شه‌فیق بانیشارى
له پاش كۆتاهاتنى ده‌سته‌ڵاتى نوورى مالیكى له سه‌رۆك وه‌زیرى عێراق و ده‌ستبه‌كاربوونى حه‌یده‌ر عه‌بادى، به‌ڵێنى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى شایسته دارایییه‌كانى كوردستانی دا، هه‌ڵبه‌ت لایه‌نه كوردستانییه‌كانیش هه‌ر به‌و مه‌به‌سته پێشتر ڕه‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر بوون به سه‌رۆك وه‌زیزی عه‌بادى ده‌ربڕی و زۆر له نوێنه‌ره كورده‌كان له میدیاكانه‌وه به‌ده‌ستكه‌وتێكى گه‌وره باسی نه‌رمی نواندن و ده‌ستكراوه‌یى عه‌بادییان ده‌كرد، له كاتێكدا جگه له رێوڕه‌سمی سوێندخواردنى یاسایی و به‌یاننامه و وتار، هیچی تر هه‌نگاوى كردارى یا فه‌رمانى جێبه‌جێكردنى ده‌رنه‌كردبوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و كوردانه‌ى خۆمان گه‌لێ به گوته‌كانى عه‌بادى دڵخۆش بوون. كورده‌كان ئه‌وده‌م وه‌ك ئێسته زۆر دڵخۆش بوون به‌و گوته و قسه بێ كردارانه‌ى له میانى وتاره به‌رده‌وامه‌كانیدا ده‌یانڵێت و هیچیان ئه‌نجام و به‌رهه‌مى نییه بۆ كورد.
له كۆتا به‌ڵێن و گوتاره‌كانیدا ڕه‌زامه‌ندى نیشان داوه بۆ خه‌رجكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى دوو وه‌زاره‌تی كوردستان، هه‌رچه‌ند له كاتى ڕاگه‌یاندنى ڕه‌زامه‌ندییه‌كه‌یدا وایان ڕاگه‌یاند كه پێش كۆتای ساڵی 2017 مووچه‌ى مانگى تشرینى یه‌كه‌م ده‌نێرێت به‌بێ پاشه‌كه‌وت، به‌ڵام ئه‌وه‌تا نیوه‌ی مانگی یه‌كه‌مى ساڵی نوێ تێپه‌ڕی و هێشتا ڕاگه‌یاندنكاره‌كانى عه‌بادى كه لێره موژدانه‌ى هاتنى مووچه‌یان به ده‌ستكه‌وت خێر و چاكه‌ى گه‌وره بۆ عه‌بادى هه‌ژمار ده‌كرد، ئێسته به شه‌رمه‌وه جارجار باسی وردبینى لیستی دوو وه‌زاره‌ت ده‌كه‌ن، له كاتێكدا ژمێریاریى هه‌ردوو وه‌زاره‌ت لیستى ناو و ڕاژه‌ی مووچه‌یان به داتا و زانیاریى ته‌واو داوه‌ته به‌غدا، كه‌چی خه‌ریكه ئه‌و موژدانه و سه‌ركه‌وتنه‌ى باسیان ده‌كرد ده‌نگ و ره‌نگى نامێنێت.
پێم سه‌یره خه‌ڵكى كوردستان ناردنى مووچه به پیاوه‌تى و چاكه هه‌ژمار ده‌كات بۆ عه‌بادى و به‌غدا، له‌وه‌ش سه‌یر تر ئه‌وه‌یه ئێسته به‌شێك له‌لایه‌نه سیاسییه كورده‌كان ده‌چنه به‌غدا و داوا له عه‌بادى ده‌كه‌ن ڕه‌زامه‌ند بێت به ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، له‌وانه‌یش سه‌یرتر سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق خۆی پێش ئه‌وانه ئه‌وه‌ى گوتووه له گوتاره‌كانى كه ئێسته لایه‌نه كوردییه‌كان دێنه‌وه و به‌ده‌ستكه‌وتى ده‌زانن گوایه عه‌بادی دڵی نه‌رم بووه و گوتوویه‌تى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم خه‌رج ده‌كات و نایكات به كارتى سیاسی و بابه‌تى مووچه بڕین تێكه‌ڵ به سیاسه‌ت ناكات و گرێی نادات به كێشه‌كانى نێوان به‌غدا و هه‌رێم، وه‌ك ئه‌وه‌ی عه‌بادی و ئه‌ندامانى ئه‌و شانده حزبییانه بۆ خه‌ڵكى وڵاتێكى تر بدوێن، چونكه له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم هیچ تاكێكى ئه‌م كوردستانه نه‌زانێت له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌كانى به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێم مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیان بڕی و ده‌یان به‌ڵێنی هاوشێوه‌یان دا بۆ ناردنى مووچه، كه‌چی تا هه‌نووكه له بارگرانى ده‌روونى زیاترى فه‌رمانبه‌ران له‌مه‌ڕ بابه‌تى مووچه هیچی تریان بۆ نه‌هات .
ئه‌وه‌ى ڕاستییه له‌باره‌ى ناردنى مووچه‌وه پێویسته هه‌موو كوردێك له یادى بێت كه ناردنى مووچه له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقه‌وه نه خێر و چاكه‌یه نه پیاوه‌تى و ئازایه‌تیى هیچ كه‌س و نه پێویست به پاڕانه‌وه ده‌كات بۆ نه‌رمكردنى دڵی عه‌بادى، به‌ڵكو ئه‌ركی حكوومه‌تى عێراقه جا هه‌ر كه‌س سه‌رۆك وه‌زیران بێت پابه‌نده به‌وه‌ی مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان بدات، پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه لادانه له یاسا، به‌هۆی ئه‌وه‌ى وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن هه‌رێمى كوردستان به‌شێكه له عێراق و هاووڵاتییانیشى عێراقین، بۆیه به‌پێی یاسای عێراق ده‌بێت مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم بدات.
به‌داخه‌وه لێره له‌بری كارتى فشار و گرتنه‌به‌رى ڕێكارى پێچه‌وانه‌ى هه‌ڵوێستى یاریكردن به هاووڵاتییانى كوردستان، سیاسیی و حزبه‌كان ده‌چن سازش له مافه‌كانى كورد ده‌كه‌ن بۆ به‌غدا، بۆیه عه‌بادی پاش 16ی ئۆكتۆبه‌ر، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو نه‌رمی و سازشه‌ى كوردستان، هێشتا زیاتر غروور ده‌بێت و سوارى شه‌پۆلی له خۆبایبوون بووه له به‌رانبه‌ر كورد و یاریى به هه‌ستى میله‌تێك ده‌كات. به دڵنیایییه‌وه به‌م زووانه ئه‌و مووچه نانێرێت كه لێره هه‌ندێك لایه‌ن موژدانه‌ى پێوه ده‌به‌خشنه‌وه و به‌شێك له فه‌رمانبه‌رانیش نه‌زر و نزاى ته‌مه‌ن درێژى و سه‌لامه‌تى بۆ عه‌بادى ده‌كه‌ن.