شه‌فیق بانیشاری
له یاده‌وه‌ریى منداڵی مندا په‌كه‌كه هێزێكى حزبی چه‌كدارى كوردی باكوره كه داواى مافی گه‌لى كورد ده‌كات له توركیادا، تا هه‌نووكه‌ش ئه‌و پێناسه‌ى زهنى منداڵیم له‌لاى زۆرینه‌ی هاووڵاتییانى كوردستانى باشوور دروسته و وا ده‌زانن، لێ له‌م دواییانه‌دا په‌كه‌كه به‌هۆى نزیكبوونه‌وه‌ى سیاسی و خه‌باتى هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ حزبه كوردییه‌كانى كوردستان به‌تایبه‌ت پارتى و یه‌كێتى، جیۆگرافیای گۆڕا له باكوره‌وه بۆ چیاكانى باشوور به‌تایبه‌ت زنجیره چیاى قه‌ندیل، ئه‌ڵبه‌ت هۆی جێگیربوونى په‌كه‌كه له پاش شه‌ڕی براكوژی له باشوور به‌رجه‌سته بوو.
ڕه‌نگه هۆیه‌كی چاوپۆشی له په‌كه‌كه‌ی قه‌ندیل، كوردایه‌تى و برایه‌تى نواندن بووبێت، بۆیه ئه‌و ئاسانكارییه‌یان بۆ كرا، به‌ڵام هه‌رگیز حزبه‌كانى كوردستانى باشوور و ته‌نانه‌ت هاووڵاتییانیش چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد په‌كه‌كه هێز بباته كه‌ركووك یاخۆ ناوچه كوردستانییه‌كانی تر، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ى هه‌موو پێشبینى و ڕه‌چاوكردنێك، په‌كه‌كه وه‌ك هه‌موو كات دۆخی شه‌ڕی قۆسته‌وه و به‌هۆی داعشه‌وه، گه‌ریلای له سنوورى ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم جێگیر كرد.
نازانم به‌شدارى په‌كه‌كه له جه‌نگى داعش به چ مه‌به‌ستێك بوو، هه‌ستم ده‌كرد كارێَكى كوردانه بووبێ له به‌رگى نه‌ته‌وه‌یی بوون، هه‌رچه‌نده به‌شدارى په‌كه‌كه له هه‌ندێ ناوچه پێویست نه‌بوو بۆ كوردستانى باشوور، چونكه هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ژماره‌یان زۆره، جگه له پشتیوانى هاوپه‌یمانان و چه‌ندان خاڵى تر، ئێسته ئه‌وه‌ى مایه‌ى نیگه‌رانى هاووڵاتییان و حكوومه‌تى هه‌رێم بوو، مانه‌وه و پێداگرى ئه‌و حزبه‌یه له شنگال، بۆیه ده‌بێ بپرسین بۆچی په‌كه‌كه ده‌یه‌وێ له شنگال بمێنێته‌وه و ده‌سته‌ڵاتى ئه‌و شاره بگرێته ده‌ست؟ له كاتێكدا كوردێكى زۆر له ناوچه سنوورییه‌كانى كوردستانى باكور له‌ژێر سته‌م و نادادى ده‌سته‌ڵاتى توركیادان، خۆ كوردانى شاره گه‌وره‌كانى باكوریش له دۆخێكى ناهه‌مواردان.
سه‌یره هێزێكى شه‌ڕكه‌رى وه‌ك په‌كه‌كه پارچه‌یه‌كى كوردستان كه زێدی دروستبوونی خۆیه‌تی، فه‌رامۆش كردووه له به‌رامبه‌ر ناوچه‌یه‌كى وه‌ك شنگال، ئایا به كۆنترۆڵكردنى شنگال په‌كه‌كه زیاتر چالاكى چه‌كدارى و سیاسی له باكورى كوردستان زیاد ده‌كات؟ ئاخۆ په‌كه‌كه به مانه‌وه‌ى ده‌یه‌وێ له شنگال ناوى خۆى له لیستى تیرۆر ده‌ربێنێت له‌لایه‌ن وڵاتانی دژه‌تیرۆره‌وه؟ یا ده‌یه‌وێ ده‌سته‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایى فراوان بكات و هێدى هێدى هاوشێوه‌ى حزبه‌كانى باشوورى كوردستان خۆى جێگیر بكات له‌م به‌شه‌ی كوردستان؟.
بێگومانم مانه‌وه و خۆسه‌پێنى په‌كه‌كه له شنگال، جگه له زیان هیچ سوودێكی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یى لێ به‌رهه‌م نایه‌ت، چونكه به زیاتر پێداگرى له مانه‌وه‌ی له شنگال، ناوی خۆی جێگیرتر ده‌كات له لیستی تیرۆر، جگه‌له‌وه دژایه‌تى ده‌سته‌ڵاتى سیاسی و كارگێڕیی هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و ناكۆكى حزبی به ناخى هه‌موو كوردێكدا ده‌بات و برینى شه‌ڕی براكوژی نیشانى هاووڵاتییان ده‌داته‌وه، جگه له په‌كخستنى پرۆسه‌ى ئاوه‌دانى و ڕاگرتنى هاوكاریى مرۆیی نێوده‌وڵه‌تى بۆ شنگال. وه‌ك به‌رپرسێكى باڵا نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان گوتبووى "په‌كه‌كه هۆكاره بۆ ئاوه‌دان نه‌كردنه‌وه‌ى شنگال و گه‌یاندنى كۆمه‌كى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ شنگال".
بۆیه په‌كه‌كه ئه‌گه‌ر بیه‌وێ خه‌باتى نه‌ته‌وه‌یی كورد له خزمه‌تى دۆزى كورد بێت و گه‌لى كورد به مافی خۆی شاد ببێت، پێویسته خۆى به‌دوور بگرێ له ده‌ستوه‌ردانه ناو باشوورى كوردستان و ئاراسته‌ى خۆی له باشووره‌وه بگۆڕێته‌وه به‌ره‌و شوێنه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كه باكوره، چونكه وێڕاى بوونى یه‌كه‌ی كارگێڕی و ده‌سته‌ڵاتى هه‌رێمى كوردستان، ئامانجى گرنگتر و له‌پێشینه بۆ ئه‌و ده‌بێ باكور بێت، به پێچه‌وانه‌وه مانه‌وه‌ى له شنگال هه‌میشه ئه‌گه‌رى نزیك ئه‌وه‌یه گه‌وره‌ترین خه‌م و برین به هاووڵاتییانى كوردستان بناسێنێته‌وه.