ژینگه‌ى كاندید و هه‌ڵبژاردن

شه‌فیق بانیشارى  

سێ ساڵه‌ خۆپێشاندان له‌ سلێمانى و ده‌وروبه‌رى ده‌كرێت له‌ چینى مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران، له‌م سێ ساڵه‌دا هه‌رچی ڕێى مه‌ده‌نى بوو مامۆستایان گرتیانه‌ به‌ر بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر حكوومه‌ت بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى ماف و شایسته‌ دارایییه‌كانى خۆیان، هه‌رچه‌ند خۆپیشاندانه‌كان چه‌ندان جار زۆرترین ژماره‌ى خه‌ڵك خۆپیشانده‌ر بوون، به‌ڵام له‌ هیچ كام له‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییانه‌دا به‌رپرسێكى حزبی یان كادره‌ حزبییه‌كان به‌فه‌رمى به‌شداری ئه‌و گردبوونه‌وه‌ و ناڕه‌زایه‌تییانه‌یان نه‌كرد، له‌ هه‌مانكاتدا له‌ ده‌زگه‌ ڕاگه‌یاندنه‌ حزبییه‌كانیانه‌وه‌ به‌ به‌یاننامه‌یه‌كى ناڕوون و شه‌رمنانه‌ به‌شێكى پشتیوانى مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ریان كرد و له‌ بڕگه‌یه‌كى تری ڕه‌وایه‌تییان به‌ بڕیار و كارى حكوومه‌ت ده‌دا، چونكه‌ خۆیان له‌ ده‌سته‌ڵات و حكوومه‌تدا بوون، به‌ڵام له‌ پاش ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییان له‌ مانه‌وه‌ له‌ حكوومه‌ت نه‌ما، له‌ پاشی چوار ساڵ به‌شدارى له‌ ده‌سته‌ڵات، پاشان كشانه‌وه‌ له‌ حكوومه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كى كۆمیدی.

له‌ 25ى ئادار كه‌ مه‌وداى ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى خۆڕسكانه‌ ته‌شه‌نه‌ى كرد، هه‌مان شێوه‌ی سه‌رده‌مى خۆپیشاندانه‌كانى 17ی شوباتى 2011 لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان سه‌ركرده‌ و كاندیده‌كانیان نارده‌ ناو ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و له‌ به‌رده‌م مایكى كه‌ناڵه‌كان پڕ به‌ گه‌روویان هاوار ده‌كه‌ن و سه‌ركۆنه‌ى ده‌سته‌ڵات ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ خۆیان هیچ به‌رپرسیارێتی و ده‌سته‌ڵاتێكیان له‌م كابینه‌یه‌ى حكوومه‌ت نه‌بووبێت و خه‌ڵكى كوردستان چاو و گوێیان له‌ ئاستى ئه‌وان داخراو بووبێت.

 ڕوونه‌ به‌شدارى كاراى ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ له‌م خۆپیشاندانه‌ فراوانه‌ى 25ى ئادار، بۆ مه‌رامی سیاسی و بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌، ئه‌گه‌رنا بۆچی پێشتر و له‌ هیچ خۆپیشاندانێكى مامۆستایان نه‌مانبینین؟ خۆپیشاندانى هه‌ولێر هه‌موو ده‌مدرێژییه‌كانى به‌ست كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر خه‌ڵكى هه‌ولێر ده‌گوتران، به‌ڵام تێناگه‌م بۆچی په‌رله‌مانتاران له‌ دوو ساڵى ڕابردوو له‌ هه‌ولێر خۆپیشاندانیان نه‌كرد؟ خۆ ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانى ئۆپۆزسیۆن و ناراِزى كه‌ له‌ هه‌ولێر ده‌ژین و ده‌وام ده‌كه‌ن، پێكه‌وه‌ گردبوونایه‌ته‌وه‌، ده‌یانتوانى لۆكه‌یشنێكى خۆپیشاندان دروست بكه‌ن بۆ شاشه‌ى ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ریه‌كه‌یان چوار پاسه‌وانیان هه‌بوو و ده‌یانتوانى ژماره‌یه‌ك له‌ دۆست و لایه‌نگرى حزبییان كۆ بكردایه‌ته‌وه‌، به‌ڵام نه‌یانكرد بۆچی؟ دڵنیام پاساوێكى بێ بنه‌ما و دوور له‌ باوه‌ڕ ده‌هێننه‌وه‌، كه‌چی به‌داخه‌وه‌ بینیمان له‌ خۆپێشاندانى هه‌ولێردا خۆیان خزاندووه‌ته‌وه‌ ناو مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانى خۆپێشانده‌ر و گوایه‌ پشتیوان و پشتگیریانن، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا پشتیوانى كاندید و لیست و بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى لایه‌نه‌كانیانن. بارام به‌گ گوته‌نى "من له‌برى ئه‌وان ته‌ریق ده‌بمه‌وه‌". له‌وه‌ش ناخۆشتر به‌رشاشه‌گرتنى كاندیدى لایه‌نه‌كانه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان هه‌ڵوه‌دایه‌تى بۆ گه‌یشتن به‌ مایك و بڵندگۆكان. 

من له‌گه‌ڵ داواى ره‌واى مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانم و راستییه‌كه‌ی حكوومه‌تى هه‌رێم غه‌در ده‌كات و پێویست بوو هه‌رچی زووتره‌ كۆتا به‌ پاشه‌كه‌وت و لێبڕین و وشككردنى ژیانى خه‌ڵك بهێنێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ حكوومه‌تى هه‌رێم هێنده‌ له‌ خه‌مى ڕازیكردنى دڵی به‌غدا بوو، نیو هێنده‌ خه‌مى ئارامى و گوزه‌رانى خه‌ڵكى كوردستانی نه‌بوو، بۆیه‌ ده‌بینین خۆپێشاندان تا دێت زۆرتر ده‌بێت و ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تى به‌رزتر، به‌ڵام ده‌بێت مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران له‌گه‌ڵ داوا ڕه‌واكانیان، ئه‌و بواره‌ نه‌ده‌ن به‌ به‌رپرس و كاندیده‌ حزبییه‌كان مه‌رامى سیاسی و بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى خۆیان له‌سه‌ر سكى مامۆستای مافخوراو به‌دی بێنن.

AM:09:44:30/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 438 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌