پاساومان نییە بە نیشتمان بڵێین نا

PM:02:20:12/06/2017 ‌

هەركات پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییە چارەنووسسازەكانی گەلی كورد دێنە بەرباس، خێرا لەلایەن هەندێ حزب و كادر و خەڵكانێك بە دیدێكی زۆر لەكینەی حزبییانەوە دەڕوانن و خێرا وەڵامێكی پێچەوانەی ویستی نەتەوەیی هەیە، بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا كە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان هاتوونەتەلێواری لەنگەر گرتن،بەڵام تاڵترین وەڵامی نەیارانە لە گۆشەنیگای حزبییەوە بەرگوێمان دەكەوێت و دەیخوێنینەوە،بۆیە ئەو دەنگە ناوخۆبیانەی كوردستان جگە لە دڵخۆشبوونی دوژمنانی كورد، هیچ شتێكی تری لێ بەرهەم نایەت.

مایەی  شوورەیییە بابەتێكی چارەنووسساز و پێوەست بە نەتەوە و نیشتمان، ببەسترێتەوە بە هەندێ بیانووی لاوەكی و بكرێتە بنێشتی خۆشكراوی سەر زمان و بنزمان لەبەرامبەر وەها ئاواتێكی وەجاخی تاك بەتاكی كورددا، مووچە بیانووی دەنگی نەخێر بێت، یاخۆ سەركۆنەی هەوڵی ڕاگەیاندنی ریفراندۆم بكرێت.لەبارێكدا ئەگەر خەڵكێكی نەخوێندەوار دژی ئەنجامدانی پرۆسەكە بێنە گۆ، ڕەنگە ناهەقیان نەبێت، چونكە ناتوانن بخوێننەوەو هەلی تێگەشتنیان لە چەمكی ریفراندۆم نەبێت، بەڵام سەیرە كادری حزبی وهەندێك بەناو ڕۆشنبیر و مەلایئاینی و خوێندەوار، دژایەتی راگەیاندنی ریفراندۆم دەكەن!
نازانم كاكی كادرلەبەرئەوەی برا عەرەبەكەی لە بەغدا لێیان زیز دەبێت، دژایەتی ریفراندۆم دەكات، یا كاكی ڕۆشنبیر هێشتا هەستی نەتەوەییئازار و خەمی نەتەوە و نیشتمانی نەدیوە، یاخۆ بیری چووەتەوە كورد لەپێناو ریفراندۆم و سەربەخۆیی تا هەنووكەخوێنی لێ دەڕژێت،جەنابی مەلا نازانم چ پەیامێكی ئاسمانی بۆ هاتووە كە وا دەزانێت دوای ریفراندۆم گەلی كورد لە برسا دەمرێت بەهۆی گرتنەوەی مەرزە نێودەوڵەتییەكانی هاوسنووری وڵاتانی ئێران و توركیا! بێ ئاگا لەوەی چەندە كورد پێویستی بە وڵاتانی دراوسێیە، دووهێندە ئەوان پێویستیان بە كوردە.
مەلا هاوار دەكات ئێران و توركیا سبەینێ پاش ریفراندۆم، مەرزەكان دەگرن و هیچ كاڵایەك نانێرن، ئیتر میلەت دەفەوتێت و دەمرێت، بێ ئاگا لەوەی بازاڕەكانی كوردستان یەكەم شوێنن بۆ ساغبوونەوەی كاڵا و شمەكی ئێران و توركیا وهەموو شتێكی توركیا و ئێران بە پارەی كاشی كورد دێتە كڕین، جگە لەوەی داهات و سامانە سروشتییەكانی كوردستان بۆ ئەوان هێندە گرنگن، ناتوانن پێوەندییەكانیان بپچڕێنن، بۆیە ئەگەر دژایەتیی سەربەخۆیی بكەن لەبەرامبەر مامەڵەكردنی دەوڵەتییانە، ئەوكات بایەخی سامانی سروشتی كورد دەگاتە دنیا و بەو هەرزانییە دەستی دراوسێكان ناگات .
سەیرە خەڵكانێك كەهەستیان كرد هەندێ كەس گوێیان بۆ رادەگرن، ئیتر فێربوون لەبەردەم بڵندگۆ و لە سۆشیال میدیاوە،هەموو بڕیار و هەنگاوێكی دەسڵاتی سیاسی ڕەت بكەنەوە بەبێ ڕەچاوكردنی دەستكەوت و بایەخە گەورەكانی سەربەخۆیی.
تێناگەم ئەوانەی دژایەتیی گشتپرسیو سەربەخۆیی دەكەن، نازانن یا خۆیان گێل دەكەن كە هیچ وڵاتێكی دنیا بەبێ تەنگژە و كێشەی ناوخۆیی لەدایك نەبووە، چاوەڕێ دەكەن برا عەرەبەكانبیانگەیەننە بەرزترین ئاستی دارایی و خۆشترین ژیان و دواتر لەسەر سینییە خوانێك سەربەخۆییان پێشكەش بكەن،بەدڵنیایییەوە هەرگیز ئەو خەونەنایەتە دی، بەڵكو هەنگاوەكانی سەربەخۆیی پێویستی بەكاركردنی ژیرانە و هەنگاوی بوێرانەیە.
ریفراندۆمی كوردستان كەبڕیارە لە 25ی ئەیلوول ئەنجام بدرێت،دەرفەتێكی دەگمەنە، با بەپێچەوانەی ویست و ئیرادەی لەمێژینەی گەلی كورد ڕەفتاری لەتەكدا نەكەین، خۆ ڕەنگە بەخێرایی ئامانجی سەربەخۆیی نەهێنێتە دی، وەك هەندێ وڵاتی دنیا كە پاش چەندان ساڵ لە راپرسی، گەیشتوون بە مافی خۆیان، بەڵام هەنگاوێكی مێژوویی زێڕینە و هیچی كەمتر نییە لە ڕاپەرینە مەزنەكەی بەهاری 1991.
بۆیە شانازییەكی گەورەیە ئەگەر كەسێك بەهەستێكی نیشتمانییەوە دەنگی بەڵێ بدات، بەپێچەوانەوە ئەوانەی دەیانەوێ بەدەنگی نەخێر بەشداری راپرسی بكەن، وەك چۆن هەندێ خەڵك شەرەفی بەشداری لەڕاپەڕینی 21ی ئاداری 1991ی لەدەستدا و ڕووبەڕووی گەلی كورد وەستانەوە، ئەمانیش لە دیرۆكی كورددا بێبەش دەبن لەو شانازییە،بۆیە نە مووچە و نەكارەبا و نەهیچ بیانوویەكی سیاسی، با نەكەینە هۆكار بۆ لەدەستدانی ئەو هەلە مێژوویییە.

شەفیق بانیشاری