له‌وه‌ته‌ی عێراق دروست بووه، هیچ كاتێك عه‌ره‌به‌كان به‌بێ كورد نه‌یانتوانیوه ئه‌و وڵاته سه‌رپێ بخه‌ن، كوردیش هه‌میشه ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵی بۆ پێكهێنانى ده‌سه‌ڵاتی عێراق داوه، به ئه‌ندازه‌ی نیوه‌ی هه‌وڵی بۆ بنیاتنانى قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ و داهاتووى ده‌وڵه‌تدارى نه‌ته‌وه‌كه‌ی نه‌ناوه. له هه‌موو سه‌رده‌م و ئه‌وكاتانه‌ى عێراق تووشی شكست هاتووه، كورد ده‌ستی به‌هێزى بنیاتى ئه‌م وڵاته بووه، له كۆتاشدا به‌ده‌ستى به‌تاڵ یاخۆ نیوه به ئیمتیازێكى كه‌مى له چوارچێوه ئیداری و سیاسییه‌كه سزا دراوه، یان هه‌وڵی ملكه‌چبوون بۆ فه‌رمانى عه‌ره‌به‌كان دراوه، ویستوویانه كورد له به‌رده‌م عه‌ره‌به تایفییه‌كانى عێراق خۆی بچه‌مێنێته‌وه، به‌ڵام زۆربه‌ى كات و سه‌رده‌مه‌كان كورد نه‌ك ڕ‌ازى نه‌بووه به فه‌رمان و داواكانى عه‌ره‌به عێراقییه‌كان، به‌ڵكو تاڵاوى مه‌رگیان ده‌رخوارد داوه.
ئه‌گه‌ر زۆر نه‌گه‌ڕێمه‌وه دواوه و له شۆڕِشی ئه‌یلوول دوای پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق له به‌ڵێنه‌كانیان به‌رانبه‌ر كورد، شۆڕشی ئه‌یلوولی به‌رپا بوو، واته كورد ملكه‌چ نه‌بوو، سه‌ره‌نجام كاریگه‌ری شۆڕشی ئه‌یلوول سه‌رانى به‌عسی ناچار كرد به ڕێككه‌وتننامه‌ى ئادارى 1970، له پاش ڕاپه‌ڕینیش كورد له‌گه‌ڵ به‌عس گفتوگۆی كرد كه به دانوستانی 1991 ناسراوه، تا ئاستێك نه‌چووه‌وه ژێر به‌ڵێنه‌كانى سه‌دام حوسێن له كاتێكدا كورد له بارودۆخێكی زۆر ناهه‌مواری ئابووریدا بوو، به‌ڵام بۆ دوژمن نه‌چه‌مینه‌وه تا بودجه و مووچه بنێرێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌وكاته توانرا هه‌نگاوى گه‌وره‌تر بۆ سه‌ربه‌خۆیی بهاوێژرێت، چونكه وڵاتانى دنیا له‌سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كه چاو‌دێر بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه له‌و سه‌رده‌مه باسی بكه‌م، یه‌كگرتوویی لایه‌نه كوردییه‌كان بوو.
پاش ڕووخانى ڕ‌ژێمى به‌عس، كورد یه‌كه‌م لایه‌ن بوو ڕۆیشته به‌غدا، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌خشه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیى كوردانه‌یان پێ نه‌بوو كه سنوورى كوردستان و ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕیی حكوومه‌تى هه‌رێم له كه‌ركووك و ئه‌و ناوچانه‌ى كۆتا خاڵی سنووری ڕاسته‌قینه‌ی كوردستانن، دابنێن. له‌برى ئه‌وه هه‌وڵی دروستكردنه‌وه و به‌هێزكردنى حكوومه‌تى عێراقیان دا، ئه‌و عێراقه‌ى هه‌ركات به‌هێز بووبێت، سته‌مى له كورد و كوردستان كردووه، ئه‌ڵبه‌ت لایه‌نه كوردییه‌كان له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌وه‌نده‌ى په‌رۆش و په‌له‌ی ڕۆیشتنه به‌غدا و گرتنى كۆشك و كۆگای ئۆتۆمبێله‌كانى به‌عس بوون، نیوئه‌وه‌نده په‌رۆشی یه‌كڕیزیی نه‌بوون، بۆیه هه‌ریه‌كه و له ئاراسته‌یه‌كه‌وه ڕێی به‌غدایان گرت و پاشانیش بانگهێشتى ئه‌م سه‌ركردانه‌ی ئێسته و 15 ساڵی ڕابردووی عێراقیان كرده‌وه بۆ حوكمڕانی.
خۆ ئه‌گه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا ستراتیجێكى نیشتمانى كوردانه به لایه‌نه كوردییه‌كان بوایه، ده‌توانرا له‌برى ئه‌وه‌ی عێراق ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه، كه‌ركووك و قه‌واره‌ی كوردستان له‌و جیۆگرافیایه‌ی كوردستان ده‌چه‌سپاند و پێویستى نه‌ده‌كرد ماده‌ی گیسكه‌كه‌ی هه‌یاس (ماده‌ی 140) له ده‌ستوورى عێراق دابنرێت، چونكه ئه‌وكات عه‌ره‌به هاورده‌كانى كه‌ركووك و ناوچه داگیركراوه‌كان هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌یان چۆڵ كردبوو، ته‌نیا كورد نیشته‌جێ بوو له‌سه‌ر نیشتمانى چه‌ند ساڵ داگیركراوى خۆی بوو.
له پاش دانانى ده‌ستووریش ماده‌ی 140 هه‌نگاوى كردارى بۆ نه‌نرا كه ئه‌وكات كورد به‌هێزترین لایه‌نى عێراق بوو چ له‌ڕووى هێز و ده‌سه‌ڵات و چ له‌ڕووى دانیشتووان و ئیداره‌دانى كه‌ركووك. بۆیه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش له كیس چوو. دواتر لایه‌نه عه‌ره‌به‌كانی عێراق كه‌وتنه خۆ‌و ململانێی تایه‌فی كه‌متر بوو، بۆیه هه‌ندێ كات كه‌ڵكه‌ڵه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی پشكى كوردستان له بودجه‌ی ده‌كه‌وته سه‌ر، به‌ڵام یه‌كده‌نگی كورد به‌تایبه‌تی خوالێخۆش بوو مام جه‌لال و سه‌رۆك بارزانى شكستیان به‌و هه‌وڵانه ده‌هێنا، هه‌ندێ كاتیش عێراقییه‌كان هه‌ولێر بنه‌ى كۆتایی كێشه‌كانیان بوو، بۆیه له هه‌ولێره‌وه كابینه‌كانى حكوومه‌تى به‌غدا ده‌هاته سازان، ئه‌ڵبه‌ت هۆی سه‌ره‌كى یه‌كده‌نگی سه‌ركردایه‌تیى كورد بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وكاتیش له قووڵایی ململانێكاندا كورد نه‌یتوانى وه‌ك هه‌لێك بۆ گێڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك و خاكى داگیركراوى، سوود وه‌ربگرێت و ئیداره‌یه‌كى كوردی تۆكمه‌ش له‌وده‌مه‌دا پێك بهێنێت تا كار نه‌گاته ئه‌م ڕۆژه‌ی كه كێشه و گرفته ئیدارییه‌كان هێنده زۆرن، نازانرێ ده‌ست بۆ كام و بۆ كوێ ببرێت.
دوای ئه‌و قۆناغه، سه‌رده‌مى بڕینی بودجه هاته پێش كه له‌لایه‌ن نووری مالیكى سه‌رۆك وه‌زیرى ئه‌وكاتى عێراق بوو، ناكۆكی لایه‌نه كوردستانییه‌كان له‌وكاته‌وه زیاتر ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند، بابه‌تى بڕینی بودجه كه‌لێنی له‌ناو كورد دروست كرد، به‌ڵام پاش ئه‌وه گه‌وره‌ترین هه‌ل بۆ كورد له مێژوودا بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی خاكى خۆی ره‌خسا، ئه‌ویش ساته‌وه‌ختى سه‌رهه‌ڵدانى داعش و ڕاكردنى سوپای عێراق بوو، له‌و هه‌له‌دا كورد نیوه‌ى خاكى كوردستانى خسته‌وه ژێرده‌ستى خۆی، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌ڵه بوو و كرا، ده‌بوو هه‌ر ئه‌و سه‌رده‌مه به‌هه‌ند وه‌ربگیرایه كه فره ده‌سه‌ڵاتى سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه و به‌ره‌كانى پێشه‌وه‌ی سنوورى كوردستان بوو، به‌داخه‌وه نایه‌كگرتوویی پێشمه‌رگه و نه‌بوونى یه‌ك هێزی ته‌واو له‌ژێر فه‌رمانى حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تى پێَشمه‌رگه، بووه هۆی لاوازی سه‌نگه‌ره‌كان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش، هه‌رگیز ئه‌و شه‌وه‌ی جه‌له‌ولام یاد ناچێت كه كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه له ده‌ره‌نجامى نه‌بوونى هاوئاهه‌نگی ته‌واوى هێزه‌كان و ناكۆكی هێزه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای حزبایه‌تى شه‌هید بوون، كاتێك پێشمه‌رگه‌یه‌كم ده‌دواند له‌باره‌ى شه‌ڕه‌كه و شه‌هیدبوونى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌وه، هه‌ر كه‌سه و حزبێكى تاوانبار ده‌كرد.
به‌ڕاستى له‌وكاته‌دا ئه‌و بارودۆخه مایه‌ی داخ بوو، به‌ڵام زۆركات به‌رپرسان ئه‌و ڕاستییه‌یان ده‌شارده‌وه له‌بری ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بكه‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو دواجار ماڵی كوردی وێران كرد و نیوه‌ی خاكه‌كه‌مان كه‌وته‌وه ده‌ست دوژمن.
به‌ڵام سه‌ربارى ئه‌وانه، گه‌وره‌ترین كاری مێژوویی كورد كه كردی، بڕیارى سه‌ربه‌خۆیی بوو به كۆده‌نگی لایه‌نه كوردستانییه‌كان، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك لایه‌ن نابه‌دڵ و به شه‌رمه‌وه ده‌دوان، به‌ڵام ڕاپرسی سه‌ربه‌خۆیی به "به‌ڵێ" بۆ سه‌ربه‌خۆیی زۆرینه، دڵخۆشكه‌ر و تاكه ده‌سكه‌وتی مه‌زنه. به‌داخه‌وه ئاواتى سه‌ربه‌خۆیی له دڵماندا بووه پشكۆیه‌ك و به‌لاڕێدا برا، له‌به‌ر هه‌ندێ فشاری كاتى و بڕینی مووچه، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر مووچه نه‌بڕابێت و سنوور نه‌گیرابێت، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم بیویستایه متمانه‌ى بۆ میله‌ت بگێڕایه‌ته‌وه، ئه‌وا به نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵی و شه‌فافی له داهاتى ناوخۆ و پلان بۆ هه‌ندێ كه‌رتى ناوخۆیی وه‌ك كشتوكاڵ، ئه‌وا گوشاره‌كان له دژی ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم نه‌زۆك ده‌بوون، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه نه‌كرا و زیاتر كه‌لێن كه‌وته ناوماڵی كورد تا له 16 ئۆكتۆبه‌ر زۆرینه‌ى خاكى كوردستان، فاشیلترین سوپای دوژمن داگیری كرده‌وه.
ئه‌وه‌ی زیاتر مایه‌ی نیگه‌رانییه، ئێسته ململانێیه‌كان گه‌یشتوونه‌ته ئاستێك كه هه‌ڕه‌شه له قه‌واره‌ی هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت. له‌م سه‌روه‌خته‌دا كه چه‌ندان كه‌س هاتنه راسپاردن بۆ كابینه‌ی نوێى حكوومه‌تى عێراق و ره‌تكردنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن ناوماڵی عه‌ره‌بی عێراق، كه‌چی كورد له‌برى یه‌كڕیزی و پلانێكی نیشتمانى، له په‌رته‌وازه‌ییدا هه‌ریه‌كه و له ئاوازێك ده‌خوێنێت كه ئه‌سته‌مه به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانى و كوردانه وێنا بكرێ. چونكه گه‌وره‌ترین به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كڕیزیی نیشتمانى، یه‌كهه‌ڵوێستی سه‌رجه‌م لایه‌نه كوردییه‌كانه، به‌ڵام له ئاسۆی دۆخه سیاسییه‌كاندا وا ده‌رده‌كه‌وێت كه كورد په‌ند له ڕابردووى عێراق وه‌رناگرێت. هه‌رچه‌نده دڵم به‌وه خۆشه هه‌ست ده‌كه‌م عێراقیش رووی له كۆتاییه و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی لێی وه‌ڕه‌س بوون و ره‌نگه ئه‌م حكوومه‌ته ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت, دوا حكوومه‌تیان بێت.