ڕیفراندۆم سڕ كرا یان هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌؟

شه‌فیق بانیشارى

بۆ خۆم و زۆربه‌ى خه‌ڵكى كوردستان، هیچ شادى و خۆشییه‌ك له‌ یاده‌وه‌ری ته‌مه‌ن، خۆشتر نه‌بووه‌ له‌ 25 ئه‌یلوول كه‌ به‌ده‌ست و په‌نجه‌ی خۆمان ده‌نگمان به‌ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان دا. وا هه‌ست ده‌كه‌م له‌و ژیانه‌ى دێته‌ ڕێم له‌مه‌ودوا ئه‌گه‌ر ڕۆژێكى خۆش دووباره‌ ببێته‌وه‌، ته‌نیا ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ كه‌ كورد ده‌گات به‌ ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌بێت به‌ خاوه‌ن ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هیچ ڕۆژێك له‌ داهاتووى ته‌مه‌نى من و هیچ یه‌كێك له‌وانه‌ى به‌ خه‌ونى سه‌ربه‌خۆیییه‌وه‌ ده‌نگیان به‌ به‌ڵێ بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی گه‌لى كورد دا، خۆشی ببینین. 

ئاخر ویست و ئاواتى له‌ مێژینه‌ى نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ ئێمه‌ و نه‌وه‌كانی پێشتریش له‌ 25 ئه‌یلوول به‌ په‌نجه‌ى خۆمان وه‌ك نه‌خشى سه‌ر مۆر له‌ مێژووى كورددا چه‌سپا به‌ ده‌نگى 92%ی گه‌ل و به‌ ڕووى دۆست و دوژمن له‌ ته‌واوى دنیا درا، گه‌لى كورد داواى سه‌ربه‌خۆیى ده‌كات به‌شێوه‌یه‌كى شارستانى و دیموكراسى، ئه‌وه‌ جوانترین په‌یامی ریفراندۆم بوو، بۆیه‌ رۆژی به‌ڕێوه‌چوونی كوردستان ئارامترین و نیشتمانیترین رۆژی 26 ساڵی حوكمڕانییه‌كه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌ گه‌لانى دنیا تێگه‌شتن له‌ داواى گه‌لێك نه‌ له‌ ناوخۆى خۆمان هه‌موو وه‌ك یه‌ك له‌ به‌ها و گه‌وره‌یی پرسه‌كه‌ به‌وردی راماین. 

بۆیه‌ ئه‌وه‌ى ڕووی دا له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌یخه‌نه‌ ئه‌ستۆى ڕیفراندۆم (ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م پاساوه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و تاوان و ناهه‌قییه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر له‌ ده‌ستدانى خاكى كوردستان كه‌ كه‌ركووك كرۆكیه‌تی، دێننه‌وه‌) له‌ بنه‌ڕه‌تدا هێرشی چه‌كدارانى شیعه‌ و سوپای ناڕێكخراو و له‌ جه‌نگ هه‌ڵهاتووى عێراق ڕیفراندۆمى 25 ئه‌یلوول هۆى سه‌ره‌كى نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌وان له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێكدا كوردیان به‌ هاووڵاتى پله‌دوو و خزمه‌تكارى خۆیان زانیوه‌ و كوردستانیان به‌ نیشتمانى عه‌ره‌بی داناوه‌. بۆیه‌ ئه‌م جاره‌ش پاش هه‌ڵهاتن و شكستیان و به‌ده‌سته‌وه‌دانى به‌شێكی سه‌ره‌كی خاكى وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌یان له‌ به‌رامبه‌ر تیرۆرستانى داعش و دواتر گرتنه‌وه‌ى ئه‌و به‌شه‌خاكه‌ داگیركراوه‌ى كوردستان له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌، هه‌ستى فاشیستی عه‌ره‌بییانی بزواند و دووباره‌ مه‌یلى داگیركردنى كوردستانیان هاته‌وه‌ كه‌ به‌ كردار كه‌وتنه‌ كار بۆى. 

به‌ دڵنیایییه‌وه‌ ڕیفراندۆم نییه‌ هۆى سه‌ره‌كى هاتنى چه‌كدارانى داعش و سوپای عێراق، به‌بێ خۆلادان به‌ ڕاستى له‌ملاشه‌وه‌ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆم بوو، له‌ چینى هاووڵاتییان ته‌نیا خه‌م و په‌ژاره‌یان بۆ مایه‌وه‌ و ئه‌وه‌شی له‌ چینى ده‌سته‌ڵاتدار بوو بێده‌نگ مانه‌وه‌، تا ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ له‌ برى به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ى ماندووكراوى گه‌لى كوردستان، به‌یانى سڕكردنى ڕیفراندۆم ڕاده‌گه‌یه‌نرێت بۆ دڵخۆشكردنى عه‌بادى و به‌غدا له‌ به‌رامبه‌ر ته‌نیا رازیبوون به‌ گفتوگۆ.

چه‌ند 16ی ئۆكتۆبه‌ر كورد و كوردستانى لاواز كرد له‌ به‌رامبه‌ر به‌غدا، هێنده‌ ئه‌و داواكارییه‌ به‌رده‌وامانه‌ی گفتوگۆ له‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ به‌غدایه‌كی كه‌ڕ و كاس و مه‌ستی كاتی، كورد بچووكتر ده‌كاته‌وه‌، هه‌ر به‌وه‌یشه‌وه‌ نه‌وه‌ستا، تا له‌ هه‌فته‌ى پێشوودا به‌ بڕیارى دادگاى فیدراڵى ڕازى بوو كه‌ بڕیاره‌كه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ ماده‌ی یه‌كى ده‌ستوور ڕێگری ده‌كات له‌ جیابوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێم پێشوازى لێ كرد به‌بێ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گه‌لى كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و یاساناسانى ناوخۆ كه‌ له‌ پرۆسه‌ى بانگه‌شه‌ى ڕیفراندۆمدا پشتگیرى ڕیفراندۆمیان به‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تى و مافه‌كانى مرۆڤ خسته‌ ڕوو.

ده‌كرێت كاتى سه‌ربه‌خۆیى دوا بخرێت و هه‌نگاوه‌كانى ئێسته‌ ڕابگیرێن بۆ داهاتوو، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ كه‌ هیچ لایه‌ن و ده‌سته‌ڵاتێك ناتوانێت ڕیفراندۆمى 25ی ئه‌یلوول هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی گه‌ل ده‌نگی داوه‌ و هه‌ر خۆیشی ده‌توانێ لێی پاشگه‌ز بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ هه‌رگیز روو نادات. چیتر ئه‌نجامى ڕیفراندۆم ناسنامه‌ی كورده‌ و هه‌موو جووڵه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی یاری و كاتكوشتنه‌.

AM:09:06:25/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 603 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌