شه‌فیق بانیشارى
حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق وه‌ك ئه‌و خووه‌ى كه فێری بووه بۆ لێدواندان له كۆتا په‌یام و لێدوانی‌دا ڕاى گه‌یاند، تیرۆریستانى داعش كۆتای هات له عێراق، له‌گه‌ڵ ئه‌و موژده پێكه‌نیناوییه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرى عێراق كۆمه‌ڵێك ڕسته‌ى ده‌ربڕی كه لاى خۆیه‌وه وه‌ك موژدانه به خه‌ڵكى وڵاته‌كه‌ى گه‌یاند، به‌ڵام له جیاتى ده‌ستخۆشی و دڵخۆشیی هاووڵاتییان و ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانه سیاسییه‌كانى به‌جۆرێك ناڕه‌زایه‌تی و بێزارى لێ كه‌وته‌وه، له ناوخۆی وڵاته‌كه‌یدا له سه‌رجه‌م چین و توێژ و پێكهاته‌كانى وڵاته‌كه‌ى له ماوه‌یه‌كى كورتدا پێشوازییه‌كى پێچه‌وانه‌ى په‌یامه‌كه‌ى ده‌بیسترێت، له كوردستانه‌وه به‌شێكى زۆری ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له به‌رانبه‌ر ئه‌وه ده‌گوترێ كه ناوى پێشمه‌رگه‌ی نه‌هێناوه له كۆتا په‌یامى كۆتایهاتنى داعش كه پێشمه‌رگه له هه‌موو هێزه عێراقییه‌كان زیاتر شه‌ڕی تیرۆرستانى داعشی كرد، به‌ڵام سه‌رۆك وه‌زیرى عێراق فیدراڵ پێی قورس بوو ناوى پێشمه‌رگه بهێنێت، بۆیه سیاسییه هاوپه‌یمان و دۆسته‌كانیشی نیگه‌ران كرد، وه‌ك سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى له به‌غدا ڕای گه‌یاندووه به‌رانبه‌ر ناونه‌هێنانى پێشمه‌رگه، بایكۆتى له رێوڕه‌سمى كۆتای هاتنى داعش به‌شدارى ناكات. له‌لایه‌كى تره‌وه نووری مالیكى سه‌ركرده‌ى باڵای شیعه‌كان له په‌یامى خۆیدا ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ى به‌رز نرخاندووه له شه‌رى دژ به داعشدا.
له ڕاستیدا من واى ده‌بینم كه په‌یامه‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرى عێراق بێجگه له ئه‌و پرۆسه له خۆباییبوونه‌ى كه له پاش 16 ئۆكتۆبه‌ر تێی كه‌وتووه، ئه‌م ڕاگه‌یاندنى كۆتاهاتنى داعشه‌ش زاده‌ى ئه‌و بیركردنه‌وه و تێكه‌وتنه‌یه‌تى و وا ده‌زانێت وه‌ك چۆن كه‌ركووكی راده‌ست كرا به بێ ته‌قه و به ڕێكه‌وتنێكى هه‌رێمى و ناوخۆیی، دواجار ئازایه‌تییه‌كه بۆ خۆی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، ئاواش كۆتاهاتنى داعش ده‌بینێت كه له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر ڕێككه‌وتنى ژێربه‌ژێر و گوشارى ئێران نه‌بووایه له 16 ئۆكتۆبه‌ردا، هه‌رگیز نه‌یده‌توانى باسی كه‌ركووك بكات. ڕاستییه‌كى تر ئه‌وه‌یه كه تیرۆر هه‌رگیز كۆتای نایه‌ت، به‌تایبه‌ت له عێراقدا كه جیاوازى مه‌زه‌وییه و ئه‌و تیرۆریستانه‌ى كه ئه‌و كۆتای پێ هێناون، به دڵنیایییه‌وه هه‌زاران كه‌سیان له ناوچه سوننییه‌كاندا ماون.
له‌لایه‌كى تره‌وه سه‌رۆك وه‌زیرى عێراق ئه‌م هه‌موو لێدوان و وتاره به‌رده‌وامانه‌ى پرۆسه‌یه‌كى ڕاگه‌یاندنى خۆیه‌تى و ده‌یه‌وێ له‌م ماوه‌ی له پێشیه‌تى، به لێدوان و زۆر بڵێی سه‌رشاشه‌كان له‌ناو جه‌ماوه‌رى عێراقی به‌تایبه‌ت ده‌نگده‌ری شیعه، سۆزى خۆی زیاد بكات، بۆیه له‌ملاشه‌وه وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك نووری مالیكى پێچه‌وانه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى ڕۆڵی پێشمه‌رگه به‌رز ده‌نرخێنێت له شه‌ڕی داعش، له كاتێكدا نووری مالیكى خۆی ئه‌ندازیارى بڕینى مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌یه و له هه‌شت ساڵی سه‌رۆك وه‌زیرانیدا هیچ به‌ركه‌وته و شایسته‌یه‌كى ده‌ستووریى بۆ پێشمه‌رگه نه‌نارد، ئه‌گه‌ر مه‌رامى هه‌ڵبژاردن و ململانێی ناوخۆی شیعی نه‌بێت، خێره ئێسته پێشمه‌رگه‌ى له یاده؟.
له كرۆكى پێكه‌نیناویى په‌یامه‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرى عێراق ئه‌وه‌بوو له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانى وشه‌ى یه‌كپارچه‌یى خاكى عێراق، دووپاتی له سه‌ركه‌وتن و به‌هێزیى عێراق ده‌كرد وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌م وڵاته ڕكابه‌رى و دژایه‌تى هه‌ردوو جه‌مسه‌ره زلهێزه‌كه‌ى ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتى دنیا بكات و خاوه‌ن سوپاى كاریگه‌ر و به‌هێز دامه‌زراوه‌ی ناوه‌كى و ئیداری بێت، خۆی له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌ك برووسكه‌ى له سه‌راپاى عێراقدا له كه‌مترین ماوه كارى پێ بكرێت و جێبه‌جێ بكرێت .
له كۆتادا ئه‌وه‌ى گرنگه بیخه‌مه ڕوو، ئه‌وه‌یه كه ناو نه‌هێنانى پێشمه‌رگه هێنده گرنگ نییه بارته‌قای ئه‌وه‌نده‌ى ئه‌و خاكه‌ى كه پێشمه‌رگه گیانى له‌سه‌ر به‌خت كرد و هه‌زاران شه‌وی له ژێربارانى زستان و گه‌رمای هاوین به‌ڕێ كرد، كه‌چی به چاو ترووكاندنێك راده‌ستی حه‌یده‌ر عه‌بادى كرا. به مانایه‌كى تر پێشمه‌رگه ئه‌وه‌ى كردى له‌به‌ر خاترى عێراق نه‌بوو و له‌به‌ر خاترى پاراستنى خاكى كوردستان بوو كه خاكه‌كه‌ى ڕاده‌ستى عێراق و عه‌ره‌ب كرا، ئیتر ناوهێنانى یا نه‌هێنانى چه‌ند ماندووبوون و ڕه‌نجى شه‌ونخوونى ده‌گێڕێته‌وه؟ ڕاستییه‌كى حاشا هه‌ڵنه‌گره كه هه‌رگیز عێراق یه‌كپارچه نه‌بووه، به‌تایبه‌تی ئێسته هیچ سه‌ركه‌وتنێكیش له واقیعدا نابینرێت كه به‌هێزى سوپا یا چه‌كدارانى عێراقى به‌ده‌ست هاتبێت، ئه‌وه‌ى هه‌یه وڵاتێكه له‌ژێر ئیداره و فه‌رمانى چه‌ند وڵاتێكى تر.