‌عسی پێشوو بكه‌ین كه وه‌ك سیاسه‌تی ته‌عریب، به پێدانی به‌ڵگه‌ی یاسایی یان گرێبه‌ست و یان هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌كی تر، خاوه‌نی دووه‌می بۆ زه‌ویوزاری كورد له‌و ناوچانه‌ی كه وه‌ك ناوچه‌ی ماده‌ی ١٤٠ ناسراون دروست كردووه. ده‌بێ ئه‌و پێداگری و ته‌گبیره‌ی ئێسته هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین، بگاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ئه‌م بابه‌ته به‌شێوه‌یه‌كی ڕیشه‌یی چاره‌سه‌ر بكات نه‌ك هه‌ر قۆناغێك كه چه‌مكی شۆڤێنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو، عه‌ره‌بی هاورده به به‌ڵگه‌ی یاسایی و وه‌ك خاوه‌نی دووه‌م له كورد قیت ببنه‌وه. ئه‌م هه‌وڵه‌ی سه‌رۆك كۆمار ده‌توانێ وه‌ك چه‌ترێك هاوهه‌ڵوێستی و قورسایی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی كوردستان و عێراقیش كۆ بكاته‌وه.