شه‌فیق بانیشاری
له‌وه‌ته‌ى زۆرینه‌ى سه‌ركردایه‌تى سیاسیی كوردستان له 17ى جۆزه‌ردان بڕیارى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمیان داوه بۆ ڕۆژی سێى ڕه‌زبه‌رى 2717 ئه‌نجام بدرێت، به پێچه‌وانه‌ى چاوه‌ڕوانى ویستى نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه خه‌ڵكانێك به‌ناوى ڕۆشنبیر و فه‌یله‌سووف و ڕۆژنامه‌وان و چاودێری سیاسی و جۆره‌ها ناوى دیار و سه‌یر، له میدیا و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه دێنه ئاخاوتن، ئه‌گه‌رچی لاى خۆیانه‌وه زۆر ژیر ڕۆشنفكرن له دووان، هاوكات لێیان بپرسی چیت هه‌یه بۆ وڵاته‌كه‌ت؟ خۆی له پیره‌مێرد پێ كه‌متر نییه له‌ڕووی نیشتمانپه‌روه‌رییه‌وه. به‌ڵام له ڕاستیدا نه‌ك ڕۆشنبیر و لێزان نین، بگره خاڵین له هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یی و بێ باكییان زۆر له هی بێگانه خراپتره.
كه‌سێك خاوه‌ن بیرى كراوه و تێگه‌شتنى سه‌رده‌مى و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی بێت، ڕ‌ازى نابێت و رێ به‌خۆی نادات عێراقچێتی بكات و له هزری خه‌ڵكى بچێنێت. به مانایه‌كى تر، خه‌ڵكى وشیار ئه‌وه نادات میله‌ت له مافی خۆی وه‌لا نێ و ژێرده‌سته‌یى و پاشكۆیى عه‌ره‌بی لا خۆشه‌ویست بكات، له كاتێكدا مێژوویه‌كى خوێناوى پڕ سته‌م له سێبه‌رى ده‌سته‌ڵاتى عه‌ره‌بی به‌غدا له رابردووی نزیك و ئێسته‌ماندا ئاماده‌یی هه‌یه.
كاتێك گوێ ڕاده‌دێرى بۆ ئه‌و كوردانه‌ی ئه‌ركی دوژمنیان سووك كردووه له‌م قۆناغه‌دا، وه‌ك فاڵگره‌وه دێن مه‌ترسی ڕیفراندۆم باس ده‌كه‌ن و پێشبینى نه‌هامه‌تى ده‌وڵه‌تى كوردی ده‌خه‌نه ڕوو وه‌ك ئه‌وه‌ی حه‌ز بكه‌ن وڵات كاول بێ، به‌بێ بنه‌مایه‌كى باوه‌ڕ پێكراو و لۆجیكی.
هیچ كه‌سێكى هۆشمه‌ند له كوردستانه گومانى له‌وه نییه ڕیفراندۆم مافی نه‌ته‌وه‌یییه و میله‌ت خۆی بڕیار له داهاتوى ده‌دات، كه‌چی به‌ناو ڕۆشنبیر و فه‌یله‌سووفگه‌لێك ڕیفراندۆم بچووك ده‌كه‌نه‌وه و میله‌ت په‌روه‌رده ده‌كه‌ن كه حه‌زی له كۆیلایه‌تی عه‌ره‌ب بێت، له كاتێكدا زۆرینه‌ی ئه‌و رۆشنبیرانه ڕه‌گه‌زنامه‌ی وڵاتێكى ئه‌وروپایان پێیه، كه‌چی ده‌یه‌وێ میله‌تێكى بێ ڕه‌گه‌زنامه په‌شیمان بكاته‌وه له سه‌ره‌تایترین مافی خۆی و نه‌بێته خاوه‌ن ڕه‌گه‌زنامه‌ى كوردی.
له‌وه‌ش گه‌ڕێ كه خۆیان له‌و حه‌قیقه‌ته ده‌شارنه‌وه كه میله‌تانى دنیا ئه‌سته‌مه ده‌وڵه‌تێك هه‌بێت به‌بێ برسێتى و گه‌مارۆى ئابوورى و سیاسی گه‌شتبێته خۆشگوزه‌رانى ئێسته‌ى. هه‌رچه‌نده پێم وایه كوردستان ئه‌و قۆناغه‌یشی بڕیوه و دووچاری ته‌نگژه‌ی قورس‌تر له‌وه‌ی سێ ساڵی رابردوو نابێ، به‌و پێیه‌ی كوردستان زۆر هه‌نگاوى له میله‌تانى دنیا زیاتر بڕیوه، بۆ خۆبژێوى و ده‌سته‌به‌رى خۆشگوزه‌رانى له سایه‌ى سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تداریدا و هێشتا نه‌بووه به وڵات، گه‌ره‌نتی ئابووریی سه‌ربه‌خۆی كردووه و هیچ پشتی به عێراق نه‌به‌ستووه سێ ساڵه و نه‌یشكه‌وت. ئه‌مه ئه‌زموونێكی گرنگی گه‌وره بوو بۆ داهاتوو.
رۆشنبیر و نووسه‌رانى كورد بۆ ده‌ركه‌وتن و تۆزێك ناوبانگ په‌یداكردن، دێن وه‌ك مۆرانه كه‌وتوونه‌ته گیانی ئه‌م كورده نه‌گبه‌ته و ده‌یانه‌وێ ترس و خه‌م له ده‌روونیدا بچه‌سپێنن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز متمانه‌ی به كه‌سێتی خۆی نه‌بێ. ئه‌مه به ئاگاوه بۆ وڵاتێك یان حزبێك ده‌كه‌ن یان بێ ئاگا ده‌ستیان داوه‌تێ لای من روون نییه، به‌ڵام ئه‌وه روونه كه له هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌ى مێژووییدان و كورد 25 ئه‌یلوول بڕیارى خۆی ده‌دات و داهاتووى ده‌وڵه‌تى كوردستان ئه‌و جه‌هه‌نه‌مه نابێت كه فاڵیان بۆ گرتووه‌ته‌وه.