شه‌فیق بانیشارى
له پێنج ساڵی ڕابردوودا زۆرترین ڕه‌خنه‌كان له ناوخۆى یه‌كێتى ئه‌وه‌بوو كه سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ى ناتوانن بڕیار بده‌ن، تا له به‌شدارى ڕیفراندۆمدا به كۆده‌نگى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه دوای مهكرونازێكی زۆر دواجار ئه‌و بڕیاره درا، هه‌رچه‌ند سه‌ره‌تا له پاش بڕیارى سه‌ركردایه‌تى سیاسیی كورد بۆ ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم، یه‌كێتییه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ى دروشمه‌كه‌ى خۆیان (مافی چاره‌ى خۆنوسین) له‌یاد چووبێت به ساردی و گومان و شه‌رمه‌وه ده‌هاتنه گۆ، تا به‌شێكى ئه‌و حزبه له‌گه‌ڵی نه‌بوون و به پێچه‌وانه‌وه‌ى ته‌نانه‌ت بڕیاره‌كه‌ی حزبه‌كه‌یان ده‌دوان، تا خۆشبه‌ختانه سه‌ركردایه‌تیى ئه‌و حزبه له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆم بڕیاری زۆرینه‌یان دا، ئینجا به‌فه‌رمى هاتنه پێش و ده‌نگه دژ به ڕیفراندۆمهكانیان بێده‌نگ بوون.
ئه‌وه‌ى له‌م ماوه‌دا تێپه‌ڕیوه به‌سه‌ر بانگه‌شه‌ی ڕیفراندۆم و تا دێ نزیك ده‌بینه‌وه له ڕۆژى ئه‌نجامدانى، ده‌بینین له سنوورى قه‌ڵه‌مڕه‌وى یه‌كێتى بانگه‌شه‌ى ڕیفراندۆم زۆر ده‌گمه‌نه و له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی و كادر و ئه‌ندامانى یه‌كێتییه‌وه له شه‌قام و شوێنه گشتییه‌كاندا شتێك نابینین گوزارشت بێت له پشتگیرى ڕیفراندۆم، ئه‌گه‌رچی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ جێگرى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى و جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم له 12ى ئهیلوول له‌گه‌ڵ بارزانى له كۆبوونه‌وه‌ی كه‌ركووكدا ده‌ركه‌وت، به‌ڵام جگه له‌و به‌شدارییه هیچیتر نابینرێ.
له‌لای یه‌كێتییه‌وه چ وه‌ك حزبێكى خه‌باتكار له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی و مافی چاره‌ى خۆنووسین و چ وه‌ك لایه‌نێكى به‌شدار له بڕیارى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم له‌و ناوچانه‌ی زۆرتر ده‌سته‌ڵات و نفووزی جه‌ماوه‌رى هه‌یه، ده‌بوو یه‌كێتى پاش بڕیارى سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ى له به‌شداری ڕیفراندۆمدا، زیاتر هه‌وڵى بدایه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و دروشمه‌ى 42 ساڵه هه‌ڵی گرتووه ئێسته به كرداری جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى بیچه‌سپێنێ و خه‌ڵكى بهێنایه‌ته جۆش و خرۆش بۆ سه‌رخستنى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی. له‌لایه‌كى تره‌وه بۆ ده‌رخستن و هێشتنه‌وه‌ى سه‌نگى خۆى ئێسته له قه‌ڵه‌مڕه‌وى ئه‌ودا ده‌نگى نه‌خێر به ڕوونی هه‌یه، بۆیه ده‌بوو هاوكات پێویسته یه‌كێتى ئه‌سپی خۆی تاو بدات بۆ ده‌نگى به‌ڵێ له سنووره‌كه‌ی.
ڕاستی چاوه‌ڕوان ده‌كرا یه‌كێتى و سه‌ركرده‌كانى له‌م ماوه‌یه‌دا زیاتر بچنه ناو خه‌ڵك و له هه‌وڵی به‌رزكردنه‌وه‌ى وره‌ى جه‌ماوه‌ردا بن و به‌شدارى كارایان له بانگه‌شه‌ى ڕیفراندۆم هه‌بێت، ئه‌ی مه‌گه‌ر شۆِرشیان بۆ ئه‌وه نه‌كردووه، خۆ شیعره‌كانی برایم ئه‌حمه‌د ده‌خوێنینه‌وه تێده‌گه‌ین نیشتمانی خۆت هه‌بێ چه‌ند به‌رز ده‌بیت، بۆیه ده‌بێت هه‌موو سه‌ركرده و كادره پێشكه‌وتووه‌كانیان تا ئه‌ندام و لایه‌نگرانیان له شار و شارۆكه و شاره‌دێكان هه‌وڵی سه‌رخستنى ڕیفراندۆمى گه‌لى كوردستان بده‌ن، به‌و پێیه‌ی یه‌كێتى جگه له‌وه‌ى خه‌باتى شاخى بۆ سه‌ربه‌خۆیى بوو، له بڕیارى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم و تا كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان و په‌سندكردنى بڕیارى ریفراندۆم له په‌رله‌مانى كوردستاندا، پێگه‌ی خۆی هه‌یه، به‌ڵام ئێسته نه‌ك ئه‌وه‌ى له سنوورى یه‌كێتیدا له شه‌قام هیچ پۆسته‌ر و بانگه‌شه‌یه‌ك بۆ ڕیفراندۆم نابینى یان ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى پارتین كه‌رنه‌ڤاڵ و چالاكى بۆ پشتگیرى ریفراندۆم بكه‌ن.
سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتى كه بۆ ئه‌م پرسه دوای دابڕانی زۆر، هه‌موو یه‌كده‌نگ بوون، له‌م كاته‌دا ئه‌م به‌شدارى ڕیفراندۆمه بكه‌ن به چهپكهگوڵهكهى مام و بیروڕا جیاوازه‌كانى ناو حزبه‌كه وه‌لا بنێن و هه‌موو وه‌ك چه‌پكه گوڵه‌كه به گڕوتینێكى یه‌كێتییانه‌وه له‌سه‌ر تا خوارى یه‌كێتى به‌شدارى سه‌رخستنى ئه‌م پرسه نیشتمانییه بكه‌ن، ئه‌و یه‌كڕیزى و به‌رجه‌سته‌كردنى چه‌پكه گوڵه‌كه له بانگه‌شه‌ى ڕیفراندۆمدا، ده‌بێت به‌هۆی توانه‌وه‌ى كێشه ناوخۆیییه‌كان و یه‌كێتى جاران ده‌مێنێته‌وه له‌لایه‌كى تره‌وه بوار بۆ پارتییه‌كان ناهێڵنه‌وه ڕیفراندۆم و ده‌ستكه‌وته‌كانى به موڵكى خۆیان بزانن.